شیکاری هۆمۆسستین چییە؟

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-08-29-21:39:00 - کۆدی بابەت: 11157
شیکاری هۆمۆسستین چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیکاری هۆمۆسستین چییە؟ (بە ئینگلیزی what is Homocysteine test, بە عەرەبی: ما هو تحليل هوموسيستين؟) هۆمۆسستین ترشێکی ئەمینییە، کە جەستە بەکاریدەهێنێت بۆ درووستکردنی پرۆتین، شیکاری هۆمۆسستین بەکاردەهێنێرت بۆ زانینی ڕێژەی ئەم ترشە ئەمینییە لە خوێندا. بەشێوەیەکی سروشتی ڕێژەی هۆمۆسستین لە جەستەدا کەمە، چونکە جەستە بەخێرای ڤیتامینەکانی (B12 ,B9 و B6) بەکار دەهێنێت بۆ تێکشکانی هۆمۆسیستین بۆ گەرد و پێکهاتەی دیکە کە جەستە بتوانێت بەکاری بهێنێت.
هەبوونی بڕێکی زۆر لە هۆمۆسستین نیشانەیەکە بۆ ڕوونەدانی ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی دروست و بوونی بڕێکی کەم لە ڤیتامینەکانی جۆری B. هەبوونی بڕێک زۆر لەم ترشە ئەمینییە زیانێکی زۆر بە خوێنبەرەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی خوێن مەین تێیاندا، ئەمەش مەترسی توشبوون بە سەکتە و نەخۆشیەکانی دڵ، هەروەها ناڕێکی لە خوێنبەرەکاندا زیاد دەکات.

ئەم شیکارییە بۆچی بەکار دەهێنرێت؟

  • بۆزانینی هەبوونی ڤیتامینەکانی :(B12, B,9 و B6):
    ئەم ڤیتامینانە ترشە ئەمینییەکە تێکدەشکێنن، لەبەر ئەوە گەر ڕێژەی هۆمۆسستین زۆر بوو لە نمونەیەکی خوێندا، بەواتای کەمی یاخود نەبوونی ئەم ڤیتامینانە دێت.
     
  • بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی هۆمۆسستینوریا:
    نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییە، کە جەستە ناتوانێت  هەندێک لە ترشە ئەمینیەکان بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی پرۆتینە گرنگەکانی جەستە.
    ئەم نەخۆشییە بە گشتی لەسەرەتاکانی تەمەندا دەردەکەوێت، بەڵام هەندێ جار تاکو کۆتای منداڵی دەرناکەوێت.
    نیشانەکانی:

هەبوونی کێشە لە چاو و بینایدا
مەیینی خوێن
بێ هێزی ئێسکەکان
 

  • بۆ زانین و باشتر تێگەشتن لە مەترسی ڕوودانی جەڵدەی دڵ:
    پزیشک داوای شیکاری هۆمۆسستین دەکات لە ئەگەری بوونی کێشەیەک لە خوێنبەرەکاندا یاخود نەخۆشیەکانی دڵ، گەر هۆکارێک هەبێ لە پێشینەی نەخۆشەکەدا کە ببێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان وەک:
    نەخۆشی شەکرە
    بەرزی فشاری خوێن
    بەرزی کۆلیسترۆڵ

بۆچی پێویست دەکات ئەم شیکارییە ئەنجام بدرێت؟

پێویستە ئەم شیکارییە ئەنجام بدرێت گەر نیشانەکانی کەمبوونی ڤیتامین B12 لە نەخۆشەکەدا دەرکەوتن، نیشانەکانی:
 

  • سەرئێشە 
  • سەر گێژخواردن
  •  بێ هێزی و لاوازی 
  •  خێرا لێدانی دڵ
  •  برینی ناو دەم و زمان 
  • سڕبوونی دەست و قاچەکان
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست و نینۆک

ئەم شیکارییە لەڕێگەی وەرگرتنی نمونەی خوێنەوە یان میز دەکرێت. وا باشترە پێش کردنی شیکارییەکە، نەخۆش بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٢ کاتژمێر، بێجگە لە ئاو هیچ خواردن و خواردنەوەیەکی نەخواردبێت


سەرچاوەکان



286 بینین