زیانەکانی ئینتەرنێت چین؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-25-21:25:00 - کۆدی بابەت: 10774
زیانەکانی ئینتەرنێت چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی ئینتەرنێت چین؟ (بە ئینگلیزی: ?What are the disadvantages of the Internet، بە عەرەبی: ما هي سلبيات الإنترنت؟) هەرچەندە ئینتەرنێت سوودی جۆراوجۆری هەیە و یەکێکە لە بەهێزترین دروستکراوەکان، بەڵام چەندین زیانیشی هەیە. لە خوارەوە لیستێک لە زیانەکانی تەواوەتی ئینتەرنێت باسدەكەین.

زیانەکانی ئینتەرنێت

١. دەبێتە هۆی ئالوودەبوون، کات بەفیڕۆدان و سەرقاڵکردن

ئەگەر هەر کەسێک کاتێکی زۆر لەسەر ئامێرە بەستراوەکان بە ئینتەرنێتەوە بەسەر ببات، ئەوا دەكرێت ئالوودەی ئینتەرنێت بێت. کەسێکی ئالوودەبوو بە ئینتەرنێتیش دەكرێت هەموو كاتە بەنرخەکەی لە ئینتەرنێتدا بەسەرببات، لە جێی ئەوەی شتێکی بەرهەمدار ئەنجام بدات. بەمشێوەیە هەر کەسێک ئالوودەی گەڕان بە ئینتەرنێتدا بێت، دەكرێت بەربەست بخاتە بەردەم بەرهەمداری لە شوێنی کارەكەیدا.

٢. هەڕەشەكردن، چاودێریكردن و تاوان

کەسێک کە ئینتەرنێت زۆر بەکاردەهێنێت دەكرێت ڕووبەڕووی کەسانی سووکایەتیپێکەر ببێتەوە. پرسێکی تریش کە هێرشکردنی ئەلیکترۆنییە كە بەدرێژایی ساڵەکان بەخێرایی زیاد دەکات. هەندێکجار، دەتوانرێت لە ئینتەرنێتدا لەلایەن هاککەرەکانەوە یاخود لەلایەن کەسانی بێ مۆڵەتەوە بە دواداچوونت بۆ دەکرێت و دەتوانن بە دزینی زانیارییە کەسییەکانت زیانیان پێ بگەیەنن.

ئەگەر کاتێکی زۆر لە ئینتەرنێتدا بەسەر دەبەیت، ئاسانتر دەبێت بۆ هاککەرەکان زانیارییە کەسییەکانت لە ڕێگەی چەندین ڕێگەی جیاوازەوە بدۆزنەوە. شوێنە شاراوەکانی ئینتەرنێتیش دەكرێت شوێنێک بێت بۆ تاوانباران بۆ بەڕێوەبردنی بازرگانی بەبێ ترس لە گرتن. سەرەڕای ئەوەش چەند کەسێک هەن کە ڕێگەی زیاتر بۆ تاوانباران دابین دەکەن بۆ داوای کاڵاکانیان.

٣. ئیمەیڵ و پۆستی نەخوازراو و ڕیكلام

ئینتەرنێت باشترین شوێنە بۆ ڕیکلامکردن بۆ هەر خزمەتگوزارییەک یان بەرهەمێک بە بەراورد بەشێوازە دووبارەکانی ڕیکلام کردن، بۆ نموونە تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە و ڕادیۆ. بەڵام لەوانەیە ئیمەیڵ و پۆستی نەخوازراو زیاتر ببینرێت لێرەدا چونکە دەتوانرێت ڕیکلامی دیجیتاڵی بە قەبارەیەکی گەورە بنێردرێت.

٤. وێنەی پۆرنۆگرافی و توندوتیژی

لە سەردەمی نوێدا بڕێکی زۆر بابەت لە ئینتەرنێتدا بەردەستە. هەروەها سەرچاوەی جۆراوجۆر هەن کە بڕێکی زۆر داتا لەخۆ دەگرن، وەک ویکیپیدیا و هەندێک سایتیش بەردەستن کە بابەتی کەمتر خوازراویان هەیە. بەم پێیە بەکارهێنەران دەتوانن وێنەی پۆڕنۆگرافی یان توندوتیژی ببینن کە ڕەنگە لەکاتی بەکارهێنانی سایتەکاندا نەیانەوێت بیبینن.

٥. ناتوانیت پەیوەندی لەگەڵ کارەکەت بپچڕێنیت

ئینتەرنێت باشترین دروستکراوە بۆ پێشکەشکردنی پەیوەندی و خەڵک بتوانن لە هەر شوێنێک بێت کاربکەن. بۆیە هەر کەسێک دەتوانێت چاوەڕێی ئەوەت لێ بکات کە لە هەر کاتێکدا بێت ئامادە بیت بۆ کارکردن، تەنانەت ئەگەر ئامادە نەبیت بۆ کارکردن لەوێ. بۆ نموونە، ئیمەیڵێکی گرنگی پەیوەست بە کارەکەت پێگەیشتووە، لە کاتێکدا ڕەنگە لە ماڵەوە بیت، وە بەبێ ئەوەی پارە وەربگریت، کار لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ئیمەیڵە بكەیت.

٦. دزینی ناسنامە، هاککردن، ڤایرۆس و فێڵکردن

بەکارهێنەری زیانبەخشی جۆراوجۆر و هاککەری کۆمپیوتەر هەن کە دەتوانن زانیاری کەسی تۆ بدزن و ئەکاونتەکان هاک بکەن، کە دەتوانرێت بۆ دزینی ناسنامە بەکاربهێنرێت و دەكرێت زیان بە كەسێتی تۆ بگەیەنێت. وەک چۆن ئینتەرنێت هەموو کۆمپیوتەرەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە هەمان شێوە هاکەرەکان دەتوانن بەخێرایی بزانن چ کۆمپیوتەرێک لاوازە بۆ هێرشکردنەسەری بە سکانکردنی ملیۆنان کۆمپیوتەر. جگە لەوەش ئینتەرنێت ڕێگە بە خوێندکاران دەدات کەسانی تر بدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ماڵەوە و ڕێگەی فێڵکردن بگرنەبەر لە خوێندنەکەیاندا.

٧. کاریگەری لەسەر سەرنج و ئارامگرتن دەبێت

سایتەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر قایلكردنی كەسەكان هەیە کاتێك هەموو ڕۆژێك ئینتەرنێت بەكار دەهێنن. هەروەها لیستێکی زۆر لە شتەکان پێشکەش دەکەن بۆ ئەزموون کردن و بیرکردنەوە لە هەر ساتێکدا. وەرگرتنی زانیاری بەمشێوەیە دەتوانێت کاریگەری لەسەر كارەكانت هەبێت و زیاتر بێتاقەتت بکات و کەمتر سەرنجت لەسەر چالاکییەکانت بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هەوڵبدە سەرنجت لەسەر چالاکییە بەرهەمدارەکانی ژیانی ڕاستەقینە وەک وەرزشکردن یان پاککردنەوە بێت و كۆنتڕۆڵی ئەم گاریگەریانە بكەیت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

٨. کێشەی تەندروستی و قەڵەوی

ئەگەر كاتێكی زۆر لە ئینتەرنێتدا دەگەڕێیت، یاری دەکەیت و کاتێکی زۆر لەسەر کۆمپیوتەر بەسەر دەبەیت، ئەوە دەبێتە هۆی قەڵەوی و ژیانێکی ناتەندروست. هەروەها کەسێک کە کاتێکی زۆر لەسەر کۆمپیوتەر بەسەر دەبات، دەكرێت ڕووبەڕووی کێشەیەکی وەک گیرانی ناوەڕاستی دەماری مەچەك ببیتەوە چونکە کۆمپیوتەر پێویستی بە جووڵەی زۆر دووبارەبووەوە هەیە. پێویستە ئەندامەکانی جەستەت بجوڵێنیت بۆ کارپێکردنی کۆمپیوتەر، بۆ نموونە نووسین و جوڵاندنی دەستەكان لەسەر ماوس کارێکی دووبارەبووەوەن کە دەبنە هۆی ئازار. تێگەیشتن لە زانستی كاربەندی کۆمپیوتەر، هێشتنەوەی دۆخی دروستی جەستە و پشوودان هەموویان دەتوانن یارمەتیدەربن لە دواخستن یان ڕێگریکردن لەم زیانانە.

٩. خەمۆکی، تەنیایی و دابڕانی کۆمەڵایەتی

هەروەها ئینتەرنێت دەبێتە هۆکارێک بۆ خەمۆکی چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر کەس ژیانی خۆیان لەگەڵ کەسانی تر بەراورد بکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. سایتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بژاردەی دروستکردنی هەزاران هاوڕێ و پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر بۆ بەکارهێنەران دەڕەخسێنن. هەروەها یاری ئۆنلاین بەردەستە کە ڕێگە بە یاریزانەکان دەدات پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا بکەن. هەرچەندە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن سوودت پێ ببەخشن بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی نوێ لە هەموو جیهاندا، بەڵام لەوانەیە خۆت ببینیتەوە کە پەیوەندیت لەگەڵ هاوڕێ ڕاستەقینەکانتدا پچڕاوە.

١٠. کڕینی ئەو شتانەی کە پێویستت پێیان نییە

ئینتەرنێت بوار بۆ بەکارهێنەران دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی کڕین ئەنجام بدەن، بۆیە بەکارهێنەران دەتوانن زۆرجار بەرهەمەکان بکڕن بەبێ ئەوەی زۆر بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا پێویستیانە یان نا. هەروەها دەکرێت هەندێک کەس گیرۆدەی کڕینی ئەو شتانە بن لە ئینتەرنێت کە دەبێتە هۆی قەرزاریان.

١١. شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ منداڵان

ڕەنگە ئینتەرنێت زۆر سوودبەخش نەبێت بۆ منداڵان چونکە کاتێکی زۆر لەسەر ئینتەرنێت بەسەر دەبەن. هەروەها چەندین كۆمەڵەی بێڕەوشتی و پۆرنۆگرافی لە ئینتەرنێتدا بەردەستن کە دەبنە هۆی سەرقاڵکردنی مێشکیان. جگە لەوەش ئەگەر ڕێگە بە منداڵان بدرێت ئینتەرنێت بەکاربهێنن، ئەوا دەکرێت ئالوودەی ئینتەرنێت بن، ئەمەش زۆر مەترسیدارە.

١٢. ڤایرۆس

زۆر بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەوانەیە سیستەمەکەت تووشی ڤایرۆسێک بکات کە دەتوانێت زیان بە داتا گرنگەكانت بگەیەنێت، کە گەڕاندنەوەی ئەستەمە. ئەم ڤایرۆسانە لەڕێگەی USB ،CID و ئینتەرنێتەوە دەچنە ناو سیستمەکەوە. هەروەها بەهۆی ڤایرۆسەوە سیستەمەکەت دەتوانێت بە تەواوی بێ بەها بێت.


سەرچاوەکان



3269 بینین