ئێڵڤس پرێسلی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-08-19:52:00 - کۆدی بابەت: 10952
ئێڵڤس پرێسلی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئێڵڤس پرێسلی (بە عەرەبی: إلفيس بريسلي، بە ئینگلیزی: Elvis presley) گۆرانیبێژێک و نواندنکارێكی ئەمریکی بەناوبانگ بوو کە بە "پادشای ڕۆک ئەند ڕۆڵ" ناسرابوو، هەروەها یەکێک بوو لە نمایشکارە دیارەکانی مۆسیقای ڕۆک لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠ تا مردنی.

ژیاننامە

ئێڵڤس پرێسلی ناوی تەواوی ئێڵڤس ئێرن پرێسلییە، لە بەرواری هەشتی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٥ لە توپیڵۆ، میسیسیپی، ئەمریکا لەدایکبووە. باوکی ناوی ڤێرنن ئێڵڤس و دایکیشی گڵادیس ڵەڤ بووە. برا دووانەکەی ئێڵڤس ٣٥ خوولەک پێش ئەم بە مردوویی لەدایکبووە. ئێڵڤس پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دایبابیدا هەبووە و بەتایبەتیش زۆر لە دایکی نزیک بووە. خێزانەکەی پابەندی ئامادەبوون بوون لە کڵێسەی Assembly of god، کە لەوێدا ئێڵڤس نیگای لە گۆرانییەکانی کڵێسا وەرگرت و حەزی خۆی بۆ مۆسیقا دۆزییەوە. پرێسلی زۆر بە هەژاری لە توپیلۆ گەورە بووە. لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٤١دا دەچێتە قوتابخانە، لە قوتابخانە مامۆستاکانی بە ئاست مامناوەند هەڵی دەسەنگێنن. دوای ئەوەی مامۆستایەکی لەماوەی نزاکردنی بەیانیاندا گوێی لێدەبێت گۆرانیییەکی ژانەری کەنتری دەڵێتەوە بەناوی Old shep، سەرنجی ڕادەکێشێت و هانی دەدات بەشداری پێشبڕکێیەکی گۆرانی وتن بکات، کە تێیدا پلەی پێنجەم بەدەست دەهێنێت. چەند مانگێک دواتر بۆ ڕۆژی لەدایکبوونەکەی گیتارێک بە دیاری وەردەگرێت لەلایەن دایکییەوە. پاشان لەلایەن خاڵەکانی و قەشە نوێیەکەی کڵێسە خێزانییەکەیانەوە وانەی سەرەتایی گیتار وەردەگرێت.

لە مانگی ١١ـی ساڵی ١٩٤٨دا گواستیانەوە بۆ مێمفس. کاروانی ژیانی هونەریی لە مێمفس لە ساڵی ١٩٥٤دا دەستی پێکرد. لەگەڵ بەرهەمهێنەر سام فلیپس لە کۆمپانیای سەن ڕیکۆردز گۆرانیی تۆماردەکرد، سام فلیپس دەیویست دەنگی مۆسیقای ئەفریقی-ئەمریکی بگەیەنێت بە ژمارەیەکی زۆر لە گوێگران. پێرسلی هەر زوو دەستی کرد بە تۆمارکردنی گۆرانی و گەشتی مۆسیقیی. گۆرانی That’s alright یەکەم گۆرانیی بوو لە ساڵی ١٩٥٤.

لە ساڵی ١٩٥٥، پرێسلی دەستی کرد بە ڕاکێشانی سەرنجی هەوادارەکانی بەلای خۆیدا بە جووڵە وروژێنەرەکانی و جوانییەکەی. لە هەمان ساڵدا ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای RCAـیدا واژۆ کرد، کە ڕێککەوتنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە کۆلۆنێل تۆم پارکەر، ڕێکخرابوو.

پرێسلی لەسەر سکەی کارکردن بوو، گۆرانییەکی بەناوبانگی بڵاوکردەوە بەناوی Heartbreak hotel، کاری لەسەر یەکەم ئەلبووم دەکرد، ڕێککەوتنی فیلمێکیشی لەگەڵ کۆمپانیای پاراماونت پیکچەرز واژۆ دەکرد، هەمووی لەماوەی ئەو ساڵەدا. سەرەڕای جووڵە و سەما وروژێنەرەکانی لەکاتی نمایشدا، لەهەمان کاتدا بوو بە میوانێکی بەناوبانگ لە ژمارەیەکی زۆر لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا.

بەزوویی، پرێسلی ناوبانگی لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، وەکوو مۆسیقاژەن و نواندنکار. یەکەم فیلمی ناوی Love me tender بوو لە ساڵی ١٩٥٦، پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی بەدەستهێنا. لە ئاداری ساڵی ١٩٥٧ دەستی بە خزمەتی سەربازی کرد، لە ئەڵمانیا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک خزمەتی سەربازی هەبوو. ماوەیەکی کەم دوای ڕۆشتنی پرێسلی بۆ ئەورووپا، دایکی کۆچی دوایی کرد. دەرفەتی پێدرا بۆ گەڕانەوە و بەشداری کردن لە پرسەکەیدا. دواتریش بە دڵی شکاو و پڕ غەمەوە گەڕایەوە بۆ ئەرکی سەربازییەکەی. ئەو کاتەی لە ئەڵمانیا بوو کچێکی گەنجی ناسی بەناوی پریسیڵا بۆڵیو. عاشقی یەکتر بوون و لە ١ـی مایسی ساڵی ١٩٦٧ لە لاس ڤێگاس، نیڤادا هاوسەرگیریان کرد.

لەدوای بەجێهێشتنی سووپا لە ساڵی ١٩٦٠دا، پرێسلی دەستی بە پیشەکەی کردەوە و بە زوویی گەڕایەوە لووتکە بە گۆرانی یەکێک لە فیلمەکانی بەناوی G.I. Blues بەردەوام بوو لە تۆمارکردنی مۆسیقا و نواندن لە فیلمەکانیدا. هەرچەندە فیلمەکانی هەندێکجار سەرکەوتوو  و هەندێکجار شکستی دەهێنا بەلای ڕەخنەگران و بینەرانیشەوە. بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هێشتا "پادشای ڕۆک ئەند ڕۆڵ"ـە، یەکەمین ئەڵقەی تایبەتی تەلەڤزیۆنی خۆی لە ساڵی ١٩٦٨دا تۆمارکرد، هەندێکجار "گەڕانەوەکەی ساڵی ٦٨"یشی پێدەڵێن. بە نمایشەکەی بینەرانی سەرسامکرد، کە بەهرەکانی وەکوو گیتارژەن و گۆرانیبێژێک دەرخست.

لەم ماوەیەدا ژیانی تایبەتیشی لەوپەڕی باشیدا بوو. لەگەڵ پریسیڵادا لە ساڵی ١٩٦٧دا هاوسەرگیرییان کرد و ساڵی دواتر، بوون بە خاوەنی منداڵێکی کچ بەناوی لیزا مری. مخابن ئەم خۆشییە تا سەر نەبوو، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٧٠دا، هاوسەرگیرییەکەی پرێسلی لە لەناوچووندا بوو. لە ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا جیابوونەوە و ژنەکەی مافی بەخێوکردنی لیزای بەدەستهێنا. پرێسلی لەو کاتەدا بە دەست کێشەی تری تایبەتی ترەوە دەیناڵاند، ئالوودەی بەکارهێنانی دەرمان بووبوو و کێشیشی زیادی کردبوو. بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە تووشی کێشەی تەندروستی بوو و لە نەخۆشخانە خەوێندرا. کۆتا کۆنسێرتی خۆی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٧ لە ئیندیاناپۆلس، ئیندیانا ئەنجامدا. لەدوای کۆنسێرتەکە گەڕایەوە ماڵەکەی لە مێمفس، گرەیسلند، تاکوو ئامادەکاری بکات بۆ کۆنسێرتێکی تر.

لە بەرەبەیانی ١٦ـی ئابی ساڵی ١٩٧٧ لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا، دڵی لەکارکەوت و کۆچی دوایی کرد و لە گرەیسلند نێژرا. لە ئێستادا ماڵەکەی لە مێمفس، گرەیسلند، بە ڕووی خەڵکدا وەکوو مۆزەخانە کراوەیە، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک سەردانی دەکەن.

کارەکانی

لە بواری گۆرانیدا، بیلبۆرد ئێڵڤسی بە ١٣یەمین مەزنترین هونەرمەند داناوە. ئەلبوومی کریسمسی ئێڵڤس ٢٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە لە سەرانسەری دنیادا. ڕێکخراوری RIAA ئاماژەی بەوە داوە ئێڵڤس ١٤٦،٥ ملیۆن ئەلبوومی لە ئەمریکا فرۆشتووە، ئەمەش کردوویەتی بە سێیەم هونەرمەند کە ئەلبوومەکەی زۆرترین فرۆشی هەبووبێت.

بەناوبانگترین گۆرانییەکانی:

ناونیشانی گۆرانی

ساڵ

Always on my mind

١٩٧٢

Moody blue

١٩٧٧

In the ghetto

١٩٦٩

A little less conversation

١٩٦٨

Suspicious minds

١٩٦٩

Hound dog

١٩٥٩

Can’t help falling in love

١٩٦١

All shook up

١٩٥٧

Heartbreak hotel

١٩٥٦

Here comes santa claus

١٩٥٧

Blue christmas

١٩٥٧

فیلمەکانی:

ناونیشانی فیلم

ساڵ

Love me tender

١٩٥٦

Loving you

١٩٥٧

Jailhouse rock

١٩٥٧

King creole

١٩٥٨

G.I blues

١٩٦٠

Blue hawaii

١٩٦١

Girls! Girls! Girls!

١٩٦٢

Viva las vegas

١٩٦٤

دەستکەوتەکان

ئێڵڤس یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی کە تۆمارەکانی زۆرترین فرۆشی هەبووە و گەیشتووەتە سەروو یەک ملیار فرۆشەوە لە سەرانسەری جیهاندا. بە تەنها لە ئەمریکا زیادتر لە ١٥٠ ئەلبووم و گۆرانیی لەلایەن ڕێکخراوی RIAAیەوە بڕوانامەی ئاڵتوونی، پلاتینۆم و مەڵتی پلاتینۆمی پێدراوە. ئێڵڤس هیچ گۆرانییەکی بە زمانێکی جیا لە ئینگلیزی تۆمار نەکردووە، و جگە لە پێنج نمایش نەبێت لە سێ شاری کەنەدیی لە ساڵی ١٩٥٧ ئەنجامی داوە، هیچ کۆنسێرتێکی لە دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام نەداوە، و ئەوەش سەرکەوتنەکانی سنووردار نەکردووە بەڵکوو لە سەرانسەری دنیادا ناوبانگی پەیداکردووە.

ئێڵڤس بەشداری لە ٣١ فیلمدا کردووە وەکوو نواندنکار و دوو فیلمی بەڵگەنامەیی کۆنسێرتەکانیشی هەیە کە لە هەموویدا قازانجی دارایی هەبووە. بۆ ماوەی چەند ساڵێک یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی بۆکس ئۆفیسی هۆڵیوود و یەکێک بوو لە گرانترین نواندنکارەکان. زۆربەی گۆرانییە پڕفرۆشەکانی هی فیلمەکانین. ئێڵڤس ١٤ جار پاڵێوراوە بۆ خەڵاتەکانی گرامی و بووەتە براوەی سێ دانە.


سەرچاوەکان



307 بینین