ساڵت لەیک سیتی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-27-23:57:00 - کۆدی بابەت: 11118
ساڵت لەیک سیتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساڵت لەیک سیتی (بە ئینگلیزی: Salt Lake City (SLC)، بە عەرەبی: سولت ليك سيتي)، زۆرجار کورتکراوەتەوە بۆ ساڵت لەیک، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی یوتای ئەمریکایە. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 200,133 کەس بوو، شارەکە ناوەندی گەورەناوچەی ساڵت لەیک سیتیە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە هەمان ساڵدا 1,257,936 کەس بوو.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ساڵت لەیک سیتی 286.99 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 110.34 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 1.22 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 701.84 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

ساڵت لەیک سیتی لە 24ـی تەممووزی 1847ـدا لەلایەن کۆمەڵێک دۆزەرەوەی مۆرمۆنەوە و بە سەرۆکایەتی بریگام یۆنگ (Brigham Young) دامەزرا. ئەم دۆزەرەوانە یەکەم دانیشتووانی ناهیندی بوون کە هاتبوونە دۆڵی ساڵت لەیک و لە ناوچەکەدا جێگیر بوون. ئەم گرووپە دامەزرێنەرە لە 148 کەس بوون کە لە 143ـیان پیاو، سێ ژن و دوو منداڵ پێکهاتبوون و بە مەبەستی داواکردنی ئازادی هاتنە دۆڵەکە. پاشان دەستیان بە کارکردن کرد، زەویان کێڵا و بەرهەمەکانی خۆیانیان چاند. دوای ساڵێک و لە ساڵی 1848ـدا، کۆچبەرانی زیاتر گەیشتنە دۆڵی ساڵت لەیک. زۆرێک لەم دۆزەرەوانە ئەو ئەورووپییانە بوون کە بووبوونە مۆرمۆن و کلتووری خۆیانیان هێنایە ناوچەکە و ساڵت لەیک سیتییان گۆڕی بۆ ناوەندێکی دوور لە نەریتی ناوچەگەری.

کاتێک بۆ یەکەمجار گەیشتنە ناوچەکە، سالت لەیک سیتی بەشێک بوو لە مەکسیک و دوو ساڵ دواتر لە ساڵی 1850 بوو بە موڵکی فەرمی ویلایەتی یوتا. لە ساڵانی 1850ـدا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە کالیفۆرنیاوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ئاڵتوون ڕوویان لە ناوچەکە کرد. هەروەها سەربازە ئەمریکییەکانی لێ جێگیرکرا. سەرەڕای ئەوەی بازرگانی لەگەڵ ئەم گەشتیارانەدا گەشەیکرد بەڵام بەرهەمی ویلایەتەکە بەردەوام پشتی بە کەرتی کشتوکاڵی دەبەست. پاشان و لە ساڵی 1869ـدا هێڵی ئاسنینی کیشوەربڕ تەواوکرا کە بەشەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای ئەمریکای پێکەوە دەبەستەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی تری گەورەی لە ناوچەکەدا دروستکرد و گەشتیاران ڕوویان لە ناوچەکە کرد. لە ساڵانی 1860 تا ساڵانی 1920 سەدان کانگا کرانەوە و هەندێک لە خاوەن کانەکان کۆشکیان بۆ خۆیان دروستکرد. دواتر چەندین بینای مێژوویی دروستکران و سیستمی ئاوەڕۆ دانرا و شەقامەکان ڕووناککرانەوە و قیرتاو کران. لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا چەندین ناوەندی بازرگانی دروستکران.

ساڵت لەیک سیتی پەرەی بە پیشەسازییەکی بەهێزی گەشتیاری داوە، میوانداری ئۆڵۆمپیادی زستانەی ساڵی 2002ـی کرد و شارێکی کاندیدیشە بۆ ئۆڵۆمپیادی زستانەی ساڵی 2030. لەگەڵ ئەوەشدا‌، بە کولتوورە سیاسییە لیبڕاڵەکەی ناسراوە، نیشتیمانی کۆمەڵگەیەکی بەرچاوی ئێڵ جی بی تییە و میوانداری فێستیڤاڵی ساڵانەی یوتا پراید دەکات.

شارەکە ناوەندی دارایی پیشەسازیی ئەمریکایە و هەروەها ساڵت لەیک سیتی و ناوچەکانی دەوروبەری شوێنی چەندین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لەوانە بینای سەرەکی سکوڵی توێژینەوەی ویلایەتەکە لە زانکۆی یوتا. وشکەساڵی بەردەوامی ئەم ساڵانەی دوایی ویلایەتی یوتا فشاری خستوەتە سەر پاراستنی ئاوی ساڵت لەیک سیتی و بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی دەریاچەکە و کاریگەری لەسەر ئابووری ناوخۆیی و ویلایەتەکە هەبووە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ساڵت لەیک سیتی لە ساڵی 2019ـدا بە 200,567 کەس مەزندەکرا و پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێستی ناهیسپانی: 65.8%
  • ڕەش پێست: 2.6%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 1.5%
  • ئاسیایی: 5.4%
  • دوورگەنشینی زەریای هێمن: 1.6%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 3.3%
  • هیسپانی یان لاتینی بوون لە هەر ڕەگەزێکدا: 21.8%

لەڕووی مێژووییەوە دانیشتووانی ساڵت لەیک سیتی بەزۆری سپی پێست بوون، لە نێوان ساڵانی 1860 بۆ 1950 سپی پێستەکان نزیکەی 99%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا بەڵام لە دەیەکانی دواتردا تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەر ئەم ڕێژەیەدا هات. هەروەها لە ساڵی 2010ـدا 37.0%ـی دانیشتووانی شارەکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بڕوانامەی باڵاتریان هەبوو. جگە لەوەش، 18.5%ـی دانیشتووانەکەی لەدایکبووی بیانی بوون و 1.1%ـی تر لە پۆرتۆ ڕیکۆ لەدایکبوون. 27.0%ـی دانیشتووان لە ماڵەوە بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسەیان دەکرد.

ساڵت لەیک سیتی شوێنی کۆمەڵگەیەکی ئەمریکی بۆسنەییە کە ژمارەیان زیاتر لە هەشت هەزار کەسە و زۆربەیان لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە کاتی جەنگی بۆسنەدا هاتوونەتە ناوچەکەوە. هەروەها دانیشتووانێکی زۆری دوورگەنشینەکانی زەریای هێمنی لێ نیشتەجێیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ساموایی و تۆنگایین و زۆربەشیان ئەندامی کڵێسای مۆرمۆنن. لەگەڵ ئەوەشدا، شارەکە خاوەنی سێیەم گەورەترین کۆمەڵگەی سریلانکییە لە ئەمریکا. هەروەها توێژینەوەیەکی ساڵی 2008ـی گۆڤارەکانی تەندروستی پیاوان و تەندروستی ژنان دەریخستووە کە ساڵت لەیک سیتی تەندروستترین شارە بۆ ژنان بە وردبوونەوە لە 38 هۆکاری جیاواز، لەوانە ڕێژەی شێرپەنجە، کوالێتی هەوا و ژمارەی ئەندامێتی هۆڵی وەرزش.

تەمەن

لە ساڵی 2000ـدا تەمەنی دانیشتووانی ساڵت لەیک سیتی بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • 23.6% لە خوار 18 ساڵی
  • 15.2% لە 18 بۆ 24 ساڵی
  • 33.4% لە 25 بۆ 44 ساڵی
  • 16.7% لە 45 بۆ 64 ساڵی
  • 11.0% 65 ساڵی یان سەرووتر

تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی شارەکە 30 ساڵی بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 102.6 نێر هەبوون. داهاتی مامناوەندی خێزانەکانی 45,140 دۆلار بوو. داهاتی ناوەندیی نێرەکان 31,511 دۆلار و داهاتی مێیەکان 26,403 دۆلار بوو. هەروەها 15.3%ـی دانیشتووان و 10.4%ـی خێزانەکان لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون.

ئایین

کەمتر لە 50%ـی دانیشتووانی ساڵت لەیک سیتی ئەندامی کڵێسای مۆرمۆن بوون و 75.4%ـی خەڵکی شارەکە ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 0.7%
  • ئەسقەف: 0.3%
  • کاسۆلیک: 9.0%
  • لۆسەری: 0.6%
  • میتۆدیست: 0.4%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 0.8%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 0.4%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 61.1%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 1.0%
  • ئایینی جوولەکه: 0.1%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.1%
  • ئایینی ئیسلام: 0.5%

کەشوهەوا

کەشوهەوای ساڵت لەیک سیتی کیشوەرییە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستانی سارد و مانگەکانی وەرزی هاوینی گەرمە. لەبەرئەوەی شارەکە بە شاخ دەورە دراوە هەوا بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا پەنگ دەخواتەوە و کێشەی پیسبوون دروست دەکات. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە 0.3- پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی ناوچەکە لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە 27.3 پلەی سەدییە. هەروەها ساڵانە بەتێکڕای نزیکەی 3,030 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

وەرزی زستان، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێدەکات و تا سەرەتای مانگی ئازار بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا زۆر ساردە، ڕێژەی بەفربارین بەرزە و ساڵانە بە تێکڕیی 143 سانتیمەتر بەفر دەبارێت، کە بەزۆری لە مانگی تشرینی دووەم تا نیساندا دەبارێت. شەپۆلەکانی سەرما پلەی گەرمی بۆ نزیکەی 18- پلەی سەدی دادەبەزێنن و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 26.5- پلەی سەدیە کە لە شوباتی 1984ـدا تۆمارکرا. بەهۆی بەرزی ڕێژەی خوێ لە دەریاچەی ساڵت گرەیتدا تەنانەت لە کاتی هاتنی شەپۆلە زۆر ساردەکانیشدا نایبەستێت. سەرەڕای ئەوەش، دەشێت کەشی شارەکە لە زستاندا تا ڕادەیەک مامناوەند بێت و پلەی گەرمی بەرز بگاتە 12/13 پلەی سەدی یان زیاتر. لەو کاتانەشدا کە کەشوهەوا جێگیرە دەشێت تەم دروست ببێت.

وەرزی هاوین، لە مانگی حوزەیران تا ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا گەرم و خۆرەتاوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەگمەن ڕەشەبای بروسکاوی لە پاشنیوەڕواندا هەڵدەکات. پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا بەرزە و لە شەودا فێنکە. لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا کە هەندێک جار لە مانگی حوزەیراندایە، پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی دەگاتە 39/40 پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 41.5 پلەی سەدییە کە لە تەممووزی 2002ـدا تۆمارکراوە.

باران

ڕێژەی دابارین بەرز نییە و ساڵانە 395 مللیمەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت، ئەم ڕێژەیە بەپێی وشکترین و باراناویترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت. لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە 10 مللیمەتر باران دەبارێت، بەڵام لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە 55 مللیمەتر باران دەبارێت. بەڵام بەهۆی نزیکی ساڵت لەیک سیتی لە دەریاچە و شاخەکان، بارانبارین زیاترە لە ناوچەکانی تری حەوزی مەزن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە، لە دامێنی شاخەکان، لەوێ ساڵانە 555 مللیمەتر باران دەبارێت.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی ساڵت لەیک سیتی مانگەکانی ئایار و ئەیلوولە.


سەرچاوەکان



235 بینین