چۆن بەهرەی منداڵان بدۆزینەوە؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-09-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10866
چۆن بەهرەی منداڵان بدۆزینەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بەهرەی منداڵان بدۆزینەوە؟ (بە ئینگلیزی: ?How to discover children's talent، بە عەرەبی: كيف تكتشف موهبة الأطفال؟)، منداڵان پڕن لە توانای جیاواز و کاتێک دەرفەتی گونجاویان پێدەدرێت، دەبنە مرۆڤێكی سەرسوڕهێنەر. ئەرکی دایک و باوکە کە لە کاتی خۆیدا بەهرەی منداڵەکەیان بدۆزنەوە و پەرەی پێ بدەن. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات بە تاقیکردنەوەی بەرفراوان و گرانبەهادا تێپەڕیت بۆ دەستنیشانکردنی بەهرەی منداڵەكەت. ئەگەر شتێک سەرنجی منداڵەکەت ڕابکێشێت، دەتوانێت نیشانەی حەز و بەهرەی منداڵەکە بێت لەو بوارەدا. دەتوانیت ئەم دەرفەتە بەکاربهێنیت بۆ تێگەیشتن لە بەرژەوەندییەكانی منداڵ و یارمەتیدانی لە پەرەپێدانی ئەم بەهرانە. هەروەها، ڕێكار و شێوازی کاریگەر و سادە هەیە بۆ دۆزینەوەی بەهرەی منداڵان لە ماڵەوە و لە قوتابخانە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین هەندێک لەو ڕێكارانەتان پێ بناسێنین.

  1. بۆ دۆزینەوەی بەهرەی منداڵان، لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست پێبکە: لە ساڵی ٢٠١٤ توێژینەوەیەک لەلایەن دانیاڵ کۆیڵەوە ئەنجامدرا. بەو ئەنجامە گەیشتووە کە زۆربەی کەسە بەناوبانگەکان لە یاریزانانی شەترەنجەوە تا پاڵێوراوانی خەڵاتی گرامی، توانیویانە لە نێوان تەمەنی دوو تا پێنج ساڵی بە یارمەتی دایك و باوكیان بەهرەكانی خۆیان بدۆزنەوە. بۆیە هەروەک چۆن منداڵەکەت دەنێریت بۆ قوتابخانە و هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست بە فێركردنی دەکەیت، پێویستە هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە گرنگی بە دۆزینەوەی بەهرەی منداڵەكەت بدەیت. یەك منداڵ لەوانەیە چەندین بەهرەی هەبێت. ڕەنگە هەندێکی تر پێویستیان بە کاتێکی زۆر بێت بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانیان. پێویست بە نیگەرانی ناكات لەم بارەیەوە چونکە هەموو منداڵێک تایبەتە. گەورەكان دەتوانن لە تەمەنێکی بچووکەوە یارمەتی منداڵان بدەن بۆ دەستنیشانکردنی بەهرەکانیان و دەرگاکانیان بۆ بکەنەوە بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتە جیاوازەکاندا.
  2. پەلە مەکە لە دۆزینەوەی بەهرەی منداڵ: یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی بەهرە لە منداڵاندا ئەوەیە کە ڕێگەیان پێبدەیت ئازاد بن. هەندێک جار، دایک و باوک فشارێکی زۆر دەخەنە سەر منداڵەکانیان و بە چەندین چالاکیی سەرقاڵیان دەکەن. هەندێک لە منداڵان هەموو ڕۆژێکی هەفتەكە سەرقاڵن و لە پشووەکانیاندا دەچنە دەورە جیاوازەکان. ئەمەش دەكرێت بۆ منداڵان زۆر قورس و بێزارکەر بێت و تەنانەت ئەنجامێكی پێچەوانەی هەبێت. ڕێگای نموونەیی بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانی منداڵان ئەوەیە کە ئازادی و کاتێکی پێویستیان پێ بدرێت بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانیان.
  3. بۆ ئەوەی بەهرەی منداڵەکە دەستنیشان بکەیت، پێویستە جۆری زیرەکی منداڵەکەت بزانیت: لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هاوارد گاردنەر بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بە ناوی "تیۆری فرە زیرەكی" شۆڕشێکی گەورەی لە جیهانی فێركردندا کرد. بەپێی تیۆرییەكە، هەر کەسێک جۆرێکی جیاوازی زیرەکی هەیە، کە ئەگەر گرنگی پێبدرێت، دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە پەرەپێدانی بەهرەی منداڵدا. یەکێک لە ئەرکەکانت وەک دایک و باوک بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندی منداڵەكەت، دەستنیشانکردنی جۆری زیرەکی و هاندانیەتی بۆ پەرەدان بە تواناكانی. 
  4. گرنگی بە چالاکییەکانی بدە: منداڵان بە گشتی بەهرەکانیان بە باشی ناناسنەوە، هەرچەندە وەكو ئارەزوو شوێنیان دەكەون. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت ئارەزووی تایبەتی بۆ سندوقێکی قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ نیشان بدات، ئەوە دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە حەزی لە وێنەکێشان و هونەرە. لەوانەیە هێشتا بە قەڵەمەكەی زۆر شت نەکات، بەڵام سەرنج و ئارامیت دەبێتە هۆی گەشەکردنی بەهرەکانی منداڵەکە. ئەگەر هەماهەنگی دەست و چاوی منداڵەکەت باش بێت، لەوانەیە بتوانێت ئامێرێکی مۆسیقا بە دروستی لێبدات. ئەگەر توانای جوڵەی بەهێزی هەبێت، دەكرێت بەهرەی لە وەرزشدا هەبێت. بە گشتی ئەگەر زیاتر گرنگی بە چالاکییە گەورە و بچووکەکانی منداڵەکەت بدەیت، دەتوانیت هەنگاوی کاریگەر بنێیت بۆ دۆزینەوەی بەهرەی منداڵەکەت.
  5. دەرفەت بۆ منداڵەکە بڕەخسێنن کە ئاشنا بێت بە چالاکییە جیاوازەکان: بۆ دۆزینەوەی بەهرەی منداڵ، هەوڵبدە لە تەمەنێکی بچووکدا بە زمانە نوێیەکان، مۆسیقا، گۆرانی، نیگارکێشان، وەرزش و چالاکییەکانی دیکەی ئاشنا بکەیت. با منداڵەکان هەموو شتێک تاقی بکەنەوە و دواتر ئەو چالاکییە دەستنیشان بکەن کە زۆرترین سەرنجیان بۆی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر بۆت دەرکەوت کە منداڵەکەت حەزی لە یارییە ڤیدیۆییەکانە، ئەوا بە بوارە جیاوازەکانی وەک دیزاینی ئەنیمەیشن، پەرەپێدانی یارییە ڤیدیۆییەکان، یان گرافیکی ئاشنا بکە. ئەگەر ئارەزووی وەرزشی هەیە، ناوی تۆمار بکە لە خولە وەرزشییەکان. بەم کارە هەم یارمەتیت داوە بۆ پەرەپێدانی بەهرەكەی و هەم وەرزش سوودی هەیە بۆ منداڵەكەت.
  6. بەهێزکردنی نیشانەکانی بەهرە لە منداڵدا: مەبەست لە ستایشکردن ئەوەیە کە متمانە بە منداڵەکە دروست بکات سەبارەت بە هەر شتێک کە بتوانێت بە باشی ئەنجامی بدات. بێگومان ئەوە بزانە کە زۆر ستایشکردن دەتوانێت زیان بە گەشەکردنی بەهرەی منداڵ بگەیەنێت، بەڵام کاتێک بە دروستی ئەنجام بدرێت، دەتوانێت متمانەی منداڵ بە تواناکانی بەهێزتر بکات. لە کاتی هاندان و ستایشکردنی منداڵان باشتر وایە دەستنیشان بکرێت کە منداڵەکە چی بە دروستی دەکات. بۆ نموونە منداڵێک لەبەرچاو بگرن کە بەهرەمەند بێت لە خوێندنەوەی شیعردا. ڕەنگە لە سەرەتاوە تەواوی شیعرەکەی باش نەبێت و تەنها بەشێکی باش بێت بەهۆی بەکارهێنانی قافیەی دروستەوە، دەتوانیت ئەم بەشە بکەیتە ئامانج و ستایشی بکەیت. هەروەها با بزانن کە پێویستە کار لەسەر چ بەشێك بکەن. شێوازی دروستی هاندانی تۆ دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە دۆزینەوەی بەهرەی منداڵەکە و پەرەپێدانی.
  7. ستایشی هەوڵی منداڵەکەت بکە: بەپێی فەرهەنگی مێریام وێبستەر، دەتوانرێت هەوڵدان بە ئەوە پێناسە بکرێت كە کۆی ئەو كارانەیە كە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. وەک دایک و باوکێک ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە منداڵەکەت لە بوارێکی دیاریکراودا هەوڵێكی زۆر دەدات، پێویستە پاداشتیان بكەیت بۆ ماندووبوونەكەیان. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت حەزی لە مۆسیقایە، دەتوانیت پیانۆیەکی بۆ بکڕیت و لە دەورەیەكی پەیوەندیدار ناوی تۆمار بکەیت. ئێستا ئەگەر منداڵەكەت لە ماوەیەکی کورتدا فێری ژەنینی ئاوازی جیاواز بوو، لەم كاتەدا دەبێت پێزانینت هەبێت بۆ هەوڵدانی منداڵەكەت.
  8. دەوڵەمەندکردنی زانیاری منداڵ لە بواری بەهرەکەیدا: لە کاتی پەرەپێدانی بەهرەی منداڵەکەتدا، هەموو دەرفەتێک بقۆزەوە بۆ فراوانکردن و دەوڵەمەندکردنی تێگەیشتنی بۆ بابەتەکە چونکە ئەمە ڕێنمایی و ئیلهامبەخشی دەبێت بۆ ئاراستەی دروست. هەروەها ئاشنای بكەن بە ژینگە پەیوەندیدارەکان و پیشەگەرە جیاوازەکان. بۆ نموونە ئەگەر ئەو ژەنیارێكی جاز بێت، بیبە بۆ هەندێک کۆنسێرتی جاز. ئەگەر ئەکتەرێکی بەتوانایە، پێشنیاری بۆ بکەن کە شانۆیەک ببینێت. ئەگەر مەلەکردن خاڵێكی بەهێزی ئەو بێت، بیبە بۆ پێشبڕکێکانی مەلەوانی ناوخۆیی و پێکەوە سەیری پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی مەلەکردن بکەن لە تەلەفزیۆن.
  9. حەزەكانی خۆتان بەسەر منداڵەکانتاندا مەسەپێنن: زۆرێک لە دایک و باوکان حەز دەکەن چالاکییە دڵخوازەکانی خۆیان بۆ منداڵەکەیان هەڵبژێرن. ئەی ئەگەر منداڵەکەت حەزی لەم چالاکییە نەبێت؟ کاتێک دایک و باوکان حەزەكانی خۆیان بە زۆر بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن. تەنها لەبەر ئەوەی کوڕی هاوڕێکەت یاری بۆ تیپێکی تۆپی پێی بەناوبانگ دەکات، مانای ئەوە نییە کە منداڵەکەت دەبێت ببێتە یاریزانی تۆپی پێ. لەوانەیە لەو بوارەدا بەهرەی نەبێت! دەبێت بڵێین کە منداڵەکەت خەونی گەورەی هەبێت شتێکی ئاساییە. بەڵام ئەوەی خراپە ئەوەیە کە منداڵەکەت ناچار بکەیت چالاکیەک ئەنجام بدات کە هیچ حەزێكی بۆی نییە. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە دەتوانێت مەترسی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵەکەت دروست بکات. بۆیە لە پێناو پەرەپێدانی تواناکانی، با منداڵەکەت ئازادانە بواری دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت و پاڵپشتی بكەن.
  10. لە ناسینی بەهرەكانیدا، ئیلهامبەخشبە بۆ منداڵەكەت: منداڵان زیاتر هەست بە زیندوویی و ئازادی دەکەن کاتێک دەتوانن لە ژینگەیەکدا کار بکەن کە ئیلهامبەخش بێت بۆ بەهرەکانیان. بۆ نموونە ئەگەر ئاواز دانەریت، دەتوانیت ماڵەکەت بە وێنەی هونەرمەند یان مۆسیقاژەنە دڵخوازەکانت بڕازێنیتەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا بەهۆی ئەنجامدانی هونەرێکی دیاریکراوەوە ڕێزت لێگیراوە، ئەوا ئەو تابلۆ و خەڵاتانەی کە بەدەستت هێناوە دەتوانن بەشێک بن لە دیکۆراتی ماڵەکەت. زۆر گرنگە خولیای خۆت لەگەڵ منداڵەکانتدا بەش بکەیت، چونکە ئەمە وایان لێدەکات زیاتر گرنگی بە بەهرەکەیان بدەن، ئەنجامەکەی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی بەهرەی منداڵان.
  11. ئامانجێک دابنێ بۆ پەرەپێدانی بەهرەی منداڵ: یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی دایک و باوک لە دەستنیشانکردنی بەهرەی منداڵ و پەرەپێدانی دانانی ئامانجە بۆ منداڵ. دەتوانیت پلان دابنێیت بۆ بەهێزکردنی لێهاتوویی و بەهرەی منداڵان و هانیان بدەیت بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو. ئەنجامدانی ئەم کاره سوودی زۆری بۆ منداڵ هەیه. بە دانانی ئامانج، یارمەتی منداڵەکە دەدەیت کە سەرنجی لەسەر ئەو کارە بێت کە دەیکات و بڕیاری باشتر بدات. هەروەها ئەم کارە زۆر بەسوودە بۆ فێرکردنی بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی کات. لە کۆتاییدا دانانی ئامانج متمانەی زیاتر بە منداڵەکە دەبەخشێت. بە گەیشتن بە هەر ئامانجێکی دیاریکراو هەست بە سەرکەوتن دەکات و متمانەی زیاتری بە تواناکانی دەبێت. ئەم بابەتە وا لە منداڵ دەکات بە ئاراستەی بەهرەکەیدا بڕوات.


سەرچاوەکان



672 بینین