گوندی چەرمۆ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-16-20:20:00 - کۆدی بابەت: 10679
گوندی چەرمۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوندی چەرمۆ، جەرمۆ (بە ئینگلیزی: Jarmo، Qalat Jarmo یان Charmo، بە عەرەبی: جرمو، بە کورمانجی: Çermo) پێگەیەکی شوێنەوارناسییە، بە یەکێک لە کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دادەنرێت، کە لە نزیکی دێی کانی ساردە، ١١ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، دەکەوێتە خۆرهەڵاتی کەرکووک، لە باشووری خۆرهەڵاتی عێراق و دامێنی زنجیرەچیای زاگرۆس. مێژووی گوندى چەرمۆ، بە نزیکەیی بۆ پێش ٧٠٠٠ ساڵی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. بۆ ماوەیەک بە کۆنترین کۆمەڵگەی کشتوکاڵی لە جیهاندا ناسرابوو. 

 لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن تیمێكی شوێنەوارناسی عێراقی بەسەرۆكایەتی ناسر نەقشبەندی دۆزراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ساڵی ١٩٥٥ كنە و پشكنینی لەلایەن شوێنەوارناسانى بیانییەوە تێداكراوە.

زانیاری گشتی

ناو چەرمۆ
شوێن  چەمچەماڵ، سلێمانی، هەرێمی کوردستان، عێراق
شارستانیەت میزۆپۆتامیا
ڕووبەر ١٢,٠٠٠ بۆ ١٦,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجا
مێژوو  بە نزیکەیی ٧٥٠٠ ساڵی پێش زایینی
لە ماوەی  سەردەمی بەردینی نوێ
بەڕێوەبردن حکوومەتی هەرێمی کوردستان

دۆزینەوە و دەرخستنی

لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن تیمێكی شوێنەوارناسی عێراقی بەسەرۆكایەتی ناسر نەقشبەندی دۆزراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ساڵی ١٩٥٥ كنە و پشكنینی لەلایەن شوێنەوارناسانى بیانییەوە تێداكراوە. شوێنەوارناسی زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکا ڕۆبێرت برایدوود بە شێوەی زانستی و لە سێ وەرزدا پشکنینی تێدا کراوە. بەڵام وەرزی چوارەمی پشکنینەکان کە بڕیار بوو لە ١٩٥٨ـدا بکرێت بەھۆی شۆڕشی ١٤ـی تەممووز لە عێراقدا ئەنجام نەدراوە.

لە سەرەتادا لە کاتی هەڵکۆڵینەکان ڕۆبێرت برایدوود لە هەوڵیدا بۆ پشکنینی ورد ڕێگەی فرە پسپۆڕی بەکارهێنا، لە نێو تیمەکەیدا زانای جیۆلۆجی هێربێرت ڕایت، زانای ڕووەکناسی کۆن هانس هێلباک، شارەزا لە بواری کوفە و مێژووی کاربۆنی تیشک دەر فرێدریک مەیسۆن و زانای ئاژەڵان چارڵز ڕید و ژمارەیەک شوێنەوارناسی تر. پاشان پسپۆڕییەکان لە شوێنەوارەکەدا بەکارهێنران.

گوندی چەرمۆ

پشکنینەکان گوندێکی بچووکی دەرخستووە کە ڕووبەرەکەی ١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠ مەتری چوارگۆشەیە، کە مێژووی ئاوەدانییەکەی لە تاقیکردنەوەدا لە کۆنترین شوێنیدا بۆ ٧٠٩٠ ساڵی پێش زایینی و لە دوایین بەشیشیدا بۆ ٤٩٥٠ـی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. لە سەرانسەری پێگەکەدا شوێنەواری ١٢ خولی شارستانییەت دۆزراوەتەوە. زۆربەی شوێنەوارەکانی گوندی چەرمۆ ھی دوو خولی کۆنتری ئەو پێگەیەن کە ھاوکات بووە لەگەڵ شارستانییەتی شانەدەر.

گوندەکە ٢٥ ماڵی ھەبووە کە بە کاگڵ و بەرد دروستکراون، بە گشتی نزیکەی ١٥٠ کەس دانیشتووی بوون، ئەم شوێنە نیشتەجێبوونانە زۆرجار نۆژەن دەکرانەوە یان دووبارە دروست دەکرانەوە. چەند ئامرازێکییان بەکارھێناوە کە لە جۆرە بەردێک دروستکراوە کە لە لای دەریاچەی واندا دەست دەکەوێت، ھەروەھا ھەندێ شتیش دۆزراوەتەوە کە لە کەنداوی فارسەوە ھاتوون، کە ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە بازرگانی و مامەڵەیان لەگەڵ ناوچەکانی تردا ھەبووە. مێژووی چەرمۆ هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی سەردەمی بەردین.

کشتوکاڵ و ئاژەڵداری 

چالاکیی کشتوکاڵی بە بوونی داس و ئامێری بڕین و قاپ و کەلوپەلی تر، بۆ دروێنەکردن و ئامادەکردن و هەڵگرتنی خۆراک و هەروەها بە دەفری مەڕمەڕی نەخشێنراو دەسەلمێنرێت.

لە قۆناغەکانی دواتردا ئامێرەکان دۆزراونەتەوە کە لە ئێسک دروستکراون، بەتایبەتی ئامێری کونکردن و قۆپچە و کەوچک

لێکۆڵینەوەکانی زیاتر دەریانخستووە کە خەڵکی گوندی چەرمۆ دوو جۆر گەنمیان چاندووە، ئیمێر و گەنمی یەک دەنکە، هەروەها جۆرێک لە جۆ و نیسک.

هەروەها خۆراکی خۆیان و ئاژەڵەکانیان، جۆرەکانی ڕووەکی کێوی، بەزالیا، بەڕوو، خەرنووب، فستق و گەنمی کێوی و چەندانی تر بوو. هەروەها بەڵگە هەیە کە بزن و مەڕ و سەگی ماڵییان هەبووە.

گۆزەگەری

چەرمۆ یەکێکە لە کۆنترین شوێنەکان کە گۆزەی تێدا دۆزراوەتەوە، لە دوایین ئاستەکانی هەڵکەندندا دەرکەوتووە، کە مێژووەکەی بۆ هەزارەی حەوتەمی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. ئەم گۆزەیە بە دەست دروستکراوە، دیزاینێکی سادەی بۆ کراوە.

هەروەها پەیکەری گڵین هەیە، گیانەوەر ئاسا یان نیمچە مرۆڤ لەوانەش پەیکەری ژنانی دووگیان کە وەک خواوەندی منداڵبوون وەرگیراون، هاوشێوەی خواوەندی دایکی کولتوورەکانی دواتر لە سەردەمی بەردینە نوێیەکان لە هەمان ناوچەدا. ئەمانەش سەرەتای هونەری میزۆپۆتامیا پێکدەهێنن.


سەرچاوەکان



2900 بینین