مایکرۆپلاستیک

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-06-22:42:00 - کۆدی بابەت: 10935
مایکرۆپلاستیک

ناوه‌ڕۆك

مایکرۆپلاستیک چییە؟

مایکرۆپلاستیکەکان، وردە پلاستیک یان پلاستیکی ورد (بە ئینگلیزی: Microplastic، بە عەرەبی: اللدائن الدقيقة) بریتین لە گەردیلەی پلاستیکی بچووک کە لە ئەنجامی هەردوو پەرەپێدانی بەرهەمی بازرگانی و تێکچوونی پلاستیکە گەورەکانەوە دروست دەبن. مایکرۆپلاستیک وەک پیسکەرێک دەتوانێت زیان بە ژینگە و تەندروستی زیندەوەران بگەیەنێت.

مایکرۆپلاستیک وەک ناوەکەی دەریدەخات، گەردیلەی پلاستیکی بچووکە. بە فەرمی، ئەوان وەک پلاستیکێک پێناسە دەکرێن کە تیرەکەیان لە پێنج میلیمەتر (٠,٢ ئینج) کەمترە. مایکرۆپلاستیک دوو جۆری هەیە، کە سەرەتایی و لاوەکین.

پلاستیکەکان دەتوانن سەدان یان هەزاران ساڵ بخایەنن تا شی دەبنەوە، لەم نێوەندەدا وێرانکاری بەسەر ژینگەدا دەهێنن. لە کەناراوەکاندا، مایکرۆپلاستیکەکان وەکوو پارچە پلاستیکی بچووکی فرەڕەنگ لەناو خۆڵدا دەبینرێن.

پۆلێنەکانی مایکرۆپلاستیک

زاراوەی "مایکرۆپلاستیک" لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن پرۆفیسۆر ڕیچارد تۆمپسۆن، زانای بایۆلۆجی دەریایی لە زانکۆی پلایمۆس لە بەریتانیا ناسێندرا. مایکرۆپلاستیەکان لە دوو جۆری سەرەکی پێک هاتوون، کە بریتین لە:

مایکرۆپلاستیکی سەرەتایی

مایکرۆپلاستیکە سەرەتاییەکان بریتین لە گەردیلە بچووکەکان کە بۆ بەکارهێنانی بازرگانی دروستکراون، وەکوو جوانکاری، هەروەها مایکرۆفایبەرەکان (دەزووی زۆر باریک) کە لە جل و بەرگ و قوماشەکانی تردا بەکاردەهێنرێن، وەکوو تۆڕی ماسیگرتن. 

مایکرۆپلاستیکە سەرەتاییەکان بریتین لە پارچە بچووکەکانی پلاستیک کە بە مەبەست دروست دەکرێن. بەزۆری لە پاککەرەوەی دەموچاو و جوانکاریدا بەکاردەهێنرێن. لە هەندێک باردا، بەکارهێنانیان لە پزیشکیشدا هەیە. 

"سکرەبەر"ـی مایکرۆپلاستیکی، کە لە پاککەرەوەی دەست و سکرەبی پێستدا بەکاردەهێنرێت، جێگەی پێکهاتە سروشتییە بەکارهێنراوە نەریتییەکانی گرتووە، لەوانە توێکڵی بادەمی وردکراو، بڕوێش و سووکەبەرد.

بەهۆی ئەوەی ئەم سکرابەرانە چەندین جار بەکاردەهێنرێن تاوەکوو قەبارەیان بچووک دەبێتەوە و هێزی بڕینیان لەدەست دەدەن، زۆرجار بە بەکارهێنانی کانزا قورسەکان پیس دەبن. 

مایکرۆپلاستیکی لاوەکی

مایکرۆپلاستیکی لاوەکی ئەو تەنۆلکانەن کە لە ئەنجامی تێکچوونی شتە پلاستیکییە گەورەکانەوە دروست دەبن چی لە دەریادا و چی لە زەوی، وەکوو بوتڵی ئاو. ئەم تێکچوونە بەهۆی بەرکەوتن بە هۆکارە ژینگەییەکانەوەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکی خۆر و شەپۆلەکانی زەریاکان ڕوودەدات.

بە تێپەڕبوونی کات، تێکچوونی فیزیکی و بایۆلۆجی و کیمیایی، لەوانەش فۆتۆ ئۆکساندن کە بەهۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆرەوە دروست دەبێت، دەتوانێت یەکپارچەیی پێکهاتەی پاشماوەی پلاستیکی کەم بکاتەوە بۆ قەبارەیەک کە لە کۆتاییدا بە چاونابینرێن.

سەرچاوەکانی مایکرۆپلاستیک

زۆربەی پیسبوونی ژینگە بەهۆی مایکرۆپلاستیکەوە لە قوماش و تایە و تۆزی شارەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕێژەیەکی بەرچاو مایکرۆپلاستیکەکانی ژینگە پێکدەهێنن. نموونەی سەرچاوەکانی مایکرۆپلاستیک:

  • کەلوپەلە پلاستیکییەکان بە گشتی
  • تایەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر
  • جلوبەرگ
  • پیشەسازی جوانکاری
  • پیشەسازی ماسیگرتن

بۆچی مایکرۆپلاستیک خراپە؟

ساڵانێکە دیاریکراوە کە مایکرۆپلاستیک کاریگەریی خراپی هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی زیاتر و زیاتر بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە چەندە کاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستیمان هەیە.

مایکرۆپلاستیکەکان لەڕادەبەدەر بەردەوامن، ئەمەش واتە مەحاڵە لە ژینگەکەدا دەریانبهێنرێت. بەهۆی بەردەوام بوونیان و ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لێی دروستکراون، توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە دەتوانن زیانێکی زۆر بەو زیندەوەرانە بگەیەنن کە بەرکەوتنیان لەگەڵیدا دەبێت، لەوانە و ژەهراویبوون و زیادبوونی مردن.

زانایان هۆشدارییان داوە کە دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە، زۆر بە باشی لە هەموو شوێنێک کە بەدوایاندا گەڕاون، مایکرۆپلاستیکیان لەسەر شاخەکان، لە زەریاکان، لە سەهۆڵی دەریای جەمسەری باکوور و لە هەوادا، تەنانەت لە ئاوی خواردنەوە و جەستەدا دۆزراونەتەوە. 

لە کوێ مایکرۆپلاستیک دەتوانرێت بدۆزرێتەوە؟

ستیڤ ئالن لە زانکۆی دالهاوسی لە کەنەدا، نووسەری سەرەکی توێژینەوەیەک کە مایکرۆپلاستیکەکانی لە شاخە بەرزەکاندا دۆزیەوە، وتی "پلاستیک کە زەریا بەجێدەهێڵێت بۆ هەوا بەو بەرزییە، ئەوە نیشاندەدات کە لە کۆتاییدا ئەم پلاستیکە نوقم نابێت، تەنها دەسوڕێتەوە، ئەمەش خولێکی نادیارە”.

هەوا

مایکرۆپلاستیکەکانی هەوا لە بەرگەهەوا، هەروەها لە ناوماڵ و دەرەوەدا دۆزراونەتەوە. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە مایکرۆپلاستیک لە ڕووی بەرگەهەواوە بۆ ناوچە دوورەکان بە دەم باوە دەگوازرێنەوە.

توێژینەوەیەکی تر دەریخستووە کە چڕیی مایکرۆفایبەری هەوای ناوماڵ، لە نێوان ١,٠ بۆ ٦٠,٠ مایکرۆفایبەر لە هەر مەتر سێجایەکدا ٣٣٪ـیان دەرکەوتووە کە مایکرۆپلاستیکن.

توێژینەوەیەکی تر سەیری مایکرۆپلاستیکی لە تۆزی شەقامەکانی تاران کرد و ٢,٦٤٩ گەردیلەی مایکرۆپلاستیک لە ناو ١٠ نموونەی تۆزی شەقامەکاندا دۆزیەوە، کە چڕیی نموونەکان لە ٨٣ گەردیلە بۆ ٦٠٥ گەردیلە لە هەر ٣٠,٠ گرام تۆزی شەقامەکاندا بووە. هەروەها مایکرۆپلاستیک و مایکرۆفایبەر لە بەفریشدا دۆزراونەتەوە.

زەریا

نیگەرانییەکی پەرەسەندوو سەبارەت بە پیسبوون بە پلاستیک لە ژینگەسیستمی دەریاییدا بەکارهێنانی مایکرۆپلاستیکە.

مایکرۆپلاستیک بە شێوەیەکی باو لە سابوونی دەست و پاککەرەوەی دەموچاو و بەرهەمەکانی تردا دەبینرێت.

کاتێک ئەم بەرهەمانە بەکاردەهێنرێن، مایکرۆپلاستیکەکان بە سیستمی پاڵاوتنی ئاودا دەڕۆن و دەچنە ناو زەریا، بەڵام بەهۆی بچووکی قەبارەیانەوە لە کارگەکانی پاککردنەوەی ئاوی پیس ڕزگاریان دەبێت.

ئەم دەنکۆڵانە بەتایبەتی بۆ زیندەوەرانی ناو زەریا زیانبەخشە چونکە دەتوانن پلاستیکەکە بخۆن و تووشی نەخۆشی دەبن. 

مایکرۆپلاستیکەکان مایەی نیگەرانین چونکە پاککردنەوەیان ئەستەمە بەهۆی قەبارەکەیەوە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێت هەوڵبدات خۆی لە بەکارهێنانی ئەم پلاستیکە زیانبەخشانە بەدوور بگرێت لەڕێگەی کڕینی ئەو بەرهەمانەی سەلامەتن.

لەبەر ئەوەی پلاستیک بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت، مایکرۆپلاستیک لە ژینگەی دەریاییدا بەربڵاو بووە.

بۆ نموونە، دەتوانرێت مایکرۆپلاستیک لە کەناراوە لمییەکان و ئاوی سەر زەوی و نیشتووەکانی قووڵایی دەریادا بدۆزرێتەوە.

ئاوی شیرین

مایکرۆپلاستیکەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ژینگە ئاوییەکانی جیهاندا دۆزراونەتەوە. یەکەم لێکۆڵینەوە لەسەر مایکرۆپلاستیک لە ئاوی شیرین لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوکرایەوە کە بە تێکڕا ٣٧,٨ پارچە لە هەر مەتر چوارگۆشەیەک لە نموونەی نیشتووەکانی دەریاچەی هیورۆنی دۆزیەوە. هەروەها مایکرۆپلاستیک لە هەموو دەریاچە گەورەکاندا هەیە. 

لەشی مرۆڤ

مایکرۆپلاستیک ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە بۆ ناو ئەو خۆراکانەی دەیخۆین و ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە و تەنانەت ئەو هەوایەی کە هەناسەی پێدەدەین.

هەروەها مایکرۆپلاستیک لە هەموو شانەیەکی جەستەی مرۆڤدا دۆزراوەتەوە کە لەلایەن خوێندکارانی دەرچووی زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا.

لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ یەکەمجار گەردیلەی مایکرۆپلاستیک لە وێڵاشی کۆرپەی لەدایکنەبوودا دۆزرایەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار گەردیلەی مایکرۆپلاستیک لە شیری دایکدا دۆزرایەوە.

پیسبوونی پلاستیک زۆرترین کاریگەری لەسەر هەژارترین و لاوازترین دانیشتووانی جیهان هەیە. بەتایبەت ئەو دانیشتووانەی لە کەرتی پاشماوەکاندا کاردەکەن یان لە دەوروبەری زبڵدانی کراوە دەژین.

جڵەوگیری مایکرۆپلاستیک

چارەسەر

هەندێک لە توێژەران پێشنیاری سووتاندنی پلاستیکیان کردووە بۆ ئەوەی وەک وزە بەکاری بهێنن، ئەمەش بە وەرگرتنەوەی وزە ناسراوە. بە پێچەوانەی لەدەستدانی وزەی پلاستیکەکانەوە بۆ بەرگەهەوا لە زبڵدانەکاندا، ئەم پرۆسەیە هەندێک لە پلاستیکەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وزە کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت. بە پێچەوانەی دووبارە بەکارهێنانەوەوە ئەم شێوازە بڕی ئەو ماددە پلاستیکیانەی کە لێی بەرهەم دەهێنرێتەوە کەمی ناکاتەوە. دووبارەبەکارهێنانەوەی پلاستیکەکان بە چارەسەرێکی کاراتر دادەنرێت.

تێکچوونی زیندەیی چارەسەرێکی تری ئەگەرییە بۆ بڕێکی زۆر لە پاشماوەی مایکرۆپلاستیک. لەم پرۆسەیەدا، وردە زیندەوەرانی وەکوو بەکتریا و قارچک بە یارمەتی ئەنزیمەکان بەکاردەهێنن و شییان دەکەنەوە. پاشان کاتێک پلاستیکەکان تێکچوون دەتوانرێت ئەم پلاستیکانە لە شێوەی وزە و وەک سەرچاوەی کاربۆن بەکاربهێنرێت. 

فلتەرکردن: ئاوی زریان یان سیستمی کۆکردنەوەی ئاوی پیس دەتوانێت زۆرێک لە مایکرۆپلاستیکەکان بگرێت کە دەگوازرێنەوە بۆ وێستگەکانی پاککردنەوە، مایکرۆپلاستیکە گیراوەکان دەبنە بەشێک لەو لیتاوەی کە لەلایەن کارگەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەم لیتاوە زۆرجار وەک پەیینی کیمیایی بۆ کێڵگە بەکاردێت، واتە پلاستیکەکان لە ڕێگەی ڕژانە سەر زەوییەکانەوە ئاوەکەی دەچنە ناو ڕێڕەوی ئاوەکانەوە.

ئامێری کۆکردنەوە: ئامێرەکانی کۆکردنەوە کە لە زەریا و کەناراوەکاندا کە بۆ کۆکردنەوەی پیسییەکانی ناو ئاوەکان دانراون، دەتوانن ڕێژەیەکی بەرچاو لە مایکرۆپلاستیکەکان لاببەن. 

هۆشداری: چەندین ڕێکخراوی جیهانی بۆ مەبەستی پاککردنەوەی ژینگە و ئاوەکان دروستبوون، بە مەبەستی پاکبوونەوەی ژینگە هۆشداری بە خەڵکی دەدەن.

تەرخانکردنی پارە: چەندین ڕێکخراو دەستیان کردووە بە هاوکاریکردن و پێدانی قەرز و یارمەتی بۆ پڕۆژەکان بۆ لابردنی پیسبوونی ڕێڕەوی ئاوەکان، پێش ئەوەی بگەنە زەریاکان. 

هەوڵەکان لەسەر ئەو دەستپێشخەرییانە جەخت دەکەنەوە کە شێوازی کارا بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و بەرهەمی مایکرۆپلاستیکەکان بەکاربهێنن، هەروەها سەرنجی زیاتر دەخەنە سەر ناوچە ڕووبارەکان و کەناراوەکان.


سەرچاوەکان



393 بینین