دۆشاوی تەماتە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-27-19:23:00 - کۆدی بابەت: 10785
دۆشاوی تەماتە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دۆشاوی تەماتە، ئاوەتەماتە، ئاوی‌ تەماتە یان ڕۆحی تەماتە (بە عەرەبی: معجون طمامة، بە ئینگلیزی: Tomato paste) بریتییە لە پێکهاتەیەکی چڕی ڕەنگ سووری تێر کە لە تەماتە دەرهێنراوە و خاڵییە له توێکڵ و ناوکی تەماتە. لە جیهاندا دۆشاوی تەماتە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە دروستکردنی خوانەکان و لە دروستکردنی زۆر خواردندا بەکاردەهێنرێت، ڕەنگێکی سوور و تامێکی مزری نیمچەترش دەبەخشێتە خواردنەکان.

دۆشاوی تەماتە و سۆسی تەماتە دوو پێکهاتەی جیاوازن، دۆشاوی تەماتە بە کوڵاندن و پاڵاوتن و چڕکردنەوە دروستدەکرێت، بەڵام سۆسی تەماتە تەماتەکە دەهاڕدرێت و پێکهاتەی تری وەکوو بەهارات و دەرمانی جۆراوجۆری تێدەکرێت، سۆسی تەماتە بە پێچەوانەی دۆشاوی تەماتە چڕی کەمترە و تامی بەهێز نییە، هاوکات دەکرێت سۆسی تەماتە و کەچەب لە دۆشاوی تەماتە دروست بکرێت.

وڵاتی چین لە جیهاندا بە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی دۆشاوی تەماتە دادەنرێت کە ساڵانە بڕی ٥٠ ملیۆن تەن لە دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت، پاشان وڵاتی هیندستان لە ڕیزبەندی پلەی دووەمە و بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نزیکەی ١٧ ملیۆن تەنە، دواتر نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی سێیەمە و بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەی دۆشاوی تەماتە لەو وڵاتەدا نزیکەی ١٣ ملیۆن تەنە، وڵاتی تورکیاش لە پلەی چوارەمین وڵاتی جیهانە بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە و بەرهەمی ساڵانەی دۆشاوی تەماتە لەو وڵاتە بە بڕی ١١ ملیۆن تەن دەخەمڵێنرێت.

دروستکردنی دۆشاوی تەماتە 

- دروستکردنی دۆشاوی تەماتە لە کارگەکان

دروستکردنی دۆشاو بە دابینکردنی تەماتە پاشان جیاکردنەوە و شۆرینەوە و کەرتکردنیان، دواتر کوڵاندن و پاڵاوتن، پاشان بەکارهێنانی ماددەی پارێزراو و ماددەی کیمیایی لە کاتی کوڵاندن، دواتر پروسەی لە قوتووکردن و کۆگاکردن کۆتایی دێت.

دۆشاوی تەماتە بە چەند قۆناغێک لە کارگەکاندا دروست دەکرێت، یەکەمین هەنگاوی دروستکردنەکە بریتییە لە بەردەستبوونی تەماتەی تازە و فرێش، پاشان پرۆسەی کوڵاندنی تەماتەکان دەست پێدەکات، ئەم پرۆسەیە لە گرنگترین هەنگاوەکانی دروستکردنی دۆشاوە، لەم قۆناغەدا ئەنزیم و پێکهاتەی کیمیایی هەمەجۆر بەکاردەهێنرێت، پێویستە بە پلەی گەرمی ٨٢٫٢ بۆ ٨٥ پلەی سیلیزی بکوڵێندرێت، دواتر دەپاڵێورێت و ناوک و توێکڵی تەماتەکە لە گیراوەکە جیادەکرێتەوە، پاشان بە پرۆسە و ئامێری تایبەتی گیراوەکە چڕ دەکرێتەوە، کۆتا قۆناغ لەقوتووکردنە کە لە دەفر و قوتووی شێوە جیاواز و هەمەجۆری لە کانزا یان لە شووشە دروستکراو دەکرێت.

- دروستکردنی دۆشاوی تەماتە لە ماڵەوە

دەکرێت دۆشاوی تەماتە بە ڕێگای سادە لە ماڵەوە دروست بکرێت، تەماتەی تازە و بە تایبەتی تەماتەی خۆماڵی لە کەرەستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی دۆشاون، دوای شۆرینەوە و کەرتکردنی تەماتەکان و لێکردنەوەی توێکڵەکەی، لە ئامێری جنین و تێکەڵکردنی خواردن دەدرێت تاکوو دەهاڕدرێت و بە باشی ورد دەکرێت، دواتر بۆ ئەوەی ناوکەکەی لێ جیابکرێتەوە گیراوەکە چەند جارێک دەپاڵێورێت تاکوو گیراوەیەکی ڕوون دەست دەکەوێت، پاشان گیراوەی ئاوی تەماتەکە دەخرێتە سەر ئاگر و خوێی تێدەکرێت و لەسەر ئاگر دەمێنێتەوە تاکوو بە تەواوی چڕ و خەست دەبێتەوە، پاشان گیراوەکە دادەنرێت تاکوو بە تەواوی سارد ببێتەوە، چونکە لە پلەی گەرمی نزمدا زیاتر چڕ و خەست دەبێتەوە، دواتر دۆشاوەکە دەکرێتە شووشەوە و لە ساردکەرە هەڵدەگیرێت.

دۆشاوی تەماتە لەڕووی تەندروستییەوە

بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا چەندان جۆری دۆشاوی تەماتە بوونی هەیە و بە زۆری بەردەستن و بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، بۆیە دەکرێت زیانی هەبێت، پێکهاتەی کیمیایی هەمەجۆر و ماددەی پارێزەرەکانی نێو دۆشاوی تەماتە بە هۆکارە سەرەکییەکانی زیانەکانی دۆشاوی تەماتە دادەنرێن، ماددەکانی وەکوو بێنزەواتی سۆدیۆم، بسفینۆڵ ـ ئەی ناسراو بە BPA، بوونی بڕێکی زۆری خوێ لە پێکهاتەی دۆشاودا چەندان زیان دروست دەکەن، هەروەها بەکارهێنانی دۆشاو بە بڕی زۆر و بە بەردەوامی زیانی درێژخایەن لە لەشی مرۆڤ دروست دەکات.

زۆربەی خۆراكە لە قووتوونراوەكان بە مەبەستی پارێزگاریكردنی خۆراكەكان و ڕێگریكردن لە تێكچوونیان و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژ ماددەی bisphenol-A ناسراو بە BPA تێدا بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەم ماددەیە زیان بە خانەكانی مێشك دەگەیەنێت و گۆڕانكاری لە سیستمی هۆڕمۆنەكانی لەش دروست دەكات، BPA یان بسفینۆڵ دەتوانێت ببێتە هۆی شێواندنی هۆڕمۆنی لە مرۆڤدا، ئەم ماددەیە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆشاوی تەماتەکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە پێکهاتەی زۆربەی دۆشاوەکاندا بە بڕی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بۆیە زیانی زۆری هەیە و مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

هەڵبژاردنی دۆشاوی تەماتەی تەندروست

لە ئێستادا چەندان جۆر دۆشاوی تەماتە بوونی هەیە، پێویستە دۆشاوێک بەکاربهێنرێت کە لە ڕووی کوالێتی و تەندروستییەوە باش و پەسەند بێت، بەکارهێنانی ئەو جۆرە دۆشاوانەی کە لە شووشەدان پەسەندترە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دۆشاوانەی کە لە قوتووی کانزاییدان، هەروەها دۆشاوی خۆماڵی و دۆشاوی دەستکردی ماڵان پەسەندتر و تەندروستترە لە دۆشاوی دروستکراوی کارگەکان. هاوکات پێویستە پێش کڕینی دۆشاوی تەماتە پێکهاتەکانی بخوێندرێتەوە و دڵنیاببنەوە لەوەی کە ماددەی پارێزراو و ماددەی کیمیایی زیانبەخش بە بڕێکی زۆر لە پێکهاتەکەیدا نییە. 

دوای هەڵبچڕان و بەکارهێنانی دۆشاوی تەماتە پێویستە لە ساردکەرە بپارێزرێت و هەڵبگیرێت و بۆ ماوەیەکی زۆر نەمێنێتەوە، چونکە ماددەکانی ناوی کارلێک دەکەن و هەرکاتێک کە ڕەنگ یان تامی دۆشاوەکە تێکچوو و بۆنی ناخۆش بوو پێویستە بەکارنەهێنرێت. بەکارهێنانی دۆشاو بە شێویەکی سنووردار و پێویست، دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە یان کۆمپانیا یان بڕاندی ئەو شوێنەی کە دۆشاوەکەی لێ بەرهەمدەهێنرێت ڕێگایەکی ترە بۆ دەستەبەرکردنی دۆشاوێکی تەندروست.


سەرچاوەکان



930 بینین