ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر ناونانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-10-21:18:00 - کۆدی بابەت: 10610
ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر ناونانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر ناونانی منداڵ (بە عەرەبی: تنازع الٱبوين في تسمية المولود، بە ئینگلیزی: Parents dispute over naming the baby)، چەند ڕێکارێک بۆ چارەسەری ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر هەڵبژاردنی ناوی منداڵ هەن، جۆری ئەو کاردانەوەیەی کە هاوسەرەکان دەربارەی هەڵبژاردنی ناوی منداڵ هەیانە و جیاوازی بۆچوونەکانیان، نیشانی دەدات کە کێشە و جیاوازییەکانی تریشیان چۆن بەڕێوە دەبەن و چارەسەری دەکەن. کەسێک کە بتوانێت ئەو جیاوازی بۆچوونە بەباشی چارەسەر بکات، بەدڵنیاییەوە لە کێشەی گەورەتریشدا سەرکەوتوو دەبێت. 

هەڵبژاردنی ناوی منداڵ

بەشێک لە شیرینترین ساتەکانی ماوەی دووگیانی ئەو کاتانەیە کە بە هەڵبژاردنی ناوی منداڵەوە بەسەری دەبەن ئەو ناوەی بۆ منداڵ هەڵیدەبژێرن دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر کەسایەتی لەناو کۆمەڵگادا، چونکە یەکەمین ئاوازی ناسراو بۆ منداڵ ناوەکەیەتی و کاریگەرییەکی دیاری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و داهاتووی منداڵ هەیە، هەڵبژاردنی ناوێکی گونجاو بۆ منداڵ جۆرێکە لە لێهاتوویی و ئێوە بە بەدەستهێنانی ئەم لێهاتووییە دەتوانن ناوێکی جوان و خۆش هەڵبژێرن، کە نەک تەنیا متمانە بەخۆبوونی منداڵ زیاتر دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسانی تریش نیگایەکی ئەرێنیان بۆ ئەو هەبێت، منداڵەکەتان لەبەر ئەم هەڵبژاردنە دروست و عاقڵانەیە هەمیشە سوپاسگوزاری ئێوە دەبێت.  

سەرەتا فێری ئەوەبن کە گوێگرێکی باش بن، لەو ساتەدا کە گوێبیستی ئەو ناوە دەبیت کە هاوسەرەکەت هەڵیبژاردووە یەکسەر گاڵتە بەبۆچوون و سەلیقەکەی مەکە و بە بێبایەخ لەقەڵەمی مەدە، بەڵکوو لە هاوسەرەکەت بپرسە کە بۆچی ئەو ناوەی هەڵبژاردووە و داوای لێبکە هۆکارەکەی ڕوونبکاتەوە، پێش هەموو شتێک دەبێت بزانن هەڵبژاردنی ئەو ناوە چ هەستێک لە هاوسەرەکەتتدا زیندوو دەکاتەوە و چۆن بیری لێدەکاتەوە، هیچ کات پەیوەندییەکەتان لەیاد مەکەن و پارێزگاری لێبکەن، ئەوەتان لەبیر بێت کە تۆ و هاوسەرەکەت پێکەوەن و ئێوە تەنها لەسەر هەڵبژاردنی ناوی منداڵەکەتان بۆچوونی جیاوازتان هەیە، ئەم بابەتە نابێت بناغەی پەیوەندییەکەتان تووشی کێشە بکات.

ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر ناونانی منداڵ

- باشترە هەریەکێکتان لیستێک لە ناوە دڵخوازەکانتان هەڵبژێرن، هەڵبەتە واباشترە کە پێش لەدایکبوونی منداڵ ناوێکتان بۆ هەڵبژاردبێت، چونکە ئەگەر بۆچوونەکانتان زۆر لەیەکتر جیاواز بێت کاتێکی زۆری دەوێت تا لەسەر ناوێک ڕێکدەکەون.

- کاتێک لیستی ناوەکانتان ئامادەکرد، بەیەکەوە ئەو ناوانە بسڕنەوە کە بەڕاستی حەزتان لێی نییە، لەم قۆناغدا تا ڕادەیەک دەگەنە ڕێککەوتنێک کە لایەنی کەم ئەو ناوانەتان سڕیوەتەوە کە یەکێکتان هیچ حەزی لێ نییە. 

- لە قۆناغی دووەمدا لیستی ناوەکان بە پێی ڕادەی گرنگییان لاتان بنووسن، ئەوەندە بەردەوامبن لەسەر ئەم کارە تا چەند ناوێکی تایبەت دەمێننەوە، دوای ئەم قۆناغە دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ناوە پرسیار لەیەک بکەن. 

ـ کاتێک کە کەسەکان ڕوونکردنەوە دەدەن ئەوان دەیانەوێت سەرنج بخەنە سەر ئەوەی کە دەیڵێن، بۆئەوەی کەسی بەرانبەر ڕازی بکەن. ئێستا کاتییەتی بەباشی گوێ بۆ قسەکانی هاوسەرەکەتان بگرن، کاتێک کە کەسێک هەست دەکات بەجوانی گوێی لێدەگیرێت گرژییەکان کەم دەبنەوە و ئەگەری ڕێککەوتن زیاتر دەبێت. 

- واز لە کەلەڕەقی و ڕقەبەرایەتی بهێنن بۆ سەپاندنی ڕای خۆتان، ئەگەر بەڕاستی ناوی هەڵبژێردراوی هاوسەرەکەت بەباشتر دەزانی لەو ناوەی کە خۆت هەڵت بژاردووە ئەوا ڕای هاوسەرەکەت قبووڵ بکە.

- حەزلێبوون یان ڕق لێبوونی ناوێک شتێکە تایبەتە بە هەستەکانی کەسەکە خۆیەوە، زۆر قورسە ئەو ناوەی کە ساڵانێکە لە مێشکتدا داتناوە بۆ منداڵەکەت، هاوسەرەکەت حەزی لێنەبێت و تۆش پێت ناخۆش نەبێت، لەلای زۆربەی کەسەکان ناو بە کەسایەتییەوە گرێدراوە و کاتێک هاوسەرەکەت ئەو ناوە ڕەتدەکاتەوە وا هەست دەکەی کە خودی تۆی ڕەتکردۆتەوە، بۆیە ئەوە بەبیر خۆتان بهێننەوە کە هەستەکانی هاوسەرەکەت دەربارەی ئەو ناوە پەیوەندی بە تێڕوانینی خۆیەوە هەیە بۆ ناوەکە نەک ڕەتکردنەوەی تۆ.

ژنان و پیاوان چ ناوێک هەڵدەبژێرن

یەکێک لە هۆکارەکان کە دەبێتە هۆی ڕێکنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر ناوی منداڵ، بریتییە لە جیاوازی سەلیقەی ژنان و پیاوان، بەگشتی پیاوان بەدوای ناوی ڕەسەن و کلاسیکی دەگەڕێن و حەز لە ناوە تایبەت و سەیر و سەمەرەکان ناکەن ،بەڵام ژنان هەمیشە بەدوای تازەترین ناوەکان دەگەڕێن و هەندێ کات ئەو ناوانەی کە لەناو فلیم و زنجیرەکان گوێیان لێ بووە، هەڵدەبژێرن. لەم بارودۆخەدا هەلبژاردنی ناوێک کە بەدڵی هەردوولا بێت کەمێک قورستر دەبێت.

تێکەڵبووونی کەسانی تر لە هەڵبژاردنی ناوی منداڵ

لەڕابردوودا هەڵبژاردنی ناوی منداڵ وەکوو ئێستا ئاڵۆز نەبوو، کەسە بەتەمەنەکانی خێزانەکە ناوێکیان هەڵدەبژارد یان دایەگەورە و بابەگەورە بەهۆی ئەو ڕێزەی هەیانبوو ناوێکیان هەڵدەبژارد و بە دایک و باوکی منداڵەکەیان دەگووت، بەڵام لە سەردەمی نوێدا دایک و باوک ڕێگە نادەن کەسانی تر ناوی منداڵەکەیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەگەر هێشتا هەر دایەگەورە و بابەگەورە یان یەکێک لە کەسە زۆر نزیکەکانتان زۆر ویستی لەسەر هەڵبژاردنی ناوی منداڵەکەتان هەبێت، باشترە پێش ئەوەی کێشەکە گەورە ببێت، لەگەڵ هاوسەرەکەتان لەسەر ناوێک ڕێککەون و لە میوانداریێەکی خێزانیدا بەڕەسمی ناوی منداڵەکەتان ڕابگەیەنن، سوپاسی خانەوادەکەتان بکەن بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ناوی منداڵەکەتان، بەڵام بۆیان ڕوونبکەنەوە کە دەتانەوێت لەگەڵ هاوسەرەکەتان هەڵبژاردنی ناوی منداڵەکەتان ئەنجام بدەن.

ئەو منداڵانەی چەند ناوێکیان هەیە

ئەو منداڵانە کەم نین کە لە ناسنامەدا ناوێکیان هەیە و لەماڵەوە بەناوێکی ترەوە بانگیان دەکەن، هەندێک کات بارودۆخەکە لەوەش خراپترە، بۆ نموونە دایەگەورە و بابەگەورە چونکە ئەو ناوەی هەڵیانبژاردووە قبووڵنەکراوە پێیان باشتره کە نەوەکەیان بەو ناوەوە بانگ بکەن کە خۆیان هەڵیانبژاردووە. هەندێک کات دایک منداڵەکەی بە ناوێک و باوکیش بەناوێکی تر منداڵەکەی بە کەسانی تر دەناسێنێت. لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا تاکە کەس کە دووچاری ونبوونی کەسایەتی بووە منداڵێکە کە نازانێک بەڕاستی خاوەنی کام ناوەیە و سەری لێشێواوە.


سەرچاوەکان



381 بینین