چاندنی قارچك لە ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-21-21:28:00 - کۆدی بابەت: 11075
چاندنی قارچك لە ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی قارچک لە ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Planting mushroom at home، بە عەرەبی: زراعة الفطر في المنزل)، چاندنی قارچک بەو ئەندازەیەش قورس نییە کە باس دەکرێت، بۆ چاندنی تەنها چەند کەرەستەیەک پێویستە لەگەڵ جێگەیەکی گونجاو، بێگومان تامی هیچ بەرهەمێکی بازاڕەکان بەراورد ناکرێت بە ئەو بەرهەمانەی کە لە ماڵەوەدا دەچێنرێن، خۆشبەختانە قارچکیش هاوشێوەی ئەوانی تر دەکرێت لە ماڵەکاندا بچێنرێت، چونکە جێگەی تاریک و فێنک کە لە پێویستییە سەرەکییەکانییەتی لە ماڵەکاندا بەئاسانی دروستدەکرێت.  

باشترین جێگە بۆ چاندنی ژێرزەمینە کە لەوێدا ڕووبەڕووی ڕووناکی بەهێز نابێتەوە، چەند جۆرێکی جیاواز لە قارچکەکان هەیە کە دەکرێت لە ماڵەوەدا بەرهەمبهێنرێن، بەڵام هەر یەکێکیان پێویستی بە ناوەندێکی جیاوازە بۆ گەشەکردن، لێرەدا باسی چاندنی قارچکی سپی دوگمە دەکەین، جگە لە ئەمانەش پڕۆسەی چاندنی قارچک جیاوازە لە ڕووەک و سەوزەکان، لەکاتێکدا سەوزەکان بە تۆو دەچێنرێن ئەوا دەبێت بۆ قارچکەکان سپۆرەکەی بچێنرێت.

کاتێک سپۆر لەگەڵ خاکدا یاخود ناوەندی گەشەکردنەکەیدا تێکەڵدەکرێت، ئەوا پێکهاتەیەکی سپی هاوشێوەی ڕەگ دروست دەبێت کە پێی دەوترێت داوە کەڕوو، ئەو ماددەیەی کە بۆ گەشەکردنی قارچک پێویستە بە گوێرەی جۆری ئەو داوە کەڕووە دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەو ماددەیەی بۆ ناوەندی قارچکی سپی دوگمەیە پێکهاتووە لە پەینی ئاژەڵ و پەینی گژوگیایی، ئەمەش وایکردووە دروستکردنی ناوەندەکەی ئاسانتر بێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • یەکەم هەنگاو دروستکردنی ماددە یاخود ناوەندی گەشەکردنە، بۆ ئەم مەبەستە سینییەکی چاندن پێویستە کە درێژی و پانییەکەی ٣٥ بە ٤١ سانتیمەتر ببێت و قوڵییەکەشی بگاتە ١٥ سانتیمەتر.
  • پێکهاتەکەی سینییەکە دەکرێت تەختە یان پلاستیک یاخود کانزابێت، بە پەینی ئاژەڵی و پەینی ڕووەکی پڕبکرێتەوە، تەنها نزیکەی دوو سانتیمەتر لە ڕووی سەرەوەیدا بە بەتاڵی بهێڵرێتەوە.
  • دواتر سپۆرەکان بەسەر سینییەکەدا بپرژێنرێت.
  • بۆ دڵنیابوونەوە لە باشترین گەشەکردن، پێویستە دەستەکان و هەموو ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە بەکاردێن بە خاوێنی ڕابگیرێن، بۆ ئەوەی کەڕوو و مۆڵدی تر گەشە نەکەن.
  • سینییەکە بە بەردەوامی بە شێداری بهێڵرێتەوە، چونکە قارچکەکان لە جێگەی شێداردا گەشە دەکەن، بۆ ئەمەش ڕۆژانە دەبێت ١-٢ جار ئاوی بەسەردا بپرژێنرێت، یاخود بە پارچەی تەڕ دابپۆشرێت.
  • لە ماوەی سێ هەفتەی یەکەمدا دەبێت پلەی گەرمییەکەی لە ٧٠ پلەی سەدیدا بهێڵرێتەوە، کە ئەم پلە گەرمییە هانی گەشەکردن دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش دەکریت سینییەکە لە جێگەیەکی گەرمدا دابنرێت.
  • یاخود گەرمکەرێک لەژێر سینییەکەدا دابنرێت، ئەم گەرمکەرە کۆنترۆڵی هەبێت بۆ گۆڕینی پلەی گەرمییەکە بە گوێرەی پێویست، هەروەها گەرمیپێوێکی خاك لەناو سینییەکدا دابنرێت بۆ چاودێری کردنی پلەی گەرمییەکەی.
  • نابێت پلەی گەرمی خاکەکەی لە ٧٠ پلەی سەدی تێپەڕ بکات، چونکە پلەی گەرمی بەرزتر دەکرێت ببێتە هۆی کوشتنی سپۆرەکان.
  • کاتێک تەواوی ڕووی سینییەکە بە داوە کەڕوو داپۆشرا و دەرکەوتن، ئەوا دەبێت پلەی گەرمی خاکەکە نزمبکرێتەوە بۆ ٥٥-٦٠ پلەی سەدی.
  • پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک و لە ئەو پلە گەرمییەدا قارچکی بچووک دەردەکەون.
  • لە پاش ٣-٤ هەفتە قارچکەکان پێدەگەن و ئامادەدەبن بۆ لێکردنەوە، بۆ دڵنیابوون لە پێگەیشتنیان دەکرێت سەرنجی کڵاوی قارچکەکان بدرێت کە بە تەواوەتی لە قەدەکەیان جیادەبنەوە.
  • دواتر بە چەقۆیەکی تیژ دەبێت قەدەکەی ببڕدرێت، واتە نابێت قارچکەکان لە ڕەگەوە ڕابکێشرێن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئەوانی دەوروبەری و ئەگەر گەشەبکەن زیان بە گەورەبوونەکەیان دەگات.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەگەر ڕۆژانە و بەشێوەیەکی بەردەوام ئەو قارچکانەی پێدەگەن ببڕدرێن، ئەوا بە نزیکەیی بۆ ماوەی شەش هەفتە ناوەندەکە بەرهەمی دەبێت، واتە دووبارە قارچک دروستدەبێتەوە، چونکە قارچکەکان خۆیان سپۆرەکەیان بڵاو دەکەنەوە، هەروەها ئەو قارچکانەی دەبڕدرێن پێویستە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا بەکاربهێنرێن، چونکە دوای لێکردنەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر نامێننەوە.


سەرچاوەکان



344 بینین