دۆشاوی خورما

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-12-20:53:00 - کۆدی بابەت: 10981
دۆشاوی خورما

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دۆشاوی خورما یان ڕۆحی خورما (بە عەرەبی: دبس التمر یان عسل التمر، بە ئینگلیزی: Date syrup، Date molasses) گیراوەیەکی سروشتییە و لە ڕۆحی چەند جۆرێکی خورما بەرهەم دەهێنرێت، گیراویەکی ڕەنگ قاوەیی تۆخی مەیلەو ڕەشە و شیرینکەرە، ئەم خۆراکە بە زۆری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەو ناوچانەی خورمای زۆرە بەردەستە و لە وەرزی زستاندا یان لە خوانی بەیانیدا لەگەڵ تەحین زۆر بەکاردەهێنرێت.

پێکهاتە و بەهای خۆراکی 

یەک کەوچکی گەورە لە دۆشاوی خورما پێکهاتووە لە:

دۆشاوی خورما سەرچاوەیەکی گرنگی ڤیتامین و ماددە کانزاییەکانە و دەوڵەمەندە بە چەند ماددەیەکی نموونەی کالسیۆم، مەگنیسیۆم، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B6.

سوودەکانی دۆشاوی خورما

  • بەهۆی پێکهاتەی دەوڵەمەندی خورماوە بە چەند کانزایەک بۆ کەمخوێنی ئەنیمیا و کەمی ماددە کانزاییەکان لە لەشدا نموونەی ئاسن زۆر سوودی هەیە.
  • بەهۆی بوونی ماددەی پۆتاسیۆم لە پێکهاتەکەیدا یارمەتی بەهێزکردنی تەندروستی دڵ و یارمەتی دابەزینی فشاری خوێن دەدات.
  • یارمەتی داگرتنی ئاستی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی زیانبەخش دەدات.
  • دۆشاوی خورما دەوڵەمەندە بەبوونی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەکەیدا بۆیە دژی دروستبوونی چەند جۆرێکی شێرپەنجەیە.
  • ئەو کەسانەی کێشەی لاوازی و کەمی کێشیان هەیە دەتوانن سوود لە خواردنی دۆشاوی خورما وەربگرن چونکە ئارەزووی خواردن زیاد دەکات.
  • زۆرکەس وەکوو جێگرەوەیەکی سروشتی تەندروست لەجیاتی شەکر لە خوانەکاندا بەکاریدەهێنێت.

زیانەکانی دۆشاوی خورما

  • هەرچەندە دۆشاوی خورما شیرینکەرێکی سروشتییە، بەڵام ڕێژە و ئاستی شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە بۆیان گونجاو نییە.
  • ئەو کەسانەی کۆنیشانەی گرژبوونی کۆڵۆنیان هەیە باشترە بە شێوەیەکی سنووردار بەکاریبهێنن.
  • بەکارهێنان و خواردنی بڕێکی زۆر لە دۆشاو کێشەی هەرس دروست دەکات و دەبێتە هۆی سکچوون.

شێوازی دروستکردنی دۆشاوی خورما لە ماڵەوە

خورما پێکهاتەیەکی سەرەکی دۆشاوی خورمایە، دوای شۆرینەوەی بڕێکی دیاریکراو لە خورما ناوکەکەی دەردەکرێت، پاشان دەخرێتە ناو دەفرێکی قووڵ و ئاوی تێدەکرێت بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو دەخوسێنرێت، دواتر لەسەر ئاگرێکی مامناوەند بۆ ماوەی کاتژمێرێک دادەنرێت، ماوەی کوڵاندنی خورماکە بەندە بە جۆری ئەو خورمایەی کە بەکارهێنراوە، چونکە هەندێک جۆری خورما ڕەقە و پێویستی بە چەند کاتژمێرێکە تاکوو نەرم ببێتەوە، بە پێچەوانەوە هەندێک جۆری تر نەرمە و کاتی کوڵاندنی کەم دەوێت.

دوای کوڵاندنی خورماکە و چڕبوونەوەی و نەمانی ئاوەکەی، پێویستە ئاگرەکەی زۆر کزبکرێت، دواتر دەپاڵێورێت تاکوو گیراوەیەکی زۆر چڕی وەک شیلەی لێ دروستدەبێت. بەجێدەهێڵدرێت تاکوو سارد ببێتەوە و دواتر دەکرێتە دەفرێکی خاوێن و سەرەکەی دادەخرێت و لە ساردکەرە هەڵدەگیرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی دۆشاو لە خواردنەکاندا

دۆشاوی خورما بە چەندین شێوەی جیاواز لە خوانەکاندا بەكاردەهێنرێت، وەکوو شیرینکەرێکی سروشتی وەک جێگرەوەی شەکر و مورەبای دەستکرد و کەرامێل و شیلە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی شیرینی و کاری هەویرسازیدا بەکاردەهێنرێت نموونەی کێک، چۆرەگ، پسکیت و چەندان جۆر شیرینی تر. هەروەها دۆشاوی خورما لەگەڵ شیری گەرمدا تێکەڵ دەکرێت و دەخورێتەوە، گیراوەی شیر و دۆشاو بە زۆرێک لە کانزا و ڤیتامینەکان دەوڵەمەندە و زۆر سوودبەخش. زۆرجار دۆشاو لەگەڵ تەحین تێکەڵ دەکرێت ئەو گیراوەیه لە خوانی بەیانیان یان لە ئێوارانی زستان بەکاردەهێرێت، گیراویەکی دەوڵەمەندە بە کانزا و پێکهاتەی خۆراکی گرنگ.


سەرچاوەکان



688 بینین