خوان خوسێ ئارێولا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-14-20:33:00 - کۆدی بابەت: 10899
خوان خوسێ ئارێولا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خوان خوسێ ئاریۆلا (بە عەرەبی: خوان خوسيه أريولا، بە ئینگلیزی: Juan José Arreola) نووسەرێکی مەکسیکی ناودارە و بە پێشەنگی نووسەرانی سەدەی ڕابردووی ئەمریکای لاتین دادەنرێت، كتێب و بەرهەمەکانی بە زمانی ئیسپانی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ناوداربوونی و بڵاوبوونەوەیان وەرگێڕانیان بۆ کراوەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان و چەندین بەرهەمی ناوداری هەیە.

زانیاری گشتی

ناو خوان خوسێ ئارێولا
بەرواری لەدایکبوون ٢١ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٨
شوێنی لەدایکبوون ویلایەتی خالیسکۆی وڵاتی مەکسیک
پیشە نووسەر
زمانی نووسین زمانی ئیسپانی
نازناوی ئەدەبی خۆسێ ئارێولا
کۆچی دوایی  سێی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١

ژیاننامەی

خوان خوسێ ئاریۆلا لەدایکبووی ٢١ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٨ـی ویلایەتی خالیسکۆی وڵاتی مەکسیکە، کوڕی چوارەمی فیلیپ ئاریۆلایە کە لە خێزانێکی قەرەباڵغی هەژار پەروەردە کراوە و خاوەن ١٤ برا بووە. خوێندن و فێرکاری سەرەتایی لە ناوچەکەی خۆی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی هەژاری و نەداری خێزانەکەیەوە لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە لە خوێندن دابڕاوە، بۆیە بەهۆی نەدارییەوە کاری هەمەجۆری نموونەی کرێکاری و فرۆشیاری کردووە.

دوای دابڕانی لە خوێندن ناچار خودی خۆی هەوڵیداوە تاکوو فێری نووسین و خوێندنەوە و بنەماکانی فێربوون ببێت، بۆیە گرنگی بە کتێب خوێندنەوە داوە بە تایبەتی گرنگی داوە بە کتێبی هۆزانڤانەکانی ئەورووپا و ئەمریکا. خوان بەهۆی بەشداریکردنی لە پڕۆژەیەکی ئەدەبی توانی ببێتە خاوەن بەخششی خوێندن و توانی لەسەر ئەرکی حکوومەت خوێندنی تەواو بکات و زانکۆی مەکسیکی تەواوکرد.

هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستیکردووە بە نووسین و بە نووسینی زنجیرە چیرۆک و کورتەچیرۆکی خەیاڵی فانتازی ناوبانگی دەرکردووە. یەکەمین کتێبی زنجیرە چیرۆکی لە ساڵی ١٩٤٩ بە ناوی (داهێنانەکانی فاریا) بە زمانی ئیسپانی بڵاوکردەوە و بەهۆی ئەم کتێبەوە وەک یەکەم ئەزموونی ناوبانگی زۆری بەدەستهێنا. وەکوو مامۆستا لە زانکۆی نیشتیمانی خۆبەڕێوەبەری مەکسیک کاری کردووە و چەندین خەڵاتی نەتەوەیی وەرگرتووە، لە یارییەکانی ئۆڵمپیکدا شرۆڤەکارێکی تەلەڤزیۆنی بووە، حەز و خولیای تایبەتی بۆ یاری شەتڕەنج هەبووە. خوان ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ کوڕ بوو.

بەرهەمەکانی

بەرهەمەکانی خوان خوسێ هەمەجۆرن لە ڕۆمان و کتێب و کورتەچیرۆک و زنجیرەچیرۆک پێکهاتوون، زۆرێک لە بەرهەمەکانی بە زمانی ئیسپانی نووسیوە، هاوکات بەرهەم و بڵاوکەرەوەکانی وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانە زیندووەکانی نموونەی زمانی ئینگلیزی و زمانی عەرەبی وەرگێڕانیان بۆ کراوە و ناودارن. شێوازی نووسینی خەیاڵاوی و گاڵتەجاڕی و فانتازییە، توانییەتی لەو ڕێگەیەوە دەربڕین بۆ واقیعی ژیان و ژینگەکەی بکات، هاوکات ئەزموون و قۆناغەکەکانی ژیانی هەژاری ڕابردووی کاریگەری زۆری لەسەر شێوازی نووسین وبەرهەمەکانی هەبووە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتیین لە:

  • داهێنانەکانی فاریا، کۆمەڵە چیرۆکە و بە زمانی ئیسپانی بڵاوکرایەوە، چەند چیرۆکێکی کراون بە شانۆگەری و وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزییان بۆ کراوە.
  • پیلانگێڕی، کۆمەڵە چیرۆکێکی نیمچەئایینییە و لە ساڵی ١٩٥٢ لە مەکسیک بڵاویکردووەتەوە.
  • ڕۆمانی پێشانگا
  • چوارچێوەی یەک، کۆمەڵە چیرۆک و کورتە شانۆنامەیە لە ساڵی ١٩٧١ بە زمانی ئیسپانی لە مەکسیک بڵاوی کردووەتەوە.
  • بێستیریۆ، زنجیرەچیرۆکێکی درێژی خەیاڵی بوو و لە چوار بەش پێکهاتووە.
  • کتێبی ئێنڤنتاریۆ، لە ساڵی ١٩٧٦ بڵاویکردووەتەوە.
  • کتێبی کەسی گاڵتەجاڕ، لە ساڵی ١٩٨٠ بڵاویکردووەتەوە کە کۆکراووەی کۆمەڵێک بابەت و وتاری خۆیەتی.
  • کتێبی یادەوەری و لەبیرکردن، کۆکراوەی کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و وتاری خۆیەتی و هاوشێوەی یادەوەرییە.

دەستکەوت و خەڵاتەکانی

  • خەڵاتی خالیسکۆ بۆ ئەدەب لە ساڵی ١٩٥٣.
  • خەڵاتی فێستیڤاڵی دراما لە پەیمانگای نەتەوەیی هونەرە جوانەکانی ساڵی ١٩٥٥.
  • خەڵاتی نووسەری مەکسیکی جاڤیر ڤیۆروتیا بۆ نووسەران بۆ ڕۆمانە بەناوبانگەکەی (نمایش) لە ساڵی ١٩٦٣.
  • خەڵاتی نیشتمانی ڕۆژنامەوانی مەکسیک لە ساڵی ١٩٧٧.
  • خەڵاتی نەتەوەیی لە زمانەوانی و ئەدەبی لە مەکسیک لە ساڵی ١٩٧٩.
  • خەڵاتی زانکۆی سەربەخۆی نەتەوەیی مەکسیک لە ساڵی ١٩٨٧.
  • خەڵاتی خالیسکۆ بۆ هونەر لە ساڵی ١٩٨٩.
  • خەڵاتی ڕێزلێنان لە ئەنجوومەنی شاری گوادەلاجەرا پایتەختی ویلایەتی خالیسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩.

کۆچی دوایی

خوان ئاریۆلا لە ماوەی سێ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا بەر لە مردنی لە گوادەلاجارا تووشی نەخۆشی زیادبوونی شلەی مێشکی بوو، لە ڕۆژی سێی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠١ لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە پایتەختی ویلایەتی خالیسکۆ لە مەکسیک کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش تەرمەکەی نێژراوە.


سەرچاوەکان



295 بینین