چۆن باسی هەواڵی ناخۆش و خراپ بۆ منداڵ بکەین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-14-20:09:00 - کۆدی بابەت: 10655
چۆن باسی هەواڵی ناخۆش و خراپ بۆ منداڵ بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن باسی هەواڵی ناخۆش و خراپ بۆ منداڵ بکەین؟ (بە ئینگلیزی: ?How to tell a child bad news، بە عەرەبی: كيف تخبر الطفل بالأخبار السيئة؟منداڵ لەگەڵ دایک و باوکی سەیری تەلەڤزیۆن دەکات، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەن و دەربارەی ڕووداوەکانی ڕۆژ دەبینن، بینین و بیستنی ئەو هەواڵانە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵ نیگەران، شڵەژاو و تووڕە بێت. ئەوەی لەسەر دایک و باوکە ئەوەیە کە هەستی پارێزراوی و ئاسایشی پێ بدات و بە ئاگادارکردنەوەی ترسەکەی کەم بکاتەوە.

باسکردنی هەواڵی ناخۆش و خراپ بۆ منداڵان

- دایک و باوک کاتی پەخشکردنی هەواڵەکان، لەگەڵ منداڵ بن

منداڵ نابێت لە هەندێک هەواڵ دووربن و دایک و باوکیش ناتوانن پێش لە بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵی خراپ بگرن. بۆیە دەبێت دایک و باوک لەکاتی پەخشکردنی هەواڵەکان، لەگەڵ منداڵ بن تاکوو ڕێژەی سەیرکردنی تەلەڤزیۆنیان کۆنتڕۆڵ بکەن، جگە لەوەی ئەو منداڵانەی خوار پێنج ساڵن ناتوانن بەباشی لەوە تێبگەن کە دەیبینن.

- بەڕاستگۆیی و بەکورتی وەڵام بدەنەوە

بەپێی تەمەنی منداڵ لە ئاستی تێگەشتنیدا دەربارەی ئەم نیگەرانییانە قسە بکەن، منداڵێکی بچووک ئارەزوو دەکات بزانێت لە جیهاندا چی ڕوودەدات، هەرچەند ئاسانتریش لە بابەتەکان و کێشەکان تێبگات، ئەوەندەش ئاسان دەتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە، لەبەرئەوە هەموو زانیارییەکان مەدەن بە منداڵ، تەنیا جیاوازی نێوان خەیاڵ و ڕاستی بۆ ڕوون بکەنەوە، ڕاستی بڵێن بەڵام پێویست ناکات هەموو شتێک بە وردەکارییەوە باس بکەن. ئەگەر منداڵەکەت پرسیارێکی کرد کە وەڵامەکەیتان نەزانی کێشە نییە بڵێی جارێ نایزانم، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەڵامی پرسیارەکەت دەدۆزمەوە و بەدوایدا دەگەڕێم.

- هەستکردن بە ئاسایش و کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخ گرنگە

وا لە منداڵ بکەن هەست بکات هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بۆ ئەمە بە قسەکردن منداڵ هانبدەن، کاتێک منداڵ لە ڕوودانی ڕووداوێک ترساوە، دەربارەی ئەو شتە پرسیاری لێ بکەن، تەنانەت لەو بارودۆخانەی لەژێر کۆنتڕۆڵدا نەماون، قسەکردن یارمەتی دەدات تاکوو ترسەکانی لەگەڵتان باس بکات.

- منداڵ فێر بکەن ئامادە بێت نەک بترسێت

بۆ نموونە کاتێک هەواڵێک بڵاو دەبێتەوە کە کارێکی تیرۆرستی یان تەقەکردن لە قوتابخانەیەک ڕوویداوە، باسی ئاسایش و چۆنیەتی خۆپاراستن لە قوتابخانەی بۆ بکەن. ئەگەریش هەواڵەکە دەربارەی ڕووداوێکی سروشتی بێت پلانێکی خێزانی دابنێن کە لەکاتی ڕوودانی ڕووداوێکی وەها دەبێت چی بکەن. کاتێک نەخۆشییەک بڵاو دەبێتەوە باسی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی و خۆپاراستن و ئاگاداربوونی خۆی و ئەوانی تری بۆ بکەن.

- ڕێگا مەدەن زۆر گوێ لە هەواڵ بگرێت

ئێوە دەبێت بڕیار بدەن کە کام هەواڵانە و چەندێکیان بۆ منداڵەکەتان گونجاوە، بەڕەچاو کردنی تەمەن و ئاستی پێگەیشتنی منداڵ، هانی بدەن تا چەند ڕۆژ سەیری هەواڵی ناخۆش و توندوتیژی نەکات، لە ڕۆژێکدا چەند کاتژمێرێک تەلەڤزیۆنەکە بکوژێننەوە تاکوو مێشکی منداڵەکە ئارام بێت. ئێوە مافی ئەوەتان هەیە سنوورێک دیاری بکەن و نەتانەوێت هەمیشە ڕووبەڕووی هەواڵی خراپ ببێتەوە چالاکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکەنەوە، لەبەرئەوەی کاتێک منداڵ دەیەوێت سەیری هەواڵ بکات، خۆشتان ئامادە بن، ئەوە بزانن وێنە توندوتیژییەکان ماوەیەکی زۆر لە بیری منداڵ و نەوجەواندا دەمێننەوە و ئازاریان دەدەن.

- گرنگی بە سەلامەتی جەستەیی منداڵ بدەن

ڕێگا مەدەن فشاری سەر منداڵ بەردەوام بێت، هەر کە نیشانەکانی فشارتان تێیدا بینی، پەیوەندی بە دەروونناسی منداڵەوە بکەن، نیشانەکان دەکرێت کەمخەوی، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، گۆشەگیری یان نیگەرانی زیاد لە پێویست.

- بە منداڵ بڵێن هەست بە چی دەکەن

منداڵەکان پەیڕەوی ڕەفتاری گەورەکان دەکەن، قسە بکەن تاکوو بزانێت کە تووڕە و بێتاقەتن و پلانێکتان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، ئەم نیگەرانییانەش بە پیاسەکردن، هەناسەدانی قووڵ، خۆشۆردن بە ئاوی گەرم و چالاکی تر خۆتان ئارام دەکەنەوە، دڵنیای بکەنەوە کە لە بارودۆخی ئاوادا لەلای دەبن، پاڵپشتی و ئاگاداری ئێوە بۆ منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە ئارامی بکات.


سەرچاوەکان



201 بینین