سەردانکردنی کەسوکار دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-12-29-00:34:00 - کۆدی بابەت: 10801
سەردانکردنی کەسوکار دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەردانکردنی کەسوکار دوای منداڵبوون (بە ئینگلیزی: Relatives visiting after childbirth، بە عەرەبی: زيارة الأقارب بعد الولادة) لەدایکبوونی منداڵ بەخششێکی خوایە و خێزانەکان بۆ ئەم مەبەستە ئاهەنگ دەگێڕن، دوای ئەوەی ئافرەتێکی ناو خێزانێک منداڵی دەبێت هەمووان دێنە سەردانی و دیاری بۆ دەهێنن. بەڵام ئەم سەردانکردن و خۆشحاڵییە پێویستە یاسای خۆی هەبێت، بەجۆرێک کە دایک و منداڵەکە بێزار نەکات. بۆیە هەموو کەسێک پێویستە لە کاتی سەردانکردنی خانمێک کە منداڵی بووە چەند خاڵێک ڕەچاو بکات.

ڕێنوێنی بۆ سەردانکردنی خانمێک کە منداڵی بووبێت

کاتی سەردانیکردن

ئەگەر خانمەکە بە سروشتی منداڵی بووبێت بەنزیکەیی ڕۆژێکی پێویستە کە لە نەخۆشخانە بێت و دەربچێت. وە ئەگەر بە نەشتەرکاری منداڵی بووبێت دوو ڕۆژێکی دەوێت تاکوو بمێنێتەوە و کاروباری دەرچوونی لە نەخۆشخانە ئەنجام بدات. 
پێویستە لەم کاتەدا سەردانی ئەو خانمە نەکرێت و جگە لە چەند کەسێکی نزیکی خۆی کە پێویستن بۆ یارمەتیدانی، سەردانکردن و هاتوچۆی زۆر ماندووی دەکات، خانمان لە سەرەتادا ئازاریان زیاترە و ڕانەهاتوون بەوەی منداڵەکە چۆن بگرن و شیری پێ بدەن. بۆیە پێویستیان بە چەند ڕۆژێک هەیە تاکوو بتوانن پێشوازی لە میوان بکەن، میوانانی بەڕێزیش زۆر گرنگە ڕەچاوی ئەو حاڵەتە بکەن.

کاتی گونجاو

زۆر گرنگە ڕەچاوی کاتی گونجاو بکرێت لە سەردانیکردنەکەدا. خانمان لەم ماوەیەدا زۆر هەستیارن و پێویستیان بە پشووە، بۆیە کاتێک دەچیتە سەردانی خانمێک کە تازە منداڵی بووە دەبێت ڕەچاوی باری تەندروستی بکەیت، چاوەڕێی میوانداری گەڕموگوڕ نەبیت لەلایەن ئەوەوە. هەروەها لەلات ئاسایی بێت کە خانمەکە خەوتبێت و نەتوانێت تۆ ببینێت. لەوانەیە بەدرێژایی شەوەکە بەهۆی ئازار و گریانی منداڵەکەیەوە نەخەوتبێت.

پێدانی دیاری

کاتێک خانمێک منداڵی دەبێت وا جوانە بە دەستی خاڵی سەردانی نەکەیت. زۆر باش دەبێت ئەگەر شیرینی و میوە ببەیت ئەمەش وادەکات بڕێکی باش پێویستییان هەبێت بۆ پێشوازیکردن لە میوانانی تر. هەروەها مەرج نییە تەنها دیاری بۆ منداڵەکە ببەیت، دەکرێت گوڵ و جل بکەیت بە دیاری بۆ دایکەکە و دڵخۆشی بکەیت.

دانانی ڕیزبەندییەک

ناگونجێت یەک دوو ڕۆژی سەرەتا خزم و کەسوکار هەمووی لەلای خانمەکە بن، بەڵام ڕۆژەکانی تر کەسی لەلا نەمێنێتەوە. واباشە ڕێسا و ڕیزبەندییەک هەبێت و دیاری بکرێت، واتە نۆرە دابنرێت بۆ خزمان و تاکوو دوو هەفتەیەک هەر ڕۆژێک و کەسێک بچێتە لای و خزمەتی بکات.

دوورکەوتنەوە لە پرسیاری بێزارکەر

کاتێک دەچیتە لای خانمێک کە منداڵی بووه، نابێت هەندێک پرسیار هەیە ڕوبەڕووی بکەیتەوە. بۆچی منداڵەکەت چاوی وەک خۆت نییە؟
بۆچی بەم ڕێگایە منداڵت بووە؟
ئەم منداڵەت بۆچی بوو، خۆ منداڵت زۆرە؟
خۆزگە ئەم ڕەگەزە نەدەبوو
زۆر قەڵەو بوویت و جەستەت تێکچووە

ئەمانە و کۆمەڵێکی تر لە پرسیار و ڕستەی بێزارکەرانە، ئازاری دڵی دایکەکە دەدات.


سەرچاوەکان



872 بینین