ئیندیانا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-14-21:33:00 - کۆدی بابەت: 11002
ئیندیانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئیندیانا (بە ئینگلیزی: Indiana، بە عەرەبی: إنديانا)، ویلایەتێکە لە ناوەڕاستی ڕۆژاوای ئەمریکا. لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٨ـەم گەورەترینە ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ١٧ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتە. پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە ئیندیاناپۆلیسە. ئیندیانا لە ١١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨١٦ وەک ١٩ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا وەرگیرا. ئەم ویلایەتە لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ دەریاچەی میشیگان، لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی میشیگان، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئۆهایۆ، لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕووباری ئۆهایۆ و کێنتاکیی و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ڕووباری واباش (Wabash) و ویلایەتی ئیلینۆیس هاوسنوورە. وشەی ئیندیانا (Indiana) بە واتای "زەوی هیندییەکان" دێت. بەڵام سەرەڕای ناوەکەی، نیشتیمانی نزیکەی ٨ هەزار ئەمریکی ڕەسەنە.

ویلایەتی ئیندیانا ئابوورییەکی هەمەچەشنی هەیە و تێکڕای بەرهەمی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٣٥٢,٦٢ ملیار دۆلار بوو. ویلایەتەکە خاوەنی چەندین گەورەناوچەیە کە ژمارەی دانیشتووانەکانیان لە ١٠٠ هەزار کەسە زیاترە و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی بچووکتریشی هەیە. ئیندیانا شوێنی تیمە وەرزشییە پیشەگەرەکانە، لەنێویاندا یانەی ئیندیاناپۆلیس کۆڵتسی NFL و یانەی ئیندیانا پێسێرزی NBA. هەروەها ئەم ویلایەتە میوانداری چەندین چالاکی کێبڕکێی دەکات، وەکو ئیندیاناپۆلیسی ٥٠٠.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی ئیندیانا ٩٤,٣٢١ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٩٢,٨٩٧ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١,٤٢٤ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١,٥٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٧٣,١ کەس و لە پلەی ١٦ـی وڵاتدا بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئیندیانا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا بە ٦,٧٨٥,٥٢٨ کەس تۆمارکرا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی وڵاتەوە بە ڕێژەی ٤,٦٥٪ زیادیکردووە. گەشەی دانیشتووانی ئیندیانا لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بە ڕێژەی ٠,٣٣٪ و لە پلەی ٢٩ـی وڵاتدا بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٧,٤ ساڵییە، ٥٠,٨٪ـی دانیشتووان لە مێیەکان و ٤٩,٢٪ـی دانیشتووان لە نێرەکان پێکهاتوون.

شوێنی لەدایکبوون

٩٣,٤٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئیندیانا لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٦٧,١٥٪ـیان لە ئیندیانا لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٣,١٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ڕەچەڵەک

ئەڵمانی گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی ویلایەتی ئیندیانایە و ٢٢,٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ڕەچەڵەک ئەڵمانین. لە کاتێکدا ئەمریکی ١٢٪، ئینگلیزی ٨,٩٪، ئێرلەندی ١٠,٨٪ و پۆڵەندی ٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ئیندیانا بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٨٢,٢٨٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٩,٤٤٪
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ٣,٣٢٪
  • ئاسیایی: ٢,٣٧٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٢,٣٥٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠,٢١٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠,٠٣٪

ئایین

مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی ئیندیانا و لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٧٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە مەسیحی بوون. لەنێویاندا، ٥٢٪ـی دانیشتووان پرۆتستانت بوون، ٣١٪ پرۆتستانتی ئینجیلی، ١٦٪ پرۆتستانتی کۆنەپارێز، ٥٪ـیان بلاک پرۆتستانت و ٨٪ـی دانیشتووان کاسۆلیکی بوون. هەروەها ٢٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی تری دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • مۆرمۆن: ١٪
  • گەواهی یهوا: ٠,٥٪
  • ئۆرتۆدۆکس: ٠,٥٪
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: ٠,٥٪
  • جوولەکە: ١٪
  • بوودی: ٠,٥٪
  • مسوڵمان: ٠,٥٪
  • هیندۆس: ٠,٥٪
  • پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر: ١٪

زمان

٩١,٢٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئیندیانا تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ٨,٧٧٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ٤,٦٢٪ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێن.

کەشوهەوا

لە ڕابردوودا، کەشوهەوای نزیکەی تەواوی ناوچەکانی ویلایەتی ئیندیانا کیشوەری شێدار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و هاوینی گەرم و باراناویی بوو، تەنها ئەوپەڕی باشووری ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەبوو و زیاتر لە هەموو بەشەکانی تری ویلایەتەکە بارانی لێ دەباری. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کەشوهەوای نزیکەی نیوەی ناوچەکانی ویلایەتەکە بە نیمچە خولگەیی شێدار پۆلێن دەکرێت. پلەکانی گەرما بەگشتی لە بەشەکانی باکوور و باشووری ویلایەتەکە جیاوازن. لە ناوەڕاستی زستاندا، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز/نزم لە دەوروبەری ١-/١٠- پلەی سەدی لە ئەوپەڕی باکوورەوە بۆ ٥/٤- پلەی سەدی لە ئەوپەڕی باشوور دەگۆڕێت.

لە ناوەڕاستی هاویندا بەگشتی کەمێک کەمتر گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی سەرانسەری ویلایەتەکەدا هەیە، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز/نزم لە نێوان ٢٩ / ١٨ پلەی سەدی لە ئەوپەڕی باکوورەوە بۆ ٣٢ / ٢١ پلەی سەدی لە ئەوپەڕی باشوور دەگۆڕێت. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ویلایەتەکەدا ٤٧ پلەی سەدی بوو کە لە ١٤ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٨- پلەی سەدی بوو کە لە ١٩ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



164 بینین