سوودەکانی چای یاسەمین

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-15:50:00 - کۆدی بابەت: 10792
سوودەکانی چای یاسەمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی چای یاسەمین (بە ئینگلیزی: Benefits of jasmine tea، بە عەرەبی: فوائد شاي الياسمين)، جۆرە چایەکە تام و بۆن و بەرامەی ڕووەک و گوڵی یاسەمینی هەیە. لەبەرئەوەی ئەم چایە لە هەمان ئەو ڕووەکە دروست دەکرێت کە چای سەوزی لێ بەرهەم دەهێنرێت، کەواتە بەگشتی سوودەکانیان لەیەکەوە نزیکە.  

سوودەکانی چای یاسەمین 

بە پێکهاتەی دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە

چای یاسەمین بە پێکهاتەی ڕووەکی بەهێز دەوڵەمەندە، کە بە پۆلیفینۆل (polyphenols) ناسراوە. ئەم پێکهاتەیە وەکوو دژەئۆکسێنێک کاردەکات و خانەکان لە زیانی تەنۆلکەی سەربەست دەپارێزێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە، زیادبوونی تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە. ئەو جۆری پۆلیفینۆلەی لە چای یاسەمیندا زۆرە بە کاتێچینس (catechins) ناسراوە، ئەم پێکهاتەیە چەندین سوودی تەندروستی هەیە وەکوو دابەزینی کێش، کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن و بەرەوپێشبردنی تەندروستی دڵ و دەم. 

یارمەتی دابەزینی کێشی لەش دەدات

چای یاسەمین یارمەتی دابەزینی کێشی لەش دەدات بە زیادبوونی خێرایی پڕۆسەی زیندەپاڵ. لە ڕاستیدا، خواردنەوەی ئەم چایە بە ڕێژەی ٤-٥% پڕۆسەی زیندەپاڵ خێرا دەکات و هەروەها بە ڕێژەی ١٠-١٦% خێراتر چەوری جەستە دەسووتێنێت، کە ئەم ڕێژەیەش یەکسانە بە سووتاندنی نزیکەی ٧٠ بۆ ١٠٠ کالۆری لە ڕۆژێکدا. 

تەندروستی دڵ دەپارێزێت

بەهۆی هەبوونی ماددەی پۆلیفینۆل لە پێکهاتەیدا، لەش لە نەخۆشییەکانی دڵ بەدوور دەگرێت. ئەم پێکهاتەیە ڕێگری لە زیادبوونی کۆلیتسڕۆڵی خراپ واتە (LDL) دەکات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.  

تەندروستی دەم بەرەوپێش دەبات

لەبەرئەوەی چای یاسەمین لە هەمان ڕووەکی چای سەوز دروست دەکرێت، لەبەرئەوە بە ماددەی کاتێچینس دەوڵەمەندە، بەمەش پارێزگاری لە تەندروستی دەم و ددانەکان دەکات و بە لەناوبردنی بەکتریا زیانبەخشەکانی ناو دەم ئەگەری تووشبوون بە کلۆربوونی ددان کەم دەکاتەوە. 

یارمەتی باشترکردنی ئەرکی مێشک دەدات

ئەم چایە بەهۆی هەبوونی چەند تایبەتمەندییەکەوە یارمەتی باشترکردنی ئەرکی مێشک دەدات. لە هەر کوپێکدا نزیکەی ١٥ بۆ ٦٠ میلیگرام لە کافایین هەیە، ئەم ڕێژەیە بەپێی جۆر چایەکە و ماوەی کوڵاندنەکەی دەگۆڕێت. هەروەها ماددەی کافایین یارمەتی بەرەوپێشبردنی چالاکی مێشک دەدات و هەندێک دەمارەگوێزەرەوەی وەکوو دۆپامین و سیرۆتۆنین دەردەدات. ئەمەش وا دەکات زیاتر هۆشیار بیت و بیرەوەرییەکانیش بەرەوپێش دەچن. 

لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پەرکینسۆن دەتپارێزێت

چای یاسەمین بەهۆی بوونی ماددەی پۆلیفینۆل لە پێکهاتەیدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پەرکینسۆن کەم دەکاتەوە. هەروەها هەوکردن کەم دەکاتەوە و تەنۆلکەی سەربەست تێکدەشکێنێت، کە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییانە. 

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە

لە سەرانسەری جیهاندا، زیاتر لە ٤٢٢ ملیۆن کەس تووشبووی نەخۆشی شەکرەن. نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو باوترین جۆرە، کە لەش ناتوانێت بە تەواوی ئەنسۆلینی بەرهەمهێنراو بەکاربهێنێت. کە هۆڕمۆنێکە شەکر لە خوێنەوە بۆ خانەکان دەگوازێتەوە. چای یاسەمین بەهۆی بوونی چەند پێکهاتەیەکی گرنگ یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە تووشبووی ئەم نەخۆشییەن. 

ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

ئەم چایە دژی هەندێک جۆری شێرپەنجە دەجەنگێت، بەهۆی بوونی پێکهاتەی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەیدا و هەندێک پێکهاتەی تریش. هەروەها لە توێژینەوەیەکدا سەلمێنراوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات و مەمک کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



249 بینین