چاندنی سیر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-22:50:00 - کۆدی بابەت: 11043
چاندنی سیر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی سیر (بە ئینگلیزی: Planting garlic، بە عەرەبی: زراعة الثوم)، یەکێکە لە ئەو جۆرە سەوزانەی کە بۆ گەشەکردن پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە، تامێکی خۆش دەدات بە ژمارەیەکی زۆر خواردن و سوودی تەندروستی زۆریشی هەیە، باشترە لە وەرزی پاییزدا بچێنرێت، بەڵام سەرەتا دەبێت بە وریاییەوە ئەو جۆرە هەڵبژێردرێت کە لەگەڵ کەشوهەوای جێگەکەدا دەگونجێت.  

دەکرێت سوود لە گەڵاکانیشی ببینرێت کە لە وەرزی بەهاردا دەردەکەوێت و بۆ دروستکردنی زەڵاتە بەکاربهێنرێت، گوڵەکەشی سوودی هەیە و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مێرووەکان لە باخچەکە، چەندین جۆری هەیە کە جێگەی گەشەکردن و تام و قەبارەیان جیاوازی تێدایە.

سیر زۆر بە کەمی ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، بەڵام دەکرێت مێروو و کەڕووەکان زیانی پێبگەیەنن، نیشانەی جیاواز دروستدەکەن وەک گۆڕانی ڕەنگی بەشە سەوزەکەی بۆ زەرد و قاوەیی، یاخود دروستبوونی پەڵە و نیشانەی ڕەنگ جیاواز، یاخود دروستبوون و هەبوونی کەڕووی نەرمی ڕەنگ جیاواز لە بنجی ڕووەکەکەدا، ئەگەر زیان بە ڕەگەکەشی بگات لەوانەیە بەکتریای بۆ بگوازێتەوە، چارەسەرەکان بە گوێرەی هۆکاری نەخۆشییەکەی دەگۆڕێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • چەند هەفتەیەک پێش چاندنی دەبێت خاکەکەی بۆ ئامادە بکرێت، بە تێکەڵ کردنی لەگەڵ پەیینی کۆن و پەیینی گژوگیایی.
  • لە پاییزدا دەچێنرێت و پێویستی بە تەواوی وەرزی زستانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو و تەواو ڕەگ دابکوتێت.
  • ئەو سیرەی کە دەچێنرێت هەرچەندە گەورەتر بێت ئەوا لە هاوینی دواتردا بەرهەمی باشتری دەبێت.
  • سیرەکە لە قوڵایی پێنج سانتیمەتردا دەچێنرێت و باشترە مەودای نێوان دانەیەک بۆ یەکێکی تر بگاتە نزیکەی ١٠-٢٠ سانتیمەتر.
  • مەودای نێوان ڕیزەکانیش لە نێوان ١٥-٣٠ سانتیمەتر ببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

سیر پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێش بێت، لەهەمان کاتدا جێگەکەی ڕێژەیەکی زۆر ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت، ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٦-٨ کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، ڕووەکێکە کە پێویستی بە ماددەی خۆراکی زۆرە و دەبێت خاکەکەی بۆ بەپیت بکرێت، هەروەها بژاربکرێت و گژوگیا زیانبەخشەکان دەربهێنرێن، چونکە بە هەبوونی ڕووەکی تر کە پێشبڕکێ دەکەن لەسەر ماددەی خۆراکی خاکەکە سیرەکان لاوازدەبن، جگە لە ئەمانەش سیر پێویستی بە ئاودانی زۆر نییە، تەنها لە کاتی پێگەیشتن و مانگە گەرمەکاندا دەکرێت هەموو ٣-٥ ڕۆژ جارێک ئاو بدرێت.

وەرزی گەشەسەندنی درێژخایەنی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لە پاییزدا بچێنرێت ئەوا لە هاویندا بەرهەمی پێدەگات، بەڵام لە دوای لێکردنەوەی و خاوێن کردنەوەی جێگەکەی، ئەوا دەکرێت لەهەمان جێگەدا دووبارە سیر بچێنرێتەوە، کاتێک لە بەهاردا گوڵ دەگرێت دەبێت لێبکرێتەوە و ببڕدرێت، چونکە گوڵەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی ئەو سەلکە سیرەی کە لە ژێرەوە گەشە دەکات.

نیشانەی تەواو پێگەیشتنی سیر ئەوەیە کە ئەو بەشە سەوزەی کە لە سەرەوەی خاکەکەیە زەرد دەبێت و وشک دەبێت، بەڵام دەبێت پێش ئەوەی بە تەواوەتی وشکببێت و بوەرێت دەربهێنرێت، هەروەها باشترە پێش زەردبوونی تەواوەتی یەکێک لە سیرەکان دەربهێنرێت وەک نموونە بۆ ئەوانی تر، چونکە هەندێک لە جۆرەکان پێش وشکبوون و زەردبوون پێدەگەن.

ئەگەر پێش کاتی خۆی دەربهێنرێت واتە پێنەگەیشتبێت، ئەوا سیرەکەی تەنکە و بەئاسانی هەڵدەوەشێت، ئەگەر زۆریش بمێنێتەوە ئەوا بەرگەکەی و بەشی ناوەوەشی کەرت دەبن، کە ئەمە وادەکات سەلکی سیرەکە بە ئاسانی تووشی نەخۆشی ببێت، پاشان لە کاتی هەڵگرتنیدا ماوەیەکی کەمتر دەمێنێتەوە، لە دوای دەرهێنانی باشترە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە جێگەیەکدا هەڵبواسرێت و وشک ببێتەوە، جێگەکەی هەواگۆڕکێی تەواوی هەبێت، دواتر هەڵدەگیردرێت بەڵام لە جێگەیەکی وشکدا نەک شێدار و بەفرگر، ئەگەر بەباشی هەڵبگیردرێت ئەوا تاکوو هاوینی دواتر بە دروستی دەمێنێتەوە.  


سەرچاوەکان



527 بینین