بەسوودترین سەوزەواتەکان لە وەرزی زستاندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-14-23:09:00 - کۆدی بابەت: 10906
بەسوودترین سەوزەواتەکان لە وەرزی زستاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بەسوودترین سەوزەواتەکان لە وەرزی زستاندا (بە ئینگلیزی: healthiest vegetables during winter، بە عەرەبی: الخضروات المفيدة خلال فصل الشتاء). هەندێک لە سەوزەواتەکان کاتێک پلەی گەرمی دادەبەزێت دەست بە گەشە دەکەن و پێدەگەن، واتە ئەم جۆرانە ئاو و هەوای وەزری زستان بە گونجاو بۆ گەشەکردن دەزانن. سەرەڕای ئەمە، زۆربەی ئەم سەوزەواتانە لە وەرزەکانی تر و کاتە جیاوازەکانی ساڵدا بەردەستن، بەڵام جیاوازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ تامەکانیان، واتە لە وەرزی زستاندا تامیان بە چێژترە. 

بەسوودترین سەوزەواتەکانی وەرزی زستان 

تۆپەکەلەم (Kale)

تۆپەکەلەم جۆرە ڕووەکێکە سەر بە خێزانی کەلەرمە، بەگشتی گەڵاکەی ڕەنگێکی سەوزی هەیە، بەڵام بە ڕەنگەکانی تری وەک سوور و مۆریش بەردەستە، واتە بە چەند جۆرێکی جۆراوجۆر هەیە. ئەم ڕووەکە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەردەستە، بەڵام لە وەرزی زستاندا پێدەگات. تۆپەکەلەم یەکێکە لەو سەوزەواتانەی بڕێکی باش لە پێکهاتە خۆراکییەکان لەخۆ دەگرێت، دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و کالسیۆم هەروەها پێکهاتەی خۆراکی تری وەک ڤیتامین K، A، و C. دەتوانرێت بە چەندین شێوازی جیاواز لە ئامادەکردنی خۆراکدا بەکاربهێنرێت، بە شێوەی کوڵاو و نەکوڵاویش دەخورێت. 

گێزەر 

بێگوومان گێزەر وەکوو هەر سەوزەیەکی تر، لە هەموو کاتەکانی ساڵدا بەردەستە، بەڵام لە وەرزی زستاندا تامەکەی جیاوازە و شیرینییەکەی زیاترە. گێزەر بە چەندین قەبارە و ڕەنگی جیاواز بەردەستە، دەکرێت وەکوو پێکهاتەیەک لە خواردن ئامادەکردندا بەکاربهێنرێت، یاخود وەکوو ژەمێکی خێرا لە نێوان ژەمەکاندا بخورێت. خۆشحاڵانە گێزەر لە چەندین جۆری ڤیتامین پێکهاتووە، گرنگترینیان ڤیتامین A

برۆکلی 

لەوانەیە هەرگیز بە بیرتدا نەهاتبێت کە برۆکلی سەوزەیەکی زستانەیە، لەبەرئەوەی لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا دەبینرێت و دەخورێت، بەڵام ئەم سەوزەیە تایبەتە بە وەرزی زستان و بێگومان لەم وەرزەدا بەتامترە و پێکهاتەی خۆراکی زیاترە. بەهۆی هەبوونی ڤیتامین و دژەئۆکسێن لە پێکهاتەیدا، دەرکەوتووە چەندین سوودی تەندروستی پێک دەهێنێت، وەکوو کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، هەوکردن و هەروەها بەرەوپێشبردن و باشترکردنی کرداری هەرس. 

شێلم 

شێلم هەر وەکوو سەوزە تایبەتەکانی تر، بە هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەی گەرما گەشەدەکات و پێدەگات، هەروەها تامی خۆشترە. سەرەڕای ئەوەی خواستێکی زۆری لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەندین پێکهاتەی خۆراکی جۆراوجۆر و بەسوود پێکهاتوە. ئەو ڤیتامین و کانزایانەی لەم ڕووەکەدا بەردەستن بریتیین لە پۆتاسیۆم، کە پێکهاتەیەکی گرنگە لە هاوسەنگکردنی پەستانی خوێندا، هەروەها ڤیتامین C، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆئەندامی بەرگری و تەندروستی گشتی جەستەدا هەیە. 

قەرنابیت 

بەگشتی زۆربەی کەس ئارەزووی خواردنی قەرنابیت دەکەن، لە شێوەدا هاوتای بڕۆکلییە، بەڵام قەرنابیت تامی شیرینترە و هەروەها ڕەنگی سپییە. بە چەندین شێوازی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بە هەردوو شێوەش واتە بە کوڵاوی و نەکوڵاویش دەخورێت. خۆشحاڵانە بە پێکهاتەی خۆراکی وەک ڕیشاڵ و ڤیتامین B دەوڵەمەندە. 

کەلەرم 

کەلەرم سەر بە خێزانی قەرنابیتە، هۆکاری ئەوەی وا دەکات بەکارهێنەری زۆربێت و خواستێکی زۆری لەسەر بێت ئەوەیە کە بەئاسانی بەکاردەهێنرێت، هەروەها پێکهاتەی خۆراکی وەک ڤیتامین C و K تێدایە.


سەرچاوەکان



425 بینین