کێشەکانی کەسی ڕەزیل لەگەڵ خێزانەکەی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-23-18:34:00 - کۆدی بابەت: 10756
کێشەکانی کەسی ڕەزیل لەگەڵ خێزانەکەی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕەزیلی (بە ئینگلیزی: Greedy، بە عەرەبی: البخلڕەزیلی واتا دوورکەوتنەوە لە خەرجکردنی پارە لە کاتێکدا کە خۆی و کەسانی دەورووبەری پێویستیان پێیەتی، بێگومان هەموومان لە ژیانماندا لەگەڵ کەسانێکی ڕەزیل ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە پارە و سامانەکەیان بە گیانیانەوە بەستراوە، ئەمانە ئەوەندە ڕەزیلن و بەقورسی دەیگرن کەسانی دەورووبەریان ماندوو دەکەن.

ڕەزیلی تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنی ماددی و ناکرێت تەنیا تایبەت بکرێت بە پیاوان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕەزیلی زیاتر بۆ بابەتە داراییەکان و پارە بەکاردەهێنرێت، بەزۆری پیاوان سەرۆکی خێزانن و لایەنی ماددی خێزانەکە بەڕێوەدەبەن، لەبەرئەوە لەوانەیە ڕەزیلی پیاوان زیاتر بێت لە خانمان، بەڵام هەردووکیان لەشوێنی خۆیاندا دەتوانن ببنە هۆکاری دروست بوونی کێشەی هاوشێوە لە ژیانی هاوبەشیاندا.

کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی خەرجی ژیان و بیرکردنەوە لە داهاتوو شتێکی خراپ نییە، بەڵام هەندێک کەس بەشێوەیەک بە پارەوە دەنووسێن کە جیاکردنەوەیان لێی کارێکی مەحاڵە، ئێوە دەزانن ژیان لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا زۆر قورسە، کەسانی ڕەزیل نە خۆیان بەتەواوی چێژ لە ژیان وەردەگرن و نە ڕێگە دەدەن کەسانی نزیکیان لەگەڵ ئەواندا خۆشی لە ژیان ببینن، بەشێوەیەک نەک تەنیا لە خەرجکردنی پارەدا بەڵکوو بۆ بینینی دڵخۆشی کەسانی تر ڕەزیلی دەکەن. 

گرنگترین کێشەکانی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کەسانی ڕەزیل

١. بەبڕوای دەروونناسان ڕەزیلی جۆرێکە لە کێشەی دەروونی، چونکە وابیر دەکەنەوە لە هەموو ڕەفتارەکانی ئەو کەسەدا، تەنانەت لە دەربڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵەکەی یان کەسە نزیکەکانی ڕەزیلی تێدا بەدی دەکرێت، بەڕای ئەم کەسانە بازاڕیکردن پێویست نییە و واباشترە پارە لە بانکدا پاشەکەوت بکەن، ئەم کەسانە کڕینی دیاری وەکوو فڕێدانی پارە دەبینن و ئەگەر لەبارودۆخێکدا ناچاربوون، پێدانی پارەکە بەباشتر دەزانن لە کڕینی دیاری. 

٢. پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە سنووری دەمەقاڵێ بۆ دابینکردنی پێویستییە ماددییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، دوای شەڕێکی دوور و درێژ بۆ دابینکردنی هەر پێویستییەکی خۆی دەگەڕێنەوە ناو ئەو چوارچێوەیەی هاوسەری ڕەزیل دیاری کردووە.

٣. لە دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری و بەکارهێنانی سادەترین وشەی خۆشەویستی کێشەیان هەیە، ئەگەر لەکاتێکدا ئەم وشانەش بەکاربهێنن دڵگرانییان تێدا بەدیدەکرێت و ئارامییان لە دەستدەدەن، لەبەرئەوە بۆشاییەکی گەورە لە پەیوەندی هاوسەری خۆیاندا دروست دەکەن.  

٤. دایک و باوکی ڕەزیل هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا لە هەموو هەوڵ و ڕەفتارەکانی منداڵەکانیان ناڕازین، هەروەها دایک و باوکی ڕەزیل هیچ هەوڵ نادەن یارمەتی پێشکەوتنی منداڵەکەیان بدەن.

٥. کەسانی ڕەزیل هەمیشە خۆیان بڕیار دەدەن بۆ کڕینی شتەکان، ئەگەر بەبێ مۆڵەتی ئەوان شتێک بکڕدرێت ئەوا شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە، ئەوان تەنانەت بۆ کڕینی پێویستییە تایبەتەکانی خۆیان ڕەزیلی دەکەن، تاکوو ڕادەیەک کە لەوانەیە تەندروستییان بکەوێتە مەترسییەوە، ئازادییان بۆ ئەندامانی خێزانەکەیان نەهێشتۆتەوە، چونکە لە هەر ساتێکدا چاوەڕێی کاردانەوەیەکی نەخوازراویان لێدەکرێت.

ڕێکارەکانی هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ هاوسەری ڕەزیل

بۆ ئەوەی بە گونجاوی لەگەڵ هاوسەرە ڕەزیلەکەتان هەڵسووکەوت بکەن، دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوەتان لەبیر بێت، چارەسەرکردنی ڕەفتار و کێشەکانی تایبەت بە ڕەزیلی هاوسەرەکەتان کارێکی ئاسان نییە و هیچ چارەسەری بۆ ڕەزیلی بوونی نییە، کەواتە باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لە سەرەتاوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵ بۆ گۆڕین و چاککردنی ڕەفتارەکانی بدەن.

١. باوەڕکردن بە کەسانی ڕەزیل

سەرەتا هەوڵ بدەن باوەڕ بە ڕەزیلی ئەو کەسانە بکەن و ئەوانتان هەر بەوشێوەیەی کە هەن قبووڵ بێت، ئەم باوەڕە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسانتر بتوانن بەرگەی ڕەفتارەکانی بگرن.  

٢. ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوسەر

پێش ئەوەی شتێک بۆ ماڵەکەتان بکڕن لەگەڵ هاوسەرەکەتان ڕاوێژ بکەن، چونکە ئەگەر وانەکەن لەوانەیە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئەو ببنەوە و ئەمەش دەستپێکی شەڕێکی گەورە دەبێت، کەواتە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی شەڕ و کێشە لە کارەکانتاندا ڕاوێژکردن بەکاربهێنن و بەیەکەوە خەرجییەکانی ماڵەوە بەڕێوەببەن.

٣. سوپاسکردنی هاوسەر

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەکرێت کەسانی ڕەزیل سەلیقەیەکی جوانیان هەبێت، بەڵام لەکاتی کڕینی شتێکدا نرخەکەی بەلایانەوە زۆر گرنگە، کەواتە لەجیاتی ئەوەی گاڵتە بە هاوسەرەکەت بکەیت یان لێی تووڕە بیت، هەوڵ بدە بە میهرەبانی سوپاسی بکەیت، چونکە ئەمە دەبێتە هاندەر و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە چارەسەری کێشەکانی ڕەفتاری هاوسەرەکەتان.

٤. یارمەتیدانی کەسانی ڕەزیل بۆ چاککردنی ڕەفتارەکانیان

زۆربەی ئەو کەسانەی کێشەی ڕەزیلییان هەیە، هەمیشە هەوڵ دەدەن ئەم ڕەفتارە لە خۆیاندا چارەسەر بکەن، لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەبێت یارمەتی ئەوان بدەن و نابێت بەردەوام گلەییان لێبکەن، بەڵکوو هەوڵ بدەن لەگەڵیاندابن تاکوو بە یارمەتیدانیان بە تێپەڕبوونی کات کێشەکەیان چارەسەر بکەن.

٥. نیشاندانی دڵگرانی خۆتان لە ڕەزیلی هاوسەر

هەرکاتێک لە هەڵوسووکەوتەکانی هاوسەرە ڕەزیلەکەتان تووڕە و دڵگران بوون، ناڕەحەتی و دڵگرانی خۆتانی نیشان بدەن، هەڵبەت ئەم دڵگرانییە نابێت شەڕ و ئاژاوەی لەگەڵدا بێت، تەنیا ئەوەی بۆ ڕوونبکەنەوە هەڵسوکەوتە نەگونجاوەکانی زۆر ئازار بەخشە و داوای لێبکەن بەو هەڵسووکەوتانەیدا بچێتەوە. 

٦. پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندییەکان

دەبێت ئەوە بزانن کە پچڕاندنی پەیوەندیتان لەگەڵ خزم و هاوڕێکانتان چارەسەر نییە، کەواتە لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی لە هاتووچۆکردن لەگەڵیاندا، هەنگاو بە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەوڵ بدەن.

٧. هەڵسووکەوتی دروست لەگەڵ هاوسەری ڕەزیل لەبەرانبەر منداڵاندا

ئەگەر منداڵەکەتان لە هەڵسووکەوتی هاوسەرەکەتان دڵگران بوو، بەهیچ شێوەیەک فێری ئەوەی مەکەن ڕووبەڕووی ببێتەوە، تەنیا بۆی ڕوونبکەنەوە پێویستە ڕێز لە بیر و باوەڕەکانی دایک یان باوکی بگرێت، هەوڵبدات بە جۆرێک ڕەفتار بکات کە ڕووبەڕووی سەرزەنشتکردن نەبێتەوە.

٨. سەردانکردنی ڕاوێژکار

لەکۆتاییدا ئەگەر بە بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانە هێشتا نەتانتوانی پەیوەندییەکی باش و کاریگەر لەگەڵ هاوسەرە ڕەزیلەکەتان دروست بکەن، ئەوا لەگەڵ ڕاوێژکار یان دەرونناسێکدا باسی کێشەکەتان بکەن.


سەرچاوەکان



373 بینین