چالاکییە هونەرییەکانی میامۆتۆ موساشی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-03-20:42:00 - کۆدی بابەت: 11188
چالاکییە هونەرییەکانی میامۆتۆ موساشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چالاکییە هونەرییەکانی میامۆتۆ موساشی (بە عەرەبی: أنشطة فنیة مياموتو موساشي كفنان، بە ئینگلیزی: Miyamoto Musashi activities as an artist) میامۆتۆ موساشی فەیلەسوف و زۆرانبازی شمشێربازی بووە، ناوبانگێکی زۆری لە ڕێگەی فەلسەفەکەی و هونەری نیگارسازی و تواناکانی لە شمشێربازیدا بەدەست هێناوە. 

ناوەڕۆک 

میامۆتۆ موساشی ئەگەر چی لە هونەرە جەنگییەکان  لێهاتوو و زیرەک بوو، شارەزایەکی باشی لە فەلسەفە هەبوو، هونەرمەندێکی لێهاتوو و زیرەک بووە. میامۆتۆ موساشی لە پەرتووکی (پێنج ئەنگوستیلەکە) دەڵێت "کاتێک شێوازی ستراتیجیەکەم لە هونەرە جیا جیاکان و کارە دەستییەکان بەکاردێنم، ئەوە هیچی تر پێویستم بە مامۆستا نییە لە هیچ بوارێکی ژیاندا". میامۆتۆ موساشی ئەم قسەیەی خۆی سەلماند و چەندین داهێنانی لە بواری هونەری هێماکاری و نیگارە بۆییەکان کرد. لە نیگارەکانی زۆر بە زیرەکانە بۆیەی بەکارهێناوە بۆ کێشانی ئەو شتانەی لە خەیاڵی دابوون. یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی سەرچاوەی نیگارەکانی بووە، سروشت بووە، بۆیە دەبینرێت لە زۆربەی نیگار و بەخشراوەکانی هەوڵیداوە گوزارشت لە سروشت بکات و نیشانی بدات.

یەکێک لە نیگارە هەرە بەناوبانگەکانی (کۆبوکوموکەکیزو)ـە کە وێنەی بولبولێک نیشان دەدات لەسەر دار قامیشێکی مردوو وەستاوە. شارەزایان پێیان وایە موساشی زیرەکانە لەو نیگارە جیاوازی نێوان باش و خراپەی نیشانداوە. ئەم نیگارە بە یەکێک لە بەناوبانگترین نیگارەکانی وڵاتی ژاپۆن و ئاسیا دادەندرێت، چونکە لە وێنەیەکی سادەوە قوڵاییەکی زۆر دەبیندرێت. نیگارێکی تری هەیە بە ناوی (رۆگانزو) کە لە دوو پارچە پێکدێت. بەشی لای ڕاست و بەشی لای چەپ، کە هەردوو بەش وێنەی کۆمەڵێک مراوی نیشان دەدات کە لەلایەن بازێک هێرشیان دەکرێتە سەر. یەکێکی تر لە نیگارەکانی ناوی (چۆلەکەیەک لەسەر لقێک)، کە دیسانەوە نیشاندانی وێنەی سروشتە. جگە لەمانە چەندین نیگاری تری بەناوبانگی هەیە. وەکو (ئۆمیهاتوزو و ئوزو و چەندانی تر). بەپێی ڕای شارەزایان و مێژوونووسان میامۆتۆ موساشی لە چەندین هونەری تریش کار و چالاکی هەبووە جگە لە نیگارکێشان.

لە پەرتووکەکەی خۆی (پێنج ئەنگوستیلەکە) کە زۆر پێیان وایە تەنها پەرتووکە لەسەر هونەرە جەنگییەکان باسی هونەریی کردووە و نیشانی داوە، کە چۆن هونەری ڕاستەقینە دەردەبڕێت و لە ڕێگای هونەرەکەی ئەوەی نیشان داوە کە سروشت ڕوانگەیەک بووە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و واتای ژیان، کە پێدەچێت ئایینی بودی هۆکار بوو بێت بۆ ئەمە، چونکە لە ئایینی بودی سروشت گرنگیەکی زۆری هەیە. میامۆتۆ موساشی زۆر کاریگەر بووە بە ڕێبازەکانی بودی. 


سەرچاوەکان



177 بینین