فیتنەی خەلقی قورئان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-18-22:18:00 - کۆدی بابەت: 10710
فیتنەی خەلقی قورئان

ناوه‌ڕۆك

فیتنەی خەلقی قورئان چییە؟

فیتنەی خەلقی قورئان یان میحنەتی خەلقی قورئان یاخود ڕووداوی خەلقی قورئان (بە عەرەبی: فتنة خلق القرآن، محنة خلق القرآن، بە ئینگلیزی: Mihna) ڕووداوێک بوو کە لەلایەن موعتەزیلەکانەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە مەئموون ڕوویدا. سەرکردە باڵاکانی موعتەزیلە بۆچوونێکیان بڵاوکردەوە کە قورئان هاوشێوەی شتە دروستکراوەکانی تری دوونیا ئافرێنراو و دروستکراوە و "مەخلووقە"، ڕەتیانکردەوە کە قورئان فەرماییشت و وتەی خوا بێت، ئەم بۆچوونەیان بە زەبری هێز سەپاندە سەر موسڵمانانی ئەو سەردەمە و بەزۆر بڵاویانکردەوە.

ئەم بۆچوونە بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونی زانایانی سووننەت بوو، زۆرێک لە زانایانی ئیسلامی ئەو سەردەمە بابەتەکەیان پەسەند نەکرد و دژی وەستانەوە، بۆیە دووچاری ئەشکەنجە و ئازار و کوشتن بوونەوە و ڕاپێچی زیندان کران نموونەی ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل. ڕووداوی خەلقی قورئان بە گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی ئیسلام دادەنرێت لەڕووی عەقیدەیی و باوەڕەوە، تەنانەت تاکوو ئێستاش لەنێو زانایانی ئیسلامی سەردەمەدا مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا پاڵپشتیکارانی ئەم بۆچوونە لە ڕابردوودا بەهۆی بڕوایان بەم بۆچوونە لە ئیسلام دەرچوون یان نا، چونکە هەندێک لە زانایان بە تەواوی بەرپەرچیان دەدەنەوە و پاڵپشتیکارانی ئەم بۆچوونە بە بێباوەڕ لەقەڵەم دەدەن و بە گەورەترین فیتنەی ئیسلامی ڕووداوەکە ناوزەد دەکەن، هەندێک زانای تریش جوودا لەوان تەنیا بە گوناهکاریان دادەنێن و ڕووداوەکە تەنیا بە ڕاجیاییەکی سادە دادەنێن.

هۆکار و مێژووی دروستبوونی ڕووداوەکە

لە ماوەی سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان موعتەزیلەکان لە زۆرێک لە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانیانەوە نزیک بوون، بۆیە بە ئاسانی بیروبۆچوونی خۆیان لەناو خەڵک بە زەبری هێز دەسەپاند و بڵاویاندەکردەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە مەئموون لە ساڵی ٨٣٣ـی زایینی بۆچوونێکیان لە بارەی قورئان بڵاوکردەوە، ئەوان بە بەڵگەی لاواز و بەبێ بنەمای دروست و ڕاست لەگەڵ پشتبەستنی ڕەها بە عەقڵ بڕیاریاندا که قورئان گوفتار و قسەی خوا نییه، بەڵکوو ئافرێنراو و درووستکراوە و "مەخلووقە" و بە ئافرێنراوێکی دوونیایی قورئانیان چوواند و ناساند.

مەئموون جیاواز لە جێنشینەکانی تری سەردەمی عەباسی، کەسایەتییەک بوو خولیای زانست و زانیاری هەبووە و گرنگی زۆری پێداوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو بەیتولحیکمە ناوەندێک بوو بۆ وەرگێڕانی نووسراوی یۆنانی، بەهۆی ئەوەوە جیهانی عەرەبی ئاشنای نووسراوەکانی ئەرستۆ و ئەفڵاتۆن بوون. لەو سەردەمەدا بەهۆی گرنگیدان و پەیوەستبوون و کرانەوە بەڕووی زانست و کولتووری ڕۆژاوا، ئایینی ئیسلام بەرکەوتەی زۆری هەبوو لەگەڵ ئایینەکانی تر، هاوکات دەرکەوتنی موعتەزیلەکانی ئەو سەردەمە کە خۆیان بە پێشەنگی زانا و نوێخوازەکان دادەنا هەموو ئەمانە هۆکارێک بوون لە دروسبوونی ڕووداوەکە بوون، زانای موعتەزیلەکان هەوڵی نزیک بوونەوەیان دا و توانیان کاریگەری تەواو لە خەلیفە مەئموون بکەن، ئەویش بۆچوون و هەڵوێستی موعتەزیلەکانی لەلا پەسەند بوو.

ڕۆژانە دیبەیت و گفتوگۆی لە کۆشکەکەی بۆ ڕێکدەخستن، لە یەکێک لەو گفتوگۆیانە لەلایەن موعتەزیلەکانەوە بۆچوونی خەلقی قورئان وروژێنرا و خرایە بەرباس، مەئموون بۆچوونەکەی پەسەند کرد و بڕیاری بڵاوکردنەوەی لە نێو موسڵمانان دا. بۆیە موعتەزیلەکان و مەئموون بە دانەر و داهێنەر و هۆکاری ئەم ڕووداوە دادەنرێن لە ئیسلامدا. دوای کۆچی دوایی مەئمووون و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن موعتەسم بیللا و پاشان واثق، ئەوانیش بەهەمان شێوە پشتگیرییان لەم بۆچوونە کرد و پەرەیان پێدا.

بۆچوونەکان لەسەر ڕووداوەکە

مەئموون خۆی بە پێشەوای موسڵمانان دادەنا بۆیە یەکەم نووسراوی لە بارەی بڵاوکردنەوە و سەپاندنی بۆچوونی خەلقی قورئان لە ساڵی ٢١٨ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٨٣٣ـی زایینی نارد بۆ "ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم" کە جێگر ڕاوێژکاری بوو، و فرمانی پێکرد کە بۆچوونەکە لەناو خەڵکیدا لە نێو زاناکانی بەغداد و سامەڕا بڵاوبکەنەوە، هاوکات هەر زانایەک بەرپەرچیبداتەوە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە و موچەکەی لە بەیتولمال دەبڕدرێت، بەشێک لە زاناکان لە سەرەتادا دژی بڕیارەکە بوون دواتر لەسەر هەڵوێستیان هەڵگەڕانەوە، بەشێکی تریان لەگەڵ بڕیارەکە بوون، ئەوانەشی کە لەگەڵ بۆچوونەکە نەبوون ئازار و ئەشکەنجە دەدران پاشان ڕاپێچی زیندان دەکران، تەنانەت چەند زانایەک کوژران.

زانایانی سوننە بە تەواوی فیتنەی خەلقی قورئانیان ڕەتکردووەتەوە، ئیمامی ئەحمەد کە بە پێشەوای ئەو زانایانە دادەنرێت بە تەواوی دژی ئەم بۆچوونە بوو، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی و سزادان، پاشان ئەشکەنجەدان و زیندان، دواتر ئازادکردنی و ڕێگریکردن لێی لە ووتاردان و تێکەڵبوونی خەڵک، بەهیچ جۆرێک لەسەر بڕیار و گوتەکانی پاشگەز نەبووەوە.

لە سەردەمی مەئموون چەندین پێشنیاری سامان و پلە و پۆستی بۆ کراوە تاکوو وتەکانی بگۆڕێت، بەڵام ئیمامی ئەحمەد ڕەتیکردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەک لە بڕیار و گوتەکانی پاشگەز نەبووەوە و بە بەڵگەی تەواو و ڕاستی خەلقی قورئانی ڕەتدەکردەوەو دژی بۆچوونەکە بوو.

کۆتایی فیتنەکە

دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن موتەوەکیل بیللا و کۆتایی دەسەڵاتی موعتەسیم، بە تەواوی لە ساڵی ٨٦١ـی زایینی موتەوەکیل کۆتایی بەم فیتنەیە هێنا و لە ڕێگەی ناردنی نووسراوی قەدەغەی فیتنەی خەلقی قورئان بۆ هەموو هەرێمەکان بۆچوونەکە قەدەغە کرا، ئەم هەڵوێستە دەسەڵاتی موعتەزیلەی سست و لاواز کرد، هاوکات هەموو زاناکان کە بەو هۆیەوە لە زیندان بوون نموونەی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ئازاد کران و شکۆیان بۆ گەڕایەوە. موتەوەکیل زانایانی سوننەی ڕاسپارد کە چالاکی لە نێو خەڵکی ئەنجام بدەن و بە بەڵگەی بەهێزەوە بەرپەرچی خەلقی قورئانیان دایەوە و کۆتاییان بە فیتنەکە هێنا.


سەرچاوەکان



267 بینین