چۆن خاڵە بەهێزەکانی كەسایەتی خۆم بناسمەوە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-08-29-20:36:00 - کۆدی بابەت: 11155
چۆن خاڵە بەهێزەکانی كەسایەتی خۆم بناسمەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن خاڵە بەهێزەکانی كەسایەتی خۆم بناسمەوە؟ (بە عەرەبی: كيف أعرف نقاط القوة في شخصيتي؟، بە ئینگلیزی: ?How do I identify my personal strengths)، خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی بریتین لەو کۆمەڵە سیفەتە کەسییانەی یان کارامەییانەی کە تاک جیا دەکەنەوە و سوودی پێدەگەیەنن لە ماوەی ژیانیدا، چی لە چوارچێوەی پەیوەندییە تایبەتەکان یان فەرمیەکاندا بێت، خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی بریتین لە زانست، بەهرە، لێهاتوویی و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی، بە واتایەکی تر مرۆڤ چی توانایەکی هەیە کە وای لێدەکات سەرووتر بێت، لە هەندێک لایەندا لەوانی تر باڵاترە و توانای بەدەستهێنانی باشترینی هەیە ئەگەر پەرەی پێبدات و وەبەرهێنان بکات لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی خۆیدا، خاڵە بەهێزەکان ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدەن کاراتر و بەرهەمدارتر بن، ڕێگەیان پێدەدات سەرکەوتنی زیاتر و باوەڕبەخۆبوون بەدەستبهێنن. هەر کەسایەتییەک کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە دەتوانرێت وەک خاڵی بەهێز پۆلێن بکرێت، هەروەها هەندێ تایبەتمەندی تر کە دەتوانرێت وەک خاڵی لاواز پۆلێن بکرێت. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی گەشەپێدان، بنیاتنانی خود و دۆزینەوەی هاوسەنگییە لە نێوان خاڵە لاوازەکان و خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتیدا، هەروەها دۆزینەوەی هۆکاری گەشەکردنی خاڵە لاوازەکان یان ڕووبەڕووبوونەوەیان، لە بەرامبەردا زیادکردن و بەهێزکردنی خاڵە باشەکان.

پۆلێنکردنی خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی

چەندین سیفەت و لێهاتوویی هەن خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی پێکدەهێنن، کە دەتوانرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:

١- خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی: ئەو خاڵانەن کە تایبەتمەندی کەسایەتی لەڕووی کارامەیی کۆمەڵایەتی و لێهاتوویی پەیوەست بە کار و مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر، وەکوو لێهاتوویی سەرکردایەتی و هاوکاریکردن، توانای کاریگەریکردن لەسەریان، نواندنی نەرم و نیانی کە یارمەتیدەرە بۆ خۆگونجاندن لە بارودۆخی جیاوازدا، جگە لە باوەڕبەخۆبوون و توانای خۆ گونجاندن لەگەڵ کەسایەتییە جیاوازەکاندا.

٢- هێزی ئامادەبوون و کاریزما: ئەمانە ئەو خاڵە بەهێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر هەبوون و قبوڵکردنت هەیە لەنێو ئەوانی تردا، بەشێکیان پەیوەندییان بە ڕواڵەتی دەرەکی، سیما، شێوازی جل و بەرگ و زمانی جەستەوە هەیە، بەشەکەی تریش پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا هەیە، هەروەها پەیوەندی بە ئاستی زانیاری، کولتوور و توانای خۆدەرخستن لە گفتوگۆکاندا هەیە.

٣- خاڵە بەهێزەکانی هەست و سۆز: ئەمانە ئەو خاڵە بەهێزانەن کە پەیوەندییان بە هەستی تاکەوە هەیە نەک هەڵسوکەوت، وەکوو توانای بەخشینی خۆشەویستی بە کەسانی تر، لێبوردەیی بۆ هەڵەکانی ڕابردوو، لێبخۆشبوون لە ئەو کەسانەی ستەمیان لێکردوون، هیوا و گەشبینی بۆ داهاتوویەکی باشتر یان هەر کارێک کە ئەنجامی دەدات. هەموو ئەم سیفەتانە بە خاڵی بەهێز دادەنرێن بۆ تاک کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە ڕەزامەندیی و دڵخۆشی بکات.

٤- خاڵە بەهێزە هزرییەکان: ئەمانە ئەو خاڵە بەهێزانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ئارەزووی فێربوون و گەشەپێدانی خودەوە هەیە، وەک ئارەزووی فێربوونی زمانی نوێ یان ناسینی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها مێشکێکی فراوان لە قبوڵکردنی بیروڕای جیاواز و هەڵسوکەوتی جیاوازی ئەوانی تر .هەروەها قبوڵکردنی ڕەخنە لە کەسانی تر و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێیان.

٥- خاڵە بەهێزەکانی پەیوەست بە دەستکەوت: ئەو خاڵانە دەگرێتەوە کە بەندە بە ئاراستەکردنی ڕەفتارەکانی تاک و ڕێکخستنی کردارەکانی، وەکوو توانای ڕێکخستنی کات، هەوڵی باش، بەردەوامبوون و ویستی بەهێز بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە جۆراوجۆرەکان هەروەها کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون، کاردانەوەکان و ئاراستەکردنیان بە دروستی.

٦- خاڵە بەهێزەکانی باوەڕ: بریتین لە کۆمەڵێک بنەما و بەهای ئەخلاقی کە تاک باوەڕی پێیەتی و یارمەتی دەدات بۆ پێکهێنانی کەسایەتییەکی سەقامگیر لە ڕووی دەروونییەوە بە شێوەیەکی دروست هەوڵ دەدات بگات بە ئامانجە تایبەت و باڵاکان بە ڕێگایەکی دروست، لە گرنگترین ئەو خاڵانە باوەڕبوونە بە دادپەروەری، دەستپاکی و سوپاسگوزاری بۆ هەموو شتێک و کەسە ئەرێنییەکانی ژیانمان. 

چۆن بزانم خاڵە بەهێزەکانم کامانەن؟

١- پرسیار لە خۆت بکە: دەست بکە بە بیرکردنەوە لەو لایەنانەی کە لە کەسانی تر جیات دەکەنەوە، لەو توانا و بەهرانەی کە لە منداڵییەوە هەتبووە و لە کەسانی دیکە باشتر ئەنجامی دەدەیت، هەروەها چ شتێک وا دەکات لە کاتی ئەنجامدانیدا چێژ وەربگریت، زانینی ئەم خاڵانە کلیلی تێگەیشتنە لە کەسایەتی خۆت و دیاریکردنی خاڵە بەهێزەکان و هەوڵدانە بۆ پەرەپێدانی.

٢- پرسیار لە کەسانی تر بکە: بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی کەسایەتی و خاڵە بەهێزەکانت بزانیت، دەتوانیت پرسیار لەو کەسانە بکەیت کە متمانەت پێیانە و ڕێز لە ڕاوبۆچوونیان دەگریت، پرسیاریان لێبکە سەبارەت بە سیفەتە ئەرێنییەکانت، دەتوانیت پرسیار لە ئەندامانی خێزانەکەت یان هاوڕێکانت بکەیت، پێیان بڵێیت بۆچی دەتەوێت خاڵە بەهێزەکانت بزانیت، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانیت ئەو پیشەیە هەڵبژێریت کە لەگەڵتدا دەگونجێت یان داهاتووی خۆتی لەسەر بنیاد بنێیت، پرسیاریان لێبکە دەربارەی ئەو شتانەی کە باوەریانە وایە تۆ لە هەر کەسێکیتر باشتر ئەنجامی دەدەیت.

٣- دۆخێکی شەرمەزارکەر بە بیر خۆتدا بهێنەرەوە کە بەسەرتدا هاتووە: بیر لە دۆخێکی شەرمەزارکەر بکەرەوە کە بەسەرتدا هاتووە، کاردانەوەت چی بوو و تا چەند خۆت لەگەڵ ئەو دۆخەدا گونجاند؟ ئایا کاردانەوەت خێرا بوو، یان پێویستت بە کات بوو بۆ ئەوەی دۆخەکە هەڵسەنگێنیت و بیر لە وەڵامی گونجاو بکەیتەوە؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا خاڵی بەهێز هەیە، لە یەکەمدا ژیری خێرا و لە دووەمدا کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی و پەلە نەکردن لە بڕیاردان.

٤- سەرنج بدە کاردانەوەکانت لە بارودۆخە سەختەکاندا: ئەگەر لە ژیانتدا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕیویت، بۆ نموونە ڕووداوی هاتوچۆ، بیر بکەرەوە لەو دۆخەدا چۆن مامەڵەت کردووە، ئایا ڕووبەڕووی بابەتەکە بوویتەوە و هەوڵتدا چارەسەری بکەیت، یان لێی کشایتەوە؟ ئەگەر خۆت کۆکردەوە و وەک سەرکردەیەک کۆنتڕۆڵی دۆخەکەت کرد، ئەوا ئەمە یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی کەسایەتیت، هەروەها ئەگەر داوای هاوکاریت کرد، ئەوا تۆ کەسایەتییەکی حەز بە هاوکاری دەکەیت، ئەمەش بە هەمان شێوە خاڵێکی بەهێزە.

٥- تێبینی یاداشتنامەکانت بکە و سیفەتە ئەرێنییەکانت تۆمار بکە: بۆ ماوەی هەفتەیەک چاودێری خۆت بکە و سەرنجی ئەو کارانە بدە کە لێی باشیت و زۆر حەزت لێیە بیکەیت، بۆ نموونە ئەگەر حەزت لە کۆبوونەوەیە لەگەڵ هاوڕێکانت، ئەوا تۆ کەسێکی کۆمەڵایەتییت، ئەگەر حەزت لە بەسەربردنی کاتەکانە بە خوێندنەوە و پەرەپێدانی توانا هزریەکان، ئەوا تۆ کەسێکی داهێنەریت، هەموو ئەمانە دەتوانرێت لە ڕێگەی چاودێری خۆتەوە لە کات و بارودۆخە جیاوازەکاندا بدۆزرێتەوە، هەوڵبدە  ورد بیتەوە لە خۆت، قەڵەم و کاغەزێک بهێنە و سیفەتە ئەرێنییەکانت بنووسە، لەسەر بنەمای ئەزموونەکان و شێوازی مامەڵەکردنت لەگەڵ بارودۆخەکاندا هەروەها لەسەر بنەمای بۆچوونی کەسانی نزیک لە خۆت ئەو کەسانەی کە متمانەت بە بۆچوونەکانیان هەیە.

٦- بیر لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانت بکەرەوە: لە یادگارییەکانتدا بگەڕێ بۆ گرنگترین ئەزموون، دەستکەوتەکان و کارەکان کە بە ئاستی بەرز و پیشەیی پێشکەشت کردووە، و سەرسامی و ڕەزامەندی خەڵکیت بەدەستهێناوە، هەموو ئەمانە نزیکترت دەکەنەوە لە دۆزینەوە و سودوەرگرتن لە خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی خۆت.

٧- ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کەسایەتی: چەندین تاقیکردنەوە هەیە کە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانی بواری گەشەپێدانی مرۆڤەوە داڕێژراون بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی بیرکردنەوە، کەسایەتی و خاڵە بەهێزەکانت، هەروەها چەندین تاقیکردنەوە لە ئینتەرنێتدا هەیە کە بەناوبانگترینیان تاقیکردنەوەی (Strengths Finder)ـە.

٨- خاڵە لاوازەکانی کەسایەتی خۆت دەستنیشان بکە: زانینی خاڵە لاوازەکانی کەسایەتی یەکێکە لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکان، بیرکردنەوە لە خاڵە لاوازەکان یارمەتیت دەدات بۆ دۆزینەوەی خاڵە بەهێزە هاوتاکان، هەروەها بۆ گەڕان بەدوای هاوسەنگی لە کەسایەتیدا لە نێوان خاڵە لاواز و بەهێزەکاندا.

٩- ئەو خاڵە بەهێزانە هەڵبژێرە کە دەتەوێت: هەندێک لە خاڵە بەهێزەکان لە خودی کەسەکەدا بوونیان هەیە و لەگەڵ پەروەردە و گەورەبووندا پەرەدەسێنن، بەڵام چەندین خاڵی بەهێز هەن کە دەتوانرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی کارامەیی و ڕاهێنانکردن بەدەستبهێنرێن، بۆیە ئەو خاڵە بەهێزانە دەستنیشان بکە کە پێویستە لە داهاتوو بەدەستیان بهێنی و کاریان لەسەر بکە.

گرنگی زانینی خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی

١- زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون: کاتێک بە بەهرە و تواناکانمان دەزانین، ئەمە وامان لێدەکات بە شێوەیەکی گونجاو بیانخەمڵێنین، زیاتر نرخی خۆمان بزانین و باوەڕبەخۆبوونمان زیاتر دەکات. یەکێک لە گرنگترین ئامۆژگارییەکان بۆ زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون ئەوەیە خاڵە بەهێزەکانی خۆت بدۆزێتەوە و سەرنجت لەسەر پەرەپێدان و گەشەسەندیان بێت، هاوکات لەگەڵ چاککردنەوە یان قبوڵکردنی خاڵە لاوازەکان.

٢- خود ئاگایی: کاتێک مرۆڤ بیر لە خاڵە بەهێزەکانی دەکاتەوە، باشتر خۆی دەناسێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بڕیاردانی گرنگ لە ژیانیدا کە ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر دەبێت و دەیکاتە کەسێکی دڵخۆش.

٣- بڕیاری چارەنووسساز: یەکێک لەو بڕیارانەی کە بە زانینی خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتیت دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانت دروست بکات وەکوو هەڵبژاردنی بواری خوێندن، پیشە، هاوڕێی گونجاو، هاوبەشی ژیان. هەموو ئەم بڕیارانە ژیرانەترن کاتێک کەسێک ئاگاداری خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کەسایەتی خۆیەتی.

٤- تێگەیشتن لە کەسانی تر: زیادکردنی خود ئاگایی هۆشیاریی و تێگەیشتن لە کەسانی تر و باشترکردنی پەیوەندی هاوسۆزی لەگەڵیان و دروستکردنی کەشێکی لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا بەتایبەت لەگەڵ خێزان، هاوڕێ و هاوکارەکان دەستەبەر دەکات .

٥- توانای سوود بینین لە هێزی خۆت: کاتێک خاڵە بەهێزەکانت دەزانیت، ئەمە وا دەکات بتوانیت سوودیان لێوەربگریت و بە باشترین شێوە بەکاریان بهێنیت بۆ زیادکردنی توانای سەرکەوتنت بە تایبەتی لە شوێنی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی بە گشتی.

٦- پێکەوەژیان و ڕازیبوون: خاڵە بەهێزەکان بەشدارن لە زیادکردنی توانای پێکەوە ژیان بە ڕەزامەندی و ئاسوودەیی، بەتایبەتی سیفەتەکانی سوپاسگوزاری و خۆشەویستی وا دەکەن لە ناخەوە هەست بە ئارامی بکەیت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر ژیانی ڕۆژانە و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا دەژیت.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ پەرەپێدانی خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی

دوای زانینی ئەو خاڵانەی کە کەسایەتیت پێی جیا دەکرێتەوە، پێویستە پەرەیان پێبدەیت بۆ ئەوەی بتوانیت باشتر سوودیان لێ وەربگریت،  چەند نموونەیەک کە یارمەتیدەرن بۆ پەرەپێدانی خاڵە بەهێزەکانت:

١- سوود وەرگرتنی ئەرێنی لە خاڵە بەهێزەکان: زۆرێک لەو کەسانەی کە خاڵە بەهێزەکانیان هەیە، بەهۆی هەڵە بەکارهێنانیانەوە دەیکەنە خاڵی لاواز، بۆ نموونە خاوەنی کەسایەتی سەرکردایەتی ڕەنگە ئەم خاڵە بە شێوەیەکی بێزارکەر بەکاربهێنێت و  خۆی بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنێت، کە دەبێتە هۆی بێزاربوونیان لە کەسەکە و دەربازکردنی خۆیان لێی، بۆیە دەبێت ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی دروست سوودی لێوەربگیرێ لە ڕێگەی پێشکەشکردنی یارمەتی و هاوکاری بۆ کەسانی دیکە و هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیان لەسەر بابەتی جۆراوجۆر، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان کەسەکان.

٢- سود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ڕابردوو: ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕۆژانە تاک بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵیاندا، ناچاریان دەکات بۆ هەمیشە سوود لە خاڵە بەهێزەکانیان وەربگرن، وەکوو فشارەکانی کار و کەمی کات، هەوڵدان بۆ سوود وەرگرتن لە توانای ڕێکخستنی کات و بەڕێوبردنی دۆخەکە بە شێوەیەکی دروست، هەوڵبدە لەبیرت بێت چۆن و کەی ئەم کارامەییە  بەکاربهێنیت و پێویستە چی هەنگاوێک بنێی کە یارمەتیت دەدات باشتر سوودی لێ وەربگریت لە هەنگاوەکانی داهاتوودا.

٣- خوێندنەوە و دانایی: زیادکردنی زانیاری و خوێندنەوەی کتێبەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی توانا کەسییەکان یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی باشتر خۆی بدۆزێتەوە و خاڵە بەهێزەکانی بزانێت و بە شێوەیەکی دروست سوودیان لێوەربگرێت و پەرەیان پێبدات.

٤- بەشداریکردن لە خوول و سیمینارەکان: سیمینارە زانستییەکانی پەیوەست بە دەروونناسی و کارامەیی کەسی یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی باشتر خۆت و کەسانی دیکە بناسیت، سەرنجت لەسەر کارامەییەکانت بێت و هەوڵبدە لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ پسپۆڕان یان ئەو کەسانەی کە هەوڵی بەرەوپێشبردنی تواناکانیان دەدەن پەرەیان پێبدەیت.

٥- فێربوون لە کەسانی ترەوە: چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە خاڵە بەهێزەکانیان هاوشێوەی تواناکانی تۆیە، یارمەتیت دەدات فێری ڕێگاکانی پەرەپێدانی تواناکانت ببیت لەڕێگەی سەیرکردنی مامەڵەکردنی کەسانی تر لەگەڵ کێشەکانیان و فێربوون لە ئەزموونەکانیان، چونکە ئەمە وا دەکات بتوانیت خۆت لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بگونجێنیت کە ڕووبەڕووت دەبنەوە.

٦- بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی خود: یەکێک لە نهێنییەکانی لوتکەی سوود وەرگرتن لە خاڵە بەهێزەکان، بەردەوامبوونە لە پەرەپێدان و گەشەکردن، ڕەنگە هەندێک لە خاڵە بەهێزەکان تاڕادەیەک نەگۆڕ و جێگیر بن، وەکوو سیما و دەرکەوتنت، بەڵام زۆرێک لە خاڵە بەهێزەکان پێویستیان بە گەشەسەندنی بەردەوام هەیە لە ڕێگەی ڕاهێنان و بەدواداچوون، ئەگەر نا دەبنە خاڵی لاوازی! 

زانینی هەر یەک لەم خاڵانە کاریگەریەکی ئەرێنی دەبێ لە ژیانماندا، بە بەردەوامبوون و پەرەپێدانی خاڵە بەهێزەکان و چارەسەرکردن یاخود قبووڵکردنی خاڵە لاوازەکان هەست بە گۆڕانێکی بەرچاو دەکەیت.


سەرچاوەکان



570 بینین