براندی کادیلاک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-12-10-15:50:00 - کۆدی بابەت: 10604
براندی کادیلاک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشی ئۆتۆمبێلی کادیلاک (بە ئینگلیزی: Cadillac Motor Car Division، بە عەرەبی: كاديلاك) بەشێکە لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی ئەمریکی جەنەراڵ مۆتۆرز (GM) کە دیزاین و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کەشخە دەکات. بازاڕە سەرەکییەکانی بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا و چین. مۆدێلەکانی کادیلاک لە ٣٤ بازاڕی زیادە لە سەرانسەری جیهاندا دابەش دەکرێن. ئۆتۆمبێلی کادیلاک لە لوتکەی بواری کەشخەییدایە لەناو ئەمریکادا، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆمپانیای کادیلاک ٣٩٠ هەزار و ٤٥٨ ئۆتۆمبێلی لە جیهاندا فرۆشتووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ئەو براندەیە.

کادیلاک لە یەکەم براندەکانی ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا، بە جۆرێک کە لە ڕیزبەندی چوارەم کۆمپانیایە لەدوای کۆمپانیای ئۆتۆکار (١٨٩٧) و جی ئێم مارک ئۆڵدسمۆبایل (١٨٩٧) و بویک (١٨٩٩). براندەکەش بەناوی ئەنتۆنی دی لا مۆث کادیلاکەوە ناو نراوە کە شاری دیترۆیتی لە ویلایەتی میشیگان دامەزراندووە. بۆیە لۆگۆی کادیلاکیش لەسەر بنەمای ئاڵاکەی ئەو دامەزراوە. تا ئەو کاتەی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز لە ساڵی ١٩٠٩ کۆمپانیاکەی کڕی، کادیلاک پێشتر خۆی وەک یەکێک لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی لوکس لە ئەمریکادا کاری دەکرد. لەو سەردەمەدا لە پێشەنگی پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان بوو، سیستەمی کارەبایی تەواو و گێڕی دەستی و سەقفی پۆڵایینی ناساند. ئەم براندە سێ بزوێنەری پەرەپێدا، بەتایبەت V8ی خۆی کە بوو بە ستانداردی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی. ساڵی ١٩٠٨ بوو بە براوەی خەڵاتی دێوار بەهۆی دەرچوونی لە پشکنینی سەلامەتی، لە ساڵی ١٩١٢ بۆ جاری دووەم خەڵاتەکەی بردەوە دوای ئەوەی توانی کارەبا لەنێو ئۆتۆمبێل جێگیر بکات و ڕووناکی لێ بەرهەم بهێنێت.

دامەزراندن

کادیلاک لە کۆمپانیای هێنری فۆردەوە سەرچاوەی گرتووە. دوای ناکۆکی لە نێوان هێنری فۆرد و وەبەرهێنەرەکانی، فۆرد لەگەڵ چەند هاوبەشێکی سەرەکی (ویلیام مۆرفی، لێموئێل بۆین) لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٠٢ کۆمپانیاکەیان بەجێهێشت. دوای ئەوە کۆمپانیایەکی نوێیان بە ناوی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کادیلاک لە ٢٢ی ئابی ١٩٠٢ دروست کرد، کە بە ناوی گەڕیدەی فەرەنسی، ئەنتۆنی لاومێت دی لا مۆس، سیۆر دی کادیلاک ناونراوە، کە لە ساڵی ١٧٠١دا شاری دیترۆیتی دۆزییەوە. 

یەکەم ئۆتۆمبێلی کادیلاک بە ناوەکانی Runabout و Tonneau لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٠٢ تەواو بوون، کە وەک گالیسکەیەکی بێ ئەسپ بوون لە دوو کورسی پێکهاتبوون و بە بزوێنەرێکی تاک سلندەری ١٠ ئەسپ (٧ کیلۆوات) کاریان دەکرد. بە کردەوە هاوشێوەی فۆرد مۆدێل A ساڵی ١٩٠٣ بوون. کۆمپانیای کادیلاک ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی لە پێشانگای ئۆتۆمبێلی نیویۆرک لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٠٣ نمایشکرد، ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکی سەیر جەماوەریان سەرسام کرد و زیاتر لە ٢٠٠٠ داواکاری پتەویان کۆکردەوە. 

دوای جەنگی جیهانیی دووەم

ئۆتۆمبێلەکانی کادیلاکی دوای جەنگ زۆرێک لەو تایبەتمەندیانەی ستایلیان داهێنا کە هاوواتای ئۆتۆمبێلی ئەمریکی کۆتاییەکانی ساڵانی چل و پەنجاکان بوون. زۆرێک لە بیرۆکەکان دەگەڕانەوە بۆ هارلی جەی ئێرل، بەرپرسی ستایلەکانی ئەوکاتەی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز، کە بریتی بوون لە بالەی دواوە، جامی پێشەوە و بەکارهێنانی بەرفراوانی کرۆم. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٨دا کلک زیادکرا و لە ساڵی ١٩٥٩ گەیشتە لوتکە. لە ساڵی ١٩٥٦ ئۆتۆمبێلی چوار دەرگای هاردتۆپی سیدان ناسێندرا، کە بە ناوی "سیدان دی ڤیل" خرایە بازاڕەوە؛ دوای ساڵێک تایبەتمەندییەکە لە هەموو کادیلاکە ستانداردەکاندا دەرکەوت. گۆڤاری تازەپێگەیشتووی ئۆتۆمبێل مۆتۆر ترێند یەکەم "ئۆتۆمبێلی مۆتۆری ترێندی ساڵی"ی خۆی لە ساڵی ١٩٤٩ بەخشییە کادیلاک بەهۆی بزوێنەری داهێنەرانەی V8.

لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٤٩ کۆمپانیای کادیلاک ملیۆنەمین ئۆتۆمبێلی خۆی بەرهەمهێنا کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کوپ دی ڤیلی ساڵی ١٩٥٠ بوو. هەروەها ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی نوێی فرۆشی دانا. لە ساڵی ١٩٥١ کۆمپانیای کادیلاک دەستی بە بەرهەمهێنانی تانکی سوپای M41 Walker Bulldog کرد، کە لە شەڕەکانی کۆریا و ڤێتنامدا خزمەتی کرد. لە ساڵی ١٩٥٣ "چاوی ئۆترۆنیکی" ناسێندرا. ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گڵۆپی پێشەوەی تیشکی بەرز کاڵ دەکاتەوە بۆ سەلامەتی شۆفێرانی بەرانبەر. لە ساڵی ١٩٥٧ کۆمپانیای کادیلاک هەوڵیدا زیاتر بەرەو ئاستێکی بەرزتر بڕوات، ئۆتۆمبێلی زنجیرەی ٧٠ی ئێلدۆرادۆ برۆگامی دروستکرد کە بە دەست دروستکرابوو. 

شەستەکان بۆ هەشتاکان

لە ساڵی ١٩٦٦ کۆمپانیای کادیلاک باشترین فرۆشی ساڵانەی خۆی هەبوو، بە زیاتر لە ١٩٢ هەزار یەکە، کە زیاتر لە ٦٠% فرۆشی زیادی کردووە. ئەمەش لە ساڵی ١٩٦٨ تێپەڕێندرا، کاتێک کادیلاک بۆ یەکەمجار لە سەرووی ٢٠٠ هەزار یەکە بوو. ئۆتۆمبێلەکانی ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٦٨ کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەلامەتی بەخۆیەوە بینی کە لەلایەن دەوڵەتەوە فەرمانی پێکرابوو، لەوانە نەرمیی ستوونی فەرمان و ویلەکان و گڵۆپی نیشاندەری خۆلادان. ئۆتۆمبێلی ئێلدۆرادۆ بە تایەی پێشەوە لە ساڵی ١٩٦٧ خرایە بازاڕەوە، دیزاینە سادە و ڕەسەنەکەی زۆر دوور بوو لە بالەی کلک و کرۆمەکەی ساڵانی ١٩٥٠. 

لە ساڵی ١٩٧٧دا، ئۆتۆمبێلە دی بۆدییەکانی کادیلاک قەبارەیان کەم کردەوە. کەمکردنەوەی قەبارە و کێش بۆ باشترکردنی ئابووریی سووتەمەنی و دەردانی گازی ژەهراوی جێبەجێکرا لە ئەنجامی پەسەندکردنی ڕێساکانی ئابووری سووتەمەنی تێکڕای کۆمپانیاکانی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا. بۆ ساڵی ١٩٧٧، پێکهاتەکە بریتی بوو لە ئۆتۆمبێلی دوو دەرگای کوپ دی ڤیل (٩٦٥٤ دۆلار) و چوار دەرگای سیدان دی ڤیل (٩٨٦٤ دۆلار). لەگەڵ ئەم کەمکردنەوەیانە، ئابووری سووتەمەنی و مامەڵەکردن باشتر بوو. لە ساڵی ١٩٧٩ ئۆتۆمبێلی ئەلدۆرادۆ کوپی سەرەکی کادیلاک قەبارەکەی بچووکتر دەکردەوە. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست کەمکردنەوەی زیاتری زۆرێک لە مۆدێلەکانی بەخۆیەوە بینی لەوانە دیڤیل، فلیتوود، ئێلدۆرادۆ و سێڤییا. لە ساڵی ١٩٨٢ سیمارۆن وەک یەکەم ئۆتۆمبێلی کۆمپاکتی ئەم براندە ناسێندرا. شکستی بازاڕی سیمارۆن یەکێکە لە زنجیرە ڕووداوەکان بە درێژایی هەشتاکان و نەوەدەکان کە ناوبانگی کادیلاکی خراپ کرد و بووە هۆی ئەوەی پشکی ئەم بەشە لە بازاڕی ئەمریکا لە ٣.٨% لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ٢.٢% لە ساڵی ١٩٩٧ دابەزێت.

دەیەکانی کۆتایی

لە ساڵی ١٩٩١، کادیلاک بزوێنەری نۆرسستاری ناساند، کە خێزانێک بوو لە بزوێنەری 90° V بە توانای بەرز کە لەلایەن کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرزەوە بەرهەم هێنرا لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٠. وەک ئاڵۆزترین بزوێنەری جی ئێم دادەنرێت لە ڕووی تەکنیکییەوە، کامی دوو سەرەوەی ئەسڵی، چوار ڤاڵڤ بۆ هەر سلندەرێک. بۆ ساڵی ١٩٩٢، سیڤیلیا دیزاین کرایەوە بۆ ئەوەی باشتر ڕکابەری ئۆتۆمبێلە سیدانەکانی لوکس و کارایی لە ئەورووپا بکات و هەندێک ئاماژەی ستایلەکەی لە ئۆتۆمبێلی کۆنسێپتی کادیلاک ڤۆیەیجی ساڵی ١٩٨٨ وەرگرتبوو. هەروەها لەو ساڵەدا بووە لیستی دە باشترینەکانی گۆڤاری ئۆتۆمبێل و شۆفێر

لە ساڵی ٢٠٠٠، کادیلاک فەلسەفەیەکی نوێی دیزاینی بۆ سەدەی بیست و یەکەم بە ناوی "هونەر و زانست" ناساند، ئەم زمانە دیزاینە نوێیە لە CTSـیەوە بۆ کادیلاک XLR ڕۆدستەر هەبوو. 

STS بەرزترین نرخی سیدان بوو لە کادیلاک، لە ساڵی ٢٠٠٦، تابلۆی ناوی دیڤیل بە کادیلاک دی تی ئێس گۆڕدرا، کە کورتکراوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦، کاتێک بۆ یەکەمجار پاکێجی "دیڤیل تۆرینگ سیدان" بەردەست بوو. ئۆتۆمبێلی نوێی نەوەی دووەمی CTS-V performance sedan لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک ڕکابەرێکی ڕاستەوخۆی BMW M5 ناسێندرا. کە بە بزوێنەری OHV 6.2 L LSA V8ی سوپەرچارج کاری دەکرد، هەروەها ئۆتۆمبێلی Cadillac ATS compact sedan لە ساڵی ٢٠١٢ وەک مۆدێلی ٢٠١٣ بۆ یەکەمجار نمایشکرا و دوای دوو ساڵ وەشانی کوپی ATS زیادکرا. لە ساڵی ٢٠١٦دا کادیلاک CT6 ناسێندرا. کادیلاک XT6، ئۆتۆمبێلێکی نوێی لوکس و کەشخە و قەبارە ناوەندی کرۆس ئۆڤەر SUV بوو، لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێلی ئەمریکای باکوور نمایشکرا. لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠١٩ وەک مۆدێلی ٢٠٢٠ کەوتە بازاڕەوە. زیادکراوەکانی دیکە بۆ پێکهاتەی کادیلاک بۆ ساڵی مۆدێلی ٢٠٢٠ بریتین لە CT5 قەبارەی ناوەڕاستی لوکس سیدان، هەروەها وەشانی "V"ی کارایی CT4 و CT5 بۆ ساڵی ٢٠٢٠ زیادکرا.

مۆدێلەکان

  • Escalade
  • CT6
  • XT5
  • XT4
  • CT4
  •  CT5
  • XT6
  • Lyriq


سەرچاوەکان



438 بینین