ئۆریگۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-12-19:35:00 - کۆدی بابەت: 10890
ئۆریگۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆریگۆن (بە ئینگلیزی: Oregon، بە عەرەبی: أوريغون)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن لە ڕۆژاوای ئەمریکا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٤٫٢٤٦٫١٥٥ کەس بوو و چڕی دانیشتووانەکەی ١٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ویلایەتەکە ٢٧ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. ڕووبەری ویلایەتەکە ٢٥٤٫٨١٠ کیلۆمەتر دووجایە و کەمێک لە بەریتانیای مەزن گەورەترە. ئۆریگۆن لەڕووی ڕووبەرەوە نۆیەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە. شاری سەیلێمی پایتەختی ئۆریگۆنە، کە دووەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ١٦٩٫٧٩٨ کەسە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتوانی ئۆریگۆن لە ئێستادا (٢٠٢٢) ٤٫٣١٨٫٤٩٢ کەسە، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی ٠٫٨٩٪ـیە و لە پلەی ٢٢ـی وڵاتەکەیدایە. تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ئۆریگۆن ٣٩٫١ ساڵییە. مێیەکان ٥٠٫٥٪ـی دانیشتووان و نێرەکان ٤٩٫٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. تەمەنی ٢٢٫٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە خوار ١٨ ساڵی؛ تەمەنی ٦٣٫٥٪ـی دانیشتووان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٤ ساڵی و تەمەنی ١٢٫٥٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵ یان زیاتردایە.

شوێنی لەدایکبوون

٩١٫٩٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆریگۆن لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٤٦٫٧٧٪ـیان لە ئۆریگۆن لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٥٫٣١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن. لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا، لەکۆی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٦١٫٣٩٣ کەسیان لەدایکبووی بیانی بوون، ئەمریکییە لاتینییەکان بە ڕێژە ٤٧٫٨٪ـیانی پێک هێنا و پاشان ئاسیاییەکان ٢٧٫٤٪ و ئەورووپییەکان ١٦٫٥٪ـیان پێکهێنا.

بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٨٢٫٥٩٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٦٫١٨٪
  • ئاسیایی: ٤٫٥٠٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٣٫٣٦٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ١٫٨٩٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ١٫٠٩٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٣٩٪

مێژووی دانیشتووانی ئۆریگۆن

ژمارەی دانیشتووانی ئۆریگۆن لە ساڵی ١٨٥٠ـدا، ١٢٠٫٩٣ کەس بوو و خاوەنی دانیشتووانێکی تەندروست بوو. پاش دە ساڵ و لە ساڵی ١٨٦٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە گەشتە ٥٢٫٤٦٥ کەس. گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەردەوامبوو و ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی ١٩٠٠ـدا بە ٤١٣٫٥٣٦ کەس تۆمارکرا.

گەشەی دانیشتووانی ئۆریگۆن

بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی ئەمریکاوە، گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە تا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم خاو نەبووەوە و لە ساڵی ١٩٥٠ـدا ژمارەی دانیشتووان بۆ ١٫٥٢١٫٣٤١ کەس زیادیکرد. گەشەی تەندروستی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا دوو هێندەبوونی ژمارەی دانیشتووانی لێ کەوتەوە و  لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ٤ ملیۆن کەسی تێپەڕاند. لە ئێستادا هیچ شتێک نییە ئاماژە بەوە بکات کە گەشەی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆریگۆن لە داهاتوویەکی نزیکدا خاو ببێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا پێشبینیکرا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٤٫٣ ملیۆن کەس تێبپەڕێنێت، ئەوە بوو لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٤٫٢٣٧٫٢٥٦ کەس بوو. بەپێی خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشتووانی ئۆریگۆن لە ساڵی ٢٠٣٠ـدا دەگاتە ٤٫٨ ملیۆن کەس و لە ساڵی ٢٠٤٠ دەگاتە ٥٫٤٢ ملیۆن دانیشتوو.

ویلایەتی ئۆریگۆن یەکێکە لەو ویلایەتانەی ئەمریکا کە کەمترین ڕێژەی دانیشتووانی ئەفریقی ئەمریکی تێدایە و لە کۆی ٥٠ ویلایەت لە پلەی ٤١ـدایە. زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتەکە (نزیکەی ٦٠٪ـی دانیشتووان) و هەروەها زۆربەی هەمەجۆرییەکانی ویلایەتەکە لە دەوروبەری گەورەناوچەی پۆرتلانددایە. ژمارەی دانیشتووانی لەدایکبووی دەرەوەی ئۆریگۆن ٣٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێنێت و بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ نزیکەی ٩٪ـی کۆی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. هەروەها لەڕووی ڕێژەییەوە، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکی لە ئۆریگۆن، بە بەراورد بە کۆی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە، لە پلەی ١٠ـی وڵاتدایە و لە سەرووی تێکڕای نیشتیمانییەوەیە. دانیشتووانی ئەمریکییە ئاسیاییەکانی ئەم ویلایەتە لە پلەی ١٢ـی تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکادایە.

گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتی ئۆریگۆن بریتین لە:

  • ئەڵمانی: ٢٢٫٥٪
  • ئینگلیزی: ١٤٫٠٪
  • ئێرلەندی: ١٣٫٢٪
  • سکاندیناڤی: ٨٫٤٪
  • ئەمریکی: ٥٫٠٪
  • فەڕەنسی: ٣٫٩٪
  • ئیتاڵی: ٣٫٧٪
  • سکۆتلەندی: ٣٫٦٪

ئایین

ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆریگۆن مەسیحییە و لەلایەن ٦١٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا ٧٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی ترن و ٣١٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن. زۆرجار دەزگا ئامارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تری ئەمریکا ڕێژەیەکی کەمتری کۆمەڵگە ئاینییەکان لە ئۆریگۆن هەیە.

زمان

زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی ویلایەتی ئۆریگۆنە و ٨٤٫٧٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٥٫٢٧٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ٨٫٨٥٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردەهێنرێت.

هەژاری لە ئۆریگۆن

ئەو ڕەگەزەی کە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی هەژارییە لە ئۆریگۆن ڕەش پێستەکانە و ٤١٫٠٨٪ـیان لە خوار ئاستی هەژارییەوەن. لە کاتێکدا سپی پێستەکان خاوەنی نزمترینن و تەنها ١٤٫٠٤٪ـیان لە خوار ئاستی هەژارییەوەن. هەروەها ڕێژەی هەژاری لەنێو ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا بەشێوەی فوڵ تایم کاریان کردووە ٢٫٣٤٪ بوو. لەنێو ئەوانەی کە بە شێوەی پارت تایم کاریان کرد‌ ١٦٫٤٩٪ و ئەوانەی کاریان نەکرد ١٩٫٤٥٪ بووە.

ئابووری

ئابووری ئۆریگۆن تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە کشتوکاڵ، ماسیگرتن و هێزی کارۆئاوی دەبەستێت. هەروەها ویلایەتەکە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی تەختەیە لە ئەمریکا و پیشەسازی تەختە لە ماوەی سەدەی بیستەمدا کۆنتڕۆڵی ئابووری ویلایەتەکەی کردبوو. سەرەڕای ئەوانەش، تەکنەلۆجیا یەکێکی ترە لە هێزە ئابوورییە گەورەکانی ئۆریگۆن، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە دامەزراندنی سلیکۆن فۆڕێست و کۆمپانیاکانی تێکترۆنیکس و ئینتێل دەستیپێکرد. کۆمپانیای جلوبەرگی وەرزشی نایکی گەورەترین کۆمپانیای ویلایەتەکەیە و داهاتی ساڵانەی ٣٠٫٦ ملیار دۆلارە.

کەشوهەوا

ئۆریگۆن ویلایەتێکە لە باکووری ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەکەوێتە باشووری ویلایەتی واشنتن و باکووری کالیفۆرنیا. کەشوهەوای ئۆریگۆن لە کەناراوەکاندا فێنک و شێدارە، بەڵام لە دۆڵی ویلامێت کە مەودایەکی کەم لە کەناراوەکانەوە دوورە نیمچە ئۆقیانوسییە و لە بانەکەدا کە ناوچە ناوخۆییەکان دەگرێتەوە کیشوەری وشکە. لە ناوچە ناوخۆییەکانیشدا دۆڵی نزم و دەشتایی بچووکی تێدایە کە کەشوهەواکەیان تایبەتمەندی کەشوهەوای ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاستیان هەیە، کەش لە وەرزی زستاندا مامناوەندە و لە وەرزی هاویندا گەرم و خۆرەتاوە.

پلەی گەرمی

پلەی گەرمی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە کەناراوەکانەوە لە نێوان وەرزی زستان و هاویندا جیاوازییەکی کەمیان هەیە. بۆ نموونە لە بەشی باکوور، تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە نێوان ٦ پلەی سەدی تا لە مانگی ئابدا ١٦ پلەی سەدیدایە. با لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە دوورتر بکەوینەوە، لە دۆڵی ویلامێت، کەش لە زستاندا کەمێک ساردترە و لە هاویندا گەرمترە. بەزۆری پلەکانی گەرما خۆشە، بەڵام هەندێکجار دەشێت زۆر گەرم بێت. هەروەها لە بەشی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ئۆریگۆن کەشوهەوا زیاتر کیشوەرییە. تێکڕای پلەی گەرمی لە وەرزی زستاندا بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزێت، لە کاتێکدا لە وەرزی هاویندا گۆڕانکارییەکی گەورە لە پلەی گەرمیی نێوان شەو و ڕۆژدا هەیە. جگە لەوەش، لە ناوچە ناوخۆییەکانی بەرزاییە نزمەکاندا، کەش لە وەرزی هاویندا گەرمە و لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا دەشێت پلەی گەرمی ٤٠ پلەی سەدی تێ بپەڕێنێت.

بارانبارین

بارانبارین لە کەنارەکانی ڕۆژاوا زۆر زۆرە و ساڵانە ١٫٧٠٠ بۆ ١٫٨٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕۆژاوای زنجیرە چیای کەناری ئۆریگۆن، بارانبارین لەوە زیاترە، بەجۆرێک ساڵانە دەشێت ٥٫٠٠٠ مللیمەتر باران ببارێت. بەڵام لە دۆڵی ویلامێت ١٫٠٠٠ بۆ ١٫٢٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ئۆریگۆن وشکە و ساڵانە زۆرجار کەمتر لە ٣٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. جگە لەوەش، ناوچەیەک هەیە کە کەمتر لە ٢٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت ئەویش بیابانی ئەلڤۆردە، کە دەکەوێتە باشووری ویلایەتەکە.


سەرچاوەکان



273 بینین