کۆمپانیای پیپسیکۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-20-20:19:00 - کۆدی بابەت: 11061
کۆمپانیای پیپسیکۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای بیبسیکۆ یان کۆمپانیای پیپسیکۆ یاخود بیپسیکۆ (بە عەرەبی: شركة بيبسيكو، بە ئینگلیزی: PepsiCo) کۆمپانیایەکی ئەمریکی فرەچەشنی تایبەتە بە خواردنەوەی گازی و سوکە ژەم و خۆراک، ناوەندەکەی دەکەوێتە ناوچەی هاریسۆن لە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا. خواردنەوەی گازی پیپسی و چپسی لەیز دوو بەرهەمی سەرەکی ناوداری کۆمپانیاکەن. کۆمپانیای پیپسیکۆ لە کۆی ٥٠٠ کۆمپانیا و بڕاندی جیهانی لە ڕیزبەندی ٢١ـەمین کۆمپانیا پێشەنگەکانی جیهانە لە ئەمریکا. کۆمپانیاکە پشکی هەیە لە چەند زنجیرە خواردنگەیەکی ناوداری جیهان نموونەی پیتزا هۆت و کینتاکی و فراید چەکن. هەروەها بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە لە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی جیهان بڵاودەکاتەوە.

مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیاکە

لە ساڵی ١٩٦٥ بە فەرمی کۆمپانیای پیپسیکۆ لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا دامەزراوە. خواردنەوەی بیپسی بناغە و هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی کۆمپانیاکە بوو، دۆزەوەی خواردنەوەی بیپسی کۆمپانیای پیپسیکۆی دامەزراند، (کالیب بڕادهام) دەرمانسازێکی ئەمریکی بوو خاوەن دەرمانخەنەیەک بوو کە پێکهاتە و ماددەی هەمەجۆری تێکەڵ دەکرد تاکوو بەرهەمی نوێ دروستبکات، لە هاوینی ساڵی ١٨٩٨ لە چەند گیراوەیەکی سروشتی و شەکر و کافایین و گاز خواردنەوەیەکی گازی نوێی خستە بازاڕەکانەوە و ناوی بەرهەمەکە بە (پیپسی کۆلا) بڵاوبووەوە، بە خواردنەوەی فێنککەرەوەی هاوینە لە ناو خەڵکیدا ناسرا.

ناوی پیپسی لە ناوی نەخۆشی بەدهەرسی (Dyspepsia) وەرگرت چونکە بە بۆچوونی ئەو خواردنەوەی پیپسی دڵەکزێی گەدە و بەدهەرسی نەدەهێشت و چارەسەری دەکرد. دوای بڵاوبوونەوەی خواردنەوەکەی داواکارییەکی زۆر لە سەری هەبوو و خەڵکی بە خێرایی پەسەندیان کرد، بۆیە لە ساڵی ١٩٠٢ لە تەنیشت دەرمانخانەکەیەوە شوێنێکی تایبەتی بۆ فرۆشتنی بیپسی و چەند خواردنەوەیەکی گازی هاوشێوە کردەوە. ساڵێک دواتر براندەکەی لە ئەمریکای تۆمار کرد و تاکوو ساڵی ١٩١٠ لە ٢٤ ویلایەتی ئەمریکا لقی فرۆشتنی کردەوە و لە شووشە و بووتڵی کانزایی بەرهەمەکانی دەفرۆشت.

لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کۆمپانیاکە مایەپووچ بوو و بۆ ماوەی دە ساڵ شکستی هێنا، بەڵام دوای جەنگی جیهانیی دووەم کۆمپانیاکە بوژایەوە و لە ساڵی ١٩٦٥ بە فەرمی کۆمپانیای پیپسیکۆ دامەزرێندرا و بەهۆی ناودار بوونییەوە چەندان براندی جیهانیی کڕییەوە و بووە کۆمپانیایەکی فرەچەشنی تایبەت بە خواردنەوە گازییەکان و سوکە ژەم و خۆراک.

بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە

بەرهەمەکانی کۆمپانیای پیپسیکۆ فرەچەشن و هەمەجۆرن، بەرهەمی خواردنەوە گازییە ناکحوولییەکان ڕێژەی ٤٧٪ـی بەرهەمەکان پێکدەهێنن، هەروەها خۆراک و سووکە ژەمەکان ڕێژەی ٥٣٪ـی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە پێکدەهێنن. کۆمپانیای پیپسیکۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە ژمارەیەکی زۆر لە براندە جیهانییەکانی کڕییەوە و لە چەند کۆمپانیا و خواردنگەیەکی جیهانیش پشکی سەرەکی هەیە. گرنگترین بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بریتین لە:

  • بیپسی
  • بیپسی دایت
  • جپسی لەیز
  • جپسی چیتۆز
  • سێڤن ئاپ
  • میرەندا
  • کویکەر فوود
  • ماونتن دیۆ

قازانج و داهاتی کۆمپانیاکە

کۆمپانیای پیپسیکۆ لە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی جیهاندا بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە و تێکڕای قازانجی ساڵانەی نزیکەی ٤٣٫٣ ملیار دۆلاری ئەمریکییه. کۆمپانیاکە خاوەن ٢٢ مارکە و براندی جیهانیی ناودارە و لە ساڵی ٢٠١٢ بەهای فرۆشتنی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری تێپەڕاند، لە دوای کۆمپانیای نێسڵێی بووە دووەم گەورەترین کۆمپانیای جیهان و یەکەمین کۆمپانیای تایبەت بە خواردنەوە گازییەکان لە ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٨ لە لیستی (Fortune 500) لەڕووی ئاستی داهات و بەرزی قازانجی ساڵانەوە لە کۆی ٥٠٠ کۆمپانیا ڕیزبەندی ٤٥ـی بەدەستهێنا.


سەرچاوەکان



398 بینین