جەنگی حەتین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-16-22:21:00 - کۆدی بابەت: 11030
جەنگی حەتین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی حەتین، شەڕی حەتین یان فەتحکردنی قودس یاخود ڕزگارکردنی قودس (بە عەرەبی: معركة حطين یان فتح القدس، بە ئینگلیزی: Battle of Hattin) ئەو جەنگە بوو کە قودس لەژێر دەستی دەسەڵاتی خاچپەرستانی شام لەلایەن سوپای موسڵمانان بە ڕابەرایەتی سەڵاحەدینی ئەیووبییەوە ڕزگار کرا، لە ٢٥ـی ڕەبیعی دووەمی ساڵی ٥٨٣ـی کۆچی بەرانبەر بە ٤ـی تەممووزی ساڵی ١١٨٧ زایینی ئەم جەنگە لە سنووری وڵاتی فەڵەستین لە ناوچەی حەتین ڕوویدا و بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتاییهات و دوای ٨٨ ساڵ لە داگیرکاری خاچپەرستان لە قودس کۆتایی بە دەسەڵاتیان هێنرا.

هۆکاری ناونانی بەو ناوەوە

جەنگی حەتین لە سنووری ناوچەکانی وڵاتی فەڵەستین ڕوویدا و بە دیاریکراوی لە گوندێکی دەشتایی بە ناوی حەتین جەنگەکە هەڵگیرسا، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە نێوان ناوچەی ناسڕە و تبەریا کە بە دووری نۆ کیلۆمەتر لە ناوچەی تبەریا دوورە. گوندی حەتین بە ناوچەیەکی ستراتیجی دانرابوو چونکه دەکەوتە سەر ڕێگای سەرەکی بازرگانی نێوان شام و عێراق و میسر، بۆیە سوپای موسڵمانان لە گوندی حەتین ڕووبەڕووی سوپای خاچپەرستان بوونەوە و جەنگەکەش بە ناوی جەنگی حەتین ناسرا.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

زۆرێک لە ناوچە و وڵاتانی موسڵمانان و بە دیاریکراوی قودس لەلایەن خاچپەرستان لە ساڵی ١٠٩٩ـەوە داگیرکرابوون و بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک ناوچەکان لەژێر دەسەڵاتی پاشا و فەرمانڕەوای خاچپەرستەکان بوو، ئەمە هۆکارێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ڕزگاربوون و ئازادکرنی ناوچەکان و دروستبوونی جەنگی حەتین.

بەڵام هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی حەتین بریتی بوو لە هێرشێکی (ڕینێ دی شاتڵۆن) ناسراو بە ئەڕنات بۆ سەر چەند قافڵەیەکی بازرگانی موسڵمانەکان و زیانی پێگەیاندن و قافڵە و بارە بازرگانییەکەی تاڵان کرد، لە کاتێکدا لە ساڵی ١١٨٠ ئەو پەیمانی ئاشتی بەستبوو و بەڵام پەیمانەکەی پێشێڵ کرد و قافڵەیەکی بازرگانی کە لە قاهیرەوە دەرچووبوو بۆ دیمەشق تاڵان کرد و بازرگانەکانیشی بەدیل گرت، بەپێی چەند سەرچاوەیەک دەرکەوتووە کە خاوەنی ئەو قافڵە بازرگانییە خوشکی سەڵاحەدینی ئەیووبی بووە، بۆیە سەڵاحەدین ڕاستەوخۆ داوای لە پاشای قودس لەو سەردەمە پاشا گای دی لۆزینیانی کرد کە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە و دیلەکان ئازاد بکات، بەڵام پاشا داواکەی سەڵاحەدینی ڕەتکردەوە، بۆیە سەڵاحەدینی ئەیووبی لە هەمان ساڵ بڕیاری جەنگی بۆ سەر شانشینی قودس دا، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی سەڵاحەدین ساڵێک جەنگەکە دواخرا.

ڕووداوەکانی پێش جەنگ و ئامادەکارییەکان

پێش جەنگی حەتین سەڵاحەدین و ئەیووبییەکان چەند ناوچەیەکی ستراتیجی و گرنگی شام و میسرییان لەژێر دەسەڵاتی خاچپەرستان نموونەی چەند مینا و بەندەرێکی ئاوی و چەند قەڵایەکی گرنگی ستراتیجی ڕزگار کردبوو. لە بەهاری ساڵی ١١٨٧ هەردوو قەڵای کەرەک و مۆنریاڵیان لە ئوردن داگیرکرد، دوای دوو مانگ لە میسر بانگەوازی کرا بۆ ناو تۆمارکردن و خۆبەخشکردن بۆ جەنگ دژی خاچپەرستان، هەر بە هەمان مەبەست نامەی ئاگاداری نێردرا بۆ ناوچەکانی مووسڵ و نیمچەدوورگەی عەرەبی و شام و داوای هاوکاری و خۆبەخشی کرا بۆ جەنگ دژی خاچپەرستان، هاوکات لە هەردوو شاری قاهیرە و دیمەشق بنکەی سەربازی و سوپای دامەزرێندرا، سەڵاحەدین کوڕەکەی خۆی بە ناوی مەلیک ئەفزەڵ کردە سەرکردەی چەند هێزێک و سوپایەکی گەورەی پێ سپارد کە پێکهاتبوون لە ١٢ هەزار ئەسپسوار و ١٣ هەزار پیادە و چەندان خۆبەخش، سوپایەکیشی بە کوڕێکی خوشکی سپارد بە ناوی تەقییەدینی عومەر و لە چەند شوێنێکەوە سوپای ئامادە کرد و سەرکردایەتیشی بە کەسە نزیکەکانی دەسپارد.

لە مانگی ئایاری ساڵی ١١٨٧ ناوچەی ناسڕە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە ڕزگار کرا. سوپاکانی ئەیوبییەکان ڕووباری ئوردنیان لە باشووری تەبریا تێپەڕاند و یەکیان گرت. ژمارەی سوپای ئەیووبییەکان بە ٢٠ هەزار بۆ ٤٠ هەزار سەرباز و ١٢ هەزار سوارچاک خەمڵێندرا بوو و سەڵاحەدینی ئەیووبی خۆی پێشڕە و ڕابەر و سەرکردەی سوپاکە بوو، هاوکات ژمارەی سوپای خاچپەرستان بە ٢٢ هەزار بۆ ٤٠ هەزار سەرباز و ئەسپسوار خەمڵێندرا بوو.

هەڵگیرسانی جەنگی حەتین

دوای یەکگرتنی سوپاکان لە ناوچەی حەتین کە گوندێکی دەشتایی بوو لە ڕۆژاوای تەبریا، سوپاکە ئەو شوێنەیان کرد بە گۆڕەپانی جەنگ ناوچەکەیان لە دار و دەوەن پاک کردەوە، سەڵاحەدین تەکتیکی ئاو گرتنەوەی لە دوژمن بەکارهێنا و هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی لە سوپای خاچپەرستان بڕی و چاوگ و ڕووبارە ئاوییەکانی داگیرکرد، بۆیە ناچاری کردن کە بۆ دابینکردنی ئاو دابەزنە ناوچەیەکی دەشتایی نێوان حەتین و لوبییا، کاتێک ئەوان دابەزینە دەشتاییەکانی ئەو ناوچەیە سوپای سەڵاحەدین هێرشیان کرد و سوپای خاچپەرستان هەڵهاتن بۆ سەر گردەکانی ناوچەی حەتین و لەلایەن سوپای موسڵمانانەوە گەمارۆدران.

لە ڕۆژی چواری تەممووزی ساڵی ١١٨٧ جەنگی حەتین هەڵگیرسا و هەر لە سەرەتاوە سوپاکەی سەڵاحەدین بەهێزتر بوو و جەنگەکە حەوت کاتژمێری خایاند و سوپاکەی سەڵاحەدین توانی سوپای خاچپەرستان بشکێنێت و بچێتە قودسەوە، توانییان پاشا گای دی لۆزینیانی پاشای قودس بە دیل بگرن و ژمارەیەکی زۆریان لە ئەفسەر و هێرشبەرە خاچپەرستەکان کوشت.

دەرەنجامی جەنگی حەتین

جەنگی حەتین بە سەرکەوتنی موسڵمانان و شکستهێنانی خاچپەرستان کۆتایی پێهات، قودس و خاکی پیرۆز دوای ٨٨ ساڵ لە داگیرکاری خاچپەرستان ڕزگارکران و زۆرێک لە ناوچەکانیشام  کە ژێردەستەی دەسەڵاتی خاچپەرستان بوون کەوتنەوە ژێر فەرمانڕەوایی ئەیوبییەکان و موسڵمانان. دوای ڕزگارکردنی قودس لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ ناوچەکانی غەززە و عەسقەلان و ناوچەکانی باشووری فەڵەستینیش ڕزگارکران. ئەم جەنگە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگی خاچپەرستی سێیەم کە بە ماوەی دوو ساڵ دوای جەنگی حەتین لە ساڵی ١١٨٩ ڕوویدا.


سەرچاوەکان



984 بینین