واشنتن (ویلایەت)

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-16-22:19:00 - کۆدی بابەت: 10917
واشنتن (ویلایەت)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

واشنتن (بە ئینگلیزی: Washington، بە عەرەبی: واشنطن)، بە فەرمی ویلایەتی واشنتۆن، ویلایەتیەکە لە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن لە ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ناوی ویلایەتەکە لە جۆرج واشنتنەوە سەرچاوەی گرتووە کە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو. ئەم ویلایەتە لە ساڵی ١٨٨٩دا وەکوو ٤٢ـەم ویلایەتی ئەمریکا وەرگیرا. شاری ئۆڵۆمپیا پایتەختی ویلایەتەکەیە و گەورەترین شاری ویلایەتەکە سیاتڵە. زۆرجار واشنتن بە ویلایەتی واشنتن ناودەبرێت بۆ جیاکردنەوەی لە پایتەختی وڵاتەکە، واشنتن، دی سی. واشنتن یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا و بەهۆی تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانەکەی و نزمی ڕێژەی بێکاریەوە بەردەوام لە ڕیزبەندی باشترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدا. ویلایەتەکانی واشنتن و کۆلۆرادۆ لەنێو سەرەتاییترین ویلایەتەکانی وڵاتدا بوون کە کێشانی ماددەی حەشیشیان بەیاسایی کرد، هەروەها ویلایەتەکە لەنێو سەرەتاییترین ویلایەتەکانی وڵاتدا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازانی بە یاسایی کرد.

لەڕووی جوگرافییەوە

واشنتن لە ڕۆژاواوە لەگەڵ زەریای هێمن، لە باشوورەوە لەگەڵ ئۆریگۆن، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئایداهۆ و لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگای کەنەدی بریتش کۆڵۆمبیا هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە ١٨ـەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی و ڕووبەرەکەی ١٨٤٫٨٣٠ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٧٢٫٥٨٧ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١٢٫٢٣٧ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٦٫٦٪ـی ڕووبەری گشتی ئاوییە. هەروەها ١٣ـەیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٧٫٧ ملیۆن کەسە و چڕی دانیشتووانەکەی ٣٩٫٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە گەورەناوچەی سیاتڵ دەژین، کە ناوەندی گواستنەوە، بازرگانی و پیشەسازییە لەسەر لاکەنداوێک لە زەریای هێمن. باقی ویلایەتەکە لە دارستانە باراناوییە چڕە مامناوەندەکانی ڕۆژاوا؛ زنجیرە شاخەکانی ڕۆژاوا، ناوەڕاست، باکووری ڕۆژهەڵات و ئەوپەڕی باشووری ڕۆژهەڵات و شێوێکی نیمچە وشک لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشوور پێکدێت. واشنتن لە دوای کالیفۆرنیا، دووەم قەرەباڵغترین ویلایەتە لە کەناری ڕۆژاوا و ڕۆژاوای ئەمریکا. چیای ڕەینەر (Rainier)، بەرزترین بەرزاییە لە ویلایەتەکەدا و ٤٫٣٩٣ مەتر بەرزە.

ئابووری ویلایەتەکە

واشنتن بەرهەمهێنەرێکی پێشەنگی تەختەی خاوە؛ خاکی ڕووە سەختەکەی بە سنەوبەری دۆگلاس، گیاژار، کاڵەکاژە، سنەوبەری سپی، ڕووەکی ڕاتنج، ڕەشەکاژ و داری سیدر دەوڵەمەندە. ئەم ویلایەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری سێو، هۆپس، هەرمێ، تووتڕک، زەیتی نەعنا و گێلاسی شیرینە و لە لە بەرهەمهێنانی قەیسی، ئەسپاراگۆس، بەزالیای وشک، ترێ، نیسک، زەیتی نەعنا و پەتاتە لە ئاستێکی بەرزدایە. هەروەها ئاژەڵداری، بەرهەمەکانی ئاژەڵ و بازرگانی ماسی بەتایبەتی لە سەلمۆن، هالیبوت و ماسی بنکی دەریا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ئابووری ویلایەتەکەدا هەیە. سەرەڕای ئەوەش، واشنتن لە بەرهەمهێنانی شەرابدا لە دوای کالیفۆرنیاوە لە پلەی دووەمدایە.

پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان لە واشنتن بریتین لە فڕۆکە، موشەک، کەشتیسازی، ئامێرەکانی تری گواستنەوە، پرۆسێسکردنی خۆراک، کانزا و بەرهەمی کانزا، ماددە کیمیاییەکان و ئامێرەکان. هەروەها ویلایەتەکە خاوەنی زیاتر لە هەزار بەنداوە، لەنێویاندا بەنداوی گراند کولی (Grand Coulee)، کە بۆ چەندین مەبەستی جۆراوجۆر دروستکراوە لەوانە ئاودێری، بەرهەمهێنانی کارەبا، کۆنترۆڵکردنی لافاو و هەڵگرتنی ئاو. واشنتن ئابوورییەکی تاڕادەیەک بەهێزی هەیە، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٦١٢٫٩٩٦٫٥ ملیۆن دۆلار بوو، ئەمەش وا دەکات لە پلەی پێنجەمی وڵاتەکەیدا بێت و ساڵانە بە ڕێژەی لە‌‌ سەدا ٦٫٥ گەشە دەکات کە خێراترین ڕێژەیە لە ئەمریکا. بازرگانییە گرنگەکانی ویلایەتەکە بریتین لە دیزاین و دروستکردنی فڕۆکە، ئۆتۆمبێل، پەرەپێدانی نەرمەکاڵای کۆمپیوتەر، دوورەپێوەندی، ئەلیکترۆنیات، زیندەتەکنەلۆجیا، بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم، کانسازی، خانووبەرە، بازرگانی وردە و گەشتیاری. لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٢، ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا لە سەدا ٣٫٧ بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی واشنتن لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٧٫٧٠٥٫٢٨١ کەس بوو، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە بەراورد بە سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٠ بە ڕێژەی ١٤٫٦٪ زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، ویلایەتەکە لە پلەی ١٣یەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتەکەی و لەدوای کالیفۆرنیا و تەکساسەوە سێیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ڕۆژاوای ڕووباری میسیسیپی بوو. واشنتن خاوەنی زۆرترین دانیشتووانە لە باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن و لە دوای ئەویش ئۆریگۆن و ئایداهۆ دێت. نووسینگەی بەڕێوەبردنی دارایی ویلایەتی واشنتن تا ١ـی نیسانی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بە ٧٫٦٥٦٫٢٠٠ کەس ڕاگەیاند.

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا، ژمارەی دانیشتووانی واشنتن ٦٫٧٢٤٫٥٤٠ کەس بوو و ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی سیاتڵ-تاکۆما-بێلێڤیو ٣٫٤٣٩٫٨٠٩ بوو، کە نیوەی کۆی گشتی دانیشتووانی ویلایەتەکە بوو. ٦٫٧٪ـی دانیشتووانی واشنتن لە خوار تەمەنی پێنج ساڵ، ٢٥٫٧٪ لە خوار ١٨ ساڵی و ١١٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٦٥ ساڵ یان زیاتر بوو.  بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٦، ١٢٫١٪ـی دانیشتووانی واشنتن بە رەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون لە ڕەگەزەکانی:

  • مەکسیکی: ٩٫٧٪
  • پۆرتۆ ڕیکۆ: ٠٫٤٪
  • کوبای: ٠٫١٪
  • هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ١٫٨٪

هەروەها پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی بریتی بوون لە:

  • ئەڵمانی: ١٧٫٨٪
  • ئێرلەندی: ١٠٫٨٪
  • ئینگلیزی: ١٠٫٤٪
  • نەرویجی: ٥٫٤٪
  • ئەمریکی: ٤٫٦٪

سەرەڕای ئەوەی دانیشتووە ئەمریکییە ئەفریقییەکانی ویلایەتەکە بە شێوەیەکی گشتی لە باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن کەم و پچڕپچڕن، بەڵام زۆربەیان لە ناوچەکانی کۆتایی باشوور و ناوچەی ناوەندی سیاتڵ و لە نزیک سەنتەری تاکۆما چڕبوونەتەوە. لە کاتێکدا، ئەمریکییە ڕەسەنەکان لەسەر زەوییە زەوتکراوەکانی هیندستان دەژین. هەروەها کۆمەڵگە هیندییەکانی ئەمریکا بە پلەی یەکەم لە کەناراوەکانی زەریای هێمن و ئەوپەڕی ڕۆژاوا نیشتەجێن. هەریەک لە ئەمریکییە ئاسیاییەکان و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن زیاتر لە گەورەناوچەی سیاتڵ-تاکۆمای ویلایەتەکەدا چڕبوونەتەوە. کۆریەکانیش بەزۆری لە شارەکانی باشوور و باکوور چڕبوونەتەوە. تاکۆما نیشتیمانی هەزاران کەسی کەمبۆدیایە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵگاکانی کەمبۆدیا-ئەمریکی لە ئەمریکا. دانیشتوانی ڤێتنامیی و فلیپینییەکانی واشنتن زیاتر لە گەورەشاری سیاتڵدا چڕبوونەتەوە. ویلایەتی واشنتن دووەم بەرزترین ڕێژەی خەڵکی دوورگەنشینەکانی زەریای هێمنی لێیە و ناوچەی سیاتڵ-تاکۆما شوێنی زیاتر لە ١٥٫٠٠٠ کەسی بە ڕەچەڵەک سامۆئایە. سەرەڕای ئەوەش، واشنتن کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئەسيوبيای هەیە، لەگەڵ زۆرێک لە دانیشتووانی ئەريتريای، کە هەردووکیان لە کۆتایی شەستەکاندا دەرکەوتن و لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە گەشەیان کرد. جگە لەوانەش، بە تێکڕایی ٣٠٫٠٠٠ کۆچبەری سۆماڵ لە ناوچەی سیاتڵ نیشتەجێن.

زمانەکان

زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکی دانیشتووانی واشنتنە و لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٨٢٫٥١٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد. بەپێی زانیارییەکانی هەمان ساڵ، دە زمانی تری نائینگلیزی لەلایەن دانیشتووانی ئەم ویلایەتەوە قسەیان پێ دەکرێت، ئەوانیش:

  • ئیسپانی: ٧٫٧٩٪
  • چینی: ١٫١٩٪
  • ڤێتنامی: ٠٫٩٤٪
  • تاگالۆگ: ٠٫٨٤٪
  • کۆری: ٠٫٨٣٪
  • ڕووسی: ٠٫٨٠٪
  • ئەڵمانی: ٠٫٥٥٪
  • ژاپۆنی: ٠٫٣٩٪
  • فەڕەنسی: ٠٫٣٣٪
  • ئۆکراینی: ٠٫٢٧٪

بەگشتی ١٧٫٤٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە کە دەکاتە ١٫٠٧٣٫٠٠٢ کەسی پێنج ساڵ و سەروو پێنج ساڵ بە زمانێکی دایکی نائینگلیزی قسەیان دەکرد.

ئایین

ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی واشنتن مەسیحییە و لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. ویلایەتەکە لەڕووی ئایینییەوە هەمەچەشنە و چەند ئایینێکی جیاواز لەلایەن دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێن، ئەوانیش:

  • مەسیحی: ٦٠٪
  • پرۆتستانت: ٤٠٪
  • پرۆتستانتی ئینجیلی: ٢٥٪
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ١٣٪
  • بلاک چێرچ یان بلاک کریستیان: ٢٪
  • کاسۆلیکی: ١٧٪
  • مۆرمۆن: ٤٪
  • بێ ئایین: ٣٢٪
  • جوولەکە: ١٪
  • هیندۆس: ١٪
  • ئیسلام: ٠٫٥٪
  • ئایینەکانی تر: ٠٫٣٪

گەورەترین گرووپە ئایینەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەگوێرەی ژمارەی لایەنگران لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەم شێوەیە بوو، کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی خاوەنی ٧٨٤٫٣٣٢ لایەنگر بوو؛ پاشان کڵێسای مۆرمۆن و کۆمەڵانی خوا دێن کە یەکەمیان خاوەنی ٢٨٢٫٣٥٦ لایەنگر و دووەمیان خاوەنی ١٢٥٫٠٠٥ لایەنگر بوو. واشنتنیش هاوشێوەی ویلایەتەکانی تری کەناری ڕۆژاوا، ڕێژەی دانیشتووانی بێ ئایینی لە تێکڕای نیشتیمانی بەرزترە.

کەشوهەوا و پلەکانی گەرما

ویلایەتی واشنتن کەشوهەوایەکی مامناوەندی هەیە، بەڵام نیوەی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکه کەشوهەوایەکی نیمچە وشکی هەیە، لە کاتێکدا لای ڕۆژاوا و ناوچە کەنارییەکانی ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی فێنکیان هەیە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی واشنتن لە نێوان ١١ پلەی سەدی لە کەناری زەریای هێمن بۆ ٤ پلەی سەدی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەدایە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤- پلەی سەدی بوو و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٩ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ـدا تۆمارکرا. کەشوهەوای بەشی ڕۆژاوای واشنتن لە وەرزی زستاندا مامناوەندە و لەگەڵ ئەوەشدا تەم و مژێکی زۆر هەیە و زۆرجار هەور ئاسمانی داگیرکردوە و داکردنی نمەبارانیش درێژەکێشە، بەڵام لە هاویندا کەشی ناوچەکە گەرم و مامناوەندە. ناوچەی ڕۆژهەڵات کە کاریگەریی زەریای هێمنی لەسەر نییە، ناوبەناو ڕووبەڕووی کەشوهەوای توند دەبێتەوە. هەڵکردنی بەرە ساردەکانی باکوور لە زستاندا و شەپۆلەکانی گەرما لە هاویندا شتێکی نامۆ نییە. لە ناوچەی ڕۆژاوا و لە کاتی هەڵکردنی شەپۆلەکانی گەرما لە حوزەیرانی ٢٠٢١ـدا پلەکانی گەرما گەیشتنە ٤٨ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گرمی تۆمارکراویش ٦- پلەی سەدی بوو.


سەرچاوەکان



384 بینین