گالڤێستۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-15-22:25:00 - کۆدی بابەت: 10674
گالڤێستۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گالڤێستۆن (بە ئینگلیزی: Galveston، بە عەرەبی: غالفستون)، شارێک و هاوینەهەوارێکی کەنار دەریا و بەندەرێکە لە کەنارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تەکساس کە دەکەوێتە دوورگەی گالڤێستۆن و دوورگەی پلیکان لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٤٧٫٧٤٣ كەس بوو.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری گالڤێستۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٥٤٫٨٨٥ کەس بوو، ئەم شارە ٦٩ـیەم گەورەترین شاری ویلایەتی تەکساس و ٧٩٢ـەم گەورەترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی شاری گالڤێستۆن لە ئێستادا ١٫١٠٪ و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دواین سەرژمێرییەوە بە ڕێژەی ٢٫٢٢٪ زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەری شارەکە ٢٠٩ میلە و چڕی دانیشتووانەکەی ١٫٣٣٤ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. ڕێژەی هەژاری لە شاری گالڤێستۆندا ١٨٫٧١٪ و تێکڕای تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانەکەی ٣٨٫٩ ساڵییە، نێرەکان ٣٨٫١ ساڵی و مێیەکان ٤٠ ساڵی. هەروەها ژمارەی نێرەکان لەم شارەدا کەمێک زیاترە لە مێیەکان، ژمارەی نێرەکان ٢٥٫١٩٨ کەسە کە بە ڕێژە ٥٠٫٠٩٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ژمارەی مێیەکان ٢٥٫١٠٩ کەسە کە بە ڕێژە ٤٩٫٩١٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. سپی پێست: ٧٢٫٩٦٪
  2. ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ١٦٫٢٥٪
  3. ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٦٫٠٧٪
  4. ئاسیایی: ٢٫٨١٪
  5. ڕەگەزەکانی تر: ١٫٣٨٪
  6. ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٥٤٪
  7. هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٠٪

ئایین

٥٥٫١٪ـی دانیشتووانی گالڤێستۆن ئایینیان هەیە، ئایینە جۆراوجۆرە پەیڕەوکراوەکانی نێو دانیشتووانی ئەم شار بریتین لە:

  1. باپتیست: ١١٫٨٪
  2. ئەندامی كڵێسای ئێپیسکۆپال: ٠٫٩٪
  3. کاسۆلیک: ٢٠٫٤٪
  4. لۆسەری: ١٫١٪
  5. میتۆدیست: ٥٫٣٪
  6. پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): ١٫٦٪
  7. تایبەت بە کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): ٠٫٣٪
  8. ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: ١٫٦٪
  9. ئایینێکی تری مەسیحی: ٨٫٨٪
  10. ئایینی جوولەکه: ٠٫١٪
  11. ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: ٠٫٣٪
  12. ئایینی ئیسلام: ٢٫٧٪

زمان

٧٣٫٤٦٪ـی دانیشتووانی شاری گالڤێستۆن تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ٢٦٫٥٤٪ـی دانیشتووانەکەی بە زمانەکانی تر دەدوێن، گەورەترین گرووپ کە بە زمانی نائینگلیزی قسە دەکەن ئیسپانییەکانن کە بە ڕێژە ٢١٫٢٦٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

شوێنی لەدایکبوون

٨٦٫٣٠٪ـی دانیشتووانی گالڤێستۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایکبوون کە ٦٠٫٥٩٪ـیان لە ویلایەتی تەکساس لەدایکبوون. هەروەها ٨٫٢٨٪ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەوانەی لە ویلایتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون لە بە ئەمریکای لاتین لەدایکبوون.

گەشەی دانیشتووانی گالڤێستۆن

بە شێوەیەکی گشتی دانیشتووانی شارەکە لە یەکەم سەرژمێرییەوە کە لە ساڵی ١٨٥٠ـدا کرا گەشەی کردووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٠ ژمارەی دانیشتووان کەمبوویەوە لە ساڵی ١٩٨٠ـدا کەمێک بەرزبوویەوە. بەپێی ئەو سەرژمێرییەی کە لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ کۆتایی ٢٠١٠ کرا چەند جارێک ژمارەی دانیشووان پووکایەوە. بەڵام، نوێترین خەمڵاندن ئەوە پیشان دەدات کە لە کۆتا سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی ٦٪ زیادی کردووە، سەرەڕای ئەوەش ژمارەی دانیشتووان لەم نوێترین خەمڵاندنەدا زۆر کەمترە بە بەراورد بە ساڵی ١٩٦٠ کە ژمارەی دانیشتووان گەشتبووە لووتکە و ٦٧٫١٧٥ کەس بوو.

مێژووی شارەکە

مێژووی شاری گالڤێستۆن لە ویلایەتی تەکساس بە تۆماری شوێنەواریی ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەست پێ دەکات کە لە ڕابردوودا دوورگەکەیان بەکارهێناوە. سەرەتاییترن ئەورووپی کە لە ناوچەدا جێگیربوون چەتەکان بوون و یەکەم نشینگەی ئەورووپی لەسەر دوورگەکە لە دەوروبەری ساڵی ١٨١٦ـدا دروستکرا، بەندەری گالڤێستۆن لە ساڵی ١٨٢٥ لەلایەن کۆنگرەی مەکسیک و دوای شۆڕشی سەرکەوتووی بەسەر ئیسپانیادا دامەزرا. ئەم شارە لە سەردەمی شۆڕشی تەکساسدا وەک بەندەری سەرەکی هێزی دەریایی تەکساس خزمەتی کردووە. سەرەڕای ئەوەش گالڤێستۆن لە ساڵی ١٨٣٦ دامەزراوە و بۆ ماوەیەکی کورت وەک پایتەختی کۆماری تەکساس خزمەتی کردووە. جەنگی گالڤێستۆن لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا لە کەنداوی گالڤێستۆن هەڵگیرسا کاتێک هێزەکانی کۆنفیدڕاڵ هێرشیان کردە سەر سەربازانی یەکێتی داگیرکەر و لە شارەکە و دەریانکردن.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، گالڤێستۆن وەک شارێکی نێودەوڵەتی دەرکەوت کە لە سەرانسەری ئەمریکا و جیهانەوە کۆچی بۆ دەکرا و خەڵکی بۆ مەبەستی بازرگانی ڕوویان تێ دەکرد. ئەم شارە بووە یەکێک لە قەرەباڵغترین بەندەرەکانی وڵات و بەندەری پێشەنگی جیهان بۆ هەناردەکردنی لۆکە. لەو سەردەمەدا گالڤێستۆن بوو بە گەورەترین شار و ناوەندی بازرگانی سەرەکی تەکساس. لە ساڵی ١٩٠٠ـدا زریانێکی وێرانکەر دای لە دوورگەکە و لە نێوان ٦ بۆ ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ٣٧٫٠٠٠ کەس بوو.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ـدا، شارەکە وەک شوێنێکی گەشتیاری سەرەکی دەرکەوتەوە کە بووە ناوەندی قومارخانەکان و بازرگانییە خراپەکارییەکانی تر، لە ئەنجامدا شارەکە لە ئاستی نیشتیمانیدا بە شاری گوناهی کەنداو ناسرا. دواجار لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆتایی بە بازرگانییە نایاساییەکان هێنرا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قۆناغێکی ئابووری درێژ و چەقبەستوو. زۆرێک لە ڕێکخراوە بازرگانییەکان لە دوورگەکە گواسترانەوە، بەڵام هەندێکیان وەک بازرگانی بیمە و خوێندگای پزیشکی مانەوە.

شارەکە وردە وردە وەک شوێنێکی گەشتیاری دەرکەوتەوە و چەندین شوێنی گەشتیاریی نوێ دامەزران، خوێندنگای پزیشکی و بازرگانییەکانی دیکەی ناوچەکە ئابووریی شارەکەیان بوژاندەوە. لە ئێستادا ئابووری شارەکە پشت بە چاودێری تەندروستی، گەشتیاری، کەشتیوانی و دارایی دەبەستێت. هەروەها گالڤێستۆن بە بینا مێژووییەکانیشی ناسراوە کە زۆربەیان لە تۆماری نیشتیمانی شوێنە مێژووییەکاندا لیستکراون.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری گالڤێستۆن نیمچە خولگەییە، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە (بەڵام بە شەپۆلە ساردە کورتەکانی دەناسرێتەوە) و مانگەکانی وەرزی هاوین درێژ و گەرم و شێدارن، زۆرجار ڕەشەبای بروسکاوی هەڵ دەکات. شارەکە دەکەوێتە سەر کەنارەکانی کەنداوی مەکسیک لەسەر دوورگەیەکی بەربەند. لە هاویندا بەهۆی ئەو ئاوانەی کە دەوری شارەکەیان داوە کەشی شارەکە گەرم و شێدارە، بەڵام پلەکانی گەرما کەمێک کەمترن لە ناوچە دوور لە کەنارییەکان. ساڵانە نزیکەی ٢٫٧٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات بەردەوام دەبێت و کەشی شارەکە مامناوەندە. زۆرجار تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە، هەور و باران و با تایبەتمەندی ئەم وەرزەن. لەوانەیە تەنانەت لە ناوەڕاستی زستانیشدا کەشی شار گەرم بکات و پلەی گەرمی بگاتە ٢٠ پلەی سەدی بەڵام، ڕەنگە دوو یان سێ زۆر ساد بکات و تێیدا پلەی گەرمی بۆ دەوروبەری پلەی بەستن دادەبەزێت. هەندێک جار تەنانەت دەشێت بەفریش ببارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ١٣٫٤ پلەی سەدییە و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٠٫٥- بوو کە لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ـدا تۆمارکرا.

هاوینی شارەکە لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەخایەنێت، کەشی شار گەرم و شێدارە. سەرەڕای ئەوەی شنەبا لە دەریاوە هەڵ دەکات بەڵام بەهۆی بەرزی ڕێژەی شێوە گەرمییەکەی زۆر بێزارکەرە‌. لە گەرمترین ڕۆژەکاندا، پلەی گەرمی بەزۆری دەگاتە ٣٥ بۆ ٣٧ پلەی سەدی. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی ئابە و تێکڕای پلەی گەرما ٢٩٫٩ پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ئەیلوولی ٢٠٠٠ـدا ٤٠ پلەی سەدی بوو. زۆرجار تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە، بەڵام ئاسمان هەمیشە ڕوون نییە، چونکە هەور ئاسمان دادەپۆشێت و دەشێت ڕەشەبای بروسکاوی دروست بکات.

لە مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی دووەم مەترسی دروستبوونی زریانەکان لەسەر شارەکە هەیە، ئەمیش بەهۆی شوێنی جوگرافی شارەکەوە کە کەوتۆتە سەر دوورگەیەکی تەخت.

باران

ساڵانە ١٫٢٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەم بڕەش تاڕادەیەک زۆر زۆرە. لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە ٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت و لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئەیلوولە ١٧٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

پلەی گەرمی دەریا

پلەی گەرمی دەریا لە نێوان ١٧٫٥ بۆ ٢٩٫٥ پلەی سەدی دەگۆڕێت. لە وەرزی زستاندا دەریا ساردە، لە کاتێکدا لە وەرزی هاویندا زۆر گەرم دەبێت.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی گالڤێستۆن وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسان و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم تا ناوەڕاستی تشرینی دووەم، چونکە لەم ماوەیدا لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان بەدوور دەبیت.

شوێنە گەشتیارییەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. کەناراوەکانی گالڤێستۆن
  2. مۆزەخانەی دەریایی گالڤێستۆن
  3. شیپ تو شۆر
  4. مۆزەخانەی بریان
  5. کۆشکی گەورەقەشە ١٨٩٢
  6. پێشەنگای زیندەوەرانی ئاوی هەرەم لە مودی گاردنز
  7. مۆزەخانەی بەندەری تەکساس و ئەلیسا
  8. کۆشکی مودی


سەرچاوەکان



142 بینین