غەزای خەیبەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-15-04:23:00 - کۆدی بابەت: 10665
غەزای خەیبەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی خەیبەر، غەزای خەیبەر یان فەتحی خەیبەر یاخود شەڕی خەیبەر (بە عەرەبی: معركة خیبر، بە ئینگلیزی: Battle of Khaybar) جەنگێکی نێوان جوولەکەکانی شاری خەیبەر و موسڵمانانی شاری مەدینە بوو، لەسەردەمی پێغەمبەر ﷺ لە ساڵی حەوتەمی کۆچی بەرانبەر به ساڵی ٦٢٨ـی زایینی بە بیست ڕۆژ دوای پەیمانی حودەیبییە لە شاری خەیبەر ڕوویدا.

خەیبەر شارێکە کە بە دووری ١٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری مەدینەوە، لە ڕابردوودا بە ناوەندی چەند هۆزێکی جوولەکەکان دادەنرا و زۆرێک لە جوولەکەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لەو ناوچەیە بوون، ناوچەیەک بووە باخ و بێستان و سەوزایی زۆر بووە. شاری خەیبەر بەوە ناسراو بووە کە لە سنووری دەرەوەی شارەکە شوورا و چەندان قەڵای پتەوی بە دەوری شارەکەو هەبووە، جوولەکەکان ئەو تەکنیکەیان بۆ پاراستنی شارەکە بەکارهێناوە، هاوکات شارەکە بەبوونی سەوزایی و ئاوی ژێر زەوی ناودار بووە. جوولەکەکانی خەیبەر دەوڵەمەند و بازرگان بوونە و بە مامەڵەکردن بە سووەوە ناودار بوونە، زۆر باڵادەست و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بوونە.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای ئەوەی جوولەکەکانی بەنی‌ نەزیر لە مەدینە دوورخرانەوە و چوونە شاری خەیبەر، ئەوان ڕۆڵی زۆریان هەبوو لە هەڵگیرسانی جەنگی خەندەق و لە ڕێگەی هاندانی هۆزە عەرەبییەکان و کۆکردنەوەیان لەگەڵ قوڕەیشییەکانی مەککە دژی موسڵمانان لەلایەک، لەگەڵ هاندانی جوولەکەکانی بەنی‌ قەریزە لە مەدینە دژی موسڵمانان لەلایەکی تر، دواتر دروستکردنی پشێوی لەگەڵ هاوکاریکردنی دووڕووەکان لە مەدینە، هەموو ئەمانە لەلایەن جوولەکەکانەوە ئەنجامدرا و هۆکاری پشێوی و جەنگەکان بوون، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێغەمبەر ﷺ پەیمانی لەگەڵ جوولەکەکان بەستبوو، بەڵام ئەوان خیانەتیان کرد و دژی موسڵمانان بوون، جوولەکەکانی خەیبەر مەترسیدار بوون بۆ سەر موسڵمانان. بۆیە دوای هاتنەوەی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵان لە مۆرکردنی پەیمانی حودەیبییە بە بیست ڕۆژ، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوەڵان بڕیاری جەنگی خەیبەریان دا.

هەڵگیرسانی جەنگی خەیبەر

دوای گەڕانەوەی موسڵمانان لە حودەیبییە و بەستنی پەیمانی حودەیبییە بە بیست ڕۆژ جەنگی خەیبەر هەڵگیرسا، ژمارەی موسڵمانان لەم جەنگەدا ١٨٠٠ جەنگاوەر بوونە. بەبڕیاری پێغەمبەر ﷺ ئەو هاوەڵانەی کە لە سوڵحی حودەیبییە لەگەڵی بوون و بەشداریی لەم جەنگە بکەن ئەوە دەستکەوتی جەنگەکەیان بەسەردا دابەش دەکرا. هەڵگرتنی ئاڵای موسڵمانان لەم جەنگەدا بە فرمانی پێغەمبەر ﷺ درا بە عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب. موسڵمانان لە ڕێگەیەکەوە لە شاری مەدینەوە بەرەو شاری خەیبەر کەوتنەڕێ کە ڕێگری بکەن لە بەیەک گەشتن و هاوکاری نێوان هۆزی خەتەفان و خەیبەرییەکان، کە دوو هۆزی هاوپەیمانی یەکتر بوون.

سوپای موسڵمانان بە شەو گەیشتنە سنووری خەیبەر و گەمارۆی قەڵاکانی دەوری شارەکە درا. بەڵام لە سەرەتادا دوای چەند جارێک هەوڵدان نەتوانرا بچنە ناو قەڵاکان و شارەکەوە. پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (لأعطین هذه الرایة غداً رجلاً يفتح الله على يديه يحبُ الله ورسولَهُ و يحبُهُ الله و رسولُهُ) واتا: سبەینێ ئەو ئاڵایە دەدەمە دەستی یەکێک لە ئێوە کە خوا لەسەر دەستی ئەو سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت، خوا و پێغەمبەرەکەى خۆشدەوێن و خوا و پێغەمبەریش ئەویان خۆش دەوێت. 

ئاڵاکە بەخشرایە عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب، ئەویش سەرپەرشتى جەنگەکەی کرد و گەمارۆی سەر قەڵاکانی چڕتر کردەوە، سەرەتا قەڵاى "ناعم" گیرا، کە قەڵایەکی پتەو بوو و چەندان ڕۆژ موسڵمانان له هەوڵی گرتنی بوون. پاشان موسوڵمانان بە فەرماندەی حەبابی کوڕی مونزیر ڕوویان کردە قەڵاى "سەعب" و دواى سێ ڕۆژ توانیان قەڵاکە بگرن، دواتر قەڵاى زوبێر، ئوبەی، نیزار یەک لەدوای یەک گیران، هەریەک لە قەڵاکانى قمووس و وەتیح و سەلالم بۆ ماوەى ١٤ ڕۆژ لەلایەن موسوڵمانانەوە دەورەدران و دواتر جوولەکەکان داواى خۆبەدەستەوەدان و ئاشتییان کرد، بۆیە جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات، هاوکات لەم جەنگەدا موسڵمانان ئامێری مەنجەنیقیان بەکارهێناوە.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی خەیبەر بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی پێهات، دەسکەوتی جەنگی خەیبەر زۆر بوو بۆ موسڵمانان، پێغەمبەر ﷺ جوولەکەکانی سەرپشک کرد لە مانەوەی بە مەرج یان بەجێهێشتنی شارەکە، بەشێک لە جوولەکەکان مانەوە بەو مەرجەی کە قازانجی بازرگانی و کشتوکاڵییان نیوەی بدرێت بە بەیتولمالی موسڵمانان، تا لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب پشێویان دروست کرد و پەیمانیان شکاند بۆیە لە سەردەمی عومەر جوولەکەکان دوورخرانەوە و لە شارەکە بە تەواوی دەرکران. دوای فەتحی خەیبەر دانیشتووانی ناوچەی فەدەک کە ناوچەیەک بوو لە باکووری خەیبەرەوە بوو، بوونە هاوپەیمانی موسڵمانان. دوای ئەم جەنگە هێز و پێگەی موسڵمانان بەهێزتر بوو، هەروەها کۆتایی بە دەسەڵات و دەستێوەردانەکانی جوولەکەکان هێنرا.


سەرچاوەکان



1120 بینین