ڤیتامین B6

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-17-20:42:00 - کۆدی بابەت: 10697
ڤیتامین B6

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ڤیتامین B6 (بە ئینگلیزی: Vitamin B6, Pyridoxine، بە عەرەبی: فیتامین بی٦)، ئەم ڤیتامینە لە هەمان کاتدا بە پایریدۆکسین (Pyridoxine) ناسراوە. ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە واتە لە ئاودا دەتوێتەوە و سەر بە خێزانی ڤیتامین (B)ـە. ئەم ڤیتامینە بە شێوەیەکی سروشتی لە خۆراکدا هەیە، هەروەها بۆ هەندێک خۆراک زیاد دەکرێت و بەشێوەی تەواوکەری خۆراکیش بەردەستە. ڤیتامین B6 یارمەتی زیاد لە ١٠٠ ئەنزیمی جۆراوجۆر دەدات، تاکوو ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆ نموونە تێکشکاندنی کاربۆهیدرات و پڕۆتین و چەوری، هاوسەنگکردنی ئاستی هۆمۆسستین (homocysteine) لە لەشدا، کە بەرزی ئەم پێکهاتەیە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کێشەکانی دڵ، هەروەها بەشداری لە باشترکردنی ئەرکی کۆئەندامی بەرگری و تەندروستی دڵ دەکات. کەمیی ئەم ڤیتامینە لەو کەسانەدا باوە کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە یان ئەو کەسانەی ڕیخۆڵە باریکەیان ناتوانێت بەتەواوی خۆراکە ماددەکان هەڵمژێت. هەروەها هەبوونی نەخۆشییە خۆییەکان و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و ئالوودەبوون بە ماددە کحوولییەکان دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەمیی ڤیتامین B6. لە ئەنجامدا ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی هەبوونی خڕۆکەی سووری نائاسایی، واتە ناتوانن بە شێوەیەکی گونجاو خۆراکە ماددە و ئۆکسجین بە خانەکان بگەیەنن. لە ئەنجامدا دەکرێت کەسەکە تووشی کەمخوێنی، خەمۆکی، یان لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری ببێت. 

دەبێت ڕۆژانە چەندێک لە ڤیتامین B6 وەربگرم؟

دەستووری ڕۆژانەی ڕاسپێردراو (RDA)، واتە ئەو بڕەی کەوا دەبێ لە ڕۆژێکدا بخورێت بۆ پیاوانی تەمەن ١٤ بۆ ٥٠ ساڵ بریتییە لە ١.٣ میلیگرام و بۆ سەرو تەمەن ٥١ ساڵ بریتییە لە ١.٧ میلیگرام لە ڕۆژێکدا. هەروەها بۆ ئافرەتانی تەمەن ١٤ بۆ ١٨ ساڵ بریتییە لە ١.٢ میلیگرام و ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە نێوان ١٩ بۆ ٥٠ ساڵە بڕی ١.٣ میلگرامیان بۆ پێشنیارکراوە و هەروەها بڕی پێویست بۆ سەرو تەمەن ٥١ ساڵ بریتییە لە ١.٥ میلیگرام. بەڵام ئەم بڕە لە خانمانی دووگیان بۆ ١.٩ میلیگرام و لە دایکانی شیردەر بۆ ٢ میلیگرام زیاد دەکات. 

سوودەکانی ڤیتامین B6

لەبەرئەوەی ئەم ڤیتامینە کاریگەری ئەرێنی لەسەر زۆربەی کۆئەندامەکانی جەستە دروست دەکات، کەواتە چەندین سوودی لەخۆرگرتووە، وەک:

  • سوڕی خوێن باشتر دەکات 
    هۆمۆسستین یەکێکە لەو ٢١ ترشی ئەمینییەی لە لەشدا هەیە، بەرزی ئەم پێکهاتەیە لە بۆرییەکانی خوێندا دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ. بۆ ڕێگریکردن لەمە، ڤیتامین B6 هەڵدەستێت بە هاوسەنگکردنی هۆمۆسسیتین و بەم شێوەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەتپارێزێت. 
  • کۆئەندانی بەرگری بەهێز دەکات
    ڤیتامین B6 بەشداری لە کارلێکە کیمیاییەکانی جەستە دەکات و وا دەکات بە شێوەیەکی باش کار بکەن. خواردنی ئەو خۆراکانەی بەم ڤیتامینە دەوڵەمەندن، لەش لە تووشبوونە میکرۆبییەکان دەپارێزن. لێکۆڵینەوەیەک سەلماندوێتی، ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە، دووچاری لاوازبوونی بەرگری لەش بوونەتەوە. 
  • تووشبوون بە نەخۆشی کەم دەکاتەوە
    لێکۆڵینەوەکان گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە، ئەم ڤیتامینە لە کاتی دووگیانیدا یارمەتی نەهێشتی دڵتێکهەڵاتن دەدات، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی ڕشانەوەیان هەیە بەسوود نییە، واتە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئەم جۆرە کەسانە دروست ناکات. 
    هەستی کەسەکە بەرەوپێش دەبات و باشتری دەکات.
  • لەش پێویستی بە ڤیتامین B6 هەیە، تاکوو سیرۆتۆنینی پێویست دروست بکات. سیرۆتۆنین هۆرمۆنێکە کاریگەری لەسەر هەستی کەسەکە دروست دەکات. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە، نەبوونی بڕی پێویست لەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی. 
  • ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە 
    هێشتنەوەی ئاستی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا بە هاوسەنگی یارمەتی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە دەدات. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، تەنانەت ئەگەر کەسەکە شێرپەنجەی هەبێت، ئەوا ئەم ڤیتامینە پڕۆسەی گەورەبوون و گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان خاو دەکاتەوە. 
  • ئەرکی مێشک باشتر دەکات
    بەرزی ئاستی هۆمۆسستین لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی وەک ئەلزەهایمەر. بەڵام خۆشحاڵانە ڤیتامین B6 ئاستی هۆمۆسستین ڕێک دەخات و ڕێگری لە زیادبوونی دەکات، بەم شێوەیە ڕێگری لەم جۆرە نەخۆشییە و هەروەها نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی تری مێشک دەکات. 

سەرچاوەکانی ڤیتامین B6

ئەم ڤیتامینە لە خۆراکە ڕووەکی و ئاژەڵییە هەمەجۆرەکاندا هەیە، وەکوو:

  • جگەری حەیوان
  • ماسی توونە
  • سەلەمون
  • دانەوێڵەی دەوڵەمەندکراو بە پێکهاتەی خۆراکی 
  • نۆک
  •  سەوزەواتەکان، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی گەڵاکانیان سەوزە
  • هەندێک میوەی وەکوو مۆز و پاپایە و پرتەقاڵ

کەمیی ڤیتامین B6 

بەزۆری کەمیی ڤیتامین B6 ڕوودەدات کاتێک، کەسەکە کێشەی لە کەمیی جۆرەکانی تری ڤیتامین Bـدا هەبێت، بە تایبەتی ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید. ئەگەر حاڵەتەکە مامناوەند بێت و مەترسیدار نەبێت، ئەوا دەشێت هیچ جۆرە نیشانەیەک دەرنەکەوێت. بەڵام لە حاڵەتە مەترسیدار و تووندەکاندا ئەم کێشانە دروست دەبێت:

  • کەمخوێنی
  • تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست
  • خەمۆکی
  • کەمبوونەوەی بەرگری لەش

هەندێک حاڵەت و کێشە هەیە، ئەگەری تووشبوون بە کەمیی ئەم ڤیتامینە و هەروەها کەمبوونەوەی هەڵمژینی لە ڕیخۆڵە باریکەدا زیاد دەکەن، وەکوو:

  • نەخۆشییەکانی گورچیلە
  • نەخۆشییە خۆییەکانی ڕیخۆڵە باریکە، وەکوو نەخۆشی گەنم.
  • نەخۆشی ڕۆماتیزمە
  • ئالوودەبوون بە ماددە کحوولییەکان 

ژەهراویبوون بە ڤیتامین B6

ئەگەری تووشبوون بە ژەهراویبوونی ئەم ڤیتامینە بە تەنها لە ڕێگەی خۆراکەوە زۆر دەگمەنە. ئەمە ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە، واتە ڕێژە زیادەکەی لە ڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش. بەڵام دەکرێت ژەهراویبوون ڕووبدات، ئەگەر لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ١٠٠٠ میلیگرام لەم ڤیتامینە لە ڕێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت. بەزۆری نیشانەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەم بڕەدا نامێنن. نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ڤیتامین B6 بریتییە لە:

  • نەخۆشی دەماری لە دەست و پێیەکاندا
  • لەدەستدانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەکانی جەستە.
  • هێڵنجدان


سەرچاوەکان



694 بینین