ڕۆبن وڵیەمز

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-15-17:49:00 - کۆدی بابەت: 11013
ڕۆبن وڵیەمز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆبن وڵیەمز (بە عەرەبی: روبن ويليامز، بە ئینگلیزی: Robin williams) ناوی تەواوی ڕۆبن مکڵۆریەن وڵیەمزە. نواندنکار، نووسەر، گاڵتەباز و بەرهەمهێنەرێکی ئەمریکیی بوو. لە بەرواری ٢١ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥١ لە شیکاگۆ، ئەمریکا لەدایکبووە. ڕۆبن بە توانا نواندنە چاوەڕواننەکراوەکانی ناسراوبووە کە لە بەشێكی زۆری کەسایەتییەکانی فیلمەکانیدا بەکاریهێناوە. بە یەکێک لە کەسایەتییە گاڵتەبازەکانی دنیا ناسراوە. سەرەتای پیشەکەی لە ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٩٧٠دا دەستپێکرد، بە چەند نمایشێکی کۆمیدیی بەشێوەیەک بە پێوە دەوەستا لەبەردەم کۆمەڵە ئامادەبوویەکدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ گاڵتە و قسەی خۆشی بۆ دەکردن. لە بەرواری ١١ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٣ ساڵییدا، لە پارادایس سیتی، کالیفۆڕنیا، لە ماڵەوە خۆی کوشت.

زانیاری گشتی

ناو

ڕۆبن مکڵۆرین وڵیەمز

بەرواری لەدایکبوون

٢١ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥١. شیکاگۆ، ئەمریکا

کۆچی دوایی

١١ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤. پارادایس سیتی، کالیفۆرنیا

خوێندن

کۆلێجی کڵێرمۆنت مککێنا، کۆلێجی مرین، قوتابخانەی جوڵیەرد

پیشە

نواندنکار، گاڵتەباز

ماوەی کارکردنی

١٩٧٦-٢٠١٤

 

هاوسەر

ڤاڵێری ڤێراڵدی (١٩٧٨-١٩٨٨)

مارشا گارسیس (١٩٨٩-٢٠١٠)

سوزن شنایدەر (٢٠١١)

ژیاننامە

ڕۆبن لە ساڵی ١٩٥١ لە نەخۆشخانەی سەینت لوکس لە شیکاگۆ چاوی بە دنیا هەڵهێنا. باوکی جێبەجێکار بوو لە کۆمپانیای فۆرد و دایکیشی کۆنە نمایشكار بوو. وڵیەمز خۆی ئاماژەی بەوەکردووە دایکی زۆر کاریگەری هەبووە بەسەر هەستی گاڵتەجاڕیەکەیەوە و هەوڵیداوە پەرە بە قسە و تواناکانی بدات تا دایکی بخاتە پێکەنین و سەرنجی بەدەستبهێنێت. وڵیەمز دوو برای لەخۆی گەورەتری هەبوو. بۆ خوێندنی بنەڕەتی چووەتە خوێندنگایەکی گشتی. لە قوتابخانە منداڵێکی شەرمن و بێدەنگ بووە و بەسەر شەرمنییەکەیدا زاڵ نەبووە هەتا چووەتە ناو بەشی دراماوە لە قۆناغی ئامادەیی.

لەبەرئەوەی دایک و باوکی هەردووکیان کاریان دەکرد، بۆیە لەلایەن خزمەتکاری خێزانەکەیانەوە بەخێوکراوە. کاتێک تەمەنی بوو بە ١٦ ساڵ، باوکی داوای خانەنشینی پێشوەختەی کرد لە کارەکەی و خانەنشین بوو، پاشان ماڵیان گواستەوە بۆ تیبۆرن لە کالیفۆڕنیا. لەدوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، وڵیەمز بۆ خوێندنی زانستی سیاسیی چووە کۆلێجی کوڕانی کلێرمۆنت. بەڵام دواتر وازی هێنا بۆ خوێندنی نواندن. بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کۆلێجی مرین، بەشی شانۆی خوێند. بەپێی قسەی پرۆفیسۆری درامای زانکۆی مرین، جەیمس دەن بێت. قوڵایی توانای نواندنی وڵیەمزی گەنج کاتێک دەرکەوت کە هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە شانۆیی مۆسیقیی Oliver!. لە ساڵی ١٩٧٣، وڵیەمز سکۆلەرشیپی بۆ قوتابخانەی جوڵیەرد وەرگرت و چوو بۆ نیویۆرک. لە ساڵی ١٩٧٦ قوتابخانەی جوڵیەردی بەجێهێشت لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەری شوێنەکە، چونکە گوتوویەتی هیچ شتێک نەماوەتەوە جوڵیەرد فێری بکات.

ژیانی پیشەیی ڕۆبن لە دوای ساڵی ١٩٧٦ـەوە دەستی پێکرد، بە نمایشە کۆمیدییەکانی لە یانە شەوانەکاندا لە کالیفۆڕنیا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٠ـاکاندا، وڵیەمز وەکوو میوان بۆ چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی بانگ دەکرا، لەوانە The Richard Pryor Show و Laugh-In. لە ساڵانی ١٩٧٨- ١٩٨٢ بوو بە خاوەنی زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی خۆی بە ناوی Mork & Mindy. ئەم زنجیرەیە دەرفەتێکی مەزن بوو بۆی تاکوو بتوانێت تواناکانی نواندنی، نمایشە کۆمیدیەکانی، و پەرۆشییەکەی بۆ کارەکەی بخاتەڕوو و سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆی بۆ گەیشتن بە پیشەکەی لە بواری سینەمادا. لە سەرەتای پیشەی سینەمایییدا بەشداری چەند فیلمێکی کرد، بەڵام یەکەم ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی لە فیلمی Good Morning, Vietnam بوو لە ساڵی ١٩٨٧دا، کە بەهۆی نواندنەکەیەوە پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسکار. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پیشەکەیدا، رۆبن بەردەوام بوو لە وەرگرتنی ڕۆڵی کەسایەتیی کۆمیدی و جددیی. لە ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠١١شدا بەشداری لە دوو کاری شانۆییدا کردووە بە ناوەکانی Waiting for Godot و Bengal Tiger at the Baghdad Zoo، یەک لە دوای یەک.

ژیانی تایبەت

وڵیەمز لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٨ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی یەکەمیدا، ڤالێری ڤێراڵدیدا کرد و لە ساڵی ١٩٨٣دا بوونە خاوەنی منداڵێک. لە ساڵی ١٩٨٨ جیابوونەوە.

لە ساڵی ١٩٨٩ دووبارە هاوسەرگیری کردەوە، لەگەڵ دایەنی پێشووی منداڵی یەکەمی بەناوی مارشا گارسس و پێکەوە بوونە خاوەنی دوو منداڵ، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٠ جیابوونەوە.

هاوسەرگیری سێیەم و کۆتاجاری لەگەڵ گرافیک دیزاینەرێکیدا بوو بە ناوی سوزن شنایدەر لەساڵی ٢٠١١. پێکەوە تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵ یەکدا ژیان.

کارەکانی

گرنگترین فیلمەکانی:

ساڵ

ناوی فیلم

١٩٧٧

?Can I do it…Til I need glasses

١٩٨٠

Popeye

١٩٨٧

Good morning, vietnam

١٩٨٩

Dead poets society

١٩٩٠

Awakenings

١٩٩١

The fisher king

١٩٩٢

Aladdin

١٩٩٥

Jumanji

١٩٩٦

Aladdin and the king of thieves

Hamlet

١٩٩٧

Good will hunting

٢٠٠٢

Insomnia

٢٠٠٦

Happy feet

Night at the museum

٢٠٠٧

August rush

٢٠٠٩

Night at the museum: battle of the smithsonian

٢٠١١

Happy feet two

 

٢٠١٤

 

Boulevard

The angriest man in brooklyn

A merry friggin christmas

Night at the museum: secret of the tomb

٢٠١٥

Absolutely anything

خەڵات

وڵیەمز لە ماوەی ژیانی پیشەییدا توانیویەتی ببێتە براوەی ٦٦ خەڵات و ٨٥ پاڵاوتنیش بۆ خەڵاتی جۆراوجۆر. لە ساڵی ١٩٩٨ بوو بە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی پاڵپشت بۆ فیلمی Good Will Hunting. ساڵانی ١٩٨٨، ١٩٩٠ و ١٩٩٢ـش بۆ باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکی پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بووە بۆ هەریەکە لە فیلمەکانی Good morning, vietnam، Dead poets society و The fisher king یەک لە دوای یەک.

کۆچی دوایی

لە ماوەی ساڵانی سەرەتای ١٩٨٠ـاکاندا، وڵیەمز ئالوودەی کۆکایین و خواردنەوە کحوولییەکان ببوو. لە ماوەی ژیانیدا چەند جارێک وازی لە خواردنەوە هێناوە و دووبارە دەستی پێکردووەتەوە. ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش مردنی تووشی خەمۆکییەکی تووند بووە. هاوسەرەکەی ئاماژەی بەوە داوە کە پێش مردنی وازی لە خواردنەوە کحوولییەکان هێناوە و تووشی نەخۆشی پارکینسن بووە، بەڵام نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتایییەکانیدا بووە.

وڵیەمز لە بەرواری ١١ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ بە مردوویی لە ماڵەکەی خۆی، لە کالیفۆرنیا دۆزرایەوە. کۆتا ڕاپۆرتی توێکاری کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە، ئاماژەی بەوەداوە هۆکاری مردنەکەی خنکان بووە بەهۆی هەڵواسینەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە وڵیەمز تووشی خەمۆکی بووە. پشکنین بۆ شانەکانی مێشکی ئەنجامدراوە و دەرچووە کە تووشی خەڵەفانی تەنی لووی بووە.


سەرچاوەکان



293 بینین