ئەریزۆنا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-11-22:03:00 - کۆدی بابەت: 10877
ئەریزۆنا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئەریزۆنا (بە ئینگلیزی: Arizona، بە عەرەبی: أريزونا)، ویلایەتێکە لە باشووری ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە شەشەم گەورەترین و ١٤هەمین قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتەکەیەتی. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٧٫١٥١٫٥٠٢ کەس بوو و پایتەخت و گەورەترین شاری فینیکسە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی ئەریزۆنا بەشێکە لە ناوچەی چوارگۆشە، کە ناوچەیەکە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا و لە گۆشەی باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتی کۆلۆرادۆ، گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی یوتا، گۆشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئەریزۆنا و گۆشەی باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتی نیو مەکسیکۆ پێکهاتووە. ویلایەتە دراوسێکانی تری ئەم ویلایەتە بریتین لە ویلایەتی نیڤادا لە باکووری ڕۆژاوا، کالیفۆرنیا لە ڕۆژاوا و ویلایەتی مەکسیکی سۆنۆرا و باجا کالیفۆرنیا لە باشوور و باشووری ڕۆژاوا. ڕووبەری ویلایەتەکە ٢٩٥٫٢٣٤ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٢ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. سەرەڕای ئەوەش درێژییەکەی ٦٤٥ کیلۆمەتر و پانییەکەشی ٥٠٠ کیلۆمەترە. باشووری ویلایەتی ئەریزۆنا بە کەشوهەوای بیابانی ناسراوە، کەشی ویلایەتەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا زۆر گەرمە و لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە. باکووری ویلایەتی ئەریزۆنا بە دارستانی دار سنەوبەر و سنەوبەری دۆگلاس و داری ڕازاندنەوە، بانی کۆلۆرادۆ؛ زنجیرە شاخەکان (وەک زنجیرە شاخەکانی سانفرانسیسکۆ) و هەروەها دەربەندی گەورە و قووڵ تایبەتمەندە. جگە لە پارکە نەتەوەییەکەی گراند کانیۆن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراوە و یەکێکە لە حەوت سەرسوڕهێنەرە سروشتییەکانی جیهان، چەندین دارستانی نیشتمانی و پارکی نەتەوەیی و مۆنۆمێنتی نیشتمانییەکانی تێدایە.

مێژوو و گرنگی ویلایەتەکە

ویلایەتی ئەریزۆنا ٤٨هەمین ویلایەت و دوا ویلایەتی کیشوەرییە کە لەلایەن یەکێتییەکەوە دانی پێدانراوە، لە ١٤ـی شوباتی ساڵی ١٩١٢ـدا بوو بە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی مێژووییەوە بەشێکە لە خاکی ئەڵتا کالیفۆرنیا لە ئیسپانیای نوێ و لە ساڵی ١٨٢١ بوو بە بەشێک لە مەکسیکی سەربەخۆ. دوای ئەوەی مەکسیکییەکان لە جەنگی مەکسیک و ئەمریکادا شکستیان هێنا، مەکسیک بەشێکی زۆری ئەم خاکەی لە ساڵی ١٨٤٨ـدا بە ئەمریکا بەخشی. بەڵام بەشی باشووریترینی ویلایەتەکه لە ساڵی ١٨٥٣ـدا کڕدرا. لە ساڵانی ١٩٥٠ـەوە ژمارەی دانیشتووان و ئابووری ویلایەتی ئەریزۆنا لەناکاو گەشەی کرد، هۆکاری ئەم گەشەکردنەش کۆچکردن بوو بۆ ویلایەتەکە. لە ئێستادا ئەریزۆنا ناوەندێکی سەرەکی سەن بێڵت (Sun Belt)ـە. شارەکانی وەک فینیکس و توکسۆن گەورە بوون و بەرەو دەرەوەی شار پەلیان کێشاوە. زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی وەک PetSmart و Circle K بارەگای سەرەکییان لە ویلایەتەکەدا هەیە و ویلایەتی ئەریزۆنا شوێنی زانکۆ گەورەکانە، لەوانە زانکۆی ئەریزۆنا و زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

فەرمانگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنای لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ٧٫١٥١٫٥٠٢ کەس تۆمار کرد. ئەم ژمارە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ڕێژەی ١٢٪ زیادی کردووە.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا، دانیشتووانی ئەریزۆنا جیا جیا و دوور لەیەک لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون. لە سەرژمێری ساڵی ١٨٦٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی ئەریزۆنا ٦٫٤٨٢ کەس بووە، کە ٤٫٠٤٠ کەسیان وەک "هیندی"، ٢١ کەسیان وەک "ڕەش پێست" و ٢٫٤٢١ کەسیان وەک "سپی پێست" ناویان هاتووە. گەشەی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنا فشارێکی گەورە دەخاتە سەر دابینکردنی ئاوی ویلایەتەکە. لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٦١٪ـی منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵی ویلایەتی ئەریزۆنا سەر بە گرووپە ڕەگەزییە سپی پێستەکان نەبوون.

ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری فینیکس لەساڵی ١٩٩١ـەوە تا ٢٠٠١ بە ڕێژەی ٤٥٪ زیادی کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ویلایەتەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ببێتە دووەم خێرا گەشەسەندووترین ویلایەتی ئەمریکا (خێرا گەشەسەندووترین  ویلایەت نیڤادا بوو). لە مانگی تەممووزی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی فینیکس بە زیاتر لە ٤٫٩ ملیۆن کەس مەزندەکرا. گەورەشاری فینیکس بە تەنها دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنێت.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنا ٦٫٣٩٢٫٠١٧ کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، کۆچبەرانی نایاسایی ٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو، ئەمەش دووەم بەرزترین ڕێژەی بوو لە هەر ویلایەتێکی ئەمریکا.

ڕەگەز و نەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠، ڕەگەز و نەتەوەکانی ویلایەتی ئەریزۆنا بەم شێوەیەن:

  • سپی پێست (ناهیسپانی): ٥٧٫٨٪
  • ڕەسەن (ناهیسپانی): ٤٫٦٪
  • ڕەش پێست (ناهیسپانی): ٤٫١٪
  • ئاسیایی: ٢٫٨٪
  • هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن: ٠٫٢٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١١٫٦٪
  • دوو ڕەگەز یان زیاتر: ٣٫٤٪

پێنج گەورەترین گرووپی ڕەگەزی ئەریزۆنا، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە بریتی بوون لە:

  • ئینگلیزی: ٥٨٪
  • ئەڵمانی: ٩٪
  • ئاسیایی: ٧٪
  • ئەفریقی: ١٢٪
  • ئێرلەندی: ٧٪

زمان

زمانە قسە پێکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنا لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

  • ئیسپانی: ٢١٪
  • ناڤاهو: ٢٪
  • ئەڵمانی: ١٪
  • چینی: ١٪
  • تاگالۆگ: ١٪
  • ڤێتنامی: ١٪
  • زمانە ڕەسەنەکانی تری ئەمریکای باکوور (بەتایبەت زمانە ڕەسەنەکانی ئەریزۆنا): ١٪
  • فەڕەنسی: ١٪
  • عەرەبی: ١٪
  • ئەپاچی: ١٪
  • کۆری: ١٪

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ٤٫٢١٥٫٧٤٩ کەس کە دەکاتە ٧٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنای تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتر لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ١٫٢٠٢٫٦٣٨ کەس کە دەکاتە ٢١٪ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی، ٨٥٫٦٠٢ کەس کە ٢٪ـی دانیشتووانن بە زمانی ناڤاهو، ٢٢٫٥٩٢ کەس کە دەکاتە ١٪ بە زمانی ئەڵمانی، ٢٢٫٤٢٦ کەس کە دەکاتە ١٪ـی دانیشتووان بە زمانی چینی، ١٩٫٠١٥ کەس کە ١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەن بە تاگالۆگ، ١٧٫٦٠٣ کەس کە بە هەمان شێوە ١٪ـی دانیشتووانن بە ڤێتنامی، ١٥٫٧٠٧ کەس کە ١٪ـی دانیشتووان دەکات بە زمانە ڕەسەنەکانی تری ئەمریکای باکوور (بەتایبەتی زمانە ڕەسەنەکانی ئەریزۆنا) دەدوان و زمانی فەڕەنسی وەک زمانی ڕەسەنی دانیشتووانی سەرووی تەمەنی پێنج ساڵ و لەلایەن ١٥٫٠٦٢ کەس بە ڕێژەی ١٪ قسەی پێ‌ دەکرا. بەگشتی، ١٫٥٦٧٫٥٤٨ کەس کە دەکاتە ٢٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنای تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتر بە زمانێکی دایکی جگە لە ئینگلیزی قسەیان دەکرد. بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا زیاتر لە ٨٥٫٠٠٠ كەس لە ماڵەوە بە ناڤاهو و ١٠٫٤٠٣ کەس بە ئەپاچی قسەیان کردووە، ویلایەتی ئەریزۆنا زۆرترین ژمارەی قسەکەرانی زمانە ڕەسەنەکانی ئەمریکای لە ٤٨ ویلایەتە کیشوەرییەکانی تێدایە.

ئایین

لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٠ـدا، سێ گەورەترین گرووپی ئایینیی ویلایەتی ئەریزۆنا بریتیبوون لە کڵێسای کاسۆلیکی، قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح و پرۆتستانتە ئینجیلییە نائایینییەکانن. کڵێسای کاسۆلیکی زۆرترین ژمارەی لایەنگرانی لە ویلایەتەکەدا هەبوو کە ٩٣٠ هەزار کەس بوون، بەدوای ئەویشدا قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح دێت کە ٣٩٢٫٩١٨ ئەندامی هەبوو و دواتر کڵێساکانی پرۆتستانتی ئینجیلی نائایینی کە ٢٨١٫١٠٥ لایەنگریان هەبوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٤، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتین لە:

  • پرۆتستانت: ٣٩٪
  • بێ ئایینەکان: ٢٧٪
  • كاسۆلیکی: ٢١٪
  • ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە: ٦٪
  • مۆرمۆن: ٥٪
  • جوولەکە: ٢٪
  • گەواهی یهوا: ١٪
  • هیندۆس: ١٪
  • بوودی: ١٪
  • مسوڵمان: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ٢٪

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ئایینی هیندۆسی گەورەترین ئایینی نامەسیحی بوو کە زیاتر لە ٣٢ هەزار لایەنگری هەبوو، دواتر ئایینی جوولەکە بە زیاتر لە ٢٠ هەزار لایەنگر و ئایینی بوودی بە زیاتر لە ١٩ هەزار لایەنگر دێت. بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠، ٦٨٪ـی دانیشتووان مەسیحی بوون. هەروەها لە توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠١٤ـی سەنتەری توێژینەوەی پیودا هاتووە کە ٦٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئەریزۆنا مەسیحی بوون. بەپێی هەردوو توێژینەوەکە، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتووانی بێ ئایین لە ٢٧٪ـەوە بۆ ٢٤٪ دابەزی.

ئابووری

تێکڕای بەرهەمی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٧٣ ملیار دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٤٠٫٨٢٨ دۆلارە، کە لە پلەی ٣٩ـی ئەمریکا دایە. پێکهاتەی ئابووریی ویلایەتەکە هەمەچەشنە؛ بەڵام گرنگترین کەرتی ئابووری ویلایەتەکە چاودێری تەندروستی، گواستنەوە و حکوومەتن. لەڕووی مێژووییەوە، ئابووری ویلایەتی ئەریزۆنا پشتی بە مس، ئاژەڵ، گەشتیاری، لۆکە و دار لیمۆ و پرتەقاڵ بەستبوو، هێشتاش مس بەشێوەیەکی بەرفراوان لە زۆرێک لە کانەکاندا بەکار دەهێنرێت و دوو لەسەر سێی بەرهەمی وڵاتەکە پێک دەهێنێت.

کەشوهەوا

بەهۆی ڕووبەرە گەورەکەی و گۆڕانکاری لە بەرزاییدا، کەشوهەوایی ویلایەتی ئەریزۆنا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە. لە ناوچە نزمەکاندا بەزۆری کەشوهەوا بیابانییە، زستانیان مامناوەند و هاوینیان زۆر گەرمە. بە شێوەیەکی ئاسایی لە کۆتایی پاییزەوە تا سەرەتای بەهار کەشوهەوای ویلایەتەکە مامناوەندە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ١٦ پلەی سەدیە. مانگەکانی تشرینی دووەم تا شوبات ساردترین مانگی ساڵن و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ٤ بۆ ٢٤ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا جاروبار کەش زۆر ساردتر دەکات و شەختە دروست دەبێت.

بەنزیکەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە پلەکانی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانی گەرمە و شەوانی فێنکە و بایەکی خۆشی هەیە. کەشی ویلایەتەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا، حوزەیران تا ئەیلوول، گەرمێکی وشکە و پلەکانی گەرما ٣٢ بۆ ٤٩ پلەی سەدین، جاروباریش زیاتر بەرز دەبنەوە، بەتایبەتی لە ناوچە بیابانییەکاندا کە پلەی گەرمی دەگاته ٥٢ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥٣ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٩ـی حوزەیرانی ١٩٩٤ و ٥ـی تەممووزی ٢٠٠٧ تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٠- پلەی سەدی بوو کە لە ٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٧١ـدا تۆمارکرا.

ساڵانە لە ویلایەتی ئەریزۆنا ٣٢٣ مللیمەتر باران دەبارێت، کاتێک لە زستاندا بەرە هەواییە ساردەکانی زەریای هێمن و لە هاویندا وەرزەبای ئۆقیانووسی دێنە ناوچەکەوە دوو وەرزی باراناوی دروست دەکەن.

نۆرزێرن ثێردی ئەریزۆنا بانێکە کە بەراورد بە بیابانی خوارەوە لە ئاستی دەریا بەرزترە، کەشوهەوای ئەم بانە فێنکترە، زستانی سارد و هاوینی مامناوەندە، سەرەڕای ئەوەش کەشوهەوا بە نیمچە وشک تا وشک دەمێنێتەوە. نزمترین پلەی گەرمی نازاندرێت، بەڵام کاتێک جاروبار هەوای سارد لە ویلایەتەکانی باکوور و کەنەداوە هەڵدەکات پلەی گەرمی لە بەشەکانی باکووری ویلایەتەکە بۆ خوار ١٨- پلەی سەدی دادەبەزێت.

کەشوهەوای ویلایەتەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، ئەریزۆنا ئەو ویلایەتەیە کە ناوچەی وای هەیە پلەی گەرمی لە زۆرترین ڕۆژەکانیدا لە سەرووی ٣٨ پلەی سەدییەوەیە (وەک گەورەناوچەی فینیکس) و ناوچەی واشی هەیە کە پلەی گەرمی لە زۆرترین ڕۆژەکانیدا لە خوار پلەی بەستنەوەیە (وەک گەورەناوچەی فلاگستاف).


سەرچاوەکان



203 بینین