بڵۆکچەین

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2023-02-15-23:50:00 - کۆدی بابەت: 11023
بڵۆکچەین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بلۆکچەین (بە ئینگلیزی: Blockchain، بە عەرەبی: بلوكتشين، سلسلة الكتل) بریتییە لە داتابەیس یاخود دەفتەرێکی حسابی دابەشکراو کە لە نێوان نۆدەکانی تۆڕی کۆمپیوتەردا دابەشکراون، بەهەمانشێوەی داتابەیس، بلۆکچەین هەڵدەستێت بە هەڵگرتنی داتا و زانیارییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، بڵۆکچەینەکان بەوە ناسروان کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دراوە کریپتۆییەکان، وەک بیتکۆین، چوونکە توانایان هەیە ئاڵوگۆڕەکان بەشێوەیەکی پارێزارو و لامەرکەزی بهێڵنەوە, هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بلۆکچەین ئەوەیە کە گرەنتی پارێزراوی داتاکان دەکات و پیویستی بە لایەنی سێهەمی باوەڕپێکراو نییە.

یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان داتابەیسی ئاسایی و بلۆکچەین بریتییە لە چۆنییەتی هەڵگرتنی داتاکان، لە بلۆکچەیندا زانیارییەکان پێکەوە بە شێوەی گرووپ گەڵدەگیردرێن، کە بە بڵۆک (Block) ناسراون، کە هەر بڵۆکێک کۆمەڵە زانیارییەک لەخۆدەگرێت و قەبارەیەکی دیاریکراوی هەیە و کاتێک پڕ دەبن بڵۆکەکە دادەخرێت و دەبەسترێتەوە بەو بڵۆکەی کە پێش خۆی پڕکراوەتەوە، ئەم کۆمەڵە بڵۆکە پێکەوە زنجیرەیەک لە داتا پێکدەهێنن کە بە بلۆکچەین ناسراوە.

لە داتابەیسی ئاساییدا زانیارییەکانی ناوی بەشێوەی خشتە هەڵدەگردرێت، بەڵام لە بڵۆکچەیندا وەک بە ناوەکەیدا دەردەکەوێت، داتاکانی ناوی بەشێوەی پارچە پارچە (بڵۆکەکان) هەڵدەگرێت کە هەموویان پێکەوە بەستراون.

بڵۆکچەین چۆن کاردەکات؟

ئامانجی بلۆکچەین بریتییە لە تۆمارکردن، بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی زانیاری دیجیتاڵی، بەڵام ڕێگە نادات بە دەستکاریکردنی، بەم شێوەیە بلۆکچەین بریتییە لە بناغەی دەفتەرە حسابییە نەگۆڕەکان، کە پێکدێت لەو مامەڵانەی کە ناتوانرێت بگۆڕدرێن، بسڕدرێنەوە یان لەناوببرێن، هەر لەبەر ئەمەشە کە بلۆکچەینەکان بە تەکنەلۆژیای دابەشکراوی دەفتەری حسابی سەرەکی (DLT) ناسراون.

لە ڕووی لۆجیکییەوە بلۆکچەین لە چەند چینێک پێکدێت:

  • زێرخان، کە لە ڕەقەواڵە (هاردوێر) پێکهاتووە
  • نێتۆرکین
  • کۆدەنگی
  • زانیاری
  • نەرمەواڵە

لامەرکەزییەتی بڵۆکچەین

بیهێنە پێشچاوت کە کۆمپانیایەک خاوەنی کێڵگەیەکی سێرڤەرە کە ١٠ هەزار کۆمپیوتەری تێدایە؛ ئەم کێڵگەیە بەکاردێت بۆ پاراستن و هەڵگرتنی هەموو زانیارییەکانی بەکارهێنەرەکانی، ئەم کۆمپانیایانە هەموو کۆمپیوتەرەکانی لەژێر یەک سەقفدا داناوە و چاودێری دەکات، لێرەدا یەک خاڵی گرنگ هەیە، چی دەبێت گەر ئەم کێڵگەیە کارەبای ببڕێت، ئینتەرنێتی نەمێنێت یان بەبۆنەی ڕووداوێکەوە بڕوخێت یان بسووتێت، هەر یەكێک لەم حاڵەتەنە دەبێتە هۆی تێکچوون یاخوود لەناوچوونی هەموو زانیارییەکانی بەکارهێنەران.

بڵۆکچەین هەڵدەستێت بە هەڵگرتنی ئەو زانیارییانە و بڵاوکردنەوەیان بەناو نۆدەکانی نێتۆرک لە چەندین شوێنی جیا جیا، ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوی زانیارییەکان و هەروەها دەیانپارێزێت، گەر کەسێک بیەوێت دەستکاری زانیاریەکان بکات ئەوا ئەو زانیارییە تەنها لە یەکێک لە نۆدەکان دەگۆڕدرێت بەڵام لە نۆدەکانی تردا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە لەم کاتەدا ئەو نۆدەی کە زانیارییەکانی گۆڕدراوە هەڵدەستێت بە بەراوردکردنی زانیارییەکانی ناوی بە زانیارییەکانی ناو نۆدەکانی تر، چوونکە هەموو نۆدەکان هەمان داتایان تێدایە، لەکاتی بەراوردکردندا دەردەکەوێت کە کام نۆدە زانیارییەکانی گۆڕدراون، بەمشێوەیە هەڵەکان دەستنیشان دەکرێن و ڕاستدەکرێنەوە.

جۆرەکانی بڵۆکچەین

بڵۆکچەینی گشتی

بڵۆکچەینی گشتی هیچ جۆرە ڕێگرییەکی نییە، واتە هەکەسێک کە کۆمپیوتەرێک و هێڵیکی ئینتەرنێتی هەبێت دەتوانێت ئاڵوگۆڕبکات و ببێت بە ئەندام لە بڵۆکچەینکە.

بڵۆکچەینی تایبەت

بڵۆکچەینی تایبەت بە ڕێگەدان کەردەکات، واتا کەس ناتوانێت بەشداری بکات تێیدا تا لەلایەن بەڕێوبەرەکانی نێتۆرکەکەوە ڕێگەی پێنەدرێت.

بڵۆکچەینی هایبرید

بڵۆکچەینی هایبرد یاخوود تێکەڵ (Hybrid blockchains)، وەک بە ناوەکەیدا دیارە تێکەڵەیەکە لە بڵۆکچەینی گشتی و بڵۆکچەینی تایبەت، کە هەموو کەس دەتوانێت بەکاریبهێنێت بەڵام هەندێک تایبەتمەندی هەیە کە پێوێستە لەلایەن بەڕێوبەرەکانی نێتۆرکەکەوە ڕێگەیان پێبدرێت.

جیاوازی نێوان بانکەکان و بڵۆکچەین

بڵۆکچەینەکان وەک هێزێکی تێکدەر بۆ کەرتی دارایی و ئەرکەکانی پارەدان و بانکیدا سەیردەکرێن، چوونکە بڵۆكچەین زیاتر لەبواری دراوی کریپتۆییا بەکاردەهێنرێن، بانکەکان و بڵۆکچەینە لامەرکەزییەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە کە بریتین لە:

کات

بانکە ئاساییەکان لە ڕۆژانی هەفتەدا لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە کراوەن، هەروەها هەندێک لە بانکەکان لە کۆتایی هەفتەدا کراوەن بەڵام کاتژمێرەکانیان سنووردارە و لە ڕۆژانی پشووی بانکیدا سەرجەم بانکەکان دادەخرێن، بەڵام بڵۆکچەین کاتی نییەو هەمیشە کراوەیە و داناخرێت.

کرێی گواستنەوە

بانکەکان بۆ ئەو مامەڵەی گواستنەوانەی کە ئەنجامی دەدەن ڕیژەیەک دیاریکراوی پارە وەردەگرن کە لە بانکێک بۆ بانکێکی دیکە دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی نرخەکەی بە نزیکەی لەسەدا 1 یان زیاترە، بەڵام کرێی گواستنەوە لە بیتکۆین زۆر کەمە، هەندێ کات بۆ گواستنەوەی چەند ملیار دۆلارێک بڕێکی کەم کرێ وەردەگرێت کە نرخەکەی لە نێوان 20 بۆ 30 دۆلارە.

خێرایی گواستنەوە

لە بانکەکان گواستنەوەکان بەکارت (Card payments) لە نێوان 24 بۆ 48 کاتژمێری دەوێت، بە ڵام لە بڵۆکچەیندا، بۆ نموونە بیتکۆین لە نێوان 15 بۆ 20 خوولەکی پێدەچێت.

ئاسانی گواستنەوە

لە بانکەکاندا پێویستت بە ناسنامەی کەسی و حسابێکی بانکی و مۆبایل هەیە، بەڵام لە بڵۆکچەین تەنها پێویستت بە مۆبایلەکەت و هێڵێکی ئینتەرنێت هەیە.

دەستبەسەرداگرتنی ئەکاونت

بەهۆی یاساکانی (know your customer - KYC) حکومەت دەتوانێت بە ئاسانی بەدواداچوون بۆ هەژماری بانکی خەڵک بکەن و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا بگرن بە هۆکارێک کە هەیانبێت، بەڵام لە بڵۆکچەیندا بەکارهێنەرەکان نەناسراون و زۆر زەحمەتە بدۆزرێنەوە.

لایەنە باش و خراپەکانی بڵۆکچەین

بەهۆی ئەو هەموو ئاڵۆزییەی کە بلۆکچەین هەیەتی، سوودەکانی وەک فۆرمێکی تۆمارکردنی لامەرکەزی بێ سنوورە، سیستمێکە کە خاوەنی ئاسایشێکی بەرز و هەروەها بێ هەڵەیە، بەڵام وەک هەموو سیستمێک لایەنی باش و خراپی هەیە.

لایەنە باشەکانی بڵۆکچەین

  • خاوەنی وردبینییەکی زۆرە بەبۆنەی نەبوونی دەستتێوەردانی مرۆڤ لە ئەنجامدانی پشتڕاستکردنەوەکان (verification)
  • کەمکردنەوەی تێچوو بە نەهێشتنی پشتڕاستکردنەوە لەڕێگەی لایەنی سێیەم
  • لامەرکەزییەتبوونی وایلێکردوە دەستکاریکردن و تێکدانی زەحمەتتربێت
  • مامەڵەکان پارێزراو و تایبەتن
  • تەکنەلۆجیایەکی شەفافە
  • جێگرەوەیەکی باشی بانکە و ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی زانیاری کەسی بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی حکومەتەکانیان ناسەقامگیر و دواکەوتووە

لایەنە خراپەکانی بڵۆکچەین

  • تێچوویەکی تەکنەلۆجی زۆری پێویستە
  • توانای مامەڵەکردنی ئێجگار زۆری نییە
  • لە چالاکی نایاساییدا بەکاردەهێنرێت، وەک دارک وێب
  • هەڵگرتنی زانیاری لەم سیستمانەدا سنووردارە
  • بەکارهێنان بڵۆکچەین بەپێی یاسای وڵاتەکان دۆگۆڕدرێت


سەرچاوەکان



657 بینین