پشوودان لەنێوان سەعیکردن و سوودەکانی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-02-16-21:59:00 - کۆدی بابەت: 11029
پشوودان لەنێوان سەعیکردن و سوودەکانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەعیکردن (بە ئینگلیزی: studying، بە عەرەبی: دراسة) هەمووان سەعی دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی باشترین نمرە، بەڵام وەستانی کورت خایەن و پشوودان لەنێوان کاتی وانەخوێندن زۆر بەسوودە بۆ زیاتر بەهرەمەندبوونتان لە وانەکە، ڕەنگە پێت وابێت نهێنی دەستکەوتی زیاتر لە وانەخوێندندا ئەوەیە کاتێک پشوو بدەیت و بوەستیت کە هەموو وانە و سەعییەکانی ناو لیستەکەت تەواو کردووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەشت تا ١٠ کاتژمێر خوێندنی بەردەوام ڕاست نییە، کەواتە ئەگەر دەتەوێت بەڕاستی دەستکەوتی باشت هەبێت و یادهاتنەوەت باش بێت باشترە چەند کاتێکی پشوودان لە پلانی ڕۆژامەی خۆتا دابنێت.

سوودەکانی پشوودان لەنێوان وانەخوێندن 

١- زیادکردنی سەرنجدان

لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە کاتێک کەسێک بۆ ماوەیەکی زۆر کارێک ئەنجام بدات و سەرنجی بخاتە سەر ئەوا سەرنجدانی لەسەری کەم دەبێتەوە، توانای فێربوون کەم دەبێتەوە، هەر ئەم تاقیکردنەوانە ئەوە نیشان دەدەن کە پشوودانی کورت لەنێوان وانەخوێندن یارمەتیدەرە بۆ زیاتر سەرنجدان لەسەر وانەکان. 

٢- باشترکردنی چالاکی مێشک بە پشوودان لەکاتی وانەخوێندن

پشوودان یارمەتی باشترکردنی چالاکی مێشک و بەهێزکردنی توانای فێربوون و بەیادهێنانەوەی زانیارییەکان دەدات، دەبێت بزانیت بۆ باشترکردنی چالاکی مێشک تواناکانی ناچار نیت چەندین کاتژمێر بەسەر یەکەوە بخوێنیت، بەڵکوو بەتەواوی بەپێچەوانەوە مێشک پێویستی بە پشووی کورتخایەن دەبێت تاکوو بتوانێت زانیارییە نوێیەکان خەزن بکات و جێگیریان بکات.

٣- زیادکردنی داهێنان لە شیکارکردنی پرسیارەکاندا

کاتێک ڕووبەڕووی پرسیارێکی دژوار دەبیتەوە، کە دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر پێت وایە شیکار ناکرێت، ڕەنگە بتەوێت زیاتر فشار لە خۆت بکەیت و کاری لەسەر بکەیت هەتاکوو شیکار دەکەیت، بەڵام پرسیارە ئاڵۆزەکان پێویستییان بە ڕێگای شیکاری داهێنەرانە هەیە، باشترین ڕێگا بۆ بەکارهێنانی توانای داهێنەرانەت ئەوەیە کە پشوویەک بە خۆت و مێشکت بدەیت.

٤- کەمکردنەوەی فشار 

ئەوکاتەی کە فشارت لەسەرە و شڵەژاویت، خوێندن و فێربوون زۆر سەختە، ڕێگایەکی باشیش بۆ کەمکردنەوەی ئەم فشار و شڵەژانە، پشوودان و دوورکەوتنەوەیە لە هۆکاری فشارەکە. 

هەندێک پێشنیار بۆ پشوودان لەنێوان سەعیکردن

١- ڕۆشتنە دەرەوە لە ژینگەی وانەخوێندنەکە

ئەگەر دەتەوێت باشترین سوود لە سەعیکردنەکەت وەربگریت، کاتی پشووەکەت بۆ چوونە دەرەوە لە شوێنی سەعیکردنەکەت بەکاربهێنە، دەتوانیت بڕۆیتە دەرەوە و هەوایەک هەڵمژیت لە باخچەیەکەدا، یان تەنانەت ئاودانی گوڵەکانی ماڵەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ڕۆشتنە دەرەوە لە ژینگەی سەعیکردنەکە کاتی تاقیکردنەوە کە فشارت هەیە، کاریگەری زۆری لەسەر باشترکردنی فێربوون هەیە. 

٢- سەرخەوێک لەنێوان وانەخوێندن باشترین پشووە

ئەگەر سەرخەوێکی ٢٠ خولەکیش بێت، دەتوانێت هەستی گەشانەوە و ئامادەباشی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەت پێ بدات، خەو یارمەتی خانەکانی مێشک دەدات زانیارییە خەزنکراوەکان ڕێکبخاتەوە و نوێیان بکاتەوە.

٣- پیادەڕەوی

پیادەڕەوی سوودی زۆری بۆ سەلامەتی هەیە، نەک تەنیا بۆ جەستە، بەڵکوو بۆ هزر. پێویست ناکات پیادەڕەوی بە خێرایی بێت، پیادەڕەویکردن بەئارامی بۆماوەی ٢٠ خولەک دەتوانێت مێشک ئارام بکاتەوە و ماندوویەتی دوور بخاتەوە، یارمەتیت دەدات بە وزە و تاقەتی باشترەوە بگەڕێیتەوە لای سەعییەکەت.

٤- بەکارنەهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لێکۆڵینەوەیەک نیشانی داوە کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکاتی پشووی نێوان وانەخوێندن، لەڕاستیدا توانای هزری تاک کەمدەکاتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری، بۆیە هەوڵبدە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

ماوەی هەر پشوودانێک لەنێوان سەعیکردنەکان

  1. ئەو کەسانەی کە زوو ماندوو دەبن، دەتوانن لەدوای هەر ٣٠ خولەک سەعیکردنێک، ماوەی پێنج خولەک پشوو بدەن.
  2. ٦٠ خولەک سەعیکردن و ١٠ خولەک پشوو.
  3. ١٢٠ خولەک سەعیکردن و ١٥ خولەک پشوو، واتا لە دوای دوو کاتژمێر سەعیکردن یەک چارەک پشوو.
  4. لەدوای هەر ٤-٥ کاتژمێر سەعیکردنێک دوای نانی نیوەڕۆ، دەتوانیت ٤٥ خولەک تا ١ کاتژمێر پشوو وەربگریت بە کردنی هەر کارێکی دڵخوازت.
  5. لەدوای ٣-٤ کاتژمێری دواتریش دەتوانیت ٤٥ خولەک تا ١ کاتژمێر پشوو بدەیت.


سەرچاوەکان



504 بینین