ڕۆد ئایلەند

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-19-20:22:00 - کۆدی بابەت: 11047
ڕۆد ئایلەند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ڕۆد ئایلەند یان دوورگەی ڕۆد (بە ئینگلیزی: Rhode Island، بە عەرەبی: رود آيلاند)، ویلایەتێکە لە ناوچەی نیو ئینگلاند لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە بچووکترین ویلایەتی ئەمریکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی ٢٠٢٠ کەمێک کەمتر لە ١.١ ملیۆن کەس بوو. بەڵام لە دوای نیوجێرسیەوە دووەم چڕترین ویلایەتی وڵاتە. ناوی خۆی لە دوورگەی ڕۆد ئایلەندەوە وەرگرتووە. ڕۆد ئایلەند لە ڕۆژاواوە لەگەڵ کنکتیکوت؛ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ماسەشوستس و لە باشوورەوە لە ڕێگەی گەرووی ڕۆد ئایلەند و گەرووی بلۆک ئایلەندەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا هاوسنوورە. هەروەها سنوورێکی بچووکی دەریایی لەگەڵ ویلایەتی نیویۆرکدا هەیە. پرۆڤیدێنس پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەیە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی ڕۆد ئایلەند ٣,١٤٤ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢,٧٠٧ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٤٣٨ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٣.٩% کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٨٨ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و لە دوای ویلایەتی نیوجێرسییەوە لە پلەی دووەمی وڵاتدا بوو.

مێژوو و ناوی ویلایەتەکه

پێش ئەوەی جێگیربووە ئینگلیزەکان لە سەرەتای سەدەی ١٧ـدا بگەنە ناوچەکە، ئەمریکییە ڕەسەنەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لە دەوروبەری کەنداوی ناراگانسێت ژیان. ڕۆد ئایلەند یەکێک بوو لە سیازدە کۆلۆنییەکەی بەریتانیا و لەلایەن پەنابەرێکەوە بە ناوی (ڕۆجەر ویلیەمس) دامەزرا، کە لە چەوساندنەوەی ئایینی لە کۆلۆنی ماسەشوستس بەی هەڵهات بەو نیازەی پەناگەیەک بۆ ئازادیی ئایینی دابمەزرێنێت. لە ساڵی ١٦٣٦ـدا ڕۆجەر پرۆڤیدێنسی لەسەر ئەو زەوییە دامەزراند کە لە هۆزە ناوخۆییەکانی کڕیبوو. دواتر کۆڵۆنی ڕۆد ئایلەند و کێڵگەی پرۆڤیدێنس بوو بە شوێنێک بۆ هەڵگەڕاوی ئایینی و سیاسی و دەرکراوی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نازناوی "دوورگەی بەد"ـی لێ بنرێت. ڕۆد ئایلەند یەکەم کۆلۆنی بوو کە لە ساڵی ١٧٧٤ـدا داوای کۆنگرەی کیشوەری کرد و لە چواری ئایاری ١٧٧٦ـدا پشتی لە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانی کرد. دوای شۆڕشی ئەمریکا ڕۆد ئایلەند بوو بە چوارەم ویلایەتی ئەمریکا کە لە نۆی شوباتی ١٧٧٨ـدا ماددەکانی کۆنفیدڕاڵی پەسەند کرد. لەبەر ئەوەی گرووپێک لە دانیشتووانی ویلایەتەکە لایەنگری حکوومەتێکی ناوەندی لاوازتر بوون، بۆیە ڕۆد ئایلەند بایکۆتی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٧٨٧ کرد کە دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای داڕشتبوو، بەڵام دواجار پەسەندی کرد و لە ٢٩ـی ئایاری ساڵی ١٧٩٠ـدا وەکوو ١٣ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.

لە سەردەمی داگیرکاریدا بە فەرمی ناوی (ویلایەتی ڕۆد ئایلەند و کێڵگەی پرۆڤیدێنس) لە ویلایەتەکە نرا، بەڵام زۆربەی کات بە سادەیی بە "ڕۆد ئایلەند" ناسرابوو. لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ـدا دەنگ لەسەر لابردنی کێڵگەی پرۆڤیدێنس درا و تەنها (ڕۆد ئایلەند) مایەوە. هەروەها نازناوی فەرمی ویلایەتەکە بریتییە لە "ویلایەتی ئۆقیانوس" و ئاماژە بەوە دەکات کە ٦٤٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکان و کەنداوە گەورەکان و گوزەرەکانەوە دوورە و نزیکەی ١٤%ـی کۆی ڕووبەری ویلایەتەکە پێک دەهێنن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ڕۆد ئایلەندی لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ١,٠٥٩,٣٦١ کەس مەزندەکرد، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٠.٦٥٪ زیادی کردووە. دواتر لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند گەشتە ١,٠٩٧,٣٧٩ کەس. ناوەندی دانیشتووانی ڕۆد ئایلەند لە پرۆڤیدێنس کاونتییە، لە شاری کرانستن. ٦.١%ـی دانیشتووانی ڕۆد ئایلەند لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی، ٢٣.٦%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە خوار ١٨ ساڵی و ١٤.٥%ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵی یان سەرووتر ڕاپۆرتکران. هەروەها مێینەکان نزیکەی ٥٢%ـی دانیشتووانیان پێکهێناوە.

شوێنی لەدایکبوون

لە کۆی دانیشتووانی ڕۆد ئایلەند، ٥٨.٧%ـیان لە ڕۆد ئایلەند لەدایکبوون و ٢٦.٦%ـەکەی تریان لە ویلایەتێکی جیاواز لەدایکبوون، هەروەها ٢.٠%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە پۆرتۆ ڕیکۆ لەدایکبوون و ١٢.٦%ـی دانیشتووان لەدایکبووی بیانین.

زمان

بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٠ـی ئەمریکا ٨٤%ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتی ڕۆد ئایلەند بە زمانی ئینگلیزی ئەمریکی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ٨.٠٧%ـی دانیشتووان لە ماڵەوە بە زمانی ئیسپانی دەدوێن. زمانی پورتوگالی سێیەم قسەپێکراوترین زمانی دانیشتووانە و لەلایەن ٣.٨٠%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە بەکار دێت. بە دوای ئەوانیشدا زمانەکانی فەڕەنسی و ئیتاڵی دێن کە یەکەمیان لەلایەن ١.٩٦% و دووەمیان لەلایەن ١.٣٩%ـی دانیشتووانەوە بەکاردێن. هەروەها ٠.٧٨%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماڵەوە بە زمانەکانی تر قسە دەکەن.

ڕەگەز و نەتەوە

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا، ٨١.٤%ـی دانیشتووانی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند سپی پێستن (٧٦.٤%ـیان سپی پێستی ناهیسپانی)، ٥.٧%ـی دانیشتووان ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی، ٠.٦% هیندی ئەمریکی یان خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا، ٢.٩% ئاسیایی، ٠.١% هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن، ٣.٣% ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە و ١٢.٤%ـی دانیشتووان هیسپانی یان لاتینین لە هەر ڕەگەزێکدا.

هیسپانییەکان ١٢.٨%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن، کە بەزۆری خەڵکی دۆمینیکان، پورتوگال و گواتیمالان. ڕۆد ئایلەند خاوەنی بەرزترین ڕێژەی دۆمینیکانییەکانی وڵاتە و بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان ٥.١%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ویلایەتەکە سپی پێستی ناهیسپانییە، کە ڕێژەیان لە ٩٦.١%ـی دانیشتووان لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ ٧٦.٥% لە ساڵی ٢٠١١ـدا دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٤٠.٣%ـی منداڵانی خوار یەک ساڵی ڕۆد ئایلەند لانیکەم دایک یان باوکیان سپی پێستی ناهیسپانی نەبوو. بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٥، گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە:

  • ئێرلەندی: ١٨.٣%
  • ئیتاڵی: ١٨.٠%
  • ئینگلیزی: ١٠.٥%
  • فەڕەنسی: ١٠.٤%
  • پورتوگالی: ٩.٣%

ڕۆد ئایلەند بەرزترین ڕێژەی ئەمریکییە ئێرلەندییەکان و ئەمریکییە ئیتاڵیەکانی لێ نیشتەجێیە. ئەمریکییە ئیتاڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووری پرۆڤیدێنس کاونتیدا چڕبوونەتەوە و ئەمریکییە فەڕەنسی-کەنەدییەکانیش بەشێکی زۆری باکووری پرۆڤیدێنس کاونتی پێکدەهێنن. ئەمریکییە ئێرلەندییەکان لە ناوچەکانی نیوپۆرت و کێنتدا جێگیربوون. ئەو ئەمریکییانەشی کە بە ڕەچەڵەک ئینگلیزین هێشتا لە ویلایەتەکەدا هەن، بەتایبەتی لە واشنتن کاونتی نیشتەجێن و زۆرجار بە "یانکیە زەلکاوییەکان" ئاماژەیان پێ دەکرێت کە دەستەواژەیەکە بۆ یانکیە ئەمریکییە لادێییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات.

ڕۆد ئایلەند کۆمەڵگەیەکی دیاری لوزۆفۆنی هەیە کە ڕێژەیەکی بەرزتر لە هەموو ویلایەتەکانی تر ئەمریکییە بە ڕەچەڵەک پورتوگالییەکانی هەیە، لەنێویاندا ئەمریکییە پورتوگالییەکان و ئەمریکییە کەیپڤەردییەکان. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی کۆچبەرانی لیبرییە کە ژمارەیان زیاتر لە ١٥,٠٠٠ کەسە. کۆچبەرانی ئەفریقی، بە ئەوانەشەوە کە خەڵکی کەیپڤەردی و لیبریان، کۆمەڵگەیەکی بەرچاو و گەشەسەندووی ڕۆد ئایلەند پێکدەهێنن. ڕۆد ئایلەند یەکێکە لەو ویلایەتە کەمانەی کە ژمارەی ڕەش پێستە بیانییەکانی لە ئەمریکییە ئەفریقییەکانی زیاترە. هەروەها ڕۆد ئایلەند کۆمەڵگەیەکی ئاسیایی گەورەی هەیە.

ئایین

بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦٧%ـی دانیشتووانی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند مەسیحی بوون، که بەسەر پرۆتستانتی ئینجیلی و پرۆتستانتی کۆنەپارێز و کاسۆلیکی ڕۆمانیدا دابەشبوون. ئەو دانیشتووانانەی کە سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٢٠%ـی کۆی دانیشتووانیان پێکهێنابوو، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ئەوەی دەرخست کە ڕێژەی بێ ئایینەکانی ویلایەتەکە گەشتۆتە ٢٩%ـی دانیشتووان. گەورەترین گرووپە ئاینییەکانی ڕۆد ئایلەند بەپێی ژمارەی لایەنگران کڵێسای کاسۆلیکی بوو کە خاوەنی ٤٥٦,٥٩٨ شوێنکەوتە و لە پلەی یەکەمدا بوو، بە دوای ئەویشدا کڵێسای ئەسقەفەکان بە پلەی دووەم هات کە ١٩,٣٧٧ لایەنگری هەبوو، پاشانیش کڵێسای باپتیستی ئەمریکی بە ١٥,٢٢٠ شوێنکەوتەوە لە پلەی سێیەم و کڵێسای یونایتد میتۆدیست بە ٦,٩٠١ لایەنگرەوە لە پلەی چوارەمدا بوو. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە و ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان و ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • کاسۆلیکی: ٤٢%
  • پرۆتستانت: ٣٠%
  • مەسیحییەکانی تر: ٣%
  • بێ ئایین: ٢٠%
  • جوولەکە: ١%
  • هیندۆس: ١%
  • بوودی: ١%
  • ئایینەکانی تر: ٢%

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٠، ویلایەتی ڕۆد ئایلەند بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی کاسۆلیکی لە هەر ویلایەتێکی تری وڵاتدا هەبووە، هۆکاری ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی ئێرلەندی، ئیتاڵی و فەڕەنسی-کەنەدییەکان کە لە ڕابردوودا ڕوویان لە ناوچەکە کرد. لەم دواییانەشدا، کۆمەڵگە پورتوگالی و هیسپانییەکان لە ویلایەتەکەدا جێگیربوون.

ئابووری

تێکڕای بەرهەمی گشتی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٤٦.١٨ ملیار دۆلار و لە پلەی ٤٥ـی وڵاتدا بوو. داهاتی تاکەکانیشی لە هەمان ساڵیدا ٤١,٤٨٤ دۆلار و لە پلەی ١٦ـی وڵاتدا بوو. لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ـدا، ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە ١٠.٢% بوو، وردەوردە ئەم ڕێژەیە نزمبوویەوە و لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ـدا بۆ ٣.٥% دابەزی، بەڵام لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ـدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە ڕێژەی بێکاریی گەیاندە ١٨.١%. خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان گەورەترین پیشەسازی ڕۆد ئایلەندن، بەدوای ئەویشدا کەرتی گەشتیاری دێت کە ٣٩,٠٠٠ هەلی کاری بۆ دانیشتووانی ویلایەتەکە ڕەخساند و لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا بە ٤.٥٦ ملیار دۆلارەوە بەشداری لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکەی کرد و سێیەم گەورەترین پیشەسازی بەرهەمهێنانە. بەرهەمە پیشەسازییەکانی ڕۆد ئایلەند بریتین لە دروستکردنی ژێرئاوگەڕ، کەشتیسازی، دروستکردنی گەوهەر لە ماددەی هەرزانبایی، بەرهەمی کانزای دروستکراو، ئامێری کارەبایی، مەکینەی گەورە و بەلەمسازی. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیشی بریتین لە نەمامی نەمامگە، سەوزە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە.

کەشوهەوا

زۆربەی زۆری ناوچەکانی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداریان هەیە و هاوینیان گەرم و زستانیان ساردە. بەشە کەنارییەکانی باشووری ویلایەتەکە ناوچەی گوێزدرانەوەی فراوانن و کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینیان گەرم و زستانیان فێنکە. کەشوهەوای بلۆک ئایلەندیش ئۆقیانووسییە. تێکڕای پلەی گەرمی مانگانە لە نێوان ٢٨ بۆ ٧- پلەی سەدیدا دەگۆڕێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ڕۆد ئایلەند ٤٠ پلەی سەدی بوو، کە لە ٢ـی ئابی ١٩٧٥ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣١- پلەی سەدی بوو کە لە ٥ـی شوباتی ١٩٩٦ـدا تۆمارکرا.

بەهۆی شوێنی جوگرافیی ڕۆد ئایلەند کە دەکەوێتە نیو ئینگلاندەوە ڕووبەڕووی گەردەلوولی خولگەیی و زریانەکان دەبێتەوە، ئەو زریانانەی کە لە ویلایەتەکەدا زیانێکی بەرچاویان لێ کەوتۆتەوە بریتین لە زریانی نیو ئینگلاند لە ساڵی ١٩٣٨، زریانی کارۆل (١٩٥٤)، زریانی دۆنا (١٩٦٠) و زریانی بۆب (١٩٩١).


سەرچاوەکان



356 بینین