خۆشەویستانی مانگ (٢٠١٦)

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-11-21:48:00 - کۆدی بابەت: 10620
خۆشەویستانی مانگ (٢٠١٦)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆشەویستانی مانگ (بە ئینگلیزی: moon lovers، بە کۆری: 보보경심 려، بە عەرەبی: إحباء القمر)، زنجیرەیەکی کۆریای باشوورە کە لە مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠١٦ پەخشکرا، لە چەشنی درامی، ڕۆمانسی، خەیاڵی، گەشتی کات و مێژووییە، نمرەی ٨،٧/١٠ وەرگرتووە لەماڵپەری IMDb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان، ژمارەی ئەڵقەکانی لە ٢٠ ئەڵقە پێکهاتووە، لە دەرهێنانی (کیم کیو تای) و نووسینی (چۆ یوون یۆنگ). 

نواندنکارە سەرەکییەکان و کەسایەتییان

ـ (لی جوون گی) لە ڕۆڵی شازادەی چوارەم (وانگ سۆ)، لە سەرەتادا کەسێکی بێ بەزەیی بوو کە وەکوو شازادە سەیر نەدەکرا بەهۆی برینەکەی سەر ڕووخساری، دەورووبەرەکەی لێی دەترسان و لێی تێنەدەگەیشتن، بەهۆی هەندێک هۆکارەوە دەست بە گۆڕان دەکات.

ـ (لی جی ئون، IU) لە ڕۆڵی (گۆ هاجین، های سو)، کچێکی گەنج بە کۆمەڵێک کێشەوە گەشت دەکات بۆ ڕابردوو، ئەو کچێکی گەشبینە و ناتوانێت بەرگەی نادادپەروەری بگرێت، یەکەم کەسە کە هەست بە ئازارەکانی (وانگ سو) دەکات و دەیەوێت یارمەتی بدات.

ـ (پارک هانول) لە ڕۆڵی شازادەی هەشتەم (وانگ ووک)، لە سەرەتادا پیاوێکی میهرەبانە کە زۆر ئاگاداری کەسانی دەورووبەرییەتی.

شازادەکانی تر

- (کیم سانهۆ) لە ڕۆڵی شازادەی جێنشین (وانگ مو)
- (هۆنگ جۆنگ هیون) لە ڕۆڵی شازادەی سێیەم (وانگ یۆ)
- (یوون سون وو) لە ڕۆڵی شازادەی نۆیەم (وانگ وۆن)
- (بیون بەیک هیون) لە ڕۆڵی شازادەی دەیەم (وانگ ئیون)
- (نام جوو هیوک) لە ڕۆڵی شازادەی سێزدەیەم (وانگ بەیک ئا)
- (جی سوو) لە ڕۆڵی شازادەی چواردەیەم (وانگ جونگ)

چیرۆک

کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە سەدەی ٢١دا، لەکاتی خۆرگیراندا گەشتی کات دەکات بۆ ڕابردوو و سەردەمی پاشایەتی گۆریۆ لە ساڵی ٩٤١ لە جەستەی (های سو)، لەنێوان کۆمەڵێک شازادەی خێزانی (وانگ)ـدا بەئاگا دێتەوە، (های سو) بەبێ ویستی خۆی، تێکەڵی سیاسەت و کێبەرکێی شازادەکان دەبێت کە بۆ بەدەستهێنانی تەختی پاشایەتی لەگەڵ یەکتر دەجەنگن.

دەربارەی زنجیرەکە 

- ٩٧٪ خەڵکی کۆریا زنجیرەکەیان پەسەند کردووە و لێی ڕازی بوون.
- زنجیرەکە لە ڕۆمانی چینی (Bu Bu Jing Xi) وەرگیراوە.
- لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زنجیرەکە سەرنجڕاکێشی و جۆش و خرۆشی ئەڵقەکانی زیاتر دەبێت.
- لە زنجیرەکەدا هەلومەرجی نوێ دروستکراوە و دوورە لە دووبارەبوونەوە، بەردەوام کەسایەتییەکان لە بارودۆخی جیاواز و ئاڵۆزدا گیردەخۆن و ڕێگای نوێ دەدۆزنەوە.
- زنجیرەکە سیاسەت، شەڕی دەسەڵات، بوون بە پاشا و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەهێزترین دەسەڵات نیشان دەدات.

چەند دیالۆگێکی زنجیرەکە

  • ئەگەر ئەوم نەبینیبایە، بەپەرۆش نەدەبووم بۆی، ئەگەر نەمناسیبایە، زۆر بیرم لێ نەدەکردەوە، ئەگەر پێکەوە نەبووینایە، ئەوا پێویستی نەدەکرد ون بم، ئەگەر زۆر بەنرخ نەبووایە بۆم، ئەوا یادگاری زۆرم نەدەبوو، ئەگەر خۆشم نەویستبا پێویست نەبوو لەیەکتر دووربکەوینەوە.
  • ئەوەندە گیرۆدەی داهاتوو و ڕووداوەکانی مەبە، هەتا ئەوەشی کە ئێستا هەتە لەدەستی نەدەیت.


سەرچاوەکان



479 بینین