هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-28-19:57:00 - کۆدی بابەت: 10794
هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: Reasons for lack of self-confidence in children، بە عەرەبی: أسباب قلة الثقة بالنفس لدى الأطفال) متمانە بەخۆبوون، وەک بەهێزی سووتەمەنی موشەکێك، دەتوانێت وزە و بوێری بە منداڵان بدات بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان. لەکاتێکدا نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵدا دەتوانێت وەک زنجیرێکی قورس بەدەوری قاچەکانیدا بپێچێتەوە و ڕێگەی پێنەدات بجوڵێت بۆ دەستپێکردن یان گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانی.

ڕەنگە نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە تەمەنی منداڵیدا کێشەی توند دروست نەکات، بەڵام لە تەمەنی گەورەییدا دەبێتە هۆی شکستی گەورە لە ژیانی کەسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی یان ئەکادیمی مرۆڤەکاندا. لە ڕاستیدا ئەم کێشەیە وەک گیایەكە لە منداڵییەوە گەشە دەکات و لە هەموو لایەنەکانی بوونی منداڵەكە تا تەمەنی گەورەیی ڕەگ داکوتێت و ڕێگری دەکات لە گەشەکردن و گەشەسەندنی بەهرەی منداڵان. منداڵان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە کەمی متمانە بەخۆبوون لەدایک نابن و هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا دەكرێت جیاواز بێت. بەڵام پێدەچێت هەندێک بابەتی هاوبەش هەبن کە بەشدارن لە کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا. لەم بابەتەدا بەو هۆکارە هاوبەشانەی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا ئاشنا دەبیت.

هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا

١- نەبوونی هاندان 

بۆ ئەوەی منداڵ ئەو باوەڕە بخاتە مێشكییەوە کە بەهرە و توانای ڕاستەقینەی هەیە، پێویستی بە هاندانی بەهێزە لەلایەن گەورەکانییەوە. ئەگەر منداڵێک لە تەمەنی منداڵیدا هاندانی پێویست وەرنەگرێت، لەوانەیە ئەو باوەڕە پەرەپێبدات کە بە ئەندازەی پێویست باش نییە. بۆیە دەکرێ بڵێین هان نەدانی منداڵان یەکێکە لە هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا. پێویستە منداڵەکەت بە ئەندازەی پێویست و ڕاستەقینە هان بدرێت، چونكە زیادەڕۆیی لە هاندانیش دەتوانێت وا لە منداڵەکە بکات کە کاتێک ڕووبەڕووی شکست بوویەوە بەو ئەنجامە بگات كە دایک و باوکی درۆیان لەگەڵدا کردووە.

٢- زیادەڕەوی لە ڕەخنەگرتن

یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ دروستبوونی کەسایەتی منداڵ، متمانەبەخۆبوونە. ئەم ڕستەیە بەو واتایەیە کە منداڵان وێنەیەکی ئەرێنییان لە مێشكی خۆیاندا دەربارەی خۆیان هەیە و توانای باوەڕبوونیان بە خۆیان و بەهرەکانیان هەیە بۆ هەر ئەرکێک. کاردانەوەی دایک و باوک بەرامبەر بە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی منداڵان دەتوانێت متمانە بەخۆبوونی منداڵ بەرزبکاتەوە یان دایبەزێنێت. بۆ نموونە ئەگەر دایک و باوک منداڵەکە بە ڕەخنەی لە ڕادەبەدەرەوە پەروەردە بکەن، ڕەنگە منداڵەکە ئەو پەیامە نەرێنییانەی کە لە کارەکانییەوە وەریدەگرێت، بگەڕێنێتەوە بۆ خۆی. لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە ڕەخنە دەتوانێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا. ئەم بابەتە وادەكات مرۆڤ لە تەمەنی گەورەییدا وابیربكاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ كێشەكان و گەیشتن بەئامانجەکان، بە ئەندازەی پێویست بەتوانا، بەهێز و زیرەک نییە و لە ترسی شکست دەست بە كارە جیاوازەكان ناکات.

٣- شێوازی پەروەردەکردنی دایک و باوک 

هەندێک لە دایک و باوکان بەبێ ئاگاداری خۆیان بە زیادەڕۆیی کۆنتڕۆڵکردن و پارێزگاریکردن متمانەبەخۆبوونی منداڵ لەناو دەبەن. لە دۆخێکی وادا منداڵ لەوانەیە بگاتە ئەو باوەڕەی کە بیرکردنەوە و تواناکانی کەموکورتیان هەیە و لە هەر تەمەنێکدا بێت پێویستی بە یارمەتی دایک و باوکی هەیە بۆ بڕیاردان و تاقیکردنەوەی شتی نوێ. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین جۆری پەروەردەکردنی دایک و باوک یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا. سەرنج بدە، هەندێکجار تەنانەت دڵەڕاوکێی دایک و باوکیش کاریگەری لەسەر منداڵ دەبێت و زیان بە متمانە بەخۆبوونیان دەگەیەنێت.

٤- بەراوردکردنی منداڵ لەگەڵ کەسانی تر

هەرچەندە دەكرێت بۆ هاندان بێت كاتێك دایک و باوک منداڵەکانیان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد دەكەن، بەڵام چەندین دەرئەنجامی نەرێنی هەیە. یەکێک لە زیانەکانی بەراوردکردنی منداڵ لەگەڵ یەکتر، لەدەستدانی هەستی متمانەبەخۆبوون و بەهای منداڵە. کاتێک دوو منداڵ دەخەیتە تەنیشت یەکترەوە و تیشک دەخەیتە سەر خاڵە بەهێزەکانی منداڵێک لە بەرامبەر خاڵە لاوازەکانی ئەوی تردا، بەزۆری یەکێکیان هەست بەبێ نرخی و لاوازی دەکات. لە ئەنجامدا دەتوانرێت بڵێین بەراوردکردنی منداڵان یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی نەبوونی متمانەبەخۆبوون لە منداڵاندا.

٥- نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵدا یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی کامڵگەرایی دایک و باوک

ڕەنگە جێگای سەرنج بێت کە ئەنجامی توێژینەوە دەروونییەکان لەم ساڵانەی دواییدا دەریدەخات کە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا، هەبوونی دایک و باوکێکی کامڵخوازە. دایک و باوکانی كامڵخواز هەندێکجار چاوەڕوانییەكیان لە منداڵەکانیان هەیە کە نە لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێت و نە لەگەڵ ڕێژەی گەشەکردنیان.

ئەم جۆرە دایک و باوکانە، چونکە چاوەڕوانییەکی ناڕاستەقینەیان لە منداڵەکانیان هەیە، ئەگەری شکستهێنانیان زیاتر دەكەن. واتە ئەگەر دایک و باوک چاوەڕوانییەکی ناڕاستەقینە بەسەر منداڵەکەیاندا بسەپێنن، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە کێشەی دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو چاوەڕوانییانەدا. لەگەڵ هەر ئەزموونێکی شکستدا، متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە گورزێكی توندی بەردەكەوێت، چونکە منداڵ هەست دەکات ناتوانێت پێشبكەوێت و دایک و باوکی ڕازی بکات.

٦- نەبوونی متمانە بەخۆبوون لای مناڵان بەهۆی سزای هەڵە

دایکان و باوکان و مامۆستایان هەندێکجار شێوازی هەڵە بەکاردەهێنن بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتاری منداڵان، وەکوو سزادانی جەستەیی یان سەرزەنشتكردنی منداڵان لەبەردەم خەڵکدا. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسایەتی منداڵەکە لەبەردەم خەڵکدا بڕوخێت و متمانەی بەخۆی کەمببێتەوە بەهۆی ئەو ترسە یان ئەو زیانەی کە لە ئەنجامی ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە تووشی بووە. دەرونناسان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵدا کە بە شاراوەیی ماوەتەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە خراپ و هەڵە پەروەردەییانەن.

تەمەنی دروستبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا

متمانە بەخۆبوون کاریگەری ئەرێنی و بەردەوامی هەیە لەسەر دڵخۆشی و سەرکەوتنی منداڵ لە قوتابخانە و ژیاندا. ئەوەی جێگای سەرنجە، متمانە بەخۆبوون دەتوانێت ببێتە هۆی بەزەیی و ڕێزگرتن لە کەسانی تریش. بەپێچەوانەوە نەبوونی متمانەبەخۆبوون لە منداڵدا وا دەکات منداڵ بەردەوام بترسێت هەنگاوێک بەرەو ئامانجەکانی بنێت. دروستکردن و بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵ تا پێش ١٢ مانگی بە متمانەکردن بە چاودێرەكانی دەست پێدەکات. لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵیان، کۆرپە فێر دەبێت متمانە بە کەسانی تر بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی و ئەمەش زەمینەیەك بۆ پەرەپێدانی متمانە بەخۆبوونیی لادروست دەكات.

منداڵ لە تەمەنی ١ بۆ ٣ ساڵییەوە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاگابوون لە خۆیان و کەسانی تر بەدەست دەهێنن. لە ڕاستیدا لەم قۆناغەدا زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و ئاگاداری دەستکەوتەکانیان دەبن. کارلێکی دایک و باوک دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی بنەماکانی متمانە بەخۆبوون لەم تەمەنەی منداڵاندا. لەم تەمەنەدا باشترە چاوەڕوانییەكی گونجاوەیان بۆ ڕەفتارەکانیان هەبێت و ستایشی ماندووبوونەکانیان و دەستکەوتەکانیان بکەن.

لە نێوان تەمەنی ٣ بۆ ٥ ساڵیدا، توانا کۆمەڵایەتی، سۆزداری، جەستەیی و مەعریفییەکان بەخێرایی گەشە دەکەن. لە ئەنجامدا دەرفەتی زۆر بۆ دروستبوونی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا هەیە. ڕاهێنان، هەوڵدان و تەنانەت شکستیش لەگەڵ سەرکەوتن بەشێکن لەم پرۆسەیە. بۆ یارمەتیدانی منداڵانی پێش قوتابخانە و پەرەپێدانی متمانە بەخۆبوونیان، هەل و دەرفەتیان پێ بدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و با بەرپرسیارێتی ئەرکە بچووکەکانی ماڵەوە لە ئەستۆ بگرن.

هەروەها دەتوانیت ئاهەنگ بگێڕیت بۆ سەرکەوتنەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی منداڵەکەت، بەڵام بیریان بخەرەوە کە هەندێکجار ئەگەری شکستهێنان هەیە. دووربکەوەرەوە لە ڕەخنە و هاندانی منداڵەكانتان بدەن بۆ تاقیکردنەوەی شتی نوێ، هەروەها یارمەتییان بدەن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نوێ کە بەهرە و توانای جیاوازیان هەیە. لەبیرت نەچێت کە تۆ ڕۆڵێکی گرنگت هەیە لە دروستبوونی ئەم بەخششە ئیلاهییە لە منداڵەکەتدا، بۆیە سەرلەنوێ بە ڕەفتارەکانت لەگەڵ منداڵەکەتدا بچۆرەوە.


سەرچاوەکان



716 بینین