ئامێری گەنجینەی ئۆتۆماتیکی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-29-11:20:00 - کۆدی بابەت: 10802
ئامێری گەنجینەی ئۆتۆماتیکی

ناوه‌ڕۆك

ئامێری سندووقی ئۆتۆماتیک چییە؟

ئەی تی ئێم، ئامێری دەرهێنانی پارەی ئۆتۆماتیکی، ئامێری ئەژمێری ئۆتۆماتیکی، ئامێری سندوقی ئۆتۆماتیکی یان ئامێری گەنجینەی ئۆتۆماتیک (بە ئینگلیزیAutomated teller machine یان ATM، بە عەرەبی: آلة الصراف الآلي یان اي تي ام) ئامێرێکی پەیوەندیکردنی ئەلیکترۆنییە، کە کڕیارانی دامەزراوە داراییەکان بەبێ یارمەتی بانک دەتوانن مامەڵە داراییە سەرەتاییەکانی لێوە ئەنجام بدەن، وەک دەرهێنانی پارە، دانانی پارە، گواستنەوەی پارە، پشکنینی باڵانس یان پرسیارکردنی زانیاری هەژمار، لە هەر کاتێکدا و بەبێ پێویستی بە کارلێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ستافی بانک. 

بە شێوەیەکی گشتی ئەی تی ئێم لە شاشە، کارت خوێنەر، تەختەکلیلی بچکۆلە، دابەشکەری پارەی کاش و چاپکەر پێکدێت. 

هەرکەسێک کارتە بانکییەکانی کرێدیت کارت یان دێبت کارتی هەبێت دەتوانێت لە زۆربەی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم دەستی بە پارە بگات، چی لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چی لە وڵاتانی جیهان. 

تێگەیشتن لە ئامێری گەنجینەی ئۆتۆماتیکی 

یەکەم ئامێری ئەی تی ئێم لە لقێکی بانکی بارکلیز لە لەندەن لە ساڵی ١٩٦٧ دەرکەوت، هەرچەندە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئامێری دابەشکردنی پارە لە ژاپۆن لە ناوەڕاستی شەستەکاندا بەکاردەهێنرا.

ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تۆڕەکانی پەیوەندی نێوان بانکەکان کە ڕێگەی بە بەکارهێنەر دەدا کارتی بانکێک لە ئەی تی ئێمی بانکێکی تر بەکاربهێنێت، بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ماوەی چەند ساڵێکدا، ئەی تی ئێم لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، لە هەموو وڵاتێکی گەورەدا بوونی خۆی مسۆگەر کرد.

گرنگی ئەی تی ئێم چییە؟

خستنەبازاڕی یەکەم ئەی تی ئێم لە ساڵی ١٩٦٧ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، سەلماندی کە بڕگەیەکی گرنگە لە پەرەسەندنی کەرتی بانکیدا. بەبێ ئەی تی ئێم دەبوو کە کڕیاران لە ڕیزێکی درێژدا لە بانکدا چاوەڕێ بکەن یان مەودایەکی دوور ببڕن، بۆ ئەوەی سەردانی لقی بانکەکە بکەن بۆ شتێکی بنەڕەتی وەک دەرهێنانی پارە. داهێنانی ئەی تی ئێم ژیانی دارایی بۆ ئەو کڕیارانە ئاسانتر کرد کە ئێستا دەتوانن مامەڵە سەرەتاییەکان بەتەنیا بەڕێوەببەن بە یارمەتی ئەی تی ئێمێک کە زۆر لە سەردانکردنی بانکەکان گونجاوترە.

لە ئەمڕۆدا پاش دانانی یەکەمین ئەی تی ئێم، دەتوانیت ئەم ئامێرە لە زۆربەی وڵاتان و لە هەندێک وڵاتدا لە گۆشەی شەقامەکاندا بدۆزیتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زۆر گونجاو بێت و بە ئاسانی دەستی پێبگات.

سوودێکی گرنگی تری ئەوەیە کە ڕێگە بە کڕیارانی نێوان بانکەکان دەدات مامەڵە بکەن. ئەمەش واتە تەنانەت ئەگەر لەو بانکەی هەژمارت لێی هەیە ئەی تی ئێمی نەبێت، هێشتا دەتوانیت سوود لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک دەرهێنانی پارە لە ئەی تی ئێم وەربگریت. ئەمەش دووبارە کاتت بۆ دەگەڕێنێتەوە و لە کاتی فریاگوزاریدا دەتوانیت سوودی لێ وەربگریت، چونکە پێویست ناکات هەر جارێک پێویستت بە هەندێک پارەی خێرا بێت بچیت بۆ ئەی تی ئێمی بانکەکەت.

بە گشتی ئامێری ئەی تی ئێم ژیانی دارایی ئاسانتر کردووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بانکییە بەناوبانگەکان و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.

جۆرەکانی ئەی تی ئێم

دوو جۆری سەرەکی ئەی تی ئێم هەیە. یەکە بنەڕەتییەکان تەنها ڕێگە بە کڕیاران دەدەن پارەی کاش و باڵانسی هەژماری نوێکراوە وەربگرن. ئامێرە ئاڵۆزەکان پارەی دانراو وەردەگرن، پارەدان و گواستنەوەی پارە ئاسان دەکەن و دەستیان بە زانیارییەکانی هەژمارەکان دەگات.

بۆ دەستگەیشتن بە تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی یەکە ئاڵۆزەکان، زۆرجار بەکارهێنەر دەبێت خاوەنی هەژمار بێت لەو بانکەی کە ئامێرەکە بەڕێوەدەبات.

شیکاران پێشبینی دەکەن کە ئامێری ئەی تی ئێم زیاتر بەناوبانگ بێت و پێشبینی زیادبوونی ژمارەی وەرگرتنی پارە لە ئەی تی ئێم دەکەن. پێدەچێت ئامێرەکە لە داهاتوودا لەبری یان جگە لە وەرگرتنی پارەی بانکی تەقلیدی، خزمەتگوزاری تەواو دابین بکەن. 

هەروەها دەتوانرێت ئەی تی ئێم بە پێی ئەو نیشانانەی بۆی دانراوە پۆلێن بکرێت. هەندێک لەو نیشانانەی دانراوە بریتین لە:

  • ئەی تی ئێمی سەوز: بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بەکاردێت
  • ئەی تی ئێمی زەرد: بۆ مامەڵەی بازرگانی ئەلیکترۆنی بەکاردێت
  • ئەی تی ئێمی پرتەقاڵی: بۆ مامەڵەی پشک بەکاردێت
  • ئەی تی ئێمی پەمەیی: بە تایبەتی بۆ مێینەکانە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە دوورکەوتنەوە لە ڕیزی درێژ و کاتی چاوەڕوانی
  • ئەی تی ئێمی سپی: خاوەندارێتی ئەی تی ئێمی سپی بانکێکی دیاریکراو نییە بەڵکوو خاوەندارێتی لەلایەن دامەزراوەکانی ترەوەیە جگە لە بانک
  • ئەی تی ئێمی قاوەیی: لەلایەن لایەنی سێیەمەوە بەڕێوەدەبرێت جگە لە بانک

هەروەها چەندین ئەی تی ئێمی بایۆمەتری هەیە کە پێویستیان بە پەنجەمۆر و بەدواداگەڕانی چاو هەیە بۆ ئەوەی کاربکەن.

توخمەکانی دیزاینی ئەی تی ئێم

هەرچەندە دیزاینی هەر ئەی تی ئێمێک جیاوازە، بەڵام هەموویان هەمان بەشە بنەڕەتییەکانیان تێدایە:

کارت خوێنەر: ئەم بەشە چیپی پێشەوەی کارتەکە یان هێڵی موگناتیسی پشتەوەی کارتەکە دەخوێنێتەوە. 

تەختەکلیلی بچکۆلە یان کیپاد: لەلایەن کڕیارەوە بۆ داخڵکردنی زانیاری بەکاردەهێنرێت، لەوانە ژمارەی ناسنامەی کەسی (PIN)، جۆری مامەڵەی پێویست و بڕی مامەڵەکە.

دابەشکەری پارەی کاش: پارەکان لە ڕێگەی شوێنێکی ناو ئامێرەکەوە دابەش دەکرێن، کە بەستراوەتەوە بە سندوقێکەوە لە بنی ئامێرەکەدا.

چاپکەر: ئەگەر پێویست بوو، بەکارهێنەران دەتوانن داوای ئەو پسوڵەیە بکەن کە لە ئەی تی ئێم چاپ دەکرێن. پسوڵەکە جۆری مامەڵەکە و بڕە پارەکە و باڵانسی هەژمارەکە تۆمار دەکات.

شاشە: ڕێنیشاندانەکانی ئەی تی ئێم دەردەکەن کە بەکارهێنەر ڕێنمایی دەکەن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی مامەڵەکەدا. هەروەها زانیاری لەسەر شاشەکە پەخش دەدرێت، وەک زانیاری و باڵانسی هەژمار.

هەروەها ئامێرە خزمەتگوزارییە تەواوەکان شوێنی دانانی چەکی کاغەزی یان شوێنی پارەی کاشیان هەیە.

چۆنیەتی کارکردنی ئەی تی ئێم

بانکەکان ئامێری ئەی تی ئێم لە ناوەوە و دەرەوەی لقەکانیان دادەنێن. ئامێرەکانی تری ئەی تی ئێم لە ناوچە قەرەباڵغەکان وەک ناوەندی بازرگانی، فرۆشگای خواردن، فرۆشگای گەورە، فڕۆکەخانە، وێستگەی پاس و شەمەندەفەر، بەنزینخانە، یانە شەوانەکان، چێشتخانە و شوێنەکانی تر دانراون. زۆربەی ئەو ئەی تی ئێمانەی کە لە بانکەکاندا دەبینرێن فرەکارن، لە کاتێکدا هەندێکی تر کە لە دەرەوەن، زیاتر یان بە تەواوی بۆ دەرهێنانی پارەی نەختینەیی داڕێژراون.

ئامێری ئەی تی ئێم داوا لە بەکارهێنەران دەکات کە کارتی پلاستیکی بەکاربهێنن، وەکوو کارتی ئەی تی ئێم، کرێدیت کارت یان دێبت کارتی بۆ تەواوکردنی مامەڵەیەک. بەبێ گوێدانە شوێنی ئەی تی ئێمەکە، دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێت یان هێڵی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هەژماری بانکیتەوە بکات. پێش ئەوەی هیچ مامەڵەیەک بکرێت پێویستت بە پشتڕاستکردنەوەی ژمارەی ناسنامەی کەسییە.

زۆرێک لە کارتەکان چیپێکیان لەگەڵدایە، کە داتا لە کارتەکەوە دەگوازێتەوە بۆ ئامێرەکە. ئەمانە بە هەمان شێوەی بارکۆدێک کاردەکەن کە لەلایەن کۆد خوێنەرەوە بەدواداگەڕانی بۆ دەکرێت.

جیاوازی نێوان دێبت کارت و کارتی ئەی تی ئێم چییە؟

لە کاتێکدا کە دێبت کارت و کارتی ئەی تی ئێم ڕەنگە وەک یەک دەرکەون، بەڵام جیاوازن سەبارەت بەوەی کە دەتوانیت چییان پێبکەیت.

کارتی ئەی تی ئێم بە پلەی یەکەم بۆ دەرهێنانی پارەی کاش لە ئەی تی ئێم بەکاردەهێنرێت. ئەم کارتە بەستراوەتەوە بە هەژماری کراوە یان هەژماری پاشەکەوتکردنەوە. کاتێک پاش داخڵکردنی ژمارەی ناسنامەی کەسییەکەت بە کارتی ئەی تی ئێم پارە ڕادەکێشیت، بڕی پارە کێشانەوەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە هەژمارەکەت کەم دەکرێتەوە.

بە دێبت کارت دەتوانیت سوود لە خزمەتگوزاری زیاتر وەربگریت نەک کارتی ئەی تی ئێم. بەزۆری دەتوانیت دێبت کارت بۆ دەرهێنانی پارە و دانانی پارە لە ئەی تی ئێم بەکاربهێنیت، هەروەها دەتوانیت بۆ کڕین لە فرۆشگاکان، بەنزینخانەکان، چێشتخانەکان و بازرگانییەکانی تر بەکاری بهێنیت. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت دێبت کارت بۆ کڕینی کەسی و ئۆنلاین بەکاربهێنرێت.

ئەگەری ئەوە هەیە کە دێبت کارت لۆگۆی تۆڕێکی پارەدان پیشان بدات وەکوو ڤیزە یان ماستەرکارت، لەکاتێکدا کارتی ئەی تی ئێم لۆگۆی تۆڕێکی پارەدان پیشان نادات.

کرێی ئەی تی ئێم

خاوەن هەژمارەکان دەتوانن بەبێ بەرانبەر ئامێری ئەی تی ئێمی بانکی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام دەستگەیشتن بە پارە لە ڕێگەی یەکەیەکی بانکی کێبەرکێکاری ترەوە پارەیەکی زۆری لەسەرە. لەوانەیە ببێتە هۆی سەپاندنی کرێ لەلایەن هەردوو بانکەکەوە.

هەندێک لە بانکەکان ئەو پارەیە بۆ کڕیارەکانیان بە سنوورداری دەگەڕێننەوە، بە تایبەت ئەگەر هیچ ئەی تی ئێمێکی هاوتا لە ناوچەکەدا بەردەست نەبێت.

هەندێک جار بانکەکان مانگانە ئەو پارەیە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ هەژمارەکان دەگەڕێننەوە، بانکە ئۆنلاینەکان پێشەنگی ڕەوتی گەڕاندنەوەی پارەن، یاخود هەندێک لە زنجیرە فرۆشگا گەورەکانی خواردن و فرۆشگا گەورەکانی تر وەکوو واڵمارت پارەی کاشی گەڕاندنەوەی کرێ لەگەڵ کڕینەکاندا پێشکەش دەکەن، کاتێک کڕینەکەت تەواو دەکەیت دەکرێت پێشنیاری وەرگرتنەوەی پارەی کرێت بۆ بکرێت، ئەم گەڕانەوەیە دەکرێت بچێتە سەر بڕی کڕینەکەت کە لە هەژماری کراوە یان هەژماری پاشەکەوتەوە وەردەگیرێت. بۆیە ئەگەر بە بەهای ١٥ دۆلاری ئەمریکی شت بکڕیت دەتوانیت داوای گەڕاندنەوەی ٦٠ دۆلاری کرێش بکەیت ئەگەر هەتبوو. 

ڕێگاکانی خۆ بەدوورگرتن لە کرێ ئەوەیە کە تەنها ئەی تی ئێم لە بانکی خۆت بەکاربهێنیت، یان بەبێ ڕاکێشانی پارەی کاش بڕۆیت. 

هەروەها لەوانەیە پارەت لێ وەربگیرێت بۆ بەکارهێنانی ئەی تی ئێم لە وڵاتێکی تر. ئەم کرێ بیانییەی ئەی تی ئێم دەتوانێت زۆر بێت، کە دەکرێت بەزۆری ١٪ بۆ ٣٪ـی بڕی مامەڵەکە بێت.

سنووری کێشانەوەی پارە لە ئەی تی ئێم

بانکەکان سنوورێک بۆ بڕی ئەو پارەیە دادەنێن کە دەتوانیت ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانە لە ئامێری ئەی تی ئێم وەریبگریت، ئەمەش بە پێی دۆخی بانکەکە و هەژمارەکەت لە بانکەکەدا دەگۆڕێت. لەوانەیە بتوانیت بە پەیوەندیکردن بە بانکەکەتەوە بۆ داواکردنی مۆڵەت و بەرزکردنەوەی دۆخی بانکی، بە دانانی پارەی زیاتر ئەم سنووردارکردنە تێپەڕێنیت. بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژانە دەتوانیت بڕی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠٠ دۆلار یان زیاتر دەربهێنیت. 

ئەم سنووردارکردنانەش دەتوانێت لە کەمکردنەوەی دەستبڕی و فێڵ و دزی لە ئەگەری ئەوەی کەسێک کارتی بانکی تۆی لابێت و ژمارەی ناسنامەی کەسی تۆ بزانێت یارمەتیدەربێت. لەمەش زیاتر، سنووردارکردنی بڕی پارە بۆ هەر کێشانەوەیەک ڕێگە بە بانک دەدات کە جووڵەی پارە بەڕێوەببات، بەو پێیەی هەر ئەی تی ئێمێک تەنها بڕە پارەیەکی سنووردار لەخۆدەگرێت.

شوێن و سەلامەتی

ڕێگاکانی دوورکەوتنەوە لە قوربانی تاوان لەکاتی بەکارهێنانی ئامێری ئەی تی ئێم بریتین لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی کە لە شوێنە گشتییە ڕووناککراوەکاندا دانراون. دەست یان جەستەت 

وەک ڕێگرییەک بۆ پاراستنی جوڵەی دەستت لە کاتی نووسینی ژمارەی ناسنامەی کەسی بەکاربهێنیت. کاتێک پارە نەختینەکەت وەرگرت، لەبری ئەوەی لای ئەی تی ئێمەکە بیژمێریت، چاوەڕێ بکە تا دەچیتە شوێنێکی تایبەتتر، وەک ئۆتۆمبێلەکەت.

نموونەی مامەڵەکانی ئەی تی ئێم

مامەڵە بانکییە باوە جۆراوجۆرەکان کە زۆرجار لە ئەی تی ئێم ئەنجام دەدرێن بریتین لە:

وەرگرتنی پارەی کاش: باوترین مامەڵەی ئەی تی ئێم بریتییە لە وەرگرتنی پارە لە هەژماری تاکەکان. بە شێوەیەکی گشتی بانکەکان سنوورێک بۆ زۆرترین بڕە پارە دادەنێن کە دەتوانرێت ڕۆژانە دەربهێنرێت. ئەم بڕە پارەیە دەتوانێت لە بانکێکەوە بۆ بانکێکی تر جیاواز بێت، هەروەها لە نێوان هەژمارە جیاوازەکاندا کە لەلایەن بانکەکانەوە پێشکەش دەکرێت جیاواز بن. 

دانانی پارە: زۆرجار خاوەن هەژمارەکان دەتوانن ئەی تی ئێم بۆ دانانی پارە یان پشکنینی هەژمار بەکاربهێنن. لە کاتی ئەنجامدانی ئەم جۆرە مامەڵەیە، داوات لێدەکرێت پارەکانت بخەیتە ناو شوێنێکی ئامێرەکە. لە کاتی پشکنینیشدا ئەی تی ئێمەکە بەدوادواگەڕان بۆ هەژمارەکەت دەکات، پارەکانت دەژمێرێت و کۆی گشتی لەسەر شاشە پشاندەدات، هەروەها دەتوانیت بڕە پارەکانت ڕێک بخەیت پاشان داوای وێنەی چاپکراوی پشکنینەکانت لەسەر پسوڵەکەت بکەیت. کاتێک پارە لە شێوەی پشکنین لە ئامێرەکە دادەنرێت، ڕەنگە بانکەکە ڕێگە نەدات دەستت بە پارەکانت ڕابگات تا پشکنینەکەت پاک دەبێتەوە و تەواو دەبێت. 

گواستنەوەی پارە: لەوانەیە بتوانیت ئامێری ئەی تی ئێم بۆ گواستنەوەی پارە لە نێوان ئەو هەژمارانەی کە لە بانکەکەدا هەن بەکاربهێنیت. تەنها پێویستە کارتەکەت بەکاربهێنیت و گواستنەوەی پارە یان گواستنەوەی خێرا هەڵبژێریت. 

بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت ٢٠٠ دۆلار لە هەژماری پاشەکەوتەکەتەوە (ئەو هەژمارەیە بەکاردێت بۆ دانانی پارە پاشەکەوتکراوەکانت یان تەرخانکردنی پارە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو.) بۆ هەژماری کراوە (ئەو هەژمارەیە کە دەتوانیت کە مامەڵەکانی ڕۆژانەدا بەکاری بهێنیت، وەکوو وەرگرتنی پارەی ڕاستەوخۆی مووچە و دەرهێنانی پارەی کاش لە ئامێری ئەی تی ئێم.) بگوازیتەوە، دەتوانیت بە هەڵبژاردنی گواستنەوە لە ئەی تی ئێمدا ئەنجامی بدەیت. هەروەها گواستنەوەی باڵانسیش لە نێوان هەژمارەکاندا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت وەک ئەوەی لە ئەپی مۆبایل و ماڵپەڕە بانکییەکاندا بەکاردەهێنرێت. 

پشکنینی باڵانس: هەروەها دەتوانیت سەردانی ئەی تی ئێم بۆ بینینی باڵانسی هەژماری ئێستات بکەیت. ئەم تایبەتمەندییە ڕەنگە بەسوود بێت ئەگەر بتەوێت بزانیت چەندە دەتوانیت خەرج بکەیت لە کاتی بەکارهێنانی دێبت کارت یان نووسینی چەکی پارە. هەروەها باڵانسی هەژمارەکەت شتێکە کە دەتوانیت بە چوونە ژوورەوە بۆ ئەپی مۆبایل یان ماڵپەڕی بانکەکەت سەیری بکەیت. زانینی باڵانسەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات لە خەرجکردنی زیادە یان زیادەڕۆیی کردن لەو پارەیەی لە هەژمارەکەت بەردەستە.

چۆنیەتی دانانی پارە لە ئەی تی ئێم

دانانی پارە لە ئەی تی ئێم ڕەنگە لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی تر بە شێوەیەکی جیاواز کار بکات. بەڵام لێرەدا چەند ڕێنماییەکی گشتی دەخەینەڕوو:

  • کارتەکەت بخەرە شوێنی کارت.
  • ژمارەی ناسنامەی کەسیت داخڵ بکە.
  • لە شاشەی ئەی تی ئێمەکە بژاردەی (Deposit) هەڵبژێرە.
  • جۆری پارەی پێشەکی کاش یان چێک هەڵبژێرە.
  • پارە نەختینەکە یان چێکەکە بخەرە ناو ئامێرەکەوە.
  • ڕێنماییەکانی سەر شاشەی ئەی تی ئێم جێبەجێ بکە بۆ تەواوکردنی پارە دانانەکەت.

چۆنیەتی دەرهێنانی پارە لە ئەی تی ئێم

وەرگرتنی پارە لە ئەی تی ئێم ڕەنگە لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی تر بە شێوەیەکی جیاواز کار بکات. بەڵام لێرەدا چەند ڕێنماییەکی گشتی دەخەینەڕوو:

  • کارتەکەت بخەرە شوێنی کارت.
  • ژمارەی ناسنامەی کەسیت داخڵ بکە.
  • بڕی ئەو پارە نەختینەیە هەڵبژێرە کە دەتەوێت ڕایبکێشیت.
  • پارە نەختینەکە لە دابەشکەری پارەی کاشی ئەی تی ئێمەکە وەربگرە.
  • ڕێنماییەکانی سەر شاشەی ئەی تی ئێمەکە بۆ تەواوکردنی پارە ڕاکێشانەکە جێبەجێ بکە.

سوودەکانی ئەی تی ئێم

گەورەترین سوودی ئەی تی ئێم دەستڕاگەیشتنە بە پارەی کاش لە هەر کات و شوێنێکدا کە ئامێرەکەی لێبێت. 

دەتوانرێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بانکی لە هەندێک وڵاتی کەم داهاتدا بەکاربهێنرێت کە کەم کەس بانکەکان بەکاردەهێنن، ئاسانکاری بۆ خزمەتگوزارییە داراییە فەرمییەکان لە ناوچە دوورەکاندا دەکات.

ئەی تی ئێم کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بەرفراوان پێشکەش دەکەن، وەکوو مامەڵەی بێ کارت، دانانی پارە، پشکنینی باڵانس، پارەدانی کەسێک بە کەسێکی تر و کاشکردنی چەکی پارە.

ئەی تی ئێمەکان لە کاتی قەیراندا زۆر پێویستن، سوودیان ئەوەیە کە بەردەوام کاردەکەن لە کاتی قەیرانەکانیشدا، کاتێک بازرگانییەکان بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە، قەیرانی تەندروستی و بێبازاڕی ئابووری دادەخرێن ئەوان بەردەوامن لە کارکردن بەمەش جووڵەیەک دروست دەکەن. 

لە ڕووی مێژووییەوە لە کاتی قەیرانەکاندا خواست لەسەر پارەی کاغەزی زیاد دەکات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە دڵنیایی زیاتر دەکات کاتێک سەروەت و سامانەکەی لای خۆیەتی، ئەمانەش گرنگی ئەی تی ئێمەکان پشاندەدەن. 

گرفتەکانی ئەی تی ئێم 

یەکێک لە گرفتەکانی ئەی تی ئێم ئەوەیە کە هەم لە ڕووی فیزیکی و هەم لە ڕووی ئەلیکترۆنییەوە لاوازن، بەمەش دەکرێت لەلایەن تاوانباران و دز و هاککەرەکانەوە بکرێتە ئامانج. دەتوانرێت بەرنامەی زیانبەخش بۆ دەستگەیشتن بە پارەی نەختینەیی خەڵک بەکاربهێنرێت.

هەروەها دەتوانرێت ئامێری خوێندنەوەی خێرا و کامێرای بچووک لەسەر ئەی تی ئێم دابنرێت. تاوانبارانی تر دەتوانن بە شێوەیەکی فیزیکی ئامێرەکە تێکبشکێنن بۆ ئەوەی دەستیان بە پارەی کاش بگات. 

ئەی تی ئێمیش وەک هەر ئامێرێکی تر بە دڵنیاییەوە دەکرێت تێکبچێت و لەکاربکەوێت، هەرچەندە ئەمە دەگمەنە. ڕەنگە هەندێک لە ئامێرەکان کارتی بانکی نەناسنەوە یان پارەی کاشیان تەواو بێت. هەروەها سنوورێک هەیە بۆ بڕی پارەی نەختینەیی کە دەتوانرێت لە ئامێرەکەی وەربگیرێت کە دەتوانێت ببێتە مایەی گرفت بۆت ئەگەر پێویستت بە پارەی زیاتر بێت. 

هەروەها ئەگەر کێشەیەک لە کارتی بانکیت هەبوو یان ژمارەی ناسنامەی کەسیت لەبیرکرد، ناتوانیت هەژمارەکەت بکەیتەوە و مامەڵەکانت ئەنجام بدەیت. 

ئەی تی ئێمی بێ کارت چییە؟

هەندێک لە ئەی تی ئێمەکان ڕێگەت پێدەدەن مامەڵەی بێ کارت ئەنجام بدەیت. ئەی تی ئێمی بێ کارت ڕێگەت پێدەدات پارە دەربهێنیت و مامەڵەی تر ئەنجام بدەیت، بەبێ ئەوەی کارتەکەت بخەیتە ناو کارت خوێنەرەوە. 

لەبری ئەوەی پشت بە کارت ببەستن، ئەم ئامێرە ئەی تی ئێمانە جۆرە جیاوازەکانی تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنن، وەکوو کۆدی پشتڕاستکردنەوە یان پەنجەمۆر، بۆ بەستنەوەی ئەپی مۆبایل لەسەر مۆبایلەکەت بە ئەی تی ئێمەوە. کاتێک بە هەندێک هەنگاوی ئاسایشدا تێدەپەڕیت، دەتوانیت مامەڵەی بازرگانی لە ئەی تی ئێم وەک ئەوەی کارتێکی فیزیکی بەکاربهێنیت بکەیت.

ئەو پرسیارانەی دەربارەی ئەی تی ئێم دەکرێت

ئایا ئەی تی ئێم کامێرای چاودێری تێدایە؟

بەڵێ، زۆربەی ئەی تی ئێمەکان بەلایەنی کەمەوە کامێرایەکی چاودێری تێدایە.

ئایا دەتوانیت سوود لە پارەی کانزایی بۆ ئەی تی ئێم وەربگریت؟

نەخێر، تەنها دەتوانیت سوود لە دراوی کاغەزی وەربگریت.

ئایا ئەی تی ئێم دەتوانێت کارتەکەت نەداتەوە؟

بەڵێ، ڕەنگە ئەی تی ئێم کارتەکەت لە هەندێک بارودۆخدا بهێڵێتەوە. دۆخێکی باو ئەوەیە کە کارتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو کارت خوێنەری ئەی تی ئێمەکە بەجێبهێڵرێت. لە زۆر باردا کارتێک کە لەلایەن ئەی تی ئێمەکەوە هەڵدەگیرێت ئەگەر کاتێکی زۆری پێ بچێت پارچە پارچە دەکرێت.

دەتوانیت چەند پارە لە ئەی تی ئێم وەربگریت؟

سنووری دەرهێنانی پارە بۆ ئامێری ئەی تی ئێم بەگشتی لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠٠ دۆلاردایە لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئەم سنوورانە بەپێی دامەزراوە داراییەکان و جۆری هەژمار و پەیوەندی لەگەڵ بانک یان یەکیەتییەکانی قەرزکردن دەگۆڕێت.

ئەی تی ئێم چی جۆرە پۆلێنێکی پارە دابەش دەکات؟

بە شێوەیەکی ئاسایی ئەی تی ئێمەکان پارەکان بە ٢٠ دۆلاری و ١٠ دۆلاری و پێنج دۆلاری دابەش دەکەن.

ئاڵوگۆڕی دراو لە ئەی تی ئێم لە دەرەوەی وڵات دەکرێت؟

بەڵێ، لە ڕێی ئەی تی ئێمەوە دەتوانیت ئاڵوگۆڕی دراویش لە دەرەوەی وڵات بکەیت، هەروەها یەکێکە لە باشترین شوێنەکان بۆ ئاڵوگۆڕ، زۆرێک لە بانکە ئەمریکییەکان بۆ بەکارهێنانی ئەی تی ئێمی بیانی پارە دەگەڕێننەوە و هیچ پارەیەکی زیادە وەرناگرن.

ئایا ئەی تی ئێم لە هەرێمی کوردستان بەردەستە؟

بەڵێ، لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەردەستن، هەم مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی و هەم بە دیناری عێراقییەوە دەکەن. 


سەرچاوەکان

98 بینین