چاندنی برۆکلی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-29-19:38:00 - کۆدی بابەت: 10805
چاندنی برۆکلی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی برۆکلی (بە ئینگلیزی: Broccoli، بە عەرەبی: البروکلي)، یەکێکە لە ئەو سەوزانەی کە چەندین جۆری جیاوازی هەیە، بەناوبانگترین جۆری کە ئێستا جۆرە باوەکەیەتی لە ئیتاڵیا بەرهەمهێنراوە، بە ناوی یەکێک لە جێگەکانیشییەوە ناونراوە کە کالابریایە و بە برۆکلییەکەش دەوترێت برۆکلی کالابری، پەیوەندی و پەیوەستییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ قەڕنابیت و چەندین ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • لە وەرزی بەهاردا دەچێنرێت، بەڵام باشترە کە پێشتر خاکەکەی بەپیتبکرێت.
  • چەکەرەکردنی تۆو لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە پلەی گەرمی خاکەکەی بگاتە چوار پلەی سەدی، بەڵام تاکوو پلەی گەرمییەکەی بەرزتربێت خێراتر چەکەرە دەکات.
  • تۆوەکانی لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت، مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تریش باشترە نزیکەی هەشت سانتیمەتر ببێت.
  • کاتێک تۆوەکان چەکەرە دەکەن و دەگەنە درێژی ٥-٨ سانتیمەتر، ئەوا ژمارەی بنجەکان کەمدەکرێنەوە و تەنک دەکرێت، بەجۆرێک کە مەودای نێوان دانەیەک بۆ یەکێکی تر بگاتە ٣٠-٥٠ سانتیمەتر، مەودای نێوان ڕیزەکانیش باشترە نزیکەی یەک مەتر ببێت.
  • لەپاش چاندن پێویستە ئاوی باشی پێبدرێت، لە کاتەکانی دواتریشدا ئاودانێکی ڕێکخراوی پێویستە، بۆ ئەوەی زۆرینەی کاتەکان بە شێداری بهێڵرێتەوە، بەتایبەتیش لە کەشە وشک و گەرمەکاندا ئاودانی زیاتری پێویستە.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەکەی بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری هەبێت و ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٦-٨ کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، چونکە نەبوونی ڕووناکی خۆری پێویست دەبێتە هۆی بەرهەمێکی لاواز و باریک، هەروەها پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ترش بۆ هاوکێشبێت، بەڵام خاکەکە شێدار و بەپیتبێت و ئاوی بە باشی وشکببێتەوە، لە پاش چاندنی کاتێکی زۆر دەخایەنێت هەتاکوو پێدەگات بۆیە پێویستی با ئارامگرتنی زۆر هەیە.  

ڕەنگی گوڵەکەی زەردە و دواتر دەگۆڕێت بۆ بەرێکی سەوز و لە چەندین پەل پێکهاتووە، کاتی لێکردنەوەی باشترە لەبەیانیاندا بێت بەڵام ڕێگە نەدرێت کە کۆتاییەکانی پەلەکان زەرد ببن یاخود بەرزببنەوە بۆ گوڵگرتن، کاتێک بەرەکە لێدەکرێتەوە باشترە قەدێکی چەند سانتیمەتریشی لەگەڵدا لێبکرێتەوە، زۆربەی جۆرەکانی برۆکلی گەشەسەندنی بەریان لە لقەکانی خوارەوەدا دەبێت، کاتێک سەرەکەی لێدەکرێتەوە، کە دواتر بۆ ماوەی چەندین هەفتە و مانگی دواتر بەرهەمی زیاتری دەبێت.

لە پاش لێکردنەوەی دەکرێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت، بەڵام ئەگەر سەرەتا بشۆردرێتەوە ئەوا پێویستە بە جوانی وشکبکرێتەوە، دواتریش دەکرێت بخورێت یاخود لەگەڵ بەرهەمی جیاوازتردا بەکاربهێنرێت و تێکەڵبکرێت، جگە لە ئەمانەش دەکرێت برۆکلییەکان ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی مێروویی و کەڕوویی ببنەوە، یاخود بەهۆی لاوازی و نەبوونی ماددەی خۆراکی پێویست لە خاکەکەیدا بەرهەمەکەی دەشێوێت، بۆ هەموو ناڕێکییەکان سەرەتا پێویستە هۆکارەکە دەستنیشان بکرێت، دواتر چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.  


سەرچاوەکان



276 بینین