ماسەشوستس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-19-22:54:00 - کۆدی بابەت: 11055
ماسەشوستس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ماسەشوستس (بە ئینگلیزی: Massachusetts، بە عەرەبی: مساتشوستس، بە ماسەشوستی: Muhsachuweesut)، بە فەرمی کۆمۆنوێڵتی ماسەشوستس، قەرەباڵغترین ویلایەتە لە ناوچەی نیو ئینگلاندی باکووری خۆرهەڵاتی ئەمریکا. ماسەشوستس لەڕووی ڕووبەرەوە شەشەم بچووکترین ویلایەت، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ١٥ـەیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکا و لە دوای نیوجێرسی و ڕۆد ئایلەندەوە سێیەم چڕترین ویلایەتی وڵاتە. پایتەخت، گەورەترین شار و هەروەها ناوەندی کولتووری و دارایی ویلایەتەکە شاری بۆستنە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی ماسەشوستس لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی و کەنداوی ماینی، لە باشوورەوە لەگەڵ ویلایەتەکانی کنکتیکوت و ڕۆد ئایلەند، لە باکوورەوە لەگەڵ نیو هامپشایەر و ڤێرمۆنت و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ نیویۆرکدا هاوسنوورە. ڕووبەری ویلایەتی ماسەشوستس ٢٧,٣٣٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢٠,٣٠٦ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٧,٠٣٢ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢٦.١% کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتی ماسەشوستس کیشوەری شێدارە، زستانی سارد و هاوینی گەرمە. لەگەڵ ئەوەشدا، پلەی گەرمی بەرزی ناوچەکە لە هاویندا ٢٧ پلەی سەدی و لە زستاندا ٢ پلەی سەدییە.

مێژوو

ماسەشوستس لە ڕابردوودا جێگایەک بوو بۆ کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی، لە ساڵی ١٦٢٠ کۆلۆنی پلیمۆس دامەزرا و لە ساڵی ١٦٣٠ـدا کۆلۆنی ماسەشوستس بەی، کە ناوەکەی لە ناوی خەڵکی ڕەسەنی ماسەشوستسەوە وەرگرت، چەند جێگیرگەیەکی لە بۆستن و سالم دامەزراند. ماسەشوستس لە شوباتی ساڵی ١٧٨٨ـدا وەکوو شەشەم ویلایەتی ئەمریکا لەلایەن یەکێتییەکەوە دانیپێدانرا. ویلایەتەکە لەڕووی زانست، بازرگانی و کولتوورییەوە ڕۆڵێکی کاریگەری لە مێژووی ئەمریکادا گێڕاوە. پێش شەڕی ناوخۆی ئەمریکا، ویلایەتەکە ناوەندێک بوو بۆ بزووتنەوەکانی نەهێشتنخواز، نەرمڕەوی و ترانسێندێنتاڵیزم (باوەڕمەند بە فەلسەفەی ژووربوونەوە).

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، وەرزشەکانی تۆپی سەبەتە و تۆپی بالە لە شارەکانی ڕۆژاوای ویلایەتەکە لە سپرینگفیڵد و هۆلیۆک داهێنران. ئەم ویلایەتە یەکەم ویلایەتی ئەمریکا بوو کە بە شێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزبازانی لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا پەسەندکرد و بۆستن ناوەندێکی کولتووری ئێڵ جی بی تی (LGBT) و چالاکیی ئێڵ جی بی تییە لە ئەمریکا. هەروەها زانکۆی هارڤارد لە کامبریج کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ئەمریکا و خاوەنی گەورەترین تەرخانەی داراییە. ماساشوستس یەکێکە لە خوێندەوارترین و گەشەسەندووترین و دەوڵەمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا، ڕێژەیەکی بەرزی دانیشتووانی تەمەن ٢٥ ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بڕوانامەی پێشکەوتوون بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تری وڵات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ماسەشوستس لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس بوو و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ٧.٤% زیادیکردووە. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا وایان خەمڵاند ماسەشوستس، کە چڕی دانیشتووانەکەی ٨٧١.٠ کەس بوو لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا، ببێت بە سێیەم چڕترین ویلایەتی ئەمریکا لە دوای ویلایەتەکانی نیوجێرسی و ڕۆد ئایلەند. ١٥%ـی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا لەدایکبووی بیانی بوون. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٤٨.٤%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە نێر و ٥١.٦%ـی دانیشتووان مێ بوون. لەڕووی تەمەنیشەوە، ٧٩.٢%ـی دانیشتووان لە سەرووی ١٨ ساڵی و ١٤.٨%ـی دانیشتووان لە سەرووی ٦٥ ساڵییەوە بوون. زۆربەی زۆری دانیشتووانی ماسەشوستس لە گەورەشاری بۆستن دەژین و گەورەشاری سپرینگفیڵدیش بە هەمان شێوە ناوەندێکی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتەکەیە.

هاوشێوەی تەواوی ویلایەتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ماسەشوستس لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا بەردەوام لە گەشەدا بووە. ئەم ویلایەتە خێرا گەشەسەندوترین ویلایەتی نیو ئینگلاند و ٢٥ـەم خێرا گەشەسەندوترین ویلایەتی ئەمریکایە. گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەزۆری بەهۆی بەرزی کوالێتی ژیان و سیستمی خوێندنی باڵای ویلایەتەکەوەیە. هەروەها کۆچبەرە بیانییەکان هۆکارێکی تری گەشەی دانیشتوونی ویلایەتەکەیە، ٤٠%ـی ئەم کۆچبەرانەش لە ئەمریکای ناوەند و باشوورەوە ڕوویان لە ناوچەکە کرد و ژمارەیەکی زۆریشیان لە ئاسیاوە هاتوون. زۆربەی زۆری دانیشتووانی گەورەناوچەی سپرینگفیڵد لە بنەڕەتدا خەڵکی پۆرتۆ ڕیکۆن.

ڕەگەز و نەتەوە

گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ماسەشوستس سپی پێستە ناهیسپانییەکانە و ڕێژەیان لە ٩٥.٤%ـی ساڵی ١٩٧٠ـەوە بۆ ٦٧.٦% لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا دابەزیووە. پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بریتی بوون لە:

  • سپی پێستی ناهیسپانی: ٧١.٤%
  • هیسپانی یان لاتینی: ١٢.٦%
  • ئەفریقیی ئەمریکی (ناهیسپانی): ٨.٢%
  • ئاسیایی: ٨.٢%
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠.٩%
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠.١%
  • ڕەگەزەکانی تر: ٣.٦%

هەتا ساڵی ١٧٩٥، نزیکەی ٩٥%ـی دانیشتووانی ماسەشوستس بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی بوو. لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، گرووپە کۆچبەرەکان بە ژمارەیەکی زۆرەوە گەیشتنە ماسەشوستس؛ ئێرلەندییەکان سەرەتا لە ساڵانی ١٨٤٠ـدا گەشتنە ناوچەکە، ئەمڕۆ ئێرلەندییەکان و ئەوانەی لە سەرێکەوە ئێرلەندین گەورەترین گرووپی ڕەگەزین لە ویلایەتەکەدا و نزیکەی ٢٥%ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. دواتر هەندێک پەنابەری تر لە کیوبیک و ناوچە ئەورووپییەکانی وەک ئیتاڵیا، پورتوگال و پۆڵەنداوە گەشتنە ویلایەتەکە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ژمارەیەک لە ئەمریکییە ئەفریقییەکان کۆچیان کرد بۆ ماسەشوستس، بەڵام بە ژمارەیەکی کەمتر لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی تری باکوور. دواتر لە سەدەی بیستەمدا، کۆچکردن لە ئەمریکای لاتینەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. زیاتر لە ١٥٦,٠٠٠ ئەمریکیی چینی لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ڕوویان لە ویلایەتی ماسەشوستس کرد. هەروەها ویلایەتەکە دانیشتووانێکی زۆری دۆمینیكانی، پۆرتۆ ڕیکۆی، هایتی، کەیپڤەردی و بەرازیلی لە ویلایەتەکەدان.

زمان

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٧٨.٩٣%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتی ماسەشوستس لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیانکرد، لە کاتێکدا ٧.٥٠%ـی دانیشتووان بە ئیسپانی، ٢.٩٧% بە پورتوگالی، ١.٥٩% بە چینی، ١.١١% بە فەڕەنسی، ٠.٨٩% بە فەڕەنسی کریۆلی، ٠.٧٢% بە ئیتاڵی و ٠.٦٢%ـی دانیشتووان بە ڕووسی قسەیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ٠.٥٨%ـی دانیشتووانی سەروو پێنج ساڵ بە زمانی ڤێتنامی دەدوان. بە گشتی، ٢١.٠٧%ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسەیانکرد.

ئایین

مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی ماسەشوستس و بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ـی پیوو مەسیحییەکان ٥٧%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. لەنێویاندا، ٢١%ـی دانیشتووان پرۆتستانت بوون، ٣٤%ـی دانیشتووان کاسۆلیکی بوون، بەهۆی کۆچەوە ژمارەیەک پەنابەر لە وڵاتە کاسۆلیکییەکانی وەک ئێرلەندا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، پورتوگال، کیوبیک و ئەمریکای لاتین هاتنە ویلایەتەکەوە و کاسۆلیکییەکان زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووە بێ ئایینەکان لە نیو ئینگلاند، ژمارەی کۆمەڵگە پرۆتستانتی و کاسۆلیکییەکان ڕوو لە کەمییە. هەروەها له ساڵی ٢٠١٤ـدا ٣٢%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون. سەرەڕای ئەوانەش، دانیشتووانێکی بەرچاوی جوولەکەکان لە نێوان ساڵانی ١٨٨٠ بۆ ١٩٢٠ ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد و لە ناوچەکانی بۆستن و سپرینگفیڵد جێگیر بوون، کە بە ڕێژە ٣٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. هەروەها پێدەچێت بوودییەکان، بتپەرستەکان، هیندۆسەکان، ئەدڤێنتیستەکانی ڕۆژی حەوتەم، مسوڵمان و مۆرمۆنەکان لە ویلایەتەکەدا بدۆزرێنەوە.

ئابووری

ماسەشوستس لەبنەڕەتدا پشتی بە کشتوکاڵ و ڕاوەماسی و بازرگانی دەبەست، دواتر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییدا گۆڕدرا بۆ ناوەندێکی بەرهەمهێنان. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، ئابووری ویلایەتەکە لە بەرهەم هێنانەوە بۆ خزمەتگوزارییەکان گۆڕا و ماسەشوستسی مۆدێرن لە بوارەکانی زیندەتەکنەلۆجیا، ئەندازیاری، خوێندنی باڵا، دارایی و بازرگانی دەریاییدا پێشەنگێکی جیهانییە. نووسینگەی شیکاری ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی ماسەشوستسی بە ٥٨٤ ملیار دۆلار مەزەندەکرد. داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ٥٣,٢٢١ دۆلار و لە پلەی سێیەمی وڵاتدا بوو. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، دوانزە کۆمپانیای فۆڕچن ٥٠٠ لە ویلایەتەکەدا بوون و خاوەنی سێ ناوچەی بازرگانی دەرەکییە. هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بۆستن-لۆگان قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی نیو ئینگلاندە، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ٣٣.٤ ملیۆن گەشتیار لەم فڕۆکەخانەوە گەشتیانکردووە. سەرەڕای ئەوەش، کەرتە بنچینەییەکانی ئابووری ویلایەتەکە بریتین لە خوێندنی باڵا، زیندەتەکنەلۆجیا، تەکنەلۆجیای زانیاری، دارایی، چاودێری تەندروستی، گەشتیاری، بەرهەمهێنان و بەرگری. لەم ساڵانەی دواییدا گەشتیاری ڕۆڵێکی هەمیشەیی لە ئابووری ویلایەتەکەدا هەبوو و ماسەشوستسی شەشەم باوترین شوێنی گەشتیارە بیانییەکانە.


سەرچاوەکان



215 بینین