هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو و چۆنییەتی ڕزگاربوون لێیان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-01-02:01:00 - کۆدی بابەت: 11179
هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو و چۆنییەتی ڕزگاربوون لێیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو و چۆنییەتی ڕزگاربوون لێیان (بە عەرەبی: أسباب الخوف من المستقبل وكيف تتخلص منهم، بە ئینگلیزی: Reasons for fear of the future and how to get rid of themبیرکردنەوە لە داهاتوو پێویست و گرنگە لە کاتی ئامادەکاری بۆ ژیانێکی باشتر  و دانانی پلانی گونجاو بۆ ئامانجەکانمان، بەڵام ئەم بیرکردنەوانە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ ترس و ڕەشبینی لە داهاتوودا، ڕەنگە ببێتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لای هەندێکمان لە ئەنجامی بیرکردنەوەیەکی زۆر، کەواتە بۆچی بیر لە داهاتوو دەکەینەوە و هۆکاری ترس لە داهاتوو چییە و چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی ئەرێنی بیر لە داهاتوو بکەینەوە؟

هۆکاری زۆر بیرکردنەوە لە داهاتوو چییە؟

بیرکردنەوە لە داهاتوو لە ڕوانگەی دەروونناسیەوە بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەروونی مرۆڤ دادەنرێت، مرۆڤ خاوەنی توانایەکی ناوازەیە بۆ پلاندانان بۆ داهاتوویەکی دوور و شیکردنەوەی پێشهاتەکان و پێشبینی ئەنجامەکان. بیرکردنەوە لە داهاتوو زیاتر لە غەریزەیەکی مرۆڤ دەچێت کە ناتوانرێت بەسەریدا زاڵ بێت یان بێدەنگ بکرێت، بەڵام چەندین هۆکاری ژینگەیی و پەروەردەیی و کەسی هەن. کە کۆنتڕۆڵی جۆر و ڕێژەی بیرکردنەوە دەکەن لە داهاتوو، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی تاک.

هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو

 ١- ئەزموونەکانی ڕابردوو: گرنگترین هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو بریتین لە ئەزموونەکانی پێشوو کە وا دەکات مرۆڤ ڕەشبین بێت و بترسێت لە دووبارەبوونەوەیان، ئەم ئەزموونانە مەرج نییە هەمیشە ئەزموونی کەسی بن، ئەو ترسەی پەیوەندی بە خێزان و هاوسەرگیرییەوە هەیە، ڕەنگە لە دەرئەنجامی ژیان لەگەڵ چەندین ئەزموونی شکستخواردووی هاوسەرگیرییەوە هەبێت، ڕەنگە یەکێک لەوانە ئەزموونی دایک و باوک بێت، هەروەها ترسی دارایی و پیشەیی لە داهاتوو ڕەنگە پەیوەندی بەو بارودۆخە داراییانە هەبێت کە کەسانی نزیکی  پێیدا تێدەپەڕن و دووچاری دوورخستنەوە بوون لە کارەکانیان یاخود بارودۆخی سەختی دارایی کە خۆی پێیدا تێدەپەڕێت، تەنانەت ئەگەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خودی کەسەکەوە نەبێت.

٢- نەبوونی باوەڕبەخۆبوون: ڕەنگە هۆکاری ترس لە داهاتوو، هەستکردن بە ناشایستەیی و خۆ بە کەمزانینەوە بێت، کەسەکە هەست دەکات کە ناتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی داهاتوو ببێتەوە، هەروەها لە نائومێدی و ڕوودانی دۆخە شەرمەزارکەرەکان دەترسێت  کە کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی بۆ خۆی و هەروەها تێروانینی خەڵکییەوە هەیە.

٣- کەسایەتی ڕەشبین: مرۆڤی ڕەشبین ناتوانێت پێشبینی ئایندەیەکی گەش بکات، هەمیشە هەست بە نیگەرانی دەکات و بە شێوەیەکی نەرێنی لە داهاتوو و دەڕوانێت، وەکوو ئەوەی کە چاوەڕێی هیچ شتێکی باش نەبێت، هەوڵیش نادات بیرۆکەکانی داهاتووی خۆی ڕێکبخات چونکە پێی وایە لە داهاتوودا شکست دەهێنێت.

٤- ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆر: کەڵەکەبوونی ئەرک و بەرپرسیارێتی و توانای ڕێکنەخستنیان یەکێکە لە هۆکارەکانی ترس لە داهاتوو، مرۆڤ هەست دەکات ئەو بەرپرسیارێتییانە ماندووی دەکەن تا ئەو ڕادەیەی کە ناتوانێت داهاتوویەکی باشتر لە ئێستای خۆی بنیاد بنێت.

٥- باری ناسەقامگیری: ناسەقامگیری  یەکێکە لەو کێشانەی کە بە شێوەیەکی نائاگایی کاریگەری لەسەر مرۆڤ دەبێت، جا چی لەسەر ئاستی کەسی وەک توانا و داهات، یان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی وەک شەڕ و کێشەی خێزانی یان تەنانەت لەسەر ئاستی سەقامگیری ئابووری و ئەمنی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژی، ئەمەش وا دەکات هەست بە ترس و نا ئارامی بکات بەرانبەر بەو شتانەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، لەوانەیە بگاتە قۆناغیێک کە  نەتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی باشتر، چونکە ناتوانێت پێشبینی بکات کە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات.

٦- کەسانی نەرێنی: ڕەنگە بوونی کەسانی نەرێنی لە ژیانتدا هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بێت بۆ ترس لە داهاتوو، چونکە ئەو کەسانە هەمیشە بێزارت دەکەن و وا دەکەن هەست بکەیت کە ناتوانیت دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنیت و ژیان قورسترە لەوەی کە پێشبینی دەکەیت و  ناتوانیت ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببیتەوە، ڕزگاربوون لە ئەو جۆرە کەسانە بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی ترس لە داهاتوو.

٧- لاوازی ئیمان: هەرچەندە ترس لە ئایندە ڕەوایە و گوناه نییە، بەڵام لە هەندێک لە فۆڕم و پلەکانیدا ڕەنگە بگۆڕێت بۆ گومانکردن لە ڕەحمەتی خودای گەورە بۆ بەندەکانی یان گومانکردن لە قەزاو قەدەر، باوەڕدار متمانەی بە هێز و توانای خودا هەیە، لە مەترسیەکانی داهاتوو کە توانا کۆنتڕۆڵکردنی نییە ژیرانە ئارام دەگرێت و پشتی پێدەبەستێت.

٨- نەبوونی سەرچاوەی بەردەست: کاتێک مرۆڤ سەرچاوەی ماددی پێویستی نییە بۆ ئەوەی بیر لە ژیانێکی باشتر بکاتەوە، ترسی داهاتوو بە سەریدا زاڵ دەبێت، بیر دەکاتەوە کە چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم سەرچاوانە بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی باشتر.

٩- لاوازی تواناکان: یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی ترس لە داهاتوو، کاتێک مرۆڤ توانای پێویستی نییە، وەک بڕوانامەی زانکۆ یان توانای دارایی، گومانی لە داهاتووی خۆی دەبێت و نازانێت چۆن مامەڵە بکات، زۆرجار ترس لە داهاتوو سەرقاڵت دەکات لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە.

بیرکردنەوەی ئەرێنی سەبارەت بە داهاتوو

بیرکردنەوەی ئەرێنی سەبارەت بە داهاتوو بە واتای خەونی نموونەیی نایەت، هەرچەندە پێویستە گەشبین بین بە داهاتوو، بەڵام ناکرێت خەون بە شتێکەوە ببینی کە توانا ڕاستەقینەکانت یان ئامانجەکانت تێپەڕێنێت و بەدیهێنانی مەحاڵ بێت. دەروونناس (گابرێل ئۆتینگەن) دەڵێت: "هەرچەندە مرۆڤەکان بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی و خەونی باڵایان لە بارەی ئایندەوە هەبێت، هەوڵی کەمتر دەدەن بۆ بەدەستهێنانی". هەتا ئەم خەیاڵانە چێژبەخشبن، زیاتر تەندروستی دەروونی و جەستەیی کەم دەکەنەوە، دەبێتە هۆی هەستکردن بە نائومێدی، لەدەستدانی متمانە و شکستهێنان لە بەردەوامبوون، هەروەها ڕەشبینی و ترس لە داهاتوو، ئەگەری شکستهێنان و بێزاری زیاتر دەکات بەهۆی سەرلێشێواوی و دوودڵی لە هەوڵدان بۆ پێشکەوتن. بیرکردنەوەی ئەرێنی سەبارەت بە داهاتوو پێکدێت لە دانانی ئامانجی لۆژیکی و بەدەستهێنانی هەر شتێک کە لە دەسەڵاتتدایە، تەنانەت ئەگەر بە کەمترین ئامرازیش بێت، بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی باشتر، لە هەمان کاتدا پێشبینی زیان، شکست و دووبارە هەوڵدانەوە و پێشبینیکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووت ببنەوە، لە ڕاستیدا وا دەکات توانای گەشەکردنت هەبێت بۆ داهاتوویەکی باشتر کە هاوتا بێت لەگەڵ لێهاتووییەکانت و ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدان.

نیگەرانییە دیارەکانی بیرکردنەوە لە داهاتوو

١- ترس لە شکستهێنان لە ژیانی هاوسەریدا: یەکێک لەو نیگەرانیانەی پەیوەستە بە بیرکردنەوەی زۆر لە داهاتوو، ترسی شکستهێنانە لە ژیانی هاوسەریدا، بەو پێیەی کوران یان کچان هەست دەکەن توانای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و دروستکردنی خێزانێکی نوێ و منداڵیان نییە، ناتوانن پەروەردەیان بکەن و بارگرانییەکانیان هەڵبگرن.

٢- ترس لە تەنیایی: ترس لە تەنیایی لەوانەیە یەکێک بێت لەو نیگەرانیانەی کە تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە بیر لە داهاتوو دەکەنەوە، بەردەوام بیردەکەنەوە ئەگەر هاوسەرگیری نەکەن یان هەندێک لە هاوڕێکانیان لەدەست بدەن، ئایا بۆ هەمیشە بە تەنیا دەژین؟، یان ناچار دەبن بە کەمتر لە خواست یان چاوەڕوانییەکانیان ڕازی ببن، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە دواکەوتوون لە هاوسەرگیری یان بە لایانەوە قورسە هاوبەشی گونجاو بدۆزنەوە و پەیوەندی نوێ دروست بکەن.

٣- ترسی شکستهێنان لە گەیشتن بە ئامانج: هەرچەندە بیرکردنەوە لە داهاتوو وا دەکات هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانت بدەیت، بەڵام بیرکردنەوەیەکی زۆر لەوانەیە ببێتە هۆی وەسوەسە و ترس لە شکستهێنان، زۆرجاریش کەسانی ڕەشبین تێدەکەون چونکە هەمیشە پێش سەرکەوتن بیر لە شکست دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە ڕێگری لە سەرکەوتن  لە ئێستا و داهاتوودا.

٤- ترس لە هەڵکشانی تەمەن: یەکێکە لە نیگەرانییەکانی بیرکردنەوە لە ئایندە، کە دووچاری گۆرانی جەستەیی و ژیانیش  دەبنەوە وەک گۆڕانی ڕوخسار، نەخۆشی، خانەنشینبوون، هەستکردن بە بێ بایەخی یان هەستکردن بەوەی هێشتا هەندێ ئامانج هەن کە نەیتوانیوە لە سەرەتای گەنجیدا بەدەستی بهێنێت، بیرکردنەوە لەوەی دەبێتە ئەرک بەسەر کەسانی دەوروبەری، جا هاوسەر بێت یان منداڵ.

٥- ترسی شکست لە خوێندن: یەکێکە لە نیگەرانییە گەورەکان بۆ زۆرێک لە خوێندکاران. ئەم ترسەش دەبێتە ڕێگر لە گەیشتن بە ئامانجەکە و دەبێتە هۆی نائومێدی دایک و باوک و نەمانی متمانەی خوێندکار بە خۆی و تواناکانی، گۆرانی داهاتووی ئەکادیمی و پیشەیی، ئەمەش وا دەکات کە ترسی لە تاقیکردنەوەکان هەبێت و سەرقاڵ ببێت بە بیرکردنەوەی زۆر کە وای لێدەکات سەرنجی لای خوێندنەکەی نەمێنێت.

٦- ترس لە بەرپرسیارێتی: بێگومان مرۆڤ تا تەمەنی گەورەتر بێت، بەرپرسیارێتی و چاوەڕوانییەکانی کەسانی دیکە لێی زیاتر دەبن و ئەزموونە جیاوازەکانی ژیان دەیخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئەرکی نوێ، ئەمەش وا لە مرۆڤ دەکات لە قۆناغەکانی داهاتووی بترسێت، ڕەنگە هەندێک لە هاوسەرگیری بترسن بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گەشتکردن بەهۆی ئەو سەختییانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. منداڵبوون چونکە پێویستی بە توانای ماددی و ئەخلاقی و سۆزداری هەیە بۆ پەروەردەکردنیان، هەموو ئەمانە هۆکاری سەرقاڵبوونن بە ترس و بیرکردنەوەیەکی زۆر لە داهاتوو.

چارەسەری ڕەشبینی و ترس لە داهاتوو

 ١- دوورکەوتنەوە لە کەسانی نەرێنی: باشترین ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە بیرکردنەوەی نەرێنی سەبارەت بە داهاتوو ئەوەیە دوور بکەویتەوە لە کەسانی نەرێنی کە ژیان بە شتێکی ئاڵۆز دەبینن هەست دەکەن هەمیشە شکست دێنن هیچ کات ناتوانن سەرکەوتوو بن، دوورکەوتنەوە لەم جۆرە کەسانە دەرفەتێکت بۆ دەرخسێنێت بۆ ئەوەی بتوانی بە شێوەیەکی دروست بیر لە داهاتوو بکەیتەوە.

٢- خۆت لە ئێستا بێبەش مەکە: بۆ کۆنترۆڵکردنی ترسی داهاتوو، پێویستە سەرقاڵی ئەو ڕاستییە بیت کە لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا دەژیت و چێژ لەم ساتانە وەربگریت، ئەمەش وادەکات وزەی ئەرێنی زیاتر بەدەستبهێنیت و دووربکەویتەوە لە بیرکردنەوە لە ئایندەی خراپ بەبێ هیچ سوودێک، چونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ.

٣- دابەشکردنی ئامانجە گەورەکان بۆ پلانی بچووکتر: سەیرکردنی ئامانجە گەورە و چارەنووسسازەکانی ژیان وا دەکات گەیشتن پێیان ئاستەنگ و درێژخایەن دەربکەوێت و پێویستی بە ماندووبوون و ماوەیەکی زۆر بێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ڕەشبینی و ترس لە داهاتوو، دابەشکردنی ئەم ئامانجە گەورانە بۆ کۆمەڵێک ئامانج یان پلانی بچووکتری کاتی یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکە.

٤- قبوڵکردنی ڕاستییەکان و بنیاتنانی ئامانجەکانت لەسەر ئەو بنەمایە: ئەمە باشترین شتە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ ڕزگاربوون لە بیرکردنەوەی نەرێنی سەبارەت بە داهاتوو، قبوڵکردنی ڕاستییەکان ڕێگەت پێدەدات مامەڵە لەگەڵ ئەو توانا و ئامرازانەی لەبەردەستتدایە بکەیت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێیت. ئەمە نەک تەنها ڕەشبینی کەمدەکاتەوە، بەڵکو وات لێدەکات زیاتر بە پەرۆش بیت بۆ ئەوەی بزانیت بە کەمترین توانا دەتوانیت چی بکەیت.

٥- پشوو بدە: کاتێک هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت بە بیرکردنەوە لە داهاتوو هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە و هەوڵبدە کات بدەیت بە خۆت بۆ ئەوەی خۆت لە فشارە دەروونییەکان ڕزگار بکەیت کە لەوانەیە لە ئەنجامی بیرکردنەوەی زۆردا تووشی ببیت، تەنانەت ئەگەر ئەرێنی و بە سوودیش بێت.

٦- هەندێکجار پێویستە  قبوڵ بکەیت: ناتوانیت بە ئاسانی بگەیت بە هەموو شتێک، بۆیە دەبێت پێشبینی شکست و لەدەستدان بکەیت و قبوڵی بکەیت، چونکە بیرکردنەوە لە شکست سامناکە و دەبێتە هۆی بێزاری و ترس لە پێشهاتەکان.

٧- ترسەکانت دەستنیشان بکە و هەر یەکەیان به جیا چارەسەر بکە: دەکرێت مرۆڤ لە هەندێ شتی دیاریکراو بترسێت کە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبەڕوویان ببێتەوە، وەک شکست لە خوێندن، هاوسەرگیری، دوورخستنەوە لە کار، دووچاربوونی هەندێک هەڵە یان کێشە دەستنیشانکردنی ترسەکان  بە وردی یارمەتیدەرە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی گونجاو بۆ هەندێکیان، دوورکەوتنەوە لە هەندێکی تریان یان بێ هیوابوون لە هەندێکیان، هەموو ئەوانە یارمەتیدەرە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود و قبوڵکردنی ڕاستییەکان وەک خۆی بەبێ ئەوەی بیگۆڕێت بۆ وەسوەسەیەکی دەروونی.

٨- بیر لە شتی نەرێنی مەکەرەوە: بیرکردنەوەی نەرێنی سەبارەت بە هەر پێویستی و ئامانجێک  وا دەکات مرۆڤ هەست بە بێزاری و ڕەشبینی بکات و ئەم بێزارییەش لە بەرامبەردا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کەمکردنەوەی وزە و ئیرادە و بەدیهێنانی ترسەکان، بۆ دوورکەوتنەوە لەم بیرۆکانە ئەو کارانە ئەنجام بدە کە پێویستە لەسەرت ئەوانی تر بۆ کات جێبهێڵە، کات بەسە بۆ چارەسەرکردنی نیوەی کێشەکە و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی مەترسییەکان.

٩- بیر لە دەستکەوتەکانی ڕابردووت بکەرەوە: یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ ڕزگاربوون لە ڕەشبینی و ترس لە داهاتوو، بیرهێنانەوەی ئەو قۆناغە سەختانەیە کە سەرکەوتووانە لێیان دەربازبوویت سەرەڕای سەختیەکانیان، هەروەها بیرهێنانەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە توانیوتە بە سەرکەوتوویی بەدەستیان بهێنیت. ئەمە پاڵنەرێکی ئەرێنیت بۆ دابین دەکات و لە ترسی داهاتوو ڕزگارت دەکات.

١٠- هەنگاوەکان جێبەجێ بکە و چاودێری پێشکەوتنەکانت بکە: ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ ڕزگاربوون لەم ترسە ئەوەیە بە کردار ڕووبەڕووی ببیتەوە، لە جیاتی ترس و دڵەڕاوکێ، سەرکێشی بکە و لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێ بکە و ڕێگە بە خۆت بدە بەردەوام بیت بۆ ئەوەی بەم هەنگاوانەدا تێپەڕیت و سەیری ئەوە بکەیت کە چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەویت و چێژ لە بچووکترین سەرکەوتن وەربگرە کە ئەزموونی دەکەیت و لە هەموو شکستێک وانەیەک فێر ببە.


سەرچاوەکان



544 بینین