مایکرۆسکۆپ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-08-29-14:17:00 - کۆدی بابەت: 11137
مایکرۆسکۆپ

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

مایکرۆسکۆپ (بە ئینگلیزی; Microscope، بە عەرەبی; میکروسکوب) ئامێرێکی تاقیگەییە بەکاردێت بۆ پشکنینی ئەو شتانەی کە زۆر بچوکن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێن.  مایکرۆسکۆپەکان بەکاردێن بۆ بینینی ئەو نموونانەی کە قەبارەیان زۆر بچووکە، بەکاردێت بۆ بینینی پێکهاتەی خانەیی ئەندامەکان، میکرۆبەکان و بەکتریاکان، ئەوان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن لە تاقیگەدا بۆ شانە و زیندەوەرەکان کە زۆر بچوکن تا بە ڕوونی بە چاوی ئاسایی ببینرێن. زاراوەی مایکرۆسکۆپی بۆ ئەو شتانە بەکاردێت کە تەنها بە یارمەتی مایکرۆسکۆپ چاو دەتوانێت بیانبینێت.

گرنگی مایکرۆسکۆپ

مایکرۆسکۆپەکان ڕەهەندێکی تەواو نوێیان لە زانستدا کردۆتەوە، بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ زاناکان توانیان بوونی میکرۆبەکان بدۆزنەوە، لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی خانەکان بکەن و بچووکترین بەشی ڕووەک و ئاژەڵ و کەڕوو ببینن. مایکرۆسکۆپی زانستی یاخود ئەوانەی لە تاقیگە پزیشکییەکان هەن بەکاردێن بۆ لێکۆڵینەوەی تەنە بچووکەکان و پێکهاتەکان، هەروەها مایکرۆسکۆپەکان یەکێکن لە گرنگترین ئامرازەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بە تایبەت کاتێک لەڕێیانەوە پزیشکان پشکنین بۆ نموونەی شانەکان دەکەن. زاناکان بەردەوام بە یارمەتی مایکرۆسکۆپەکان درێژە بە لێکۆڵینەوەکانیان دەدەن لەسەر میکرۆبەکان، وردە زیندوەرەکان، خانەکان، شانەکان، پێکهاتەی کریستاڵ و پێکهاتە گەردیلەییەکان.

مایکرۆسکۆپ بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان لە سەرانسەری جیهاندا، مایکرۆسکۆپ نموونەی خوێن گەورەتر دەکات، بۆیە پزیشکەکان دەتوانن لە ڕێیەوە مشەخۆرەکانی مەلاریا ببینن کە هێرش دەکەنە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن. ئەنجامی پشکنینی مایکرۆسکۆپی ئەنجامی ئەو پشکنینانە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەوانەیە ئەرێنی بن بۆ نەخۆشییەک، تەکنیکاران ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەژمێرن کە تووشی مەلاریا بوون بۆ ئەوەی بیرۆکەیەک بدەنە پزیشکەکان کە نەخۆشییەکە چەند پێشکەوتووە لە نەخۆشەکەدا. 

هەموو لقەکانی زیندەزانی مایکرۆسکۆپ بەکاردەهێنن بەتایبەتی لە زیندەزانی گەردیلەیی و شانەزانی (لێکۆڵینەوەی شانەکان)، مایکرۆسکۆپ بڕبڕەی پشتی لێکۆڵینەوەی زیندەزانییە، زیندەزانان بەکاریان دەهێنن بۆ بینینی وردەکارییەکان کە ناتوانرێت بە چاوی ڕووتەوە ببینرێن وەک مشەخۆرە بچووکەکان و زیندەوەرە بچووکەکان کە گرنگن بۆ توێژینەوەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی.

توانای مایکرۆسکۆپ بۆ گەورەکردنی شتە وردەکان

مایکرۆسکۆپەکان هاوێنەی شکاندنی ڕووناکی بینراوی سادە، ئەلیکترۆنەکان، تیشکی ئێکس و تیشکی ژێر سوور بەکاردەهێنن، ئەمانە یارمەتیدەردەبن لە دۆزینەوەی پێکهاتەی بچووکتر و بچووکتر. مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی توانای گەورەکردنی ئەو ڤایرۆسانەی هەیە کە زۆر بچووکترن لە هەر خانەیەک، و دیمەنی ڤایرۆسە بچووکەکان بە ڕاددەیەک گەورەتر دەکات، کە ڕێگە بە زاناکان دەدات ڤاکسین و چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا پەرەپێبدەن.

جۆرەکانی مایکرۆسکۆپ

چەندین جۆری مایکرۆسکۆپ هەیە، باوترین مایکرۆسکۆپ مایکرۆسکۆپی بیناییە، کە هاوێنە بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنەوەی ڕووناکی بینراو کە بەناو نموونەیەکی تەنکدا تێدەپەڕێت بۆ بەرهەمهێنانی وێنەیەکی بینراو. جۆرە سەرەکییەکانی تری مایکرۆسکۆپ بریتین لە مایکرۆسکۆپی فلۆرێنس، مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی (هەردوو مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی گواستنەوە و مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی سکانکردن)، و جۆرە جیاوازەکانی مایکرۆسکۆپی پشکنینی سکانکردن.

مایکرۆسکۆپی بینایی یان ڕووناکی (Optical or light microscope) باوترین جۆری مایکرۆسکۆپە، ئەو شوێنەی کە ڕووناکی بەناو ئامێرەکەدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەیەوە نموونەکە دەبینرێت پاش گەورەکردنی نموونەکە، کامێرایەکی تایبەتمەند بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک یان تەنانەت وێنەیەکی دیجیتاڵیش، هەروەها بۆیەکان لەسەر سلایدی شوشە بەکاردێن بۆ ئەوەی خانەکان یان پێکهاتەکان بە ئاسانتر ببینرێن.

مایکرۆسکۆپەکانی ئەلیکترۆنی (Electron microscopes) تیشکی ئەلیکترۆن بەکاردەهێنن لەجیاتی ڕووناکی بۆ دروستکردنی وێنە، تیشکی ئەلیکترۆن بەکاردێنن بۆ وێناکردنی تەنە زۆر بچووکەکانی وەک وردەزیندەوەرەکان و پێکهاتەی کریستاڵ کە زۆر بچوکن بۆ ئەوەی بە مایکرۆسکۆپی بینایی وێنە بکرێن، واتا ناتوانرێت لە ڕێی مایکرۆسکۆپی بیناییەوە ببینرێت. مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی یارمەتی دروستکردنی سووڕی کارەبایی زۆر بچووک دەدات، مایکرۆسکۆپی سکانکردن زۆر ئاڵۆزترە و توانای گەورەکردنی زیاتریان هەیە بەراورد بە مایکرۆسکۆپی ڕووناکی. مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی یارمەتی ئامادەکردنی ڕووە بچووکەکان دەدات بە بەشکردن بۆ پارچە بچووکەکان.

مایکرۆسکۆپەکان وێنەی تەلەزمی سلیکۆن گەورە دەکەن بەمەش یارمەتی ئەندازیارەکان دەدەن لە دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی کاراتردا، کاتێک سووڕی زیاتر لەسەر تەلەزمێکی بچووک ڕێکدەخرێت، توانای ژمێریاری تەلەزمە بچووکەکانی سلیکۆن زیاد دەکات. ئەم جۆرە مایکرۆسکۆپانە تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی وێنەکان لەسەر سلایدە شوشەکان بۆ داتای ئەلیکترۆنی کە شیتەڵکردنی هاوشێوەی ئەوەی هەیە کە بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپی بینایی بەدەست هاتووە، ئەم تەکنیکە توانای گواستنەوەی ئەلیکترۆنی و خەزنکردنی داتا لە سلایدەکان دەدات. هەروەها ڕێگە بە سلایدەکان دەدات کە لە دوورەوە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

سکانکردنی مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆن (Scanning electron microscopes) چەندین ملیۆن جار گەورەبوونی هەیە بۆ بینینی گەردەکان و ڤایرۆسەکان و تەنۆلکەکان، ئەمانە بەرنامەی ڕاستکردنەوە بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی گەورەبوون و شیتەڵکردنی وێنەکان، کۆمپیوتەرەکان یارمەتی تەکنیککارانی تەکنەلۆجیای نانۆ دەدەن لە بەکارهێنانی هێزی بەرزی مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی بۆ بینینی تەنەکان بە ئەستووری تەنها چەند گەردێک.

مایکرۆسکۆپی پشکنینی سکانکردن (Probe scanning microscopes) بەکاردێت بۆ دروستکردنی وێنەی تەنەکان کە تا ڕادەیەک تەختن، ئەوان توێژینەوەیەک بەکاردەهێنن کە ڕووی تەنەکان سکان دەکات و دواتر نەرمەواڵاکە (software) بەکاردێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بکاتە وێنەیەکی بینراو.


سەرچاوەکان



826 بینین