ئیثیریەم

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2023-02-16-02:25:00 - کۆدی بابەت: 11025
ئیثیریەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیثیریەم (بە ئینگلیزی: Ethereum، بە عەرەبی: إيثريوم) یاخوود ئیثەر (کورتکراوە: ETH، هێما: Ξ) پلاتفۆرمێکی نەرمەکاڵای جیهانییە کە لەسەر تەکلۆجیای بڵۆکچەین کاردەکات، ئیثیریەم زۆکات بە دراوە کریپتۆییە ڕەسەنەکەی خۆی ناسراوە کە بریتییە لە ئیثەر (ether-ETH).

ئیثیریەم دەتوانرێت لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی هەمووجۆرە تەکنەلۆجیایەکی دیجیتاڵی پارێزراو. ئیثیریەم تۆكنێکی تایبەت بە خۆی بۆ دروستکراوە کە ئیثەرە و بەکاردەهێنرێت بۆ پارەدان و پاڵپشتی کردنی بڵۆکچەینەکە و ئەو کارانەی کە لەسەری دەکرێت، هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن ئەم تۆکنە بەکاربهێنن بۆ پارەدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە کە بڵۆکچەینەکەدا هەیە.

ئیثیریەم بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە بتوانرێت گەورەبکرێت، بەرنامەی بۆ دابڕێژرێت، پارێزراوبێت و هەروەها لامەرکەزی بێت، شایانی باسە بڵۆکچەینێکی پەسەندکراوە لای پڕۆگرامەران و ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆجیانەی کە دەیانەوێت گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدەن لە بواری تەکنەلۆجیای سەردەمدا.

ئیثیریەم پشتگیری گرێبەستی زیرەک دەکات کە کەرەستەیەکی سەرەکی پڕۆگرامە لامەرکەزییەکانە، هەروەها زۆربەی داراییە لامەرکەزییەکان (DeFi) و پڕۆگرامەکان گرێبەستی زیرەک لەگەڵ تەکنەلۆجیای بڵۆکچەیندا بەکاردەهێنن.

مێژوو

ئیثیریەم سەرەتا لە لایەن پڕۆگرامەر و هاو دامەزرێنەری گۆڤاری بیتکۆین، ڤیتاڵیک بوتەرین لە کۆتاکانی ساڵی 2013 باسکراوە، ڤیتاڵیک بوتەرین ڕەخنەی لە گەشەپێدەرانی بیتکۆین دەگرت بەوەی کە بیتکۆین و تەکنەلۆجیای بڵۆکچەین دەتوانن سوود لە بەکارهێنانی تر وەربگرن بێجگە لە پارە، هەروەها تەکنەلۆجیاکە پێویستی بە زمانێکی پڕۆگرامینی بەهێزترە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەکانی، کە دەکرێت ببێتە هۆی بەستنەوەی سەروەت و سامانی بەرجەستەیی وەک پشک و موڵکەکان بە بڵۆکچەینەوە.

لە مانگی یەکی ساڵی 2014 ئیثیریەم لە کۆنفڕانسی بیتکۆین کە لە میامی ڕاگەیەنرا. چەندین نموونە و وەشاندنی جیاوزی ئیثیرییەم لە ماوەی 18 مانگدا لەلایەن گەشەپێدەرەکانییەوە دروستکرا و لە کۆتاییدا لە بەرواری 30 مانگی حەوتی ساڵی 2015 بڵۆکچەینی ئیثیرییەم کەوتەکار.

دامەزرێنەرانی ئیثیریەم یەکەم کەسبوون کە توانا و بەکارهێنانەکانی بڵۆکچەینیان دەبینی لەدەرەوەی سیستمێکی پارەدانی پارێزراو، هەر بۆیە لە ئێستادا بووە بە دووەم گەورەترین دراوی کریپتۆ بەپێی بەهای بازاڕ لە دوای بیتکۆینەوە.

ئیثیریەم 2.0

ئیثیرییەم 2.0 یاخود (Eth2) بریتیبوو لە سێ نوێکردنەوە بۆ بڵۆکچەینەکە کە بە قۆناغ (phases) ناسراوە، کە مەبەست لێی گواستنەوەی میکانیزمی بڵۆکچەینەکەبوو لە میکانیزمی کۆدەنگییەوە بۆ میکانیزمی بەڵگەی گرەوکردن (proof-of-stake)، هەروەها گەورەکردنی تواناکانی تۆڕەکە. نوێکردنەوەی یەکەم کە ناسراوە بە قۆناغی سفر بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی زنجیرەی (وێستگەی بەڵگەی گرەوکردن) لە یەکی 12 ساڵی 2020.

پاش نوێکردنەوەی یەکەم گەشەپێدەران بۆیاندەرکەوت کە زنجیرەی وێستگەی بەڵگەی گرەوکردن کاتێکی کەمتر دەخایەنێت لەوەی کە پلانیان بۆدانابوو بۆیە داوای (یەکگرتنی سەرەتایی) کرد کە بریتیبوو لە خێراکردنی گەیاندن و بەردەستکردنی بەڵگەی گرەوکردن بۆ ئیثیرییەم، شایانی باسە یەکگرتنی سەرەتایی پێویستی بە گواستنەوەی بەکارهێنەر و پڕۆگرامەکانی لە ئیثیریەم 1 نەدەکرد بۆ ئیثیریەم 2، واتا هەموو بەکارهێنەر و پڕۆگرامەکان وەک خۆی دەمانەوە و تەنها میکانیزمەکە دەگۆڕدرا.

لە ساڵی 2022 بەکارهێنانی دەستەواژەی ئیثیریەم 2.0 وازلێهێنرا بەمەبەستی جەختکردنەوە لەسە بوونی تەنها یەک بڵۆکچەین و یەک دراو کە ئیثەرە، لەئەنجامدا بڵۆکچیەنی (Eth1) ناوی گۆڕدرا بۆ چینی جێبەجێکردن و بەکارهێنەرەکانی پێیاندەوترێت کڕیاری جێبەجێکەر، بەهەمانشێوە بڵۆکچەینی (Eth2) ناوەکەی گۆڕدرا بۆ چینی کۆدەنگی و بەکارهێنەرەکانی نازناوی کڕیاری کۆدەنگییان لێنرا.

گۆڕینی میکانیزمی کارکردنی ئیثیریەم لە بەڵگەی کارکردنەوە بۆ بەڵگەی گرەوکردن بووە هۆی کەمکردنەوەی بە بەکارهێنانی وزە لەلایەن بڵۆکچیەنەوە بە ڕێژەی ٪90. بەڵام ئەمە گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی کەمی هەیە لەسەر بەکارهێنانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان چوونکە ئەو کۆمپیوتەرانەی کە بەکاردەهێنران بۆ دەرکردنی ئیثیرییەم ئێستا لە دەرگردنی دراوی کریپتۆی تردا بەکاردەهێنرین.

تەکنەلۆجیای بڵۆکچەین

بابەت: بڵۆکچەین

ئیثیریەم وەک هەموو دراوە کریپتۆییەکانی تر تەکنەلۆجیای بڵۆکچەین بەکاردەهێنێت، کە بریتییە لە زنجیرەیەکی درێژ لە بڵۆکی پێکەوەبەستراو، داتا و زانیاری لەناو ئەو بڵۆکانەدا هەڵدەگیرێت و دەلکێنرێت بە بڵۆکەکەی پێشخۆیەوە کە بەم شێوەیە زنجیرەیەک لە زانیاری دروستدەکات، پاشان لەبەرگیراوەیەکی ئەم زنجیرانە بەناو تۆڕدا بڵاودەکرێنەوە.

میکانیزمی بەڵگەی گرەوکردن

بەڵگەی گرەوکردن جیاوازە لە بەڵگەی کارکردن چوونکە پێویستی بە کۆمپیوتەر و وزەیەکی زۆر نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڵۆکەکان، بەڵکوو پڕۆتۆکۆڵی (Casper-FFG) لەگەڵ ئەلگۆریزمی (LMD Ghost) بەکاردەهێنێت، کە پێکەوە بەستراون و پێی دەوترێت گاسپەر (Gasper)، ئەم میکانیزمە چاودێری کۆدەنگییەکان دەکات و هەروەها هەڵدەستێت بە دیاریکردنی ئەوەی چۆن ئەو بەکارهێنەرانەی زانیارییەکان پشتڕاست دەکەنەوە پاداشت دەکرێن و چۆن سزادەدرێن کاتێت زانیاری هەڵە دەدەن.

ئەو بەکارهێنەرانەی کە زانیارییەکان پشتڕاستدەکەنەوە بە ئەنقەست هەڵە دەکەن یان کاری تێکدەرانە ئەنجامدەدەن سزادەدرێن بە سووتانی ئەو ئیثەرەی کە هەیانە و دەرکردنیان لە نێتۆرکەکە.

جزدانەکان

ئەو بەکارهێنەرانی کە خاوەنی دراوی کریپتۆیی ئیثیریەمن جزدان بەکاردەهێنن بۆ هەڵگرتنی ئیثەرەکانیان، جزدان ڕووکارێکی دیجیتاڵییە کە ڕێگە بە کارهێنەران دەدات بگەن بە ئیثەرەکانیان کە لەسەر بڵۆکچەینەکە هەڵگیراوە و بەکاریبهێنن، هەموو جزدانێک ناونیشانی تایبەت بەخۆی هەیە کە هاوشێوەی ئیمەیڵ وایە، بەکارهێنەران ئەم ناونیشانە بەکاردەهێنن بۆ ناردن و وەرگرتنی ئیثەر لەنێوان خۆیاندا.

لەڕاستیدا ئیثەر لەناو جزدانەکەدا بوونی نییە، بەڵکوو جزدانەکە کلیلی تایبەت لەخۆدەگرێت کە وەک ووشەی نهێنی کاردەکات لەکاتی ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک کە دەیکەین، هەروەها هەر ئیثەرێک خاوەنی کلیلی تایبەت بەخۆیەتی و بەو کلیلە نەبێت ناتوانرێت مامەڵەی پێوەبکرێت.

ئیثیریەم و بیتکۆین

زۆرجار ئیثیریەم بەراورد دەکرێت بە بیتکۆین، هەرچەندە ئەم دوو دراوە کریپتۆییە لێکچوونێکی زۆریان هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا چەند جیاوازییەکی گرنگیان هەیە.

پلاتفۆڕمی ئیثیریەم دامەزرێنرا بەمەبەستی بەکارهێنی بڵۆکچەین بۆ چەندین بەکارهێنانی تەکنەلۆجی جیاواز، بەڵام بیتکۆین تەنها وەک شێوازێکی پارەدان دروستکراوە.

زۆرترین ژمارەی بیتکۆین کە دروسکراوە و بڵاوکراوەتەوە بریتییە لە 21 ملیۆن بیتکۆین، بەڵام بڕی ئیثیریەم کە دەتوانرێت دروستبکرێت بێ سنوورە، ژمارەی ئیثەر کە تا ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە زیاترە لە 122 ملیۆن.

ئیثیریەم لە مانگی 9ی ساڵی 2022 میکانیزمی کۆدەنگی بەڵگەی گرەوکردن بەکاردەهێنێت، بەڵام بیتکۆین میکانیزمی کۆدەنگی بەڵگەی کارکردن بەکاردەهێنێت، کە ڕێژەیەکی زۆری کۆمپیوتەر و وزەی کارەبای پێویستە.

بەکارهێنانەکانی ئیثیریەم

لە یارییە ئەلکترۆنییەکاندا

یاری (Decentraland) یارییەکی جیهانی خەیاڵییە کە بڵۆکچەینی ئیثیرییەم بەکاردەهێنێت بۆ پاراستن و هەڵگرتنی ئەو شتانەی کە لە یارییەکەدا هەیە، وەک زەوی، ئاڤاتار، شتە لەبەرکراوەکان، بیناکان و هەروەها ژینگەکان، کە هەموویان لە ڕێگەی بلۆکچەینەوە تۆکن دەکرێن بۆ دروستکردنی خاوەندارێتی لەنێوان یاریزانەکانیدا.

ئێن ئێف تی

بابەت: ئێن ئێف تی

ئێن ئێف تی یاخود تۆکنی نەگۆڕاو (NFT) بەرهەمی دیجیتاڵین کە لەڕێگەی بڵۆکچەینی ئیثیریەمەوە کراون بە تۆکن، ئێن ئێف تی دووبارەبوونەوەی نییە و کاتێت دەبیتە خاوەنی ئێن ئێف تییەک ئەوا تەنها تۆ هەتە، هەروەها ئێن ئێف تی دەتوانرێت بازرگانی پێوەبکرێت یان بفرۆشرێت چوونکە لە بڵۆکچەیندا وەک مامەڵەیەک سەریدەکرێت.


سەرچاوەکان



825 بینین