بی تی ئێس

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-02-10-16:00:00 - کۆدی بابەت: 10963
بی تی ئێس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بی تی ئێس کورتکراوەی بانگتان سۆنیۆندان (بە ئینگلیزی: Bangtan Sonyeondan یاخود Beyond the scene، بە عەرەبی: بي تي أس، بە کۆری: 방탄소년단) کورتکراوەی (BTS کە بە واتای کوڕانی گوللەنەبڕ (Bulletproof Boy Scouts) دێت، گرووپێکی میوزیکیی کەی پۆپی کۆریای باشوورە کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، لەلایەن بانگ شی هیۆکی سەرۆکی کۆمپانیای هایبی دامەزراوە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ یەکەم ئەلبوومیان بە ناوی 2cool 4school و یەکەم  گۆرانیان بەناوی No More Dream  بڵاوکردەوە. لە ژانەرەکانی (K-pop, pop, hip hop, R&B, EDM) بەرهەمیان هەیە. بۆ ٧١٤ خەڵاتی جیهانیی و ناوخۆیی پاڵێوراون و ٤٩٥ خەڵاتی جۆراوجۆریان هەیە. ٢٨ جار ڕیکۆردی گینسیان شکاندووە، ٥ جار لە گرامی پاڵێوراون کە گەورەترین خەڵاتی جیهانیی میوزیکە. ٢٦ گۆرانییان چوونەتە لیستی ١٠٠ گۆرانی بیلبۆرد کە شەشیان گەشتوون بە پلەی یەک.

گۆرانییەکانیان زیاتر سەرنج دەخاتە سەر هاندانی گەنجان بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، ڕەخنەگرتن لە سیستمی خوێندن، کە سیستمی کۆریا یەکێکە لە قورسترین سیستمەکانی جیهان، کێشە دەروونیەکان، خەمۆکی،  خۆشویستنی خود و چەندین بابەتی گرنگی تر.

هەروەها شوگا دەڵێت، "ئێمە دەستمان کرد بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی کە خەڵک دەیانویست بیبیستن و ئامادەبوون بیبیستن، ئەو چیرۆکانەی کە خەڵکی تر نەیاندەتوانی یان نەیاندەویست بیگێڕنەوە. ئامانجی ئێمە دروستکردنی ئەو هاوسۆزییەیە کە خەڵک دەتوانن پەیوەندیان پێیەوە هەبێت." 

لە سەرانسەری جیهانەوە هاندەریان هەیە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک هاندەرەکانیان زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس دەبن لە هەموو تەمەن و ڕەگەزێک، هاندەرەکانیان بە ARMY ناودەبرێن کە کورتکراوەی (Adorable Representative M.C. for Youth)ــە.

مێژووی دامەزراندن

بی تی ئێس لە ساڵی ٢٠١٠ دروست بوو، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیگ هیت کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ هایبی، بانگ شی هیۆک ویستی گرووپێکی هیپ هۆپ لە دەوروبەری ئار ئێم پێکبێنێت کە یەکەم ئەندامی گرووپەکەیە و جیمین کۆتا ئەندام بوو کە لە ساڵی ٢٠١٢ چووە گرووپەکە. لەو ماوەیەدا ئەندامەکان ڕاهێنانیان پێ کراوە، لە ڕێککەوتی ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠١٣ یەکەم ئەلبوومیان بە ناوی 2cool 4school بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی فەرمی چوونە ناو بواری میوزیکەوە. دواتر لە هەمان ساڵدا، لە خەڵاتەکانی مۆسیقای میلۆنی کۆریای باشوور بە باشترین هونەرمەندی نوێ ناسێنران، کە یەکەم خەڵاتی گەورەیان بوو. لە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٢، بی تی ئێس بۆ کۆشکی سپی ئەمریکا بانگێشتکران، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر دیاردەی دژە ئاسیاییەکان ئەو تاوانانەی بەو هۆکارەوە ئەنجام دەدرێن و لە کۆتایدا هەریەک لە ئەندامەکان وتارێکیان لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشکرد. لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیای هایبی ڕایگەیاند کە بانگتان کارەکانیان بە شێوازی گرووپ بەهۆی چوون بۆ خزمەتی سەربازی ڕادەگرن تاکوو ساڵی ٢٠٢٥ و بە شێوازی تاک ئەلبووم و بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە.

ئەندامەکان

کیم نامجوون: ناسراو بە ئاڕ ئێم، لە ساڵی ١٩٩٤ لە شاری سیئۆل لەدایکبووە. سەرۆکی گرووپە، دەرهێنەرە، ڕاپەرە، نووسەرە. لە مارسی ٢٠١٩، بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە، هەروەها ماستەری لە بەڕێوەبردنی بازرگانیی ڕاگەیاندن و میدیای لە زانکۆی هانیانگی سایبەر تەواوکردووە. جگە لە گرووپ، ئەلبوومێک و دوو میکستابی تاکی هەیە. قوتابییەکی زیرەک بووە و لە قوتابخانە لە تاقیکردنەوەکانی ئای کیوی ١٤٨ـی هەبووە، کە لەسەدا ٠.١ خەڵک لە جیهاندا ئەو ڕێژەی ئای کیوەیان هەیە. جگە لە زمانی کۆری، شارەزایی لە زمانەکانی ئینگلیزی، ژاپۆنی، چینی و تایلەندی هەیە.

کیم سۆکجین: ناسراو بە جین، لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ئانیانگ لەدایکبووە. گۆرانیبێژ و نووسەری گرووپە. جین لە سەرەتادا ویستوویەتی ببێت بە ڕۆڵگێڕ، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی کۆنکووک بووە بە خاوەنی بڕوانامەی فیلم و نواندن، دواتر دەستی کردووە بە خوێندن لە زانکۆی هانیانگ سایبەر بە مەبەستی خوێندن لە بوارەکانی تر جگە لە میوزیک. ٣ تراکی  گۆرانی و ئەلبوومێکی تەنیای هەیە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ چووە خزمەتی سەربازییەوە.

مین یوونگی: ناسراو بە شوگا یاخود ئەوگست دی، لەساڵی ١٩٩٣ لە شاری دایگوو لەدایکبووە. نووسەر و ئاوازدانەر و دەرهێنەر و ڕاپەرە. لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی نووسین کردووە، زیاتر لە ١٤٠ گۆرانی نووسیووە. بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە، هەروەها ماستەری لە بەڕێوەبردنی بازرگانیی ڕاگەیاندن و میدیای لە زانکۆی هانیانگی سایبەر تەواوکردووە. دوو میکستاپی تەنیای هەیە. لە ٩ـی مارسی ٢٠٢١، ٨٠٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە نەخۆشخانەی زانکۆی دایگوو کیمیونگ دۆنگسان بەخشی، بۆ پشتگیریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجەی منداڵان کە بەهۆی کێشەی داراییەوە ناتوانن چارەسەر وەربگرن.

جەنگ هۆسۆک: ناسراو بە جەی هۆپ، لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری گوانگجوو لەدایکبووە. سەماکەر، نووسەر، ڕاپەر، گۆرانیبێژ و دەرهێنەرە. بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە، هەروەها ماستەری لە بەڕێوەبردنی بازرگانیی ڕاگەیاندن و میدیای لە زانکۆی هانیانگی سایبەر تەواوکردووە. ئەلبوومێک و میکستاپێکی تەنیای هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ بەشداری فیستیڤاڵی لۆلاپلۆزای کرد و  لە مێژووی فستیڤاڵەکە بلیتەکانی بوو بە پڕفرۆشترین.

پارک جیمین: ناسراو بە جیمین، لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری بووسان لەدایکبووە. سەماکەر و گۆرانیبێژە. بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە، هەروەها ماستەری لە بەڕێوەبردنی بازرگانیی ڕاگەیاندن و میدیای لە زانکۆی هانیانگی سایبەر تەواوکردووە. سێ تراکی گۆرانی تەنیای هەیە. لە ١٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ وەک ئەندامی یانەی نۆبڵی سەوز ڕاگەیەندرا، کە ئەو خێرخوازانە دەگرێتەوە کە بە بڕی زیاتر لە ٨٠٠٠٠ دۆلاری ئەمریکییان بە دەزگای منداڵانی چەتری سەوز بەخشیووە.

کیم تێهیۆنگ: ناسراو بە ڤی، لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری دایگوو لەدایکبووە. ئەکتەر و گۆرانیبێژ و نووسەرە. بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە، هەروەها ماستەری لە بەڕێوەبردنی بازرگانیی ڕاگەیاندن و میدیای لە زانکۆی هانیانگی سایبەر تەواوکردووە. لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی کردووە بە وەرگرتنی وانە لەسەر فێربوونی ژەنینی ئامێری ساکسفۆن و ویستوویەتی لە داهاتوودا بچێتە ئەو پیشەیەوە. لە سەرەتاوە ڤی لەبەر هاوڕێیەکی بەشداری لە ڕاهێنانەکانی کۆمپانیای هایبی کردووەم بەڵام لە کۆتاییدا هاوڕێکەی سەرنەکەوتووە. لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری لە درامایەکی کۆری بەناوی هوارانگ کردووە. سێ تراکی گۆرانی تەنیای هەیە.  

جیۆن جۆنکووک: ناسراو بە جەی کەی، لەساڵی ١٩٩٧ لە شاری بووسان لەدایکبووە. سەماکەر، ڕاپەر، گۆرانیبێژ و گەنجترین ئەندامە. بڕوانامەی پەخشکردن و میدیای لە زانکۆی جیهانیی سایبەر بەدەستهێناوە. یەکەم گۆرانیبێژی کۆرییە کە گۆرانی بۆ جامی جیهانی فیفا لە ئاهەنگی کرانەوەی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ وتووە. سێ تراکی تەنیای هەیە. جۆنکووک لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە دەستی کردووە بە ڕاهێنان لە کۆمپانیای هایبی و کاتێ یەکەم گۆرانی بی تی ئێس بڵاوکرایەوە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە. لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕۆژنامەی بەناوبانگی ڕۆڵین ستۆنی ئەمریکی جۆنکووکی بە یەکێک لە ٢٠٠ گەورەترین گۆرانیبێژەکانی هەموو کاتێک ناوبردووە.

کارەکانیان

نۆ ئەلبوومی سەرەکییان هەیە لە کە پێنجیان بە زمانی کۆری و چواریان بە ژاپۆنین. هەروەها حەوت ئەلبوومی لاوەکی و هەشت ئەلبوومی درێژکراوەی ئەلبوومەکانی تریان هەیە، پڕفرۆشترینیان ئەلبوومی map of the soul:7ـە، کە پرفرۆشترین ئەلبوومی هەموو کاتەکانە لە کۆریای باشوور، زیاتر لە ٥ ملیۆن لەبەرگیراوەی لێ فرۆشراوە. لە ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو گۆرانییانەی بڵاوکراونەتەوە لە ٢٣٥ گۆرانی زیاترە، گۆرانییان بە زمانەکانی کۆری، ژاپۆنی، ئینگلیزی هەیە. لەگەڵ چەندین هونەرمەندی جیهانی کاریان کردووە و گۆرانییان هەیە، بۆ نموونە (نێکی میناج، ستیڤ ئاکۆی، زارا لارسۆن، هاڵزی، لیل ناس، گرووپی کوڵد پلەی، چارلی پوس، لاوڤ، PSY، سنۆپ دۆگ). لە گۆرانییەکانیاندا boy with luvـیان زۆرترین بینەری یوتیوبی هەیە کە ١.٦ بلیۆنە. پێنج زنجیرە کۆنسێرت و ١٦ کۆنسێرتی تریان لە چەندین وڵاتی جیاواز کردووە. زنجیرە کۆنسێرتی love your self love tour بە گەورەترین کۆنسێرتیان دادەنرێت، کە ٢٠١٩٨٠٠ بەشداربووی هەبووە، هەروەها یەکەم کۆنسێرتە کە بە زمانی ئینگلیزی نەبێت و ئەو ژمارەی بەشداربووانەی هەبێت.

ناوی ئەلبوومە سەرەکییەکانیان بریتین لە:

  • Dark & Wild (2014)
  • Wings (2016)
  • Love Yourself: Tear (2018)
  • Map of the Soul: 7 (2020)
  • Be (2020)
  • Wake Up (2014)
  • Youth (2016)
  • Face Yourself (2018)
  • Map of the Soul: 7 – The Journey (2020)

شەش فیلمی بەڵگەنامەییان هەیە کە بریتین لە: 

  • Burn the Stage: The Movie (2018)
  • Love Yourself in Seoul (2019)
  • Bring the Soul: The Movie (2019)
  • Break the Silence: The Movie (2020)
  • BTS: Permission to Dance on Stage – LA (2022)
  • BTS: Yet to Come in Cinemas (2023)

خاوەنی دوو زنجیرەی تەلەفزیۆنین:

  • Run BTS (٢٠١٥–ئێستا) ١٥٦ ئەڵقە
  • BTS In the soop (٢٠٢٢) ١٣ ئەڵقە

هەڵمەتی خۆشویستنی خۆم (Love Myself)

هەڵمەتی خۆشویستنی خۆم لە ڕێکەوتی ١ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمیتەکانی کۆریا و ژاپۆن بۆ یونیسێڤ دەستی پێکرد. ئەم بیرۆکەیە لەلایەن بی تی ئێسەوە وەک سپۆنسەرێک بۆ #ENDviolence ناسێندرا، کە هەڵمەتێکی جیهانی یونیسێڤە، ئامانجی پاراستنی گەنجانە بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لەتوندوتیژی بژین و هاشتاگی #BTSLoveMyself بەرز بکەنەوە کە داوا لە هەواداران و لایەنگران دەکات وێنەی خۆدۆستی لە سۆشیاڵ میدیا جیاوازەکان دابنێن.

بی تی ئێس بوو بە یەکەم گرووپ لە کۆریای باشوور بۆ کۆکردنەوەی پارە وەک بەشێک لە سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ هەڵمەتە جیهانییەکان و بوو بە ئەندام لە یونیسێڤ. دواتر بی تی ئێس لە ٢٤ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ـدا بەشداری لە ٧٣ـیەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مەراسیمی دەستپێکردنی هاوبەشە جیهانییەکانی یونیسێف لە نیو یۆرک کرد، سەرۆکی بی تی ئێس ئار ئێم وتارێکی شەش خولەکی بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە خۆپەسەندکردن و کەمپەینی خۆشەویستی خۆم پێشکەش کرد.

لە ساڵی ٢٠٢١ بی تی ئێس بۆ جاری دووەم لە کۆبوونەوەی یونیسێڤدا وتاری لەسەر پێویستی بە بەرزکردنەوەی ڤاکسینەکان، گرنگیی نەوەی نوێ و کێشەکانی وەک گۆڕانی کەش و هەوا پێشکەش کرد. لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ـدا یەک ملیۆن دۆلار بۆ کەمپینەکە لەلایەن گرووپەکەوە نێردراوە، هەروەها داهاتەکانی ئەلبوومی love myself و چەندین بەخشینی تر نێردراوە. لە مانگی حوزەیران، بی تی ئێس و هایبی ١ ملیۆن دۆلاریان بۆ جوڵانەوەی Black lives matter لە دوای کوژرانی جۆرج فلۆید بەخشی، دواتر هەوادارانی گرووپەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا یەک ملیۆن دۆلاری تریان بۆ جوڵانەوەکە کۆکردەوە. 

کاریگەری بی تی ئێس لەسەر ئابووری کۆریای باشوور

لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، یۆنا کیم بی تی ئێسی بە پێشەنگی شەپۆلی کۆری وەسف کرد، کە نوێنەرایەتی فراوانبوونی جیهانیی کولتووری کۆری دەکات. لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی کۆریای باشوور، دەرکەوت کە بی تی ئێس کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر زیادبوونی گەشتیاران هەیە، هەروەها ئابووری کۆریای باشوور بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە نزیکەی پێنج بلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە هەر ساڵێکدا بۆ ئابووری کۆریای باشوور زیادی کردووە. هەروەها بایەخدان بە کولتووری کۆری و فیلم و خوێندنی زمانی کۆری لە جیهاندا زیادی کردووە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨ دەریخست کە بە تێکڕایی ٨٠٠٠٠٠ کەسی بیانی لە ساڵێکدا، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەهۆکاری پەیوەندیدار بە بی تی ئێس سەردانی کۆریای باشووریان کردووە.


سەرچاوەکان



869 بینین