کۆمپانیای کۆکاکۆلا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-17-21:15:00 - کۆدی بابەت: 11035
کۆمپانیای کۆکاکۆلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای کۆکاکۆلا (بە عەرەبی: شركة كوكاكولا، بە ئینگلیزی: The Coca-Cola Company) کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەتە بە خواردنەوە گازییەکان و بە خواردنەوەی کۆکاکۆلا ناودارە. ناوەند و لقی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ناوچەی ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیایە لە ئەمریکا. لە ئێستادا کۆمپانیای کۆکاکۆلا نزیکەی ٥٠٠ براندی بەرهەمی خواردنەوەی گازی ناکحوولی و کحوولی و شەربەتی هەیە و لە جیهاندا لە ٢٠٠ وڵات و هەرێم لقی هەیە.

لە ڕابردوودا کۆمپانیاکە نزیکەی ٨٦ هەزار و ٢٠٠ کارمەند و کرێکاری هەبووە، بەڵام لە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠١٩ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمپانیاکە زیانی دارایی و ئابووری زۆری بەرکەوت، بۆیە بڕیاریدا کە بە ڕێژەی ١٢٪ ژمارەی کارمەندانی کەم بکاتەوە و نزیکەی دوو هەزار کرێکار و کارمەندی لە لقەکەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە. لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان خواردنەوەی کۆکاکۆلا بە پڕفرۆشترین بەرهەمی کۆمپانیاکە دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠١٠ بە یەکەمین براندی جیهانی تایبەت بە خواردنەوەی گازی دانرا کە خواستی زۆری لەسەر بووە، هاوکات کۆمپانیای کۆکاکۆلا نزیکەی ٢٥٪ـی پشکی بازاڕی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە.

مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیاکە

دەرمانسازی ئەمریکی (جۆن ستێث پێمبێرتۆن) بە داهێنەر و دۆزەرەوەی یەکەمین خواردنەوەی کۆکاکۆلا دادەنرێت لە جیهاندا، لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٨٨٦ گیراوەیەکی شلی گازاوی لە چەند پێکهاتەیەک دروستکرد نموونە تێکەڵکردنی مەی و کافایین لەگەڵ بڕێکی دیارکراو شەکری تێدا بەکارهێنا و لە دەرمانخانەکەی وەکوو دەرمانی ئازارشکێنی سەرئێشە دەیفرۆشت. پاشان (جۆن پێمبێرتۆن) تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئەو گیراوەیە زیاتر کرد و بەبێ هیچ ناوێکی فەرمی لە بازاڕەکاندا بڵاویکردەوە و فرۆشتی.

ناوی کۆکاکۆلا لەلایەن ژمێریارێکەوە بە ناوی (فرانک ماسۆن ڕۆبنسۆن) کە لەگەڵ جۆن کاری دەکرد پێشنیار کرا و داهێنرا، ناوەکە لە دوو پێکهاتەی سەرەکی کۆکاکۆلا وەرگیرا، کە بریتی بوون لە گەڵای کۆکا (ناوی زانستی: Erythroxylum coca) لەگەڵ جۆرە گوێزێک بە ناوی گوێزی کۆلا (بە ئینگلیزی: kola nut).

دوای کۆچی دوایی (جۆن پێمبێرتۆن) پێکهاتە و براندی کۆکاکۆلا لەلایەن نەوەکانی پێمبێرتۆنەوە لە ساڵی ١٨٨٩ فرۆشرایە بازرگانێکی ناوداری ئەمریکی بە ناوی (ئاسا گریگەرز کاندلەر)، ئەو لە ساڵی ١٨٩٢ بە فەرمی کۆمپانیای کۆکاکۆلای لە ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا دامەزراند، تەنیا دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی کۆمپانیاکە فرۆشی کۆمپانیای کۆکاکۆلا گەیشتە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا و بە یەکێک لە کۆمپانیا خێرا گەشەکردووەکان دادەنرێت و پشکی زۆرێک لە کۆمپانیای بچووک و براندی جیهانی کڕییەوە. لە ساڵی ١٩١٦ بۆ یەکەم جار خواردنەوەی کۆکاکۆلا لە شووشەدا فرۆشرا.

کۆمپانیای کۆکاکۆلا لە پێشەنگی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بوو کە ڕیکلام و بانگەشەی بازرگانی بەکارهێنا و پشکەکانی کۆمپانیای کۆکاکۆلا تا ساڵانی ١٩٤٨ بە ڕێژەی ٦٠٪ پشکەکانی بازاڕی خواردنەوە گازییەکانی داگیرکرد بوو، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆمپانیای بیپسی ڕێژەکە کەم بووەوە بۆ ڕێژەی ٢١٫٨٪ و ڕکابەریەتییەکی توند لە نێوان ئەو دوو کۆمپانیایە هەیە.

پێکهاتەی خواردنەوەی کۆکاکۆلا

کۆکاکۆلا خواردنەوە و گیراوەیەکی گازییە بە ڕێژەی ٩٠٪ـی لە ئاوی گازی پێکدێت کە بریتییە لە دووانە ئۆکسیدی خاوێن و پاک و هەر ئەم ماددەیەیە کە کەف و هەڵچوون بۆ کۆکاکۆلا دروست دەکات. شەکر پێکهاتەیەکی تری کۆکاکۆلایە و کە بەڕێژەیەکی زۆر لە کۆکاکۆلا بەکاردەهێنرێت و تامێکی شیرین بە خواردنەوەکە دەبەخشێت. ڕەنگی کۆکاکۆلا قاوەییەکی تۆخی مەیلەو ڕەشە ئەم ڕەنگە لە ڕێگەی ڕەنگی دەستکرد و بڕێکی دیاریکراو لە کەڕامیڵ بەدەست دەهێنرێت.

چەند ماددەیەکی کیمیایی لە پێکهاتەی کۆکاکۆلا هەیە نموونەی ترشی فسفۆریک کە تامێکی نیمچەتورشی بەخشیوەتە خواردنەوەکە. کافایین پیکهاتەیەکی تری کۆکاکۆلایە و بەڕێژەیەکی دیاریکراو لە خواردنەوەکەدا بەکارهاتووە. هاوکات تامی سەرەکی نهێنی دەستکردی خواردنەوەی کۆکاکۆلا تایبەتە بە کۆمپانیاکە و نهێنییە و نازانرێت.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای کۆکاکۆلا

کۆمپانیای کۆکاکۆلا تایبەتە بە خواردنەوەی گازی و کحوولی و ناکحوولی، نزیکەی ٥٠٠ مارکە و براند لەژێر ڕکێفی ئەو کۆمپانیایەوە بە جیهاندا بڵاودەکرێنەوە، گرنگترین بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بریتین لە:

-خواردنەوە گازییەکان

خواردنەوە گازییەکان بەرهەمی سەرەکی کۆمپانیای کۆکاکۆلان و جگە لە کۆکاکۆلا چەند جۆرێکی سەرەکی ناودار بەرهەم دەهێنێت نموونەی خواردنەوەی سپرایت و ڤانتا. بەشێک لە خواردنەوە گازییەکان بە تامی دەستکردی هەمەجۆر بەردەستن نموونەی تامی میوەکانی وەکوو خۆخ، پرتەقاڵ، ئەنەناس و ترێ.

-خواردنەوەی تەندروست

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە کۆمپانیای کۆکاکۆلا گرنگی بە بەرهەمهێنانی خواردنەوەی تەندروستدا، بەرهەمە تەندروستەکانی ڕێژەی شەکر تێیدا سنووردارە و هەروەها هەندێکیان خواردنەوەی ناگازیین و گازیان تێدا نییە تایبەتن بەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەن یاخود ڕیجیمی تەندروست ئەنجام دەدەن.

-کۆکتێل و ئاو وشەربەتی میوە

بەشێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای کۆکاکۆلا بریتین لە شەربەت و ئاوی میوەی سروشتی و کۆکتێل و تێکەڵەی جیاواز، ئەو بەرهەمانەیان سنووردارە و بەڵام داواکارییان لەسەر هەیە.

واتای هێما و لۆگۆکەی

لۆگۆی کۆکاکۆلا لەلایەن (فرانک ڕۆبنسۆن) دامەزرێنەری کۆمپانیاکە دیزاین کرا کە خۆی لە دەستەی دامەزرێنەران بوو و لە ساڵی ١٨٨٥ لۆگۆکەی دەرکرد لەو کاتەدا هیچ نرخ و تێچووەیەکی بەرامبەر ئەو کارە وەرنەگرتووە و لۆگۆی کۆکاکۆلا تێچووی نەبووە. ناوی لۆگۆکەی لە ناوی دوو ماددەی سەرەکی پێکهاتەکانی وەرگیراوە کە بریتین لە گەڵای کۆکا و گوێزی کۆلا.

ساڵانێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی نموونەی سعوودیە دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە لەکاتی پێچەوانەکردنی لۆگۆکە واتاکەی دەبێتە (لا محمد لا مكة) و ئەو هێمایە دژی ئایینی ئیسلامە، بەوهۆیەوە دژایەتییەکی زۆری کۆمپانیاکە کرا و تەنانەت ڕێژەی فرۆشی لە زۆرێک لە ناوچە عەرەبییەکان کەم بووەوە، بەڵام کۆمپانیاکە پشتراشتی کردەوە کە واتای هێما و لۆگۆکەی هیچ پەیوەندییەکی بە بێڕێزی کردن بە ئایینی ئیسلامەوه نییە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.

ڕەخنەکانی دژی کۆمپانیای کۆکاکۆلا

لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەوە کۆمپانیای کۆکاکۆلا بۆ زۆرێک لە بەرهەمەکانی بتڵی پلاستیکی و کانزایی بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کۆمپانیاکه بتڵی شووشەی بۆ بەرهەمەکانی بەکاردەهێنا، بەڵام دوای دەرکەوتنی پلاستێک بەرهەمە لە شووشەکراوەکانی زۆر سنووردار کرد، بۆیە بوون بە یەکێک لە گەورەترین ئەو کۆمپانیایانەی جیهان کە پلاستیک بەکاردەهێنن لە جیهاندا، بە جۆرێک کە بەرهەمهێنانی ساڵانەی مایکرۆپلاستیک لە بەرهەمەکانیان لە سێ ملیۆن تەن زیاترە و ساڵانە ١١٠ ملیار بتڵی پلاستیکی بەرهەم دەهێنن، بۆیە بە پیسکەری ژینگە دادەنرێن و ڕەخنەی زۆریان لەو بارەیەوە لەسەر گیراوە.

بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەسەر ئاژەڵان، لەلایەن ئاژەڵدۆستانەوە چەند داوایەکی یاسایی دژی کۆمپانیاکە تۆمارکراوە. هەروەها چەند توێژینەوەیەکی پزیشکی و زانستی لەسەر بەرهەمەکانیان کراوە کە بە هۆکاری سەرەکی تووشبوونی نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی دادەنرێن، داواکراوە کە لە بەرهەمەکانیاندا ڕێژەی شەکر سنووردار بکەن.


سەرچاوەکان



878 بینین