ڕێشان حەمۆ

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2023-01-03-20:54:00 - کۆدی بابەت: 10835
ڕێشان حەمۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێشان محەمەد ئیبراهیم ناسراو بە ڕێشان حەمۆ (بە عەرەبی: ريشان حمو، بە ئینگلیزی: Reshan Hemo) لەدایکبووی ٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩١ـە. ئەکتەر، کۆمیدیان و مۆسیقاژەنێکی کوردی ڕۆژاوای کوردستانە. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا، دەستی بە کاری هونەری کرد. سەرەتا بە کورتە ڤیدیۆی کۆمیدی دەستی پێکرد، پاشان دەستی کرد بە پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕێشانیزم. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، وەک ئەکتەر بەشداریی لە فیلمی پەیکەری دڵ کرد. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، بە ڕۆڵی سەرەکی بەشداریی لە درامای چەرخ و فەلەک کرد. لە ٢٠٢٢ـدا، وەک ئەکتەری سەرەکی لە شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆدا بەشدار بوو.

زانیاری گشتی

ڕێشان حەمۆ

ناوی تەواوی

ڕێشان محەمەد ئیبراهیم

لدایکبوون

٨ـی حوزەیرانی ١٩٩١، عەفرین، سووریا

پیشە

ئەکتەر، کۆمیدیان، مۆسیقاژەن

خەڵاتەکان باشترین پڕۆژەی میدیایی، ڕێکخراوی کۆسۆڤ
کەناڵی یوتیووب Reshan Hemo
ماوەی چالاکبوون لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بەردەوامە
ژانەر کۆمیدیا
ژمارەی سەکسکرایبەرەکان تاکوو ئازاری ٢٠٢٢، ١٤٩ هەزار
کۆی گشتی بینەر تاکوو ئازاری ٢٠٢٢، ١٩.٥ ملیۆن

ژیاننامە

ڕێشان حەمۆ لە ڕۆژاوای کوردستان لە شاری عەفرین لە ناو خێزانێکی هونەری لە دایکبووە. لە تەمەنی چوار ساڵییدا دەستی بە ژەنینی ئامێری دەربووکە کردووە و لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ڕۆژاوای کوردستان، وەک ڕەشید سۆفی و عەزیز محەممەد و باڤێ سەڵاح، بەشداریی کردووە.

تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٠، باوکی ڕێشان، محەممەد حەمۆ، لەلایەن حکوومەتی سووریاوە، بەهۆی فرۆشتنی پەرتووکی کوردی، چەندینجار زیندانی کرا و ئەشکەنجەدرا، کە وای کرد کە خۆی و خێزانەکەی ناچار ببن بچن بۆ باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببن.

لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، چووە بەشی مۆسیقای پەیمانگەی هونەرە جوانەکان. دوای دوو ساڵ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە شەقامی بەرامبەر پەیمانگەکە، کە بووە هۆی شکاندنی دەستی، وازی لە خوێندن هێنا. دوای بەجێهێشتنی خوێندن، دەستی بە ژەنینی ئامێری درامس کرد و لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی وەک یاس خدر، میکایل، ناسر ڕەزازی و دیاری قەرەداغی بەشداریی کرد.

لە ساڵی ٢٠١٢ـدا، بەهۆی باری ئابووری بڕیاری دا وەکوو پیشە واز لە مۆسیقا بهێنێت و دەست بە کاری نواندن بکات. سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ڤیدیۆی کورتی کۆمیدی دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، بەشداریی لە چەند ڕیکلامێکی تەلەڤیزیۆنی کرد، کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو لە ناو خەڵکدا بە وشەی (بەثیتە).

لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، دەستیکرد بە پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕێشانیزم، کە بەرنامەیەکی هەفتانە بوو کە بەشێوەیەکی کۆمیدی ئامێز باسی لە دیاردەکانی کۆمەڵگە دەکرد.

لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، خەڵاتی باشترین پڕۆژەی میدیایی لەلایەن ڕێکخراوی کۆسۆڤەوە بە دەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لە فیلمی پەیکەری دڵ، کە لە دەرهێنانی شوان عەتووف بوو، بەشدار بوو. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، وەک ئەکتەری سەرەکی بە ڕۆڵی ئاسۆ لە درامای چەرخ و فەلەک بەشدار بوو. لە ٢٠٢٢ـدا، وەک ئەکتەری سەرەکی بە ڕۆڵی بابلۆ لە شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆدا بەشدار بوو.

فیلمۆگرافی

  • فیلم، پەیکەری دڵ، لە ساڵی ٢٠١٩، لە ڕۆڵی هیوا
  • تەلەڤزیۆن، چەرخ و فەلەک، لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ڕۆڵی ئاسۆ
  • شانۆ، دوا ڕۆژەکانی بابلۆ، لە ساڵی ٢٠٢٢.


سەرچاوەکان



266 بینین