دۆولینگۆ

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2023-02-12-21:39:00 - کۆدی بابەت: 10984
دۆولینگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دوۆلینگۆ (بە ئینگلیزی: Duolingo، بە عەرەبی: دوولينجو) کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی پەروەردەیی ئەمریکییە، ئامرازی سەرهێڵی فێربوونی زمان لەسەر شێوازی یاری بەرهەمدەهێنێت بۆ فێرکردنی کۆمەڵێک زمانی نوێ بۆ فێرخوازانی تەمەن و توانا جیاوازەکان. لە ئێستادا ٤٣ زمانی جیاواز لە دوۆلینگۆ بەردەستە و دەتوانیت فێریانببیت لە هیندی، کۆری و ژاپۆنییەوە بۆ ئیسپانی و ئەڵمانی و..هتد. وانەکان کۆبیر دەخەنە سەر هەر چوار جۆری کارامەییەکانی زمان کە قسەکردن، نووسین، خوێندنەوە و گوێگرتن. بە شێوەی ماڵپەڕ و بەرنامە لەسەر پلاتفۆرمە بەناوبانگەکانی وەک ئەندرۆید و ئای ئۆئێس بەردەستە.

بیرۆکەی دروستبوونی دوۆلینگۆ

بیرۆکەی دوۆلینگۆ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری پیتسبێگی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لەلایەن لویس ڤۆن ئاهن، مامۆستای زانکۆی کارنێگی مێلۆن و خوێندکاری دکتۆرا سێڤرین هاککەر هاتە ئاراوە. ئەو کات ڤۆن ئاهن کۆمپانیای دووەمی خۆی بە ناوی reCAPTCHA بە گووگڵ فرۆشتبوو، لەگەڵ سێڤرین ویستبووی کار لەسەر شتێک بکات کە پەیوەندی بە پەروەردەوە هەبێت. هەردووکیان پێیانوابووە کە فێربوونی زمان نابێت تێچوویەکی زۆری هەبێت جگە لەوەش خوێندنی بەخۆڕایی دەتوانێت گۆڕانکاری لە جیهاندا بەرهەم بهێنێت، هەبوونی خواستێکی زۆر لەسەر فێربوونی زمانیش بە هەمان شێوە پاڵنەرێک بووە تا دوۆلینگۆ دروست بکەن. لە لێدوانێکدا یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەڵێ "ئێمە ویستمان ڕێگەیەکمان هەبێت بۆ فێرکردنی زمان بە خەڵکی کە نەک تەنها بەخۆڕایی بێت بەڵکو باشترین کوالێتی پەروەردەی زمانیش پێشکەش بکەین."

تایبەتمەندییەکانی دوۆلینگۆ

پلاتفۆرمی دوۆلینگۆ زیاتر لە یارییەک دەچێت ڕێگەیەکی چێژبەخش و کارلێککارانەیە بۆ فێربوونی زمانێکی نوێ. وانەکانی زمان لە وەرگێڕان، قسەکردن، هەڵبژاردن، بەیەک گەیاندن و چیرۆک پێکدێن. بۆ هەندێک لە زمانەکان دوۆلینگۆ پۆدکاستی بەردەست خستووە کە بە ڕێزمان و وشەی سادە دەگێڕدرێتەوە. هەروەها کەشێکی کێبڕکێ دابین دەکات لە خولەکاندا کە گرووپی هەڕەمەکی ٣٠ کەسین و هەفتانە بە پێی ژمارەی XP ڕیزبەندییەکە دیاری دەکرێت. دەتوانی بە تەواوکردنی ئاڵنگارییەکان XP زیاد بکەیت و لەڕیزبەندییەکە بچیتە پێشەوە. تایبەتمەندییەکی تری دوۆلینگۆ ژماردنی ڕۆژەکانە بە دوای یەکدا بە شێوەی ستریک، کە هانی فێرخواز دەدات ڕۆژانە لە ڕاهێنان بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەمانەش سیستمێکی خۆ-ڕاستکەرەوە بەکاردەهێنێت کە یارمەتیدەرە بزانیت کەی هەڵەت کردووە و بە دوایدا وەڵامی ڕاستت نیشان دەدات ئەمەش ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ ئەوانەی بە تەنیا و سەربەخۆ فێردەبن. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین لە ئێستادا مامۆستاکان دەیانەوێت دوۆلینگۆ بەکاربێنن بۆ ئەوەی لە دەرەوەی قوتابخانەش قوتابیان ڕابهێنرێن لەسەر بابەتەکانی زمانێکی دیاریکراو و چێژ وەربگرن لە فێربوونەکەیاندا.


سەرچاوەکان



287 بینین