مەرجەکانی خوێندنەوەی کاریگەر

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-12:52:00 - کۆدی بابەت: 11132
مەرجەکانی خوێندنەوەی کاریگەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەرجەکانی خوێندنەوەی کاریگەر (بە ئینگلیزی: Effective reading conditions، بە عەرەبی: شروط القراء مؤثرة)، بۆ ئەوەی خوێندنەوە کاریگەر بێت چەند مەرجێک هەیە لەوانە:

کاریگەرییە دەرەکییەکان 

جێگەی کار 

دەورووبەر کاریگەری لەسەر توانای ئەنجامدانی ئەرک و کاردا هەیە، جێگەی خوێندنەوەکەت دەبێت ڕێک و پێک بێت، جێگەی حەوانەوەت باش بێت، دەبێت جێگاکەت ئارام و هێمن بێت. 

ڕووناکی

باشترین ڕووناکی بۆ خوێندنەوە، ڕووناکی ڕۆژە، بۆیە ئەوەندەی دەکرێت لە نزیک پەنجەرەدا بخوێنەوە، لە شەودا یان لە تاریکیدا دەبێت ڕووناکییەکە بەو لایەدا بێت کە دەخوێنیتەوە، گڵۆپی سەرمێز بەکاربهێنە، بۆ ئەوەی نوسینەکان بە ڕوونی دیار بن. 

دەورووبەر

بۆ ئەوەی هەست بە ئاسوودەی بکەیت، دەبێت ئەو شتانەی کە پێویستت پێ دەبێت لەبەردەستتدابێت، ئەمە وا دەکات کە تێگەیشتن و تەرکیزکردنت باش بێت، لایەنی دەروونیت ئاسوودە دەکات. 

شوینێ دانیشتن

شوێنی دانیشتنت دەبێت گونجاو بێت، وا باشترە کە کورسییەکەت نە زۆر ڕەق بێت نە زۆر نەرم بێت، بە ڕێکی لەسەر کورسییەکە دانیشە، بە هەڵە دانیشتن دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری پشت

بۆچی گرنگە شوێنی دانیشتنی تەندروست؟ 

١- مێشک بڕێکی زۆر خوێن و ئۆکسجینی تێدایە، ئەگەر بەشی سەرەوەی بڕبڕەی پشت بە تایبەت مل بنوشتێتەوە، ئەوا بۆری هەواو و بۆرییەکانی خوێن تەسک دەبنەوە.

٢- ئەگەر بە دروستی دابنیشی بڕێکی تەواو خوێن و ئۆکسجین دەگاتە مێشک، کە بۆ چالاکبوون پێویستن. 

٣- تەوژمی وزەی ئەلیکترۆنی ناو بڕبڕەی پشت، هێز و توانای مێشک باشتر دەکات. 

٤- بە دروستی دانیشتن و ڕاگرتنی باری دروستی پشت و شانەکان ئازاری پشت کەمدەکاتەوە و هێزی زۆرتر دەدات بە مێشک. 

٥- بەهۆی دروست ڕاگرتنی لەش، دەتوانی جووڵە و توانای بینینی چاو بە باشی بەکاربهێنیت. 

٦- ڕووناکی و دووری نێوان چاو و بابەتی خوێندنەوە، بەرزی و نزمی کورسی و مێز هۆکاری گرنگن و بەیەکەوە بەستراون.

٧- کات، کاتی دروست بۆ خوێندنەوە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بەپێی ڕاهاتن دەگۆڕێت، کەسانێک هەن باشترین کات بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لەوەی کە دەیخوێننەوە بەیانییانە، بە تاقیکردنەوە دەتوانیت خودی خۆت کاتی گونجاو بۆ خوێندنەوە بدۆزیتەوە.

٨- ئارامی، تێکچوونی تەرکیزکردن و زنجیرەی تێگەیشتن، بەهۆی تەلەفۆنکردنێک یاخود دەنگە دەنگێکی بەرز، دەبێتە هۆی شێواندنی ڕەوشی ناوەوەی مرۆڤ. هەرکاتێک بیر لە کێشەیەک بکەیتەوە یان هەست بکەیت ڕەوشی لەشت تەواو نییە یان سەرگێژخواردنت هەیە، ئەمانە هەموو دەبنە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز و تێگەیشتن، هەمیشە بیر لە هەناسەدانی قووڵ و دروست ڕاگرتنی لەش و باش خاوبوونەوە و نەهێشتنی گرژییەکانی لەش، بە تایبەت شانەکانت بکەرەوە. 

٩- هەستکردن بە تەندروستی، ئەگەر دەتەوێت بە تەواوەتی پڕۆگرامی خوێندنەوە یان پڕۆگرامی خوێندن و فێربوونت تێکنەچێت، باشتر وایە ئاگاداری تەندروستی خۆت بیت، نەهێڵیت نەخۆشی و ئازارت تووشببێت، سەرمابوونێک یان ئازاری سەر دەبێتە هۆی دابەزینی هێز و توانای ژیریت، ئاستی کارکردنی مێشک و بیرکردنەوە نزم دەبێتەوە، بۆیە بۆ خۆپاراستن وەرزشکردن پێویستە. 


سەرچاوەکان



295 بینین