خەڵاتەکانی ڕازی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-13-22:44:00 - کۆدی بابەت: 10996
خەڵاتەکانی ڕازی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەڵاتەکانی ڕازی (بە عەرەبی: جوائز رازي، بە ئینگلیزی: Razzie awards) کە بە خەڵاتی توڕکی ئاڵتوونیش ناسراوە (بە ئینگلیزی: The golden raspberry awards) خەڵاتێکی گاڵتەجاڕانەیە دەدرێت بەو کارە سینەمایییانەی کە سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. دامەزراندنی ئەم ڕێوڕەسم و خەڵاتە کاری هاوبەشی جۆن جەی. بی. ویڵسن و مۆ مۆرفییە. زاراوەی توڕک (Raspberry) بە واتا بێڕێزییەکەی بەکارهێنراوە، وەکوو دەربڕینی (Blowing a raspberry) کە بە واتای "جڕت لێدان" دێت، وەکوو بێڕێزی و سووکایەتییەک بەو بەرهەمە/کەسەی خەڵاتەکە دەباتەوە.

پەیکەری خەڵاتەکە خۆی لە شێوەی توڕکێکی ئاڵتوونیدایە کە قەبارەکەی هێندەی تۆپێکی گۆڵف دەبێت، لەسەر فیلمێکی هەشت میللیمەتری بە زێڕ نەخشێندراو. نرخەکەی دەگاتە ٤،٩٧ دۆلار.

دامەزراوەی توڕکی ئاڵتوونی ئاماژەیان بەوەداوە کە خەڵاتەکە "هانی فیلمسازە باشەکان و نواندنکارە نایابەکان دەدات خاوەندارییەتی کارە خراپەکانیشیان بکەن". یەکەمین مەراسیمی خەڵاتی توڕکی ئاڵتوونی لە بەرواری ٣١ـی ئاداری ساڵی ١٩٨١دا، لە ژووری میوانەکەی جۆن جەی. بی. ویڵسندا بەڕێوەچوو.

مێژوو

بیرۆکەی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی ١٩٨٠، کاتێک جۆن ویڵسن لە سەیرکردنی فیلمی Can't stop the music و Xanadau لە سینەمایەک لە کاڵیف دێتە دەرەوە، داوای پارەکەی دەکاتەوە لەبەرئەوەی هەردوو فیلمەکە خراپ بوون بەلایەوە. بەڵام پارەی بلیتەکانی نادەنەوە. لەبەرئەوە تووڕە دەبێت و لەکاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵەوە بەردەوام بیر لەو فیلمە خراپانە دەکاتەوە کە ئەو ساڵە بینەریان بووە، و بیرۆکەی ئەم خەڵاتەی بە هزردا دێت.

یەکەمین مەراسیمی ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٨١ لە ماڵەکەی ویڵسن، لە ژووری میوانەکەیدا بەڕێوەچوو. نزیکەی ٣٠ کەس ئامادەبوون، کە زیاتر هاوپیشەکانی ویڵسن بوون لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ترەیلەری فیلمەکان. لەهەمان شەودا مەراسیمی خەڵاتەکانی ئۆسکاریش بەڕێوەچوو. لە یەکەم مەراسیمدا فیلمی Can't stop the music خەڵاتی خراپترین فیلمی بردەوە.

کۆمەڵە زانیارییەک

  1. خانمە ئەکتەر هاڵی بێری، یەکەم خانمە ئەکتەر بوو خۆی چوو خەڵاتەکە وەربگرێت و بەشداری لە مەراسیمەکەدا کرد لە ساڵی ٢٠٠٥ کە تێیدا خەڵاتی خراپترین ئەکتەری بردەوە بۆ فیلمی Catwoman. لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی: "سوپاسی (کۆمپانیای) وارنەر برۆس دەکەم لەبەرئەوەی منیان خستە ناو ئەم فیلمە بێمانا و -تا خوا حەزبکات- خراپەوە".
  2. فیلمی Jack and jill براوەی زۆرترین خەڵاتی ڕازییە، کە دە خەڵاتە.
  3. ئەکتەر ئادەم ساندڵەر، خەڵاتی خراپترین ئەکتەری پیاو و خانمە ئەکتەری بردەوە بۆ فیلمی Jack and jill لە ساڵی ٢٠١١.
  4. خانمە ئەکتەر ساندرا بوڵک، تاکە خانمە ئەکتەرە کە لەهەمان ساڵدا خەڵاتی باشترین و خراپترین خانمە ئەکتەر بباتەوە لە ساڵی ٢٠١٠. یەکەمجار خەڵاتی خراپترین ئەکتەری بردەوە بۆ فیلمی All about steve و ڕۆژی دواتر خەڵاتی ئۆسکاری باشترین خانمە ئەکتەری بۆ فیلمی The blind side بردەوە.
  5. دەرهێنەر ستانلی کوبریک، پاڵێوراوی خراپترین دەرهێنەری خەڵاتی ڕازی بوو بۆ فیلمی The shining.
  6. نواندنکار جاک نیکڵسن پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بوو بۆ باشترین ئەکتەر و پاڵێوراوی خەڵاتی ڕازی بوو بۆ خراپترین ئەکتەر لە فیلمی Hoffa.
  7. دەرهێنەر پۆڵ ڤێرهۆڤن، یەکەم کەس بوو خۆی ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی ڕازی، ئەویش خەڵاتی خراپترین دەرهێنەر بوو.
  8. تا ساڵی ٢٠٢٣، نواندنکار سلڤستەر ستاڵۆن خاوەنی زۆرترین خەڵاتی ڕازییە، کە دە خەڵاتە.

خەڵاتی ڕازیی ڕزگارکەر

خەڵاتی ڕازیی ڕزگارکەر خەڵاتێکە لە ئاهەنگی ساڵانەی خەڵاتی توڕکی ئاڵتوونی (ڕازی)دا دابەش دەکرێت و دەدرێت بەو کەسەی کە پاڵێوراو یان براوەی خەڵاتێکی ڕازی بووە و توانیویەتی ببێتە "هونەرمەندێکی خاوەن ڕێز" و بەسەر شکستە ڕەخنەیی و بازرگانییەکانیدا سەرکەوتبێت. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤.

براوەکانی خەڵاتی ڕازیی ڕزگارکەر

  1. بێن ئافلێک لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە فیلمی Argo و Gone girl.
  2. سلڤستەر ستاڵۆن لە ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە فیلمی Creed.
  3. میڵ گیبسن لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی سەرکەوتنەکانی وەکوو دەرهێنەری فیلمی Hacksaw ridge.
  4. مڵیسا مککارثی لە ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە فیلمی ?Can you ever forgive me.
  5. ئێدی مێرفی لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە فیلمی Dolemite is my name.
  6. وڵ سمس لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە فیلمی King richard.


سەرچاوەکان



270 بینین