جنۆکە (٢٠١٦)

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-10-21:44:00 - کۆدی بابەت: 10611
جنۆکە (٢٠١٦)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جنۆکە (بە ئینگلیزی: goblin، بە کۆری: 도깨비، بە عەرەبی: عفریت)، زنجیرەیەکی کۆریای باشوورە کە لە ٢ـی مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠١٦ لە کەناڵی TvN بڵاوکرایەوە، لە چەشنی ڕۆمانسی، درامی، خەیاڵی و کۆمیدییە، نمرەی ٨،٦/١٠ وەرگرتووە لە ماڵپەڕی IMDb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان، ژمارەی ئەڵقەکانی لە ١٦ ئەڵقە پێکهاتووە. لە نووسینی (کیم یون سۆک)، لە دەرهێنانی (لی ئیونگ بۆک ئەڵقەی ١ - ١٦)، (کوان هیۆک چاک ئەڵقەی ٥ - ١٦)، (یۆن جۆنگ هو ئەڵقەی ٣ - ١٦).

نواندنکارەکان

  • (گۆنگ یو) لە ڕۆڵی جنۆکەکە (کیم شین)، جنۆکەیەکی ٩٣٩ ساڵەیە کە پارێزگاری لە ڕۆحەکان دەکات.
  • (کیم گۆ یون) لە ڕۆڵی (جی یون تاک)، (هان سۆ جین) لە ڕۆڵی منداڵی (جی یون تاک)، کچێکی ١٩ ساڵانە کە خوێندکاری ئامادەییە، توانای بینینی ڕۆحەکانی هەیە.
  • (لی دۆنگ ووک) لە ڕۆڵی (وانگ یو، کیم وو بین، لی هیوک)، (کیم مین جەی) لە ڕۆڵی گەنجێتی (وانگ یو)، فریشتەیەکی مەرگە. 
  • (یو ئین نا) لە ڕۆڵی (سەنی، کیم سەن)، خاوەنی چێشتخانەی مریشک کە کار بە (یون تاک) دەدات.

چیرۆکی زنجیرەکە

کیم شین جنۆکەیەکە کە پارێزەری ڕۆحەکانە، لە ژیانی پێشوویدا جەنەڕاڵ بووە، ئەو بووە بە جنۆکە تاکوو باجی تاوانەکانی بدات، لەگەڵ وانگ یودا دەژی کە فریشتەیەکی مەرگە، کە ڕابردووی خۆی لەبیر نییە و بەرپرسی ڕۆح کێشانی مرۆڤەکانە، هەردووکیان ژیان و مردنی مرۆڤەکان دەبینن و بەڕێیان دەکەن، شین نایەوێت چیتر هەمیشەیی بێت و بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانە هەمیشەییەکەی بەدوای بووکی جنۆکەکەدا دەگەڕێت. لەهەمان کاتتدا جی یون تاک خوێندکارێکی ئامادەییە کە لەگەڵ بارودۆخە ناخۆشەکانی ژیانی، هەر گەشبینە. کیم سەن کچێکی جوان و قەشەنگە کە هەموو پیاوەکان سەرسامی دەبن، کچێکی ئازایە و ڕووبەڕووی فریشتەی مەرگ دەبێتەوە و ژیانی دەگۆڕێت.

دەربارەی زنجیرەکە

  • زنجیرەکە بە یەکێک لە باشترینەکانی مێژووی کۆریا دادەنرێت، خەڵاتی جۆراوجۆری لە فێستیڤاڵەکانی کۆریای باشوور و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، بینەرەکانی بە باشترین زنجیرەی ساڵی ٢٠١٦ دایدەنێن.
  • سەرەتای زنجیرەکە ئەوە نیشان دەدات کە بۆچی خوا ئازارمان دەدات و هەموو شتێک خراپە، بەڵام هەتا زنجیرەکە بەرەوپێش دەچێت، ئەوە نیشان دەدات کە خوا هەر کارێک دەکات لە بۆ سوودی ئێمەیە و خۆشیدەوێین، ڕەنگە لە سەرەتادا لامان ناخۆش بێت، بەڵام کۆتاییەکەی وانییە.


سەرچاوەکان



945 بینین